پتر له ٧ مانگ له كوشتاری خوێناویی خه‌ڵك له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی له جه‌ره‌یانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر تێپه‌ڕ بووه. سه‌رانی كۆماری ئیسلامی به پاس دانی به‌رپرسایه‌تیی ڕاگه‌یاندنی ئاماری قوربانیان له ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ ده‌زگای قه‌زایی و به پێچه‌وانه‌كه‌ی، هه‌تا ئێستا ڕاپۆرتێكی واقعییان سه‌باره‌ت به ژماره‌ی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌م كوشتاره ڕانه‌گه‌یاندووه. یه‌كێك له نوێنه‌رانی مه‌جلیسی پێشوو، هۆكاره‌كه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ بواری ئه‌منیه‌تی و نهێنی بوونی ئه‌م جه‌نایه‌ته و ده‌ڵێ: “هیچ كه‌س ناوێرێ ڕیسكی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی وه‌ئه‌ستۆ بگرێ“. سه‌رانی ڕژیم هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا په‌روه‌نده‌ی ئه‌م جه‌نایه‌ته دژه مرۆییه به درۆنانهوهكانیان، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات، كه‌مڕه‌نگ بكه‌نه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی، جار جاره‌یه‌ك، به ئامانجی سێناریۆ، ئاماری درۆیان بڵاوكردووه‌ته‌وه. به‌ڵام، هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه بیروڕای گشتی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ڕاستیه‌كانی ئه‌م جه‌نایه‌ته به‌لاڕێدا به‌رن و خه‌ڵك له خواستی ڕاگه‌یاندنی ئاماری واقعی و قه‌بووڵ كردنی به‌رپرسایه‌تیی ئه‌م جه‌نایه‌ته، په‌شیمان بكه‌نه‌وه.
ڕۆژی شه‌ممه ١٠ی جۆزه‌ردان، ڕه‌حمانی فه‌زلی وه‌زیری ناوخۆ و سه‌رۆكی شۆرای ئه‌منیه‌تی میللی ڕژیم بۆ جارێكی دیكه له تلێویزیۆنهكانی كۆماری ئیسلامیه‌وه ده‌ركه‌وت و وێڕای ڕشتنی فرمێسكی درۆیین بۆ گیانبه‌ختكردووان و بنه‌ماڵه داغدارهكانیان، وتی: “له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ڕابردوودا ڕووداوی زۆر دڵته‌زێن ڕوویاندا و نزیك ٤٠ تا ٤٥ كه‌س واته نزیك به ٢٠ له‌سه‌دی كوژراوه‌كان كه‌سانێك بوون كه به چه‌كی سازمانی نه‌كوژران“. به‌ده‌ر له‌وه‌یكه ئه‌وه به مانای ئیعتراف به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كدارانه و كوژرانی ٨٠ له‌سه‌دی گیان به‌خت كردووانه به ته‌قه‌ی “چه‌كه سازمانیهكان“، دیسان ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕژیم، خۆی له دانی ئاماری گیانبه‌خت كردووانی خه‌زه‌ڵوه‌ر ده‌دزێته‌وه و به‌رده‌وام ئاماژه به‌وه ده‌كا كه به زووترین كات ئامارێكی ورد له‌مباره‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه. ئه‌و زۆر بێشه‌رمانه به ڕاگه‌یاندنی ٤٠ تا ٤٥ كه‌س ویستی به بینه‌ران ئه‌وه بگه‌یه‌نێ كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش كوژراون. بێجگه‌له ئه‌وه‌ش ویستی ئه‌وه بگه‌یه‌نێ كه ئه‌وان به‌و چه‌كانه كوژراون كه له ده‌ره‌وه هاورده‌ی ئێران كراون و كه‌سانێك كه ئه‌وانیان كوشتووه له ده‌ره‌وه هاتوون و له لایه‌ن داعش و موجاهدین و گرووپهكانیترهوه ڕاهێنانیان پێكراوه. ئه‌م ساخته‌چیه، به‌نیاز بوو به‌م جۆره لێكدانه‌وه‌یه و به كایه كردن به ڕهقهمهكان، به‌رئاوردی ژماره‌ی كوژراوه‌كان بسپێرێته بینه‌ران كه به پێی حیسابه‌كه‌ی ئه‌و ٢٠٠ تا ٢٢٥ كه‌س ده‌گرێته‌وه. ڕه‌حمانی فه‌زلی كه بێشه‌رمانه پێشتر ئیدیعای كردبوو كه “له ڕووداوه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا هیچ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌كی چه‌كدارانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ڕووی نه‌داوه”، له مه‌جلیسی پێشوودا له وڵام به یه‌كێك له نوێنه‌ران كه پرسیبووی بۆچی هێزه ئه‌منیه‌كان زیاتر سه‌ر و سینگی خۆپیشانده‌رانیان پێكاوه، وتبووی كه “ئه‌وه ڕاست نییه و ته‌قه له پای خۆپیشانده‌رانیش كراوه”.
