کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کەلێن لەنێوان ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتدا

بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان، عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ڕژیم لە جەلەسەی عەلەنی رۆژی چوارشەممە، ١٠ ی مانگی پوشپەڕدا وێڕای ڕاگەیاندنی پرسیاری ٨٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە حەسەن روحانی، مانگێکی دەرفەت داوەتێ تا لە جەلەسەیەکی عەلەنیدا بۆ وڵامدانەوە بە پرسیاری نوێنەران ئامادە بێت. بێتوانایی دەوڵەت لە کۆنترۆڵ کردنی قاچاقی کالا و ئەرز، بەردەوامبوونی تەحریمە بانکیەکان، بێ کرداری دەوڵەت سەبارەت بە بێکاری، بەرز بوونەوەی خێرای نرخی ئەرز و دابەزینی ئەرزشی پوڵی وڵات بابه‌تی پرسیاری نوێنەران لە سەرۆک کۆمارە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیسنا ” محەممەد عەلی وەکیلی ئەندامی هەیئەت ڕەئیسەی مەجلیسی ئیسلامی لە هەمان کۆبوونەوەی عەلەنی رۆژی چوارشەممەدا، نامەی ١٩٣ کەس لە ئەندامانی مەجلیسی بۆ حەسەن روحانی لە سەحنی عەلەنی مەجلیس خوێندەوە کە تێیدا نووسەرانی نامەکە خوازیاری گۆڕینی زۆربەی کابینەی دەوڵەت بوون و جەختیان کردۆتەوە کە ئەم بابەتە بە قازانجی وڵاتە.” لەم نامەیەی ئەندامانی مەجلیسی ئیسلامیدا ” وێڕای دەست خۆشی کردن لە روحانی سەبارەت بە گوڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی ڕایانگەیاند کە ئەم کارە وەک خاڵی دەست پێکی ئیسلاحات باشە بەڵام بەرتەسک کردنەوەی گۆڕین بۆ تەنیا خاڵێک پاک کرنەوەی سوڕەتی مەسلەکەیە.” ئەم نوێنەرانە جەختیان کردەوە:” لەسەر ئەم بنەمایە هەرئەو جۆرەی کە لە ڕابردودا وەبیرمان هێناوەتەوە، بارودۆخی ئێستای ئابووری ئاڵوگۆڕێکی جیددی دەخوازێت و خێر و سەڵاحی وڵات لە گۆڕینی زۆربەی کابینە دایە.” هەروەها، لەم رۆژەدا عەلی ئەسغەر یۆسف نیژاد، ئەندامی هەیئەت ڕەئیسەی مەجلیس تەرحی ئیستیزاحی عەلی ڕەبیعی وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی بە ئیمزای ٤٠ کەس لە نوێنەران ڕاگەیاند. وەزیری کار ١٠ رۆژی دەرفەت هەیە تا لە مەجلیس ئامادە بێت و وڵامی نوێنەران بداتەوە.

گومانی تێدا نییە کە هێنانه‌گۆری پرسیار لە سەرۆک کۆمار، داخوازی گۆڕانی لانی زۆر لە کابینەدا و ئیستیزاحی وەزیری کار و بە کورتی قوڵتر بوونەوەی کەلێنی نێوان دەوڵەت و مەجلیس، ڕیشەی لە قەیران و لێک هەڵوەشانی ئابووری، قەیرانە کۆمەڵایەتیەکان، قەیران لە مناسباتی نێونەتەوەیی و لەوانە گرنگ تر ڕیشەی لە درێژە و ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و خەباتی جەماوەری دایە. دەوڵەتی روحانی کە لە کۆنترۆڵ کردنی ئەم قەیرانانەدا بێ توانا و داماوە، بەرەو رووی داخوازی گۆڕینی زۆرینەی وەزیرەکانی لە لایەن خودیەکانی نێو ڕژیم بۆتەوە. دیارە کە قورسایی مانگرتنە کرێکاریەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری زیاتر لەوەیە، کە تەوسیەکانی خامنەیی بۆ ڕێعایەتی حاڵو رۆژی دەوڵەت و پشتیوانی فەرماندەکانی سپا لێی، بتوانن بەر بە داخوازی گۆڕینی زۆربەی کابینەکەی و ئیستیزاحی وەزیرەکان بگرن.

لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای مالیکیەتی تایبەت و چەوساندنەوە و بە کۆیلە کردنی بە ملیۆن کرێکار و داسەپاندنی بێبەشی بەسەر خەڵکی هەژاردا لە لایەن تاقمێک سەرمایەدار و کەمینەی دەوڵەمەندەوە بنیاد نرابێت، دەوڵەت بە هەر ڕادەیەکیش تێیدا ئیسلاح بکرێت و بگوڕدرێت، ناتوانێ هیچ شتێک بێت بێجگە لە پشتیوانێکی وەفادار و هاوپەیمانی چەوسێنەران و پتەو ترین جێگای پشتیوانی و نیگابانی بەرژەوەندیەکانیان. تەرحی پرسیار لە سەرۆک کۆمار و نامەی ١٩٣ کەس لە نوێنەرانی ڕژیم لە مەجلیسی ئیسلامی بۆ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕی بەرین لە کابینەی دەوڵەتدا دەرخەری ئەوەیە کە وادیاره‌ لە بارودۆخی ئێستادا باتوم و سەرنێزەکان و زیندان و شه‌لاق بۆ پارێزگاری لە نەزمی زاڵمانەی ئیستا به‌ته‌نیا جێی پشت پێبەستن نین. لەم روەوە ئەم بەشە لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی، لە هەوڵی ئەوەدان کە کرێکاران و بێبەشان و هەژارانی کۆمەڵگا ڕازی بکەن بەوەی کە دەوڵەت و مەجلیس بان ترن لە چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان، ناوەندە حکومەتیەکان نەک بە بەرژەوەندی سەرمایەداران، دەوڵەمەندەکان و ڕانتخۆران، بەڵکو لە خزمەت بە داد پەروەری و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵکی زۆرلێکراودان. مەجلیس نیشینەکان دەیانەوێ بە خەڵک بڵێن کە ئەوان بێدەنگ دانەنیشتون، بەڵکو دەیانەوێ بە دروست کردنی ئالوگۆڕێک لە کابینەدا، قەیرانەکە به‌ئاڕاسته‌ی بەرژەوەندی خەڵکدا کۆنترۆڵ بکەن. جەخت کردنەوەی ئەو بەشە لە نوێنەرانی چینی دەوڵەمەند لەسەر پێویستی کۆڕینی زۆربەی کابینە بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئابووری و یان تەرحی ئیستیزاحی وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی بەم ئامانجە فریوکارانەیە بەڕێوەدەچێت كه‌ به‌ کرێکاران بڵێن مەجلیس دەیەوێ پارێزگاری لە بەرژەوەندی، هەژاران و خەڵکی دەست کورتی کۆمەڵگا بكات.

بەڵام نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی گۆیا لەخەودان و ئاگاداری ئەو ئاڵوگۆرە گەورەیه‌ نین کە لە وشیاری کرێکاران و جەماوەری خەڵک و گۆڕانێک کە لە مناسباتی ئەوان لەگەڵ ڕژیمدا پێک هاتوە. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران کە ماوەی ٤٠ ساڵە بۆ سەرەتایی ترین مافەکانیان لەگەڵ ئەم ڕژیمەدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن و هه‌م سەرکوت و هه‌م فریوی حکومەتی ئیسلامییان ئەزمون کردوە، ناکەونە ژێر کاریگەری ئەم فڕوفێڵانەەوە. ئەم نوینەرانەی مەجلیس کە دەیانەوێ سەرجەم کاسە و کوزەکان لەسەری کابینەی دەوڵەتدا بشکێنن، خۆیان له‌ داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت و بێکاری بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا له‌ تاوانبارانی سه‌ره‌كین. مەگەر دیاری کردنی حقوقی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا بۆ حقوق بگیرانی ئاسایی، زیاد کرانی ٤٠ لەسەدی بودجەی سپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتی و دەزگای روحانیەت و تاڵان کردنی بوجەی سازمانی دابین کردنی کۆمەڵایەتی بەپێی لایەحەی بوجەی ساڵی ٩٧ لە پەسند کراوەکانی ئەم نوێنەرانەی مەجلیس نەبوون. ئەم نوێنەرانەی مەجلیس هێشتا پەیامی جەماوەری راپەڕیویان لە جەریانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار کە درووشمی ” نان، کار، ئازادی”، ” مەرگ بۆ روحانی”، ” مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ”، ” ئیسلاح تەڵەب، ئوسول گەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا”یان دەوتەوە، وەرنەگرتوە.

کرێکاران و جەماوەری ناڕازی و توڕە کە رۆژانە بە بەرپا کردنی مانگرتنی کرێکاری و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپیوان لە سەر شەقامەکان داخوازیەکانیان به‌رز دەکەنه‌وه‌ لە ئەزمونی ژیان و خەباتیان دا بۆیان دەرکەوتوە کە ئه‌و جۆره‌ به‌ناو گۆرانكاریانه‌ گرێیەک لە کێشەو گرفتەکانیان ناکاتەوە. ئاڵوگۆڕ لە کابینەکاندا، دەست بە دەست بوونی دەوڵەتەکان و گۆڕانی ئاڕایشی سیاسی باڵە حکومەتیەکان لە ڕەفسەنجانیەوە بۆ خاتەمی ئیسلاح خواز، لە ئیسلاح خوازانی حکومەتیەوە بۆ ئەحمەدی نیژاد ی ئوسولگەرا لە دەوڵەتەکانی هەشت و نۆ دا و دواتر بۆ رۆحانی ئیعتیدال گەرا لە دەوڵەتەکانی یازدە و دوازدەدا هیچ کاریگەریەکی لەسەر ژیانی ئەوان نەبووە. لەم روەوەیە کە کرێکاران و جەماوەری ناڕازی نەتەنیا دەبێ لە سەرجەم باڵە حکومەتیەکان تێپەڕن، بەڵکو دەبێ واوەتر لە هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی کە نوسخەکانی باوی نیئۆلیبڕاڵیان بۆ دەپێچنەوە بچن.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-