کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕەنگدانەوەی یەک دۆلاری ٦ هەزار تمەنی، لەسەر ژیانی کرێکاران و توێژی بێبەش

دوێنێ نرخی یەک دۆلاری ئەمریکایی، لە ئێران سنوری ٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند. ئاشکرایە کە نرخی ئەرزەکانی تریش هەر بەم شێوەیە بەرز بوونەتەوە. کارناسانی ئابووری گرنگ ترین هۆکاری دابەزینی زۆری ئەرزشی پوڵی ئێرانیان کەسری بووجەی ڕانەگەیاندراوی ڕژیم لەمساڵی ١٣٩٧ دا دەزانن. لە ڕاستیدا دەوڵەت بۆ قەرەبووی کەسری بوجەکەی دەستی داوەتە چاپ کردنی ئەسکیناس، تا لەم ڕێگایەوە کەسری بوجەکەی بە سەرشکێن کردنی لەنێو شارۆمەندان دا دابین بکات.

بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز، قیمەتی کالا هاوردە کراوەکان، لە گەنم و برنجەوە کە خۆراکی ئەساسی توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگان، تا کالا جۆراو جۆرە هاوردە کراوانەی تر برز دەکاتەوە. بەڵام بەرز کردنەوەی نرخی ئەرز تەنیا بە گران بوونی کالا هاوردە کراوەکان سنوردار نابێتەوە، بەڵکو لە ڕێگای کالای واسیتەی هاوردە کراو کە کارخانەکانی نێوخۆ بۆ بەرهەمهێنان پێویستیان پێیانە، هەزینەی بەرهەمهێنان بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی گران بوونی بەرهەمە نێو خۆییەکانیش. لە عەینی حاڵدا بەرز بوونەوەی هەزینەی بەرهەمهێنان، توانایی ڕقابەتی بەرهەمهێنەرانی نێوخۆییش لەگەڵ کالا خاریجیەکان کەم دەکاتەوە و ڕەوتی وەرشکست بوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی خێراتر دەکات و بێکاری بەرین بەدوای خۆیدا دێنێ.

هەڵبەت لە ئابووریەکی نەخۆشدا، دابەزینی ئەرزشی پوڵ و گران بوونی ئەرز دەتوانێ هۆکاری جۆراو جۆری هەبێت. بەڵام لە کاتی ئێستادا هۆکاری سەرەکی کەسری بودجەی سەرچاوە گرتوو لە زیاد بوونی هەزینە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیمەوەیە. کەسری بوجەیەک کە هەزینەکەی کرێکاران و حقوق بگرانی خوارەوە دابینی دەکەن. لە دنیای پێشکەوتوی سەرمایەداریدا مەعمولەن هێندێک جار ئەرزشی پوڵی ڕەسمی وڵات وەک سیاسەتێکی ئاگاهانە کەمێک دادەبەزێنن تا کڕیاری دەرەکی بۆ کڕینی کالا بە ئەرزی هەرزانتر هانبدرێن و لە ئاکامدا، هەناردە کردن زیاد ببێت و بەرهەمی نێوخۆیی گەشە بکات. بەڵام ئەم جۆرە بە خێرایی و زۆرەی دابەزینی نرخی پۆڵی ڕەسمی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، وەها ئاکامێکی لێ بەدەست نایەت. لەبەر ئەوەی یەکەم ئابووری ئێران ئەساسەن بە سادراتی نەوتیەوە بەستراوە و نەوتیش بە ئەرزشە نێو نەتەوەییەکان مامەڵەی پێوە دەکرێت. دووهەم هاناردەی غەیرە نەوتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ هەناردەی نەوتیدا زۆر کەمە و دەستکەوتی داهاتی ئەرزی لەو ڕێگایەوە ناکرێ ئامانجی وەها سیاسەتێک بێت. لەگەڵ ئەوانەدا گران بوونی بەم شێوەیە زۆر و خێرایە بەر لەوەی کە ببێتە هۆی گەشەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، دەبێتە هۆی بێ ئیعتیبار بوونی پۆڵی ڕەسمی.

