کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕواڵەتی دزێوی هەژاری لە وڵاتی ژێرحاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا

  هەژاری و نەداریەک کە کۆماری ئیسلامی بەسەر بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگای ئێرانیدا سەپاندوە بۆ بە ملیۆن کەس لە کرێکاران و هەژاران و خەڵکی بێ بەشی ئەم وڵاتە گەیشتۆتە سنورێکی کارەسات بار.

بێ مەسکەنی، خۆراکی ناکافی و نامناسب، دەست ڕانەگەیشتن بە دەرمان و دوکتۆر، بێتوانایی لە دابینکردنی هەزینەی خوێندنی منداڵان، تەنیا چەند نمونەیەک لە دۆزەخێکە کە حکومەتی ئیسلامی و حاکمانی گەندەڵ و تاڵانچی بۆ خەڵکیان بەدی هیناوە. لە هێندێک کات لەساڵدا ئەم هەژاری و فەلاکەتە هێمایەکی دزێوتر و ئازاردەرتر بەخۆیەوە دەگرێت کە دوو بۆنەی نەورۆز و سەرەتای دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێ لە زومڕەی ئەوانن.

لە نەورۆزدا بەشێوەی سوننەتی کۆمەڵێک مەڕاسم بەڕێوەدەچێت، سەردان و دیدار تازەکردنەوە هەیە، جل و بەرگی نوێ و بە پێی توانا باشتر لەبەر دەکرێت. خواردن و خواردنەوەی تایبەت لە ئارادایە. بەڵام ساڵانێکە کە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بۆ بەشێک لە خەڵک هیچ خەبەرێک لە میوەی تازە، ئاجیل و چەرەسات، جلوبەرگی نوێ و تەنانەت سەردان کردن و سفرەی نەورۆزی نییە.

  کەم نین ژمارەی سەرپەرستی ئەو بنەماڵانەی کە توانایی دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی جێژن و مەڕاسمی نەورۆزیان بۆ بنەماڵەکانیان نییە. بەشێکی بەرین لە خەڵکی کەم داهات ناچار بوون لە گەلێک لە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان کە تا  دوێنێ کەم و زۆر دەستیان پێیان ڕادەگەیشت، چاوپۆشی بکەن و بە ژیانی هەژارانەی خۆیان ڕازی بن. لە وەها بارودۆخێکدا جێژن و شادمانی نەورۆزی واتای ڕاستەقینەی خۆی بۆ زۆربەی خەڵک لەدەست داوە.

ڕاگەیەنەرەکانی ئێران هێندێک وێنەیان لە بازارەکانی تاران بڵاو کردۆتەوە بەپێی ئەو وێنانە لە سەرودەمی نەورۆزدا هێندێک تابڵو بە ژمارەیەک لە دوکانەکاندا هەڵواسراوە کە نیشاندەری نیزامی گەنیوی سەرمایەداری و حکومەتی نەکبەتباری کۆماری ئیسلامییە. تابڵۆکانی وەک:” ئاجیلی ئیجارەیی بوونی هەیە،لیباس بۆ ئیجارەی نەورۆزی و باقی مەڕاسمەکانتەنانەت بە کرێدانی بە سەعاتی ئاجیل بۆ سەر سفرەی حەوت سین و هەر کاتژمێرێک ئیجارە بە قیمەتی پێنج هەزار تمەن!

تەسەوری ئەوەی کە لەسەر سفرەیەک لە مەڕاسمی نەورۆزیدا جەرەسات بوونی هەیە بەڵام تەنیا دەکرێ وێنەی لەگەڵ بگری و کەس بە تایبەت منداڵان مافی دست بۆ بردنیان نییە، گشت دزێویەکان و زاڵمانە بوونی نیزامی چینایەتی و حکومەتی پڕ لە شەرمەزاری ئیسلامی نیشان ئەدات.

  لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە نەوت، گاز و کان و مەعدەنی زێر و سەروەتی سروشتی ڕۆنیشتوە. لە نیزامێکدا کە ئاخوندەکان و حاکمانی گەندەڵ و تاڵانچی بە ملیارد دۆلار لە سەروەتی گشتیان دەست بەسردا گرتوە، خەڵک لە مەڕاسمەکانی نەورۆزیدا توانایی دابین کردنی سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی جێژنێک کە ساڵی جارێک بەڕێوەدەچێتیان نییە. حکومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیدا نیگەرانی حیجابی ئیجباری ژنان، وەحشەت زەدە لە شایی و هەڵپەڕینی لاوانە و ئاجیلی ئیجارەیی جێگایەکی لە بیر و زەینی ئەواندا نییە.

بێگومان نەفرەت لە هەژاریەکی قورس و بێدەنگ کە لە قوڵایی کۆمەڵگادا بوونی هەیە رۆژێک هەڵدەچێت و بەساتی حکومەتی ئیسلامی و ئەم سوکایەتیە گشتیە تێکەوە دەپێچێت. نەورۆزی ئەمساڵ بە ملیۆن کەس لە بێکاران، نەخوشەکان و بریندارانی ناڕەزایەتیەکانی ٦ مانگی ڕابردو، بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سیاسی، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی ناتوانن شاد و خۆشحاڵ بن و ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە ڕژیمی ئیسلامی دەیەوێ.

ڕژیمی ئیسلامی جێژن و شادی وەک تیشە بە ڕیشەی خۆی دەزانێ. ئەم ڕژیم لە خەمۆکی و بێ هیوایی هێز وەردەگرێت. خوازیاری کۆمەڵگایەکی سەربەژێر، موتیع و دەستەمۆیە کە ئینسانەکان لەبەرانبەر چارەنووسێکدا کە ڕژیم بۆی دیاری کردون مل کەچ بن. مەڕاسمی زەماوەندەکان بە بیانوی ئەوەیکە تێیاندا حیجابی ئیسلامی و مەودای نێوان ژن و پیاو ڕەچاو ناکرێت تێک ئەدات. بەر بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتە مۆسیقیەکان دەگرێت. ئەو لاوانەی کە بە بۆنەی جۆراوجۆر لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە دەربڕینی شایی و خۆشی، ئەداتە بەر لێدان و ئازاردان و سوکایەتی پێکردن. لە ڕاستیدا ئەگەر دنیا بە مەیلی ڕژیمی ئیسلامی بووایە، ئەم کۆمەڵگایە یەکسەرە ڕەش پۆش دەبوو.

ئاجیلی ئیجارەیی و لیباسی بەکرێ سەنەد و بەڵگەی مەحکومەیەتی ئەم وەحشیگەریە ئیسلامیە و داخوازیی دامەزراندنی نیزامێکە کە تێیدا کەرامەت و کەسایەتی خەڵک لە لایەن خاوەنانی دەسەڵاتەوە سوکایەتی پێنەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-