له به‌رامبه‌ر ئیدیعاكانی ڕه‌حمانی فهزلیدا كه خۆی یه‌كێك له‌و مۆرانه‌ی ڕژیمه كه بڕیاره‌كانی كوشتار به‌كرده‌وه ده‌ردێنێت، هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز له‌سه‌ر زاری سێ سه‌رچاوه‌ی نزیك به ڕێبه‌ریی كۆماری ئیسلامی ڕایگه‌یاندووه كه ” خامنه‌یی خۆی، فه‌رمانی سه‌ره‌كیی ئه‌م كوشتاره‌ی ده‌ركردبوو“. له مانگی ڕه‌زبه‌ر و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ كه ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌كانی خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو له هه‌ژاری و بێكاری و برسیه‌تی، زۆربه‌ی وڵاته‌كانی له‌وانه لۆبنان و عێراقی گرتبۆوه، سه‌رانی حكوومه‌تی ئیسلامی ده‌یانزانی كه خه‌ڵكی ئێرانیش له پێگه‌یه‌كی هاوشێوه دان و به‌زوویی دێنه مه‌یدان. ئه‌وان پێشتر خۆیان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناڕازی ئاماده كردبوو و ده‌یانویست به ئه‌نجام دانی وه‌ها كوشتارێك، كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵ بكه‌ن. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٣٠٠ له‌سه‌دیی نرخی بێنزین، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی لاوان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژار و بێكار به‌ره‌وڕوو بۆوه. سه‌رانی ڕژیم سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌یان به ده‌رفه‌تێك بینی تا به وه‌ڕێخستنی وه‌ها كوشتارێك به ئامانجی خۆیان بگه‌ن تا به‌ڵكوو بۆ ماوه‌یه‌كیتر ده‌سه‌ڵاته نهكبهتبارهكهیان درێژه پێبده‌ن.
ڕه‌حمانی فه‌زلی له باروودۆخێكدا هه‌وڵ ده‌دا پانتایی ئه‌م جه‌نایه‌ته بشارێته‌وه كه ڕێكخراوی لێبۆردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا له ٣١ی گوڵانی ئه‌مساڵ ڕایگه‌یاند كه توانیویه‌تی له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ هێندێك له بنه‌ماڵه و نزیكانی گیانبه‌ختكردووانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، شوناسی ٣٢٤ كه‌س له قوربانیان به‌ده‌ست بێنێت و ڕایگه‌یاند كه له ناویاندا ٢٣ منداڵ و تازهلاویشی تێدایه. ئه‌م ڕێكخراوه، له باروودۆخێكدا ئه‌م ئاماره‌ی به‌ده‌ست هێناوه كه كۆماری ئیسلامی نه ته‌نیا له هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان هاوكاری ناكات، به‌ڵكوو بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌خت كردووانیشی به توندی خستووه‌ته ژێر گوشاره‌وه و هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات كه له‌گه‌ڵ كه‌س په‌یوه‌ندی نه‌گرن. لێبۆردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕایگه‌یاندبوو كه خامنه‌یی به ئاژاوه‌گێر ناولێنانی خۆپیشانده‌ران، چرای سه‌وزی بۆ سه‌ركوتی خوێناویی خه‌ڵك به هێزه ئه‌منیه‌كان نیشان دا. هه‌ڵبه‌ت سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ش له‌وانه هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز، مانگی ڕه‌زبه‌ری ڕابردوو، ژماره‌ی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌م كوشتاره‌ی ڕژیمیان، هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س ڕاگه‌یاندبوو. به‌ڵام ئاماری چوار هه‌زار و ٨٠٠ گیان به‌خت كردوو و پتر له ١٠ تا ١٥ هه‌زار برینداریش له لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌وه بڵاوكرایه‌وه. هه‌ر به پێی ڕاپۆرته‌كان، له‌م ئاخێزه سه‌رتاسه‌ریه‌دا، پتر له ٨ هه‌زار و ٦٠٠ كه‌سیش له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی كراون و خراونه‌ته به ئه‌شكه‌نجه و ئازار و ئه‌زیه‌ت. هه‌مووی ئه‌وانه، پانتایی خۆفناكی ئه‌م جه‌نایه‌ته دژه مرۆییه‌مان پێ نیشان ده‌دات. بێ گومان، ڕۆژێك دێ كه سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه دژه ئینسانیه، به‌خاتری جه‌نایه‌ته‌كانیان ده‌رحه‌ق به خه‌ڵك، ناچار ده‌بن كه وڵامده‌ره‌وه بن.
هه‌ڵبه‌ت جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران له به‌رامبه‌ر ئه‌م وه‌حشیگه‌ریه هاوسارپساوهی سه‌رانی ڕژیم و به‌كرێگیراوانی ئه‌منیه‌تی و پاسدار، دستیان له‌سه‌ر ده‌ست دانه‌نا. به‌هۆی بوونی باروودۆخێكی عه‌ینی و ماددی، ئه‌م ئاخێزه زۆر به‌خێرایی و له ئاستێكی به‌ریندا، پتر له ١٠٠ شاری ئێرانی گرته‌وه و به‌رپرسانی نیزامی تۆقاند. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر به درووشمه‌كانی وه‌ك مه‌رگ و نه‌مان بۆ كۆماری ئیسلامی، مه‌رگ بۆ خامنه‌یی، له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ڕووخاندنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی پێداگریی كرد. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه كۆماری ئیسلامی له كۆتایی ته‌مه‌نی نزیكتر بووه‌ته‌وه. بێ گومان بۆ گه‌یشتن به‌م زه‌رووره‌ته، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش پێویستیان به پێداویستییه‌كانی ڕووخاندن هه‌یه كه ئه‌وه‌ش له‌ڕاستیدا شتێك نییه بێجگه له پێكهێنانی ڕێكخراوه و ڕێكخستنی چینایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ دابین كردنی ڕێبه‌ری شۆرایی كرێكاران له خه‌باتی باقی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌دا.