کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گیران و ئازادکرانی ساڵح موسلیم، سەرشۆڕی بۆ ئەردۆغان و ئابڕوچوون بۆ یەکێتیی ئۆرووپا

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ ی فێورییە، ساڵح موسلیم یەکێک لە ڕێبەرانی “پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیک” و بەرپرسی بەشی دیپلۆماسی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا، لە حاڵێکدا لە درێژەی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی بۆ بەشداری لە سمینارێک چووبو بۆ پڕاگ ی پێتەختی چێک، لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە گیراو دەست بەسەر کرا. گیرانی ساڵح موسلیم لەسەر داخوازی دەوڵەتی تورکییە و بە ئامانجی زەربەدان لە بزوتنەوەی ڕۆژئاوا و سەرپۆش نانەسەر شکستە ناوچەیی و نێوخۆییەکانی ئەو دەوڵەتە، بە تایبەت شکستی لەشکرکێشی ئەم دواییەی بۆسەر کانتۆنی عەفرین بەڕێوەدەچێت.

گیران و دەستبەسەر کرانی ساڵح موسلیم بەرەوڕووی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لە ناوچەکە و لە وڵاتانی ئۆرووپایی بۆوە، بەشێوەیەک کە هەر خێرا گەلێک کۆبوونەوە و میتینگی بەرین لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی کۆماری چێک لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئۆرووپایی بەڕێوەچوو. پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە کە لە ڕاستای پەرەسەندندا بوو، سەرئەنجام بوو بە هۆی پاشەکشەی دەوڵەتی چێک و ئازادی ساڵح موسلیم.

گیران و دەستبەسەر کرانی ساڵح موسلیم درێژەی سیاسەتە شکست خواردو و هەوڵە بێ ئاکامەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەیە لەدژی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا و تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایش لە هەرسێ کانتۆنەکەدا. گیرانی ساڵح موسلیم لە لایەن پۆلیسی کۆماری چێکەوە کە تەسلیم بوونە بەم سیاسەتە، بوو به‌ هۆی ئابڕوچونێکی سیاسیی بۆ دەوڵەتی چێک و سەرجەم یەکێتیی ئۆرووپا، کە بێ گومان وەها حەرەکەتێک ناکرێ بەبێ ڕاوێژ و مەشوەرەت لەگەڵ ئەوان بەڕێوەبچێت.

