کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ژانی هاوبه‌شی نه‌خۆش و په‌رستار، له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی

download 2

download 2

ئه‌وه‌یكه‌ ئاماره‌كانی كۆماری ئیسلامی نابێ متمانه‌یان پێبكرێ، ئه‌وه‌ ڕاستیه‌كی جێكه‌وتوویه‌‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا. هه‌ڵبه‌ت ده‌ستكاری ئاماره‌كان، به‌ گشتی، بۆ داپۆشینی كه‌م وكوری و مافی پێشێلكراو و نه‌زانمكاری و دزی و هیتر ئه‌نجام ده‌ردێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هێندێك جار، هه‌ر ئه‌م ئاماره‌ ده‌ستكاری كراوانه‌ش، گۆشه‌یه‌كمان له‌ ڕاستیه‌كان بۆ وه‌ده‌رده‌خه‌ن. سیستمی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیی نیزامی بیمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، پانتایی كاره‌ساتباری زیاتر ئاشكرا بووه‌، یه‌كێك له‌و نموونانه‌یه‌. ئیلنا، هه‌واڵنێریی ڕه‌سمیی كۆماری ئیسلامی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ڕاپۆرتێكدا نووسیی:

به‌ پێی داتاكانی ناوه‌ندی ئامار، له‌ ئێران ٩٥٤ نه‌خۆشخانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ له‌و نێوه‌شدا ته‌نیا ٨٠ نه‌خۆشخانه‌، واته‌ ٨ له‌سه‌دیان سه‌ربه‌ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعیه‌. ئه‌م ٨ له‌سه‌ده‌ قه‌راره بۆ‌ ٤٢ ملیۆن كرێكار بێت. قه‌ره‌باڵغ بوونی ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ كادری ده‌رمانی و خزمه‌تگوزاریی نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ونه‌ ژێر زیاترین مه‌ترسیی تووش بوونی كۆرۆنا. له‌م نه‌خۆشخانانه‌دا په‌رستاره‌كان ناچارن باروودۆخی مه‌ترسیداری كۆرۆنایی به‌ گیان قه‌بووڵ بكه‌ن تا بتوانن گیانی نه‌خۆشه‌كان ڕزگار بكه‌ن. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م په‌رستارانه‌ داخوازی گه‌لێكیان هه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ هیچ وڵامێكیان پێنه‌دراوه‌ته‌وه‌. ١٠ ساڵی به‌رده‌وام، په‌رستارانی ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌، شه‌و و ڕۆژی به‌ شێوه‌ی نائاسایی، كاتی خۆیان له‌ شوێنی كاره‌كه‌یاندا تێپه‌ڕاندووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت حه‌قی شیفتیی ١٠ ساڵه‌ی خۆیان له‌ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی وه‌ربگرن“.

هه‌ر ئه‌م گۆشه‌ چكۆله‌له‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی هه‌واڵنێریی ئیلنا نیشانی ده‌دا كه‌ چ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ له‌ بیمه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن  و چ مافی په‌رستارانێك كه‌ قه‌راره‌ خزمه‌تگوازری ده‌رمانی بۆ كرێكاران بكه‌ن، چلۆن پێشێل ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر جارێ له‌ حاڵ و ڕۆژی كرێكارانێك كه‌ هه‌موو ڕۆژێ ڕێگایان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌، بگوزه‌رێین، كه‌ خۆی ئه‌وه‌ش داستانێكی دڵته‌زێنی دیكه‌یه‌، هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته‌ پێمان ده‌ڵێ كه‌ په‌رستاران له‌ زومره‌ی بێ مافترین به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێرانن. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، په‌رستاره‌كان یه‌كێك له‌ ناڕازیترین به‌شه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ بوون.

له‌ بواری خواسته‌كانی په‌رستاران، كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت پێبه‌ند به‌ یاسا په‌سندكراوه‌كانی خۆشی نییه‌. له‌ ساڵی ١٣٨٨ه‌وه‌ په‌رستاران به‌ پێی یاسا، به‌ركه‌وتووی مه‌زایای كاره‌ سه‌خت و زیانباره‌كانن. به‌ڵام ئه‌م په‌سندكراوه‌ نه‌ ته‌نیا به‌كرده‌وه‌ ده‌رنه‌هاتووه‌، به‌ڵكوو به‌هۆی كه‌مبوونی په‌رستار و پێویستیی خزمه‌تگوزاری، ڕۆژبه‌ڕۆژ گوشاره‌كانی له‌سه‌ر زیاتر كردوون. له‌ حاڵێكدا كه‌ كه‌مبوونی په‌رستار ناچاریان ده‌كات كه‌ ئیزافه‌ كاری بكه‌ن، له‌ هه‌مان حاڵیشدا حه‌قی شیفتی ده‌ ساڵی ڕابردووشیان پێنه‌دراوه‌.

له‌ ئێران بۆ هه‌ر سێ ته‌خت، ته‌نیا یه‌ك په‌رستار بوونی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ پێی ستاندارده‌ جیهانیه‌كان پێویسته‌ له‌ به‌شه‌ گشتیه‌كاندا، لانیكه‌م ٢ په‌رستار و له‌ به‌شه‌كانی چاوه‌درێی تایبه‌تیشدا ٤ تا ٥ په‌رستار بۆ هه‌ر ته‌ختێك كار بكه‌ن. ئێران بۆ گه‌یشتن به‌م ستاندارده‌ جیهانییه‌ پێویستی به‌ ٢٩٠ هه‌زار په‌رستاری دیكه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرانی خواستی سه‌ره‌كیی په‌رستاره‌كان له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه‌، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، ساڵانه‌ پتر له‌ هه‌زار په‌رستار بۆ كانادا، قه‌ته‌ر و وڵاتانی ئۆرووپایی كۆچ بكه‌ن.

