حوسێن محەممەدی سارۆیی لە بێهشهەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئینتیزامی کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، نزیکەی کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی هەینی یەکی جۆزەردان، لە بێهشهەری پارێزگای مازەندەران، گەڕەکی «سارۆ»، کەسێک بە ناوی حوسێن محەممەدی سارۆیی، ناسراو بە حوسێن شێخ ڕەنا، لەلایەن مەمورانی هێزی ئینتیزامییەوە کوژراوە. هێزەکانی ڕژیم لە خاڵێکی پشکنین، ئۆتۆمبیلێکی پێژۆ پارس ڕادەگرن و وێڕای هەڵسوکەوتی خراپ و سووکایەتیکردن، دوو سەرنشینەکەی دەپشکنن و بە وتەی شایەتحاڵەکان دەڵێن پۆلیس بێڕێزی و سووکایەتیی بەو دوو گەنجە کردووە. حوسێن محەممەدی سارۆیی، باوکی یەکێک لە سەرنشینەکان، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دێتە ناو بابەتەکەوە، بەڵام مەمورەکان سووکایەتی پێدەکەن و تێکهەڵچوون دروست دەبێت. دواتر یەکێک لە مەمورەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیکوژێت. ئەم ڕووداوە بووە هۆی تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ئینتیزامی.
