کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کریکار ( ٢٠١٨)

لە ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار نزیک دەبینەوە. لەم رۆژەدا کریکاران لە هەموو وڵاتانی دنیادا، وشیاری چینایەتیان، ئاگاهی لەسەر بارودۆخی ژیانیان، کار و خەباتیان و ئاگاهی سەبارەت بە ڕێگای ڕزگاری لە ستەم و چەوساندنەوەی نیزامی سەرمایەداری پیشان ئەدەن. کرێکاران نیشانی ئەدەن کە نیزامی چەوسێنەر و زاڵمانەی سەرمایەداری جاویدان و هەتاهەتایی نییە، نیشانی ئەدەن کە سەرمایەداری کۆتایی مێژوو نییە. کرێکارانی دنیا لەم رۆژەدا لەسەر هاوپشتی نێونەتەوەیی ڕیزەکانیان، و لەسەر خەباتی جیهانی چینی کریکار بۆ روخاندنی نیزامی کۆیلەتی سەرمایەداری جەخت دەکەنەوە. ئەوەڵی مانگی مەی، رۆژی کرێکار بانگەوازێکە بۆ سەدان ملیۆن ژن و پیاوی کرێکار لە هەر نەتەوە و یان هەر ڕەگەز و رەنگ و پێستێک، تا لەم رۆژەدا لە ئاکسیۆنێکی هاوبەشدا، چەرخەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بوەستێنن، مانگرتنێکی جیهانی بەڕێوەدەبەن، و هێزی خۆیان بە هێنانە گۆڕی هەنوکەیی ترین داواکاریەکانیان بنێنە بەردەم چینی سەرمایەداری و دەوڵەتانی پشتیوانیان.

لە ئێران، ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردودا، گەلێک دەستکەوتی گەورەی بۆ چینی کرێکار بە دەست هێناوە. ئاکامی بەرتەسکی ئابووری ئەم خەباتە، لەم ڕاستیە ناگۆڕێت کە ئەم بزوتنەوە متالباتیە دەستکەوت و دواهاتی ئەخلاقی و سیاسی بە نرخی بۆ چینی کرێکار بە شوێنەوە بووە. مانگرتنەکان، هێزی یەکێتیان بە کرێکارانی نیشان داوە؛ فێری کردون کە هێرشی سەرمایەداری بە خەباتی یەکگرتووانە وڵام بدەنەوە؛ پیشانی داون کە کرێکارانی ڕێکخراو تا چ ئاستێک دەتوانن بۆ سەرمایەداری سەرچاوەی ترس و وەحشەت بن. بەبێ خەبات و بەبێ ئەم بزوتنەوە متالباتیە، جینی کرێکار جەماوەریکی سەرخوردە و بێ ئاسۆ دەبوو. چینی کرێکاری ئێران لە جەریانی زیاتر لە یەک دەیە خەباتی چالاکانەی ئابووری و سینفیدا کە خسڵەتی سیاسی هەبووە زیاتر لە هەر قۆناغێکی مێژوویی تر هۆویەت یابی چینایەتی خۆی بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتیی پەرەپێداوە. بەبێ ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی و مانگرتنە کریکارییەکان لە ماوەی یەک دەیەی رابردودا بە تایبەت لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا وکاریگەریەکانی بەسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگاوە، ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار بەم ئاستە سەرسور هێنەرەیەوە رووی نەئەدا. ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییە و مانگرتنەکان دەریدەخات کە چینی کرێکار هیوا و ئومێدی بە ئاڵوگۆڕ لە دەست نەداوە و ئەمەش گەلیک بواری گونجاوی بۆ گەشە و بەرەوپێش چوونی بزوتنەوەی سۆسیالیستی ئەم چینە فەراهەم کردوە.

ئەم دەستکەوتانە و خەباتی گەورەی چینایەتی لەدژی سەرمایەداری، بە قیمەتی فیداکاری کریکاران بەڕێوەچووە. ئەوان نرخی خەباتیان بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی باشتر بە دەرکردنی بە کۆمەڵ، بە تەحەمول کردنی زەربەی شێلاق، بە رەوانە کردنی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانیان بۆ زیندان و ئەشکەنجەگاکان و سلولەکانی مەرگ داوە. بەڵام سەرەرای ئەم سەرکوتگەریانە هیچ هێزێک نییە توانایی تێکشکاندنی خەباتی کرێکاران ئەو دوژمنە نیوخۆییەی حکومەتی ئیسلامی سەرمایەداری هەبێت، لەبەر ئەوەی کە چینی سەرمایەداری حاکم و حکومەتی ئیسلامی، تەنیا بە هێزی کرێکاران زیندون. هێزێک نییە کە بتوانێ بە ملیۆن کرێکار کە رۆژ لە رۆژ زیاتر وشیاری چینایەتی دەچێتە سەرێ، یەکدەگرن و خۆیان ڕێکدەخەن، تیکبشکێنێ.