تا ئەو جێگایەی کە بە دەوڵەتی ئەردوغان دەگەڕێتەوە، وەک دوژمنی ژمارەیەکی خەڵکی کورد، هەوڵی لەم جۆرەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و کەس چاوەڕوانی لە دەوڵەتی تورکییە، بە وەها ماهیەتێکەوە، نییە کە لە بەرەنگار بوونەوەی نەیارانی سیاسی خۆیدا، سنوورە دیپلۆماسی و ئەخلاقییەکان و هیتر ڕەچاو بکات. کاتێک لە خودی کوردستانی تورکییەدا باکی نییە لەوەی کە ماڵی خه‌ڵك له‌ شارەکانی نسیبین و جزیرە و سلۆپی بەسەریاندا بروخێنێ و ڕەحم بە پیر و لاویان نەکات، کاتێک هەر ئەم جەنایەتانە لەودیوی سنه‌ور لە عەفرین دووپات دەکاتەوە، بەتەواوی سروشتییە، بە کەڵک وەرگرتن لە خاڵە لاوازەکانی دەوڵەتانی ئۆرووپایی ئەوان بکێشێتە پای وەها ئابڕوچونێک. بەڵام بێتوانایی ئەردۆغان لەوەیکە نەیتوانی داستانی ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری ” پ ک ک” لە پێوەند لەگەڵ ساڵح موسلیمیش تێکرار بکاتەوە، شکستێکی دیکەیە کە دەبێ بە لیستی دوور و درێژی شکست و ناکامییەکانی ڕەجەب تەیێب ئەردۆغانەوە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا زیاد بکرێت. ئەردۆغان ئیدیعای ڕێبەریی مەعنەوەی بەسەر بزووتنەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراو بە بەهاری عەرەبیدا هه‌بوو، شکستی ئیسلام گەرایانی میانەڕەو لە بە دەسەڵات گەیشتن، خەونە پان تورکیستییەکانی ئەردوغانی کردە بڵقی سەرئاو. سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکییە لە سوورییە یەک لە دوای یەک شکستیان خواردو و ئەوەی کە لە کیسەی ئەردۆغاندا ماوە، هیچ شتێک نییە بێجگە لە ڕیسوایی هاوکاری بە شاراوەیی لەگەڵ داعش. پێچەڵاوپێچ کردنەکان و یاری سیاسی نێوان بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕووسییە، نە تەنیا دەستکەوتێکی بۆ ئەردۆغان نەبووە، بەڵکوو نەتوانیەتی لەو سیمای کەسایەتییەکی سەربەخۆ دروست بکات و نە توانیویەتی ئەو بخاتە بەرەی ڕووسییەوە، لە هەمانحاڵدا پێگەی ئەوی لە ناتۆدا و لە بەرەی ڕۆژئاواشدا لاواز کرد، تا ئەو جێگایەی کە بە پێچەوانەی دەوڵەتی پێشوو نەیتوانی وەک نمونە سیناریۆی ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان سەبارەت بە ساڵح موسلیم بە یارمەتی یەکێتیی ئۆرووپا بەکردەوە دەربێنێ. لەژێر حاکمییەتی ئەردوغاندا، ئاسۆی پەیوەست بوون بە یەکێتیی ئۆرووپاوە، تاریکتر بوو. دێمۆکراسی په‌رله‌مانی و دەوڵەتی سیکۆلار کە ڕژیمەکانی ڕابردووی ئەم وڵاتە شانازیان پێوە دەکرد، بوو بە شێوە کارتۆنییەکی گاڵتەجاڕ. بە پەسند کرانی گه‌ڵاڵه‌ی سەندنەوەی پارێزبەندی پاڕلمانی لە نوێنەرانی نەیاری دەوڵەت، تورکییە لە دێمۆکراسییەکی نیوە و ناتەواوی په‌ڕله‌مانییەوە بوو بە دیکتاتۆڕیەکی بە تەواو مانا. لەژێر حاکمییەتی ئەردۆغاندا ڕەوتی گەشەی ئابووری یەک دەیە لەوە پێشی ئەو وڵاتە ڕاگیرا. دەوڵەتی ئەردۆغان ئیدیعات ده‌كرد کە توانیویەتی ئابووری تورکییە لە داوی قەیرانی ئابووری گشت گیری ڕۆژئاوا ڕزگار بکات. بەڵام ئەم ئیدیعایە ماوەیەکی زۆر بەردەوام نەبوو. گه‌شتیاری کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دەوڵەتی تورکییەیە، بەو نا ئەمنیانەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پەرەیان سەندوە گورزی بنەڕەتیان وێکەوتووە. گەلێک نمونەی تر لە ناکامییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان دەکرێ ڕیز بکرێن کە ئاخرینیان شکست لە ڕاکێشانی ساڵح موسلیم بۆنێو زیندانی ئیمڕالی بوو.

بەڵام ئابڕوچوونی یەکێتیی ئۆرووپا و دەوڵەتی چێک وەک ئەندامێکی ئەم یەکێتییە دەستی کەمی لە شەرشۆڕی ئەردوغان نییە. یەکیتیی ئۆرووپا ئیدیعا دەکات کە هاوپەیمانی “پارتی یەکێتیی دێمۆکرات”ە لە شەڕ لەگەڵ داعشدا. لە حاڵیکدا کە دەوڵەتانی ئۆرووپایی لە بەرگرتن لە عەمەلیاتەکانی داعش لە وڵاتەکانیاندا بێ توانان و شارۆمەندانی بێدیفاع بەردەوام قوربانیانی تیرۆریزمی داعشن، تێکۆشەرانی ژێر فەرمانی “پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیک”، کە ساڵح موسلیم یەکێک لە ڕێبەرانیەتی، لە نەبەرد لەگەڵ داعشدا گیانبازی دەکەن. یەکێک لە گیانبەختكردووانی ئەو نەبەردە منداڵێکی لاوی هەر ئەم ساڵح موسلیمەیە. لە حاڵێکدا کە دەوڵەتی تورکییە بە بارمتە گرتنی ئاوارە سوورییەکان، خەریکی گره‌وكه‌شی له‌ یەکێتیی ئۆرووپایە، هێزە تێکۆشەرەکانی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان کردووه‌تە سەرزەمینێکی ئەمن بۆ بەشێکی تر لەم ئاوارانە. دەوڵەتی چێک بە جێگای ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی خۆی بۆ پێشوازی لە ساڵح موسلیم بنێرێتە فرۆکەخانەی پڕاگ، پۆلیسی ئەو وڵاتەی نارد بۆ گرتنی. چ شەرمەزارییەک بۆ دەوڵەتێکی ئۆرووپایی لەوە زیاتر کە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ ڕەوانە کردنی پەنابەرانی زیاتر بۆ سنوورەکانی، بەم شێوەیە داماوانە دەجوڵێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-