فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی بە توندی ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی سەربازیی «تەنەف» لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” جەختی کردەوە کە ئەو بانگەشانەی باس لە کوژران یان ڕفاندنی سەربازانی ئەمریکی دەکەن لەو ناوچەیە، بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە و لەم ڕۆژانەی دواییدا هیچ ڕووداوێکی لەو شێوەیە تۆمار نەکراوە. ئەم ڕەتکردنەوەیەی ئەمریکا پاش ئەوە دێت کە هێزی قودسی سپای تیرۆریستی پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکای لە تەنەفی کردووەتە ئامانج و گوایە سیستەمێکی ڕادار و چەندین کۆپتەریان تێکشکاندووە و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیشیان کوشتووە.