ڕەوتی روداوەکان لە ئێران، ئەو قەیران و تەنگ و چەڵەمە چەند لایەنەی کە ڕژیم گیرۆدەیانە و داماوی لە کۆنترۆڵ کردنی ئەو قەیران و بێتاواناییانەدا لە دروست کردنی باشتر بوونێکی هەرچەند کەمیش لە ژیانی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگادا، وشیاری هەرچی بەرینتری جەماوەری کرێکاران و پەره‌گرتنی خەباتی کرێکاری و جەماوەری کردۆتە بابەتێکی چارهەڵنەگر. درێژەی سیاسەتی نیئۆلیبڕالی لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئاشکرا بوونی پەروەندەکانی ئیختیلاس و دزی بە هەزاران ملیارد تمەنی و ئاشکرا بوونی ئەو جەنایەتە سامناکانەی سەرانی ئەم ڕژیمە بەرانبەر بە خەڵکی ئێران کردویانە، هەروەها داسەپاندنی هەزینەی قورسی دخاڵەتی نیزامی و پشتیوانی کردن لە ڕەوتە تیرۆریستیەکان لە کانونەکانی قەیرانی خاوەرمیانە بەسەر خەڵکی ئێراندا، لە حاڵێکدا کە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین بە روونی زیاترەوە گەنیوی حکومەتی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردوە. ئەم بارودۆخە بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاری سەبارەت بە مەسایل و کاروباری سیاسی هەستیار کردۆتەوە. ئەم بارودۆخە کامڵ بوون و چوونەسەری ئاستی سازمانیابی چینی کرێکاری بۆ بەرەپێش بردنی خەباتی یەکگرتوانەی سەرتاسەری و گەلێک لێبراوانە تر دەخوازێت.

تەنیا چینی کرێکاری سازمان دراو و بەهرەمەند لە ئاگاهی چینایەتی دەتوانێ کە ڕژیمی گەنیوی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری لە راستای دابین بوونی داخوازیە کریکاریەکان و خەڵکی ئێراندا بە چۆکدا بێنێ و بیروخێنێ. تەنیا چینی کرێکاری ڕێکخراو و بەهرەمەند لە ئاگاهی چینایەتی دەتوانێ هەوڵی ‌هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی ئێران و زل هێزە سەرماداریەکان بۆ بە لاڕیدا بردنی خەباتی خەڵکی ئێران و بۆ بی ئاکام کردنی ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەکان لە ئێران توشی شکست بکات. لە بارودۆخی ئێستادا پەرەدان بە ناڕەزایەتیی و مانگرتن و بزوتنەوەی متالباتی کرێکاران و دەخاڵەتی چالاکانە لەم خەباتەدا، تەنیا ڕێگای واقعبینانەیە بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ئاگاهی سۆسیالیستی کرێکاران و بەستێن سازی و یارمەتی دان بە دروست کردنی تەشەکولی چینایەتی و جەماوەری کرێکاران. هەڵسوراوانی سۆسیالیستی چینی کرێکار بە حوزوری چالاکانەی خۆیان لە جەریانی بەروپێش بردنی ئەم خەباتەدایە کە دەتوانن سەرنجی ژمارەیەکی هەرچی زۆرتر لە هەڵسوڕاوانی پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری بە شێوەی تەحەزوب یابی کومونیستی کرێکاری ڕابکێشن.

هاوڕێیانی کرێکار! با بە تەحریم کردنی مەڕاسمە فەرمایشیەکانی زەردی دەوڵەتی، بە وزە و شور و شەوقێەکی زۆرەوە بۆ بەڕێوە بردنی هەرچی شکۆدارتری مەراسم و کۆبونەوە سەربەخۆ کریکارییەکان لە رۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر بە ١١ی مانگی گوڵان تیبکۆشین. با بە تەرح کردنی داخوازی کرێکاران و جەخت کردنەوە لەسەر متالباتی ئازادی خوازانە، پەیامی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی کرێکار هەرچی بەرزتر بگەیەنینە گوێی خەڵکی ئێران. با مەراسم و کۆبونەوەکانی مانگی مەی هەزاران تێکۆشەری نوێ بەرەو ئارمانی ڕزگاری دەری کرێکاران ڕابکێشێ و هیزی ئێمە لە نەبەردێکی گەورەدا بۆ ڕزگار بوونی سەرجەم زەحمەتکێشان و ئازادی خەڵکی ئێران لە شەڕ و گەندەڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لە کۆتوبەندی سەرمایە، زیاتر بکات!

حیزبی کومونیستی ئێران بە رێزگرتن لە خەباتی ڕەوا و پڕ شوری کرێکاران و قەدەردانی کردن لە سەرجەم ئەو چالاکیانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی مەراسم و کۆبونەوەکانی رۆژی جیهانی کرێکار لە ئارادان، ئەوەڵی مانگی مەی ئەم هێمای هاوپشتیه شورئەنگیزە چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستیەی چینی کرێکار لە سەرجەم کرێکاران پیرۆزبایی دەکات.

بژی ئەوەڵی مانگی مەی

بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خاکەلێوەی ١٣٩٧ ئاوریلی ٢٠١٨

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-