کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گرانی و خۆراکی کەم و ناکامڵی جەماوەری بێبەش

کارگێڕانی ڕژیم بەوپەڕی بێشەرمییەوە دان بەوە دادەنێن کە پتر له نیوەی دانیشووانی ئێران لە هەژاریدا دەژین. ئەوان بە دانی ئامار و زانیاریی بێ سەرە و بەرە باس لە هاتنەخوارەوەی توانای کڕینی خەڵک دەکەن. بەڵام ڕاستییەکان زۆر لە ئیعترافەکانی ئەوان دڵتەزێنترن. لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و گرانیی ڕوو لە زیادبوون، مەترسیی جیددی هەڕەشە لە ژنانی دووگیان و دایکانی خاوەن منداڵی شیرەخۆرە، بەساڵاچووان و نەخۆشەکان دەکات. لاوان و هەموو بەشەکانی خەڵک لەگەڵ بەدخۆراکی و دواهاتە تەندرووستییەکانی بەرەوڕوون.

جێگری وەزارەتی “تەعاون، کار و ڕێفاهی ئیجتماعی” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تا ساڵی ٩٩، بیست و شەش ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران لە هەژاریی تۆخدا دەژیان. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەویکە هێڵی هەژاری لە ساڵی ٩٩دا بە چوونەسەرەوەی ٣٨ لەسەدی گەیشتبووە یەک ملیۆن و ٢٥٤ هەزار تمەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە تا کۆتایی ئەمساڵ و بەسەرەنجدان بە بڵاوبوونەوەی بەرینی کۆرۆنا لەئێران و چوونەدەرەوەی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە بازاڕی کار، ژمارەی کەسانێک کە لە هەژاریی تۆخدا دەژیان لە ٢٦ ملیۆنەوە بگاتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس.

ئیلنا هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامی دەنووسێت: ڕێژەی لەسەرێی تەوەرۆم لە لایەکەوە و حەقدەستی کەم و پەرەسەندنی بێکاری لە لایەکی دیکەوە بووەتە هۆی دابەزینی توانای کڕینی خەڵک و زۆرترین زەربەی لە سەبەدی خۆراکییەکان داوە و بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان ڕێژەی خواردنی گۆشتی سوور، برینجی ئێرانی، شیرەمەنی و دانەوێڵە یەکجار هاتووەتە خۆارێ. لەم ڕۆژانەدا بەهۆی گرانی، بنەماڵەکان لە بواری دابینکردنی خۆراکە پێویستەکان کەوتوونەتە باروودۆخێکی دژوارەوە.

بەڵام باروودۆخی واقعی یەکجار لە ئامارە بڵاوکراوەکان دڵتەزێنترە. بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک کوردستان، کرماشان، ئیلام، سیستان و بەلووچستان هەژاری و بێکاری، بەشێوەیەکی جیددی هەڕەشە لە سڵامەتی جەستەیی و دەروونیی خەڵک دەکات. وەزعی ژیان و تەندرووستی و دەرمانی خەڵک لە هێڵی هەژاری تێپەڕیوە و لە لێواری کارەساتێکی مرۆیی نزیک بووەتەوە.

بەڵام ئەم باروودۆخە دژوارە بۆ هەمووان یەکسان نییە. جیاوازی چینایەتی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا نجوومییە. کەمینەیەکی زەرووسفەت لە دەسەڵاتداران و ئاخوندەکان باشترین ئیمکاناتیان لە ئیختیار دایە و زۆربە هەرە زۆری خەڵکیش لەگەڵ کێشەی جیددی خۆراک و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی سەرچاوەگرتوو لێی، بەرەوڕوون.

گرانی و تەوەرۆم، بێکاری و چوونەسەرەوەی هەزینەی ژیان بووەتە هۆی ئەوەیکە خۆراکی سەر سفرەی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ کەمتر بێتەوە. ماسی و گۆشت بە دەگمەن لە لیستی کڕینی بنەماڵەکان دان و کار گەیشتووەتە جێگایەک کە فرۆشی پای مریشک و یان میوە و سەوزیی کۆنە و هەرزان بووەتە خۆراکی سەرەکیی خەڵک. پڕکردنەوەی سەبەدی پێداویستیی زەرووریی خەڵک لە باروودۆخی ئێستادا ئەوەندە دژوار بووەتەوە کە تەنانەت باس لە ئیجارەکردنی پێداویستیی شەوی جێژن دەکرێت بە بێ ئەوەیکە ئەندامانی بنەماڵە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.

لە باروودۆخێکدا کە مەسکەن و دەرمانی پێویست و گونجاو بۆ خەڵک بوونی نییە، خەمۆکی و سترێس زیاتر لە ڕابردوو هەڕەشەیان لێ دەکات، کەمبوون و لە دەستڕەسدا نەبوونی خۆراکی وزەبەخش و تازە، سڵامەتیی خەڵک و بەتایبەت ژنانی دووگیان و منداڵان، پیران و کەسانی نەخۆش و لاوازی خستووەتە مەترسیی هێڵی هەژاریی بێسنووری خۆراکەوە.

دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران مۆدێلێکی لە دەسەڵاتداریەتی بە خەڵکی ئێران نیشان داوە کە جیا لە سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسییەک کە خوڵقاندوویەتی، وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێرانی لە بواری بژێوی خەڵکدا کردووەتە هاوشێوەی وڵاتانی هەژار و قاتی لێدراو. بەو جیاوازییەوە کە ئاخوندەکان و دەسەڵاتدارانی ئیسلامی ژیانێکی ئەفسانەییان هەیە و ملیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکیان بەتاڵان بردووە. بۆ دابینکردنی خۆراکی کامڵ و پێویست لەسەر سفرەی ملیۆنان کەس لە خەڵکی بێبەشی ئێران، ڕێگایەک بێجگەلە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە گەندەڵ و جەنایەتکارە بوونی نییە. ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ئیسلامییە مەرجێکی زەرووریی دابین کردن و زەمانەتی خۆراکی پێویستی  جەماوەری بێبەشە و هەنگاوێکی بنەڕەتییە لەپێناو هێنانەخوارەوە و ڕیشەکێش کردنی بەدخۆراکیی خەڵک.

بابەتی پەیوەندیدار

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-