بەڵام لە حاڵێکدا کە ڕژیم شاهیدی ئاخێزی جەماوەری مانگی بەفرانباری ڕابردو بووە و دوای ئەویش کرێکارانی ئێران هەموو رۆژێک لە گۆڕەپانی نەبەردی چینایەتیدا لەگەڵ سەرمایە و دەوڵەتدا بوون، گرتنە بەری وەها سیاسەتێک، کە بە واتای ڕیسکێکی سیاسی مەترسیدارە بۆ ڕژیم، واتایەکی بێجگە لە بونبەستی ئابووری نییە. لە ڕاستیدا دەکرێ بوترێت کە گرتنە بەری سیاسەتی دابین کردنی کەسری بوجە لە ڕێگای زیاد کردنی نەغدینەگیەوە، لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێراندا حەرەکەتێکە لە رووی داماویەوە. ئابووری ئێران بەکردەوە ئیفلیج بووە. ڕژیم بۆ دەرچوون لەم مەوقعیەتە و یان تەنانەت بۆ هێور کردنەوەی، خاوەنی هیچ جۆرە سیاسەتێکی سەقامگیری ئابووری نییە و بە شێوەی رۆژانە و لەمرۆوە بۆ سبەی ئابووری وڵات بەڕێوەدەبات. ئەم ئابووریە بۆتە زەلکاوێک کە ڕژیم هەرچی زیاتر تێیدا پەلەقاژە بکات، زیاتر تێی دەچەقێ.

رۆژنامەکان و دەستگا تەبلیغاتیەکانی سەربە باڵی خامنەیی و سپای پاسداران بەردەوام باس لە ناکامیەکانی دەوڵەتی روحانی دەکەن، تا جێگایەک کە باس لە کودتا و یان لابردنی دەوڵەتی روحانیش هاتۆتە گۆڕێ. بەڵام ئەم باڵە لەگەڵ ئەوەدا کە دەزانێ خۆیشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قیران و شپرزەیی ئابووریە ناتوانێ موعجزەیەک بکات، لە هەڵی ئامادە کردنی کۆمەڵگا دایە بۆ خوشباوەڕیەکی دیکە. ئەوان بە نیشاندانی چەند گۆشەیەک لە ناکامیەکانی دەوڵەتی روحانی، دەیانەوێ پیشانی بدەن کە گۆیا ڕێگا چارەیان بۆ دەرچوون لەم قەیرانی ئابووریە لەبەر دەستدا هەیە. کارناسانی ئەم باڵە باس لە پێویستی بە دەوڵەتی کردنی ئابووری دەکەن و هێندێک جار کرێکارانیش هان ئەدەن بۆ دژایەتی کردنی خوسوسی سازیەکان. سپای پاسداران وەک محوەری بە دەوڵەتی کردنەکان، بە زۆرەملی هەر رۆژە و حەوزەیەکی نوێ لە ئابووری دەخاتە ژیر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەوەی کە بە تایبەت کرێکاران دەبێ بیزانن ئەو ڕاستیەیە کە لە سیمای هیچکام لە باڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگاچارەیەک کە ببێتە هۆی باشتر بوونی بارودۆخی ماددی ژیانیان، تەسەور ناکرێت. بۆنگا دەوڵەتیەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران، بە دامەزراندنی ئینزیباتێکی پادگانی، توند ترین کۆنترۆڵیان بەسەر هەموو جۆرە حەرەکەتێکی کرێکاریدا پەیڕەو کردوە. ئاستی حەقدەستەکان لە دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا بە هیچ شێوەیەک بەرز تر نییە لە ئاستی حەقدەستی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت. تەنانەت قانونی کاری کۆماری ئیسلامیش لە دامەزراوەکانی ژێر دەسه‌ڵاتی سپای پاسداراندا بەکردەوە دەرنایەن. ئەگەر خوسوسی سازیەکان کرێکاران بەبێ هیچ پشتیوانیەک دەکاتە کۆیلەی سەرمایەدارانی حەریس و زێدەخواز، بە دەوڵەتی کردنیش خەفەقان ئاوەر ترین بارودۆخ بەسەر فەزای ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاراندا زاڵ دەکات. چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە بۆ ڕزگار بوون لە بارودۆخی دژواری ژیانیان ناتوانن پشت بەهیچ شتێک بێجگە لە هێزی خەباتی ئاگاهانە و ڕیکخراوی خۆیان ببەستن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-