لەگەڵ ئەوەی لە ئاکامی بەرەو پێش چوونی خەبات لەدژی سزای ئێعدام لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە تێیاندا سزای ئێعدام بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە و یان هەڵپەسێردراوە زیادی کردوە، بەڵام لە ئێران ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی رۆژێک ڕانەوهستاوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوهكانی داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە دەورەی سەرۆک کۆماری حەسەن روحانیدا بە شێوەی مام ناوەند مانگانە ٦٠ زیندانی ئێعدام کراون. بە پێی ڕاپۆرتەکانی سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا بڵاو بۆوە ٨٤ لەسەدی سەرجەم ئێعدامەکان لە دنیادا تەنیا لە چوار وڵاتی ئێران، عەرەبستانی سعودی، عێڕاق و پاکستان بەڕێوەچوون و لەم نێوانەدا ئێران پلەی یەکەمی لە ژمارەی ئێعدامەکان بە نیسبەتی سەرانەی جەمعیەت بۆ خۆی دەستەبەر کردوە. ڕژیمی ئیسلامی ئێران سەرەڕای ڕەخنەی ناوەندەکانی داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەیی لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٣١ حاڵەت لە سزای ئێعدامەکانی بە بەرچاوی شارۆمەندان و تەنانەت بە بەرچاوی منداڵانەوە ئیجرا کردوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە پاڵ بەساتی زیندان، ئەشکەنجە و باقی شکڵ و شێوازەکانی سەرکوت، سزای ئێعدامی بە شێوەی سیتماتیک و ڕێکخراو بۆ لەنێو بردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتیی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداری و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بەکاری هێناوە. ئەم ڕژیمە لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ دوای ئەوەی کە شکستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ عێڕاقدا حەتمی بۆوە و خومەینی جامە ژەهرەکەی بەسەرەوە نا و دڵنیا بوو کە پرۆژە کۆنەپەرستانە پان ئیسلامیستیەکەی ڕژیم بەرەو رووی شکست بۆتەوە، بە ئامانجی دروست کردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەلگادا و بەرگرتن لە ئەگەری ئاخێزێکی جەماوەری دەستی دایە جەنایەتێکی جەنگی وەحشەتناک لە زیندانەکاندا کە هەر ئێستاش ئاسەوار و بەڵگەکانی شاهیدێکی زیندون لە بەرانبەر دڵ ڕەقی و وەحشیگەریەکانی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیدا. لەو رۆژانەدا دەستگای کوشتار و جەنایەتی داعشیەکانی ڕژیمی ئیسلامی بە ناردنی هەیئەتەکانی مەرگ بۆ زیندانەکان، بە هەزاران زیندانیان بە گرایشی جۆراوجۆری سیاسیەوە سپاردە جوخەکانی مەرگ و لە گۆڕە بە کۆمەڵە بێ ناو و نیشانەکاندا شاردیانەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردودا لە سزای ئێعدام وەک وەسیلەیەک بۆ سەرکوتی نەیارانی سیاسی خۆی و دروست کردنی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا کەڵکی وەرگرتوە، لە هەمان حاڵدا بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی لە سەرنجدان بە ڕیشەی موسیبەتە کۆمەڵایەتیەکان، سزای ئێعدامی وەک ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نابەسامانی و گزی کاریە کۆمەڵایەتیەکان ناساندوە کە زیاد بوونی نرخی جورم و جەنایەت لە ئێران پێوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بێکاری ملیۆنی، پەرەگرتنی خەسار و بێ مافیە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەیە کە لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە. دەزگای قەزایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا سزای ئێعدامی وەک قاتع ترین ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ جورم و جەنایەت دەناسێنێ کە توێژینەوە باوەڕ پێکراوەکان نیشانی ئەدەن کە نە تەنیا لە هیچ وڵاتێک سزای ئێعدام ڕێژەی قەتڵ و جەنایەتی کەم نەکردۆتەوە، بەڵکوو ڕەچاو کردنی سزای ئێعدام وەک کوشتنی بە ئانقەسەتی دەوڵەتی کۆمەڵگا ئاسیب پەزیر تر دەکات و بارودۆخ و زەمینەی