ڕۆژی هەینی ٢٤ی مانگی بەفرانبار، کۆڵبەرێک بەناوی “مێهران ڕەحمانی” کوڕی غەفور و خەڵکی گوندی “مەنیجەڵان”ی سەر بە شاری بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری بانە گیانی لەدەستدا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی “ئیبراهیم ڕەحمانی” بەسەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی کۆڵبەرنیوز، “ئیبراهیم ڕەحمانی” تەمەن ٤٥ ساڵ خاڵۆی کۆڵبەرە کوژراوەکەیە و لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری “کێلە”ی بانە، بەبێ ئەوەی هێچ کەل و پەڵێکی قاچاخیان پێبێت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە دراونەتە بەر دەسڕێژی گوللە. شایانی باسە بەهۆی هەژاری و ستەمی نەتەوایەتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، لاوانی کورد سەرەڕای زانینی ئەوەی کە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە تەقەیان لێدەکرێت و ئەگەری کوشتن و بریندار بوونیان هەیە، بە ناچاری و بۆ دەستخستنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری و ڕووبەڕووی مەرگ بوونەتەوە.