کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گۆڕستانەستوونییەکان،یان تاوەرەکانی کۆماریئیسلامی؟

پلاسکۆ لە تاران، میترۆپۆل لە ئابادان و سەدان بورج و باڵەخانەی نائەمن و کۆن و داڕزاو لە ئێران بوونیان هەیە کە لە ئاست بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوە سروشتییەکانی تردا بەرگەناگرن و  بەردەوام مەترسی داڕمانیان لەسەرە. بەقەولی مێعمار و موهەندیسەکان، لەڕاستیدا ئەمجۆرە بینایانە گۆرستانێکی ستوونین کە دەتوانن گیانی دەیان و سەدان شارۆمەندی بێدیفاع بخەنە مەترسییەوە و کارەساتی مرۆیی نوێ بخوڵقێنن. وێڕای ئەوەش نموونەی میترۆپۆل دەریخست کە ساخت و سازەکانی ئەمساڵانەی دوایی لە ئێران و بەتایبەت ساختمانەکانی پڕۆژەی مەسکەنی مێهر، لەجۆرێک پێوەندی و مناسباتی پڕلە گەندەڵیدا درووست کراون کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانی بە دڵنیایی و ئەرخەیانییەوە ژیانیان تێدا بکەیت. لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشاندا شایەتی داڕمانی ژمارەیەکی زۆر لەو بینا نائەمن و ناستاندارانە بووین کە چ بەهۆی بوومەلەرزەکەوە و چ بەهۆی دوالەرزەکانییەوە چەندین بینا و باڵەخانە بەسەر دانیشتوانەکانیاندا وێرانبوون.

شارەداری و بەرپرسە خۆجێیی و ئوستانییەکان لە هاودەستی لەگەڵ بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی و هەروەها بە هاوکاری ئیمام جومعەکان و نوێنەرانی خامەنەیی، بواری مەسکەن و شارزاییان کردۆتە بەستێنێک بۆ سپیکردنەوەی پووڵ، بەرتیلخۆری و گەندەڵی سەرسوڕهێنەر، هەروەک چۆن میترۆپۆل بەبێ مۆڵەت نهۆمی یەکەمیان درووستکرد و لەسەر ژێربینایەکی کە تەنیا ئیزنی درووستکردنی شەش نهۆمی پێدراوە، چوار نهۆمی تری پێ زیاد دەکەن و دەرئەنجام بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕاسپاردەی موهەندیس و کارناسان، کارەساتی میترۆپۆلیان خوڵقاند.

بەرپرسانی ئەمنییەتی حکوومەت لە وڵام بە نیگەرانی و داواکاری خەڵک بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بینایانەی که مەترسی داڕمانیان لەسەرە، بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو شوێنانە بە بابەتێکی ئەمنییەتی ناودەبات و لە بڵاوکردنەوەیان خۆ دەبوێرێت. بەکرێگیراوان و کاسەلێسانی ڕژیمیش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەمەبەستی ئاسایی نیشاندان و بچووک کردنەوەی  کارەساتەکە، ناو و نیشانی ئەو بیناو و باڵەخانانەیان کە لە وڵاتە ئامریکایی و ئوروپاییەکان ئاگریان تێبەربووە و یان داڕماون بڵاو کردۆتەوە و مەبەستیانە وا نیشان بدەن کە ئەم چەشنە کارەساتانە بابەتێکی گشتی و جیهانییە و نابێت بەهۆیانەوە ڕژیم بخرێتە ژێر گوشارەوە.

ئێران کۆمەڵە دوڕگەیەکە لە کارەسات و نائەمنی، لەهیچ بوارێکەوە ناکرێت بە وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتووەکان بشوبهێندرێت. دەزگای درۆ و پڕوپاگەندەی حکوومەت، ناتوانێت گەندەڵی و بێ لیاقەتی خۆی و کەمتەرخەمییەکانی لەئاست گیان و ماڵی خەڵک، بە خستنەڕووی ئاماری ناڕاست پەردەپۆش بکات.

هەبوونی مەسکەنی ئەمن و هەرزان مافی هەر ئینسانێکە و ئەوەی کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئێسلامیدا بوونی نییە، ئەمنییەتی گیانی و دابینکردنی سەرپەنای ئەمن و هەرزانە. خەوتن لەناو گۆڕ و لەسەر سەربان و پارکەکان، خێوەت هەڵدان و ژیان لە  حەڵەبیاواکان بەبێ بەهرەمەندبوون لە هیچ چەشنە ئیمکاناتێکی خۆشگوزەرانی، کارکردن و ژیان بەسەربردن لە بینای نائەمن و نەگونجاودا، بەشی ملیۆنان کەس لە خەڵکی فەقیر و هەژاری ئیرانە و ژیانکردن لەناو کۆشک و تەلار و بازرگانیکردن بە گیان و ژیانی خەلکیش بەشی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامییە.

ئەوە مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکە کە بزانن، ئەو بینایەی کە ژیانی تێدا بەسەردەبەن ئەمنییەتی هەیە و یان لایەنی ئەمنی و ستانداردە جیهانییەکانی تێدا ڕەچاو کراوە. حکوومەتێکی کە گشت کێشە و گرفتە ورد و درشتەکانی، بە ئەمنییەتی کردووە و بە سەرکوتکردن وڵامی پێدەداتەوە، نیزامێکی کە دەیەوێت کێشەکانی کەم ئاویی، وشکەساڵی، کرۆنا، دیاردەی خۆڵبارین و بێ بارانی، بە دوعا چارەسەر بکات، ئاشکرایە کە توانایی دابینکردنی ئەمنییەتی خەڵکی لە شوێنی کار  ژیانیاندا نییە.

ماڵ و سەرپەناکانی خەڵک نابێت ببێتە کۆڕستانی ستوونی و لەحاڵێکدا کە گرانی، بەشمەینەتی، سەرکوت و هەڵاواردن و بێ مافیی، ژیانی لێ تاڵ کردوون، بەشێک لە  خەڵک بە نیگەرانی و ترس لەوەی کە نەکا ماڵەکەیان بەسەردا بڕوخێ و مەرگی ئازیزانیان ببینن، سەربکەنەسەر سەرین.

تەمەنی حکوومەتی ئیسلامی گەیشتۆتە کۆتاییەکانی خۆی و درەنگ یان زوو کۆشکی ئەو نیزامەی کە دەسەڵاتدارە گەندەڵ و جینایەتکارەکانی، لەسەر شانی خەڵک و بە ئارەقەی ڕەنجی ئەوان بینایان کردووە، تێکدەڕووخێت.

تا ئەو کاتە، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی بینا کۆن و داڕزاوەکان، لە سەراسەری وڵات پێویستە ناوەند و دامەزراوەی تایبەتی کارناسانە و جەماوەریی بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو بورج و باڵەخانانەی کە گومانی داڕمان و بوونەهۆی کارەساتیان لێدەکرێت، پێک بێت، بەخێرایی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی کارناسانەی خۆی ئەنجام بدات و نیگەرانییەکانی خەڵک لەم بابەتەوە کەم بکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-