تا هه‌ر ڕاده‌یه‌ك، ستانداردی ژیان و گوزه‌ران و باروودۆخی كاری په‌رستاران له‌ خوارتر بێت، هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش ئه‌گه‌ری چاك بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كانیش دێته‌ خوارێ. سه‌عاتی كاری دێژماوه‌، كاری له‌ تاقه‌ت به‌ده‌ر و به‌رپرسایه‌تیی و هه‌ستیار بوونی ئه‌م پیشه‌یه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ و حقووق و مه‌زایای كه‌م و داهاتووی زه‌مانه‌ت نه‌كراو له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، نه‌ ته‌نیا ژیانی په‌رستاره‌كان له‌گه‌ڵ گه‌لێك دژواری و ئاسته‌نگی به‌ره‌وڕوو ده‌كاته‌وه‌‌، به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕاده‌یه‌ له‌ بێبه‌ری بوون، له‌سه‌ر سڵامه‌تی كۆمه‌ڵگا كاریگه‌ریی جیدی داده‌نێت و چاك بوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كان له‌گه‌ڵ كێشه‌ و گرفتی جیدی به‌ره‌وڕوو ده‌كات‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر حاڵ و ڕۆژی په‌رستاره‌كان به‌م جۆره‌یه‌، كرێكارانێك كه‌ له‌ ڕاڕه‌وی نه‌خۆشخانه‌كانی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی دا سه‌رگه‌ردان ده‌بن،  له‌گه‌ڵ باروودۆخێكی زۆر دژوارتر به‌ره‌وڕوون. له‌ حاڵێكدا كه‌ بۆ ٤٢ ملیۆن كرێكار، ته‌نیا ٨٠ نه‌خۆشخانه‌ بوونی هه‌یه‌، سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی بڕیاری داوه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خزمه‌تگوزاریی ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌ش بسپێرێته‌ به‌شی خسووسی. گه‌ڵاڵه‌یه‌ك له‌ ژێر ناوی “برون سپاری” قه‌راره‌ به‌ كرده‌وه‌ ده‌ربێت كه‌ به‌ پێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی نه‌خۆشخانه،‌ ده‌توانن ئه‌و چه‌ند به‌شه‌ی كه‌ له‌ ئیختیاری خۆیان دایه‌، بسپێرنه‌ به‌شی خسووسی. كه‌وابێت، بیمه‌ كراوانی ته‌ئمینی ئیجتماعی باروودۆخیان له‌وه‌ش خراپتر ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت به‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ پووڵ و بیمه‌ی ته‌كلمیلیان هه‌یه‌ و به‌كرده‌وه‌، ئه‌رزشی ده‌فته‌رچه‌كانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، زیاتر دێته‌ خوار. به‌ڵام ئه‌م باروودۆخه‌ ته‌نیا تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشخانه‌كانی سه‌ربه‌ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی نییه‌. به‌ شێوه‌ی گشتی و به‌ پێی ئامار و داتاكانی ساڵنامه‌ی ئاماری، نزیكه‌ی ١٥٠ هه‌زار ته‌ختی نه‌خۆشخانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران بوونی هه‌یه‌. له‌م بواره‌دا ئێران خوارترین ئاستی ستانداردی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه،‌ واته‌ یه‌ك و ٨ ده‌هۆمی ته‌خت بۆ هه‌ر هه‌زار كه‌س. له‌ حاڵێكدا كه‌ مامناوه‌ندی جیهانیی ئه‌م ستاندارده‌ ٣ و یه‌ك ده‌هۆمه‌ و ئێران له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌ی ژێر زه‌مینی ڕاوه‌ستاوه‌ و حاسڵی ڕه‌نج و كاری ده‌یان ملیۆن كرێكاریش ده‌بێته‌ ئه‌رزشی به‌كارهێنان، وه‌ها وڵاتێك به‌ پێی زانیاریه‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، ده‌بێته‌ هاوڕیزی وڵاتانی هه‌ژاری وه‌ك بۆتسوانا. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدایه‌ كه‌ حه‌سه‌ن ڕووحانی به‌و په‌ری بێشه‌رمیه‌وه‌ ئیدیعا ده‌كات كه‌: “له‌گه‌ڵ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كه‌ به‌ هه‌ڵكه‌وت په‌یوه‌ندی ده‌گرم، هه‌م ته‌ختی به‌تاڵیان هه‌یه‌ و هه‌م ژووری چاوه‌دریی تایبه‌تی به‌تاڵیشیان هه‌یه‌”.

دابین كرانی ته‌ندرووستی و ده‌رمانی بێ به‌رامبه‌ر، مافی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای هه‌موو هاووڵاتیه‌كه‌. هیچ كه‌س نابێت به‌خاتری ده‌ستڕانه‌گه‌یشتنی به‌ خزمه‌تگوزاریی پزیشكی و ده‌رمانی، ژان و ئازار بچێژێت. دابین كردنی ته‌ندرووستی و ده‌رمانی بێبه‌رامبه‌ر بۆ گشت تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ، مافێكی سه‌ره‌كی و حاشاهه‌ڵنه‌گره‌. نابێ هیچ مرۆڤێك، له‌ خزمه‌تگوزاریی پزیشكی و ده‌رمانی بێبه‌ری بكرێت و به‌هۆیه‌وه‌ ئازار بچێژێت و بمرێت. مرۆڤی ئه‌م سه‌ره‌ده‌مه‌ شیاوی ئه‌وه‌یه كه‌ له‌ گشت سیستمی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیی بێبه‌رامبه‌ر، به‌هره‌مه‌ند بێت.