کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گه‌مارۆ نوێیه‌كان، كێشه‌ و گرفتێكی دیكه‌ بۆ خه‌ڵكی ئێران

download 5

كۆماری ئیسلامی به‌ پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كۆنه‌په‌رستانه‌ی زێده‌خوازی و سیاسه‌تی داگیركه‌رانه‌ و ده‌ستدرێژیه‌كانی، ڕۆژبه‌ڕۆژ كێشه‌ و گرفتی ژیانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش زیاتر ده‌كات. ڕژیم بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ی هه‌تا ئێستا له‌ گیانی سه‌دان هه‌زار كه‌س و له‌ ژیان و بژێوی ملیۆنان بنه‌ماڵه‌ی كرێكاری و باقیی جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراوی ئێران، مایه‌ی داناوه‌. گرتنه‌به‌ر و داسه‌پاندنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ پڕهه‌زینانه‌، له‌ ئاست ناوچه‌كه‌دا، ئابووریی ئێرانی بردووه‌ته‌ سه‌ر لێواری داڕمان و كێشه‌ و دژواریه‌كانی خه‌ڵكی ئێرانی زیاتر كردووه‌. كۆماری ئیسلامی له‌جیات دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ بۆ هه‌ژاری و برسیه‌تی و ئه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ كه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌مجۆره‌ سیاسه‌تانه‌ بۆ خه‌ڵكی ئێرانی به‌دیاری هێناوه‌، به‌ بلۆف لێدانی بێ پشتیوانه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی گۆتره‌ی نیزامی له‌وانه‌ “فه‌له‌ستینی گه‌وره‌ له‌ نه‌هره‌وه‌ تا به‌حر ئازاد ده‌كه‌ین” و “ده‌ستمان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ماشه‌یه‌” و له‌ به‌رامبه‌ر ئیسرائیلدا “میحوه‌ری موقاومه‌ت به‌هێز ده‌كه‌ین” و هیتر، كێشه‌ و گرفتی جیدیی بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران خوڵقاندووه‌.

له‌ ڕاستیدا، ئه‌مریكا و باقیی زلهێزه‌كانی جیهانی سه‌رمایه‌داری، به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی جارجار موعامه‌له‌‌چیانه‌ و جارجاریش به‌ڕواڵه‌ت به‌رگرانه‌، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، یارمه‌تیده‌ری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بوون. داسه‌پاندنی گه‌مارۆی دژه‌ ئینسانیی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه،‌ به‌و پاساوه‌ كه‌ گۆیا ده‌توانن ڕژیمی ئیسلامی له‌ په‌یگیری كردنی سیاسه‌تی زێده‌خوازانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ پاشگه‌ز بكه‌ن، هه‌تا ئێستا دووكه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ چووه‌ته‌ ناو چاوی جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراوی ئێران و پانتایی هه‌ژاری و برسیه‌تیی زیاتر په‌ره‌پێداوه‌.

له‌ پێناو ئه‌م سیاسه‌ته‌ و كێبه‌ركێ له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٣٠ی گه‌لاوێژ، پۆمپێئۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ نیۆیۆرك، پاش وتووێژ له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، خواستی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان دژبه‌ كۆماری ئیسلامی به‌ پێی مێكانیزمی ماشه‌ی، ڕاگه‌یاند. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، هۆكاره‌كه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ پێبه‌ند نه‌بوونی كۆماری ئیسلامی به‌ به‌ڵێنیه‌ هه‌سته‌ییه‌كانی. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ كۆماری ئیسلامی به‌ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی به‌ڵێنیه‌ هه‌سته‌ییه‌كانی له‌ ٥ قۆناغدا، ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجامی پێشێل كردووه‌. له‌ بڕیارنامه‌ی دوو هه‌زار و ٢٣١دا، شۆرای ئه‌منییه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام نووسیویه‌تی: “ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌ به‌ڵێنیه‌كانی خۆی پێبه‌ند نه‌مێنێت، هه‌ركام له‌ ده‌وڵه‌تانی “پێنج كۆ یه‌ك“، به‌ ته‌نیایی ده‌توانن داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان بكه‌ن و ئه‌ندامانی دایمیی شۆرای ئه‌منییه‌تیش مافی وێتۆ كردنیان نییه‌”. هه‌ر بۆیه‌ شۆرای ئه‌منییه‌ت ٣٠ ڕۆژی ده‌رفت‌ هه‌یه‌ تا بڕیارنامه‌ی نوێ بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی گه‌مارۆ هه‌سته‌ییه‌كان په‌سند بكاته‌وه‌، ئه‌گینا گه‌مارۆكانی ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ شێوه‌ی ئۆتۆماتیك ده‌سه‌پێندرێنه‌وه‌.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مریكا پاش ئه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ حه‌فته‌ی ڕابردوو، شۆرای ئه‌منییه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، خواستی ئه‌مریكای بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆی كه‌ره‌سته‌ی نیزامی دژبه‌ كۆماری ئیسلامی، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، ڕه‌ت كرده‌وه‌. له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌مریكاوه‌، كۆتایی هاتنی ده‌وره‌ی گه‌مارۆی كه‌ره‌سته‌ی نیزامی كۆماری ئیسلامی، ئه‌و ئیمكانه‌ به‌ ڕژیم ده‌دات تا بۆ گرووپه‌ ئیسلامیه‌كانی نزیك به‌خۆی، چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی نیزامی دابین بكات و ده‌ستڕاگه‌یشتنی ڕژیم به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیش ئاسان ده‌كاته‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن ڕووحانی، چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر باڵی ڕه‌قیبی دا، كۆتایی گه‌مارۆی كه‌ره‌سته‌ی نیزامیی وه‌ك ده‌ستكه‌وتی ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام له‌قه‌ڵه‌م دا.

زۆرێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌ندامی شۆرای ئه‌منییه‌ت له‌وانه‌ فه‌ڕانسه‌، ئاڵمان، بریتانیا، ڕووسیه‌ و چین كه‌ ده‌نگیان به‌ كۆتایی گه‌مارۆی كه‌ره‌سته‌ی نیزامیی كۆماری ئیسلامی له‌ مانگی ئۆكتۆبری ئه‌مساڵ دابوو، هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران، مافی ئه‌مریكا بۆ كه‌ڵك وه‌گرتن له‌ مێكانیسمی ماشه‌یان‌، به‌هۆی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام، برده‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. ڕۆژی هه‌ینی ٣١ی گه‌لاوێژ، سێ ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه‌، ئاڵمان و بریتانیا له‌ به‌یانییه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، وێڕای دژایه‌تیی كردن له‌گه‌ڵ پێشنیاری ئه‌مریكا و ته‌ئیدی پێشێلكردنی سیستماتیكی ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه‌، ڕایانگه‌یاند كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی وتووێژه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و ڕژیم ده‌بێ هه‌موو چالاكیه‌كانی دژبه‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام ڕاگرێت و به‌ ته‌واوی پێبه‌ندی به‌ڵێنیه‌كانی بێت. به‌ڵام پۆمپێئۆ له‌ وته‌كانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌یدا، له‌سه‌ر مافی ئه‌مریكا وه‌ك وڵاتی “به‌شداری ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام” و ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی ٣٠ ڕۆژه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێداگری كرد و وێڕای هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانی نه‌یاری، بوونی ناوی ئه‌مریكای له‌ بڕیارنامه‌ی شۆرای ئه‌منییه‌ت سه‌باره‌ت به‌ به‌رجام، سه‌ره‌ڕای ڕۆیشتنه‌ ده‌روه‌ی له‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌، بۆ هه‌بوونی مافی وه‌كار خستنی “مێكانیسمی ماشه‌”، به‌ ته‌واو زانی.

بێ گومان، هه‌ڵوێستی زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌داریی ئۆرووپا و دیفاع له‌ لابردنی گه‌مارۆی كه‌ره‌سته‌ی نیزامی و خۆبواردن له‌ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی مێكانیسمی ماشه‌ دژبه‌ كۆماری ئیسلامی، له‌پێناو به‌شداربوون له‌ بازاڕی داهاتووی فرۆشی كه‌ره‌سته‌ی نیزامی به‌ ڕژیم و دژبه‌ ئه‌مریكایه‌. به‌ڵام له‌و كێشمه‌كێشه‌ی نێوانیاندا، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هیچ كارێكی بێجگه‌له‌ موزاحیمه‌ت و عه‌مه‌لیاتی ئیزایی له‌وانه‌ ڕفاندنی به‌له‌م و كه‌شتیی، له‌ده‌ست نایه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی روویتێرز، هه‌ڕه‌شه‌ی ڕژیم بۆ ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ به‌رجام بێ بنه‌مایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ كۆماری ئیسلامی ناتوانێ له‌ به‌رجام بێته‌ ده‌ر و ته‌نیا ده‌توانێ چاوه‌ڕوانی ئاكامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ مانگی نوامبر دا بێت.

ڕژیم له‌ باردووخێكدا، له‌ ڕێگه‌ی‌ دیكتاتۆری و سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگی ناوخۆ، درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌دات و له‌ ئاست ناوچه‌كه‌دا، سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌، زیده‌خوازانه‌ و پڕهه‌زینه‌ی خۆی ئیدامه‌ پێده‌دات كه‌ ئابووریی ئێران كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر لێواری داڕمان. پاره‌ی باوی ڕژیم یه‌كجار بێ ئیعتبار بووه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم زیاد ده‌كات و توانای كڕینی خه‌ڵك زیاتر دێته‌ خوارێ.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ڕژیم له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی به‌رده‌وام و به‌رین و بێ وێنه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری به‌ره‌وڕووه‌، ناڕه‌زایه‌تی و كۆبوونه‌وه‌ ڕۆژانه‌ی باقیی توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ وه‌دیهاتنی خواسته‌ كه‌ڵه‌كه‌ كراوه‌كانیان و له‌پێناو پشتیوانی كردن له‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌، كۆماری ئیسلامی له‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌ خواسته‌كانی خه‌ڵك داماو و زه‌بوونه‌ و دڵی به‌ كوشتن و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و سه‌ركوت خۆش كردووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بۆ ڕژیم كاراییه‌كی زۆری‌ نه‌ماوه‌ و ناتوانێ جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و وه‌گیان هاتوو له‌ په‌یگیركردنی خواسته‌كانیان پاشگه‌ز كات. بێگومان، سه‌ره‌نجام پێویسته‌ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش، بارگه‌ و بنه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌ تێكه‌وه‌پێچێت و له‌كۆڵ خه‌ڵكی ئێران و ناوچه‌كه‌ی كاته‌وه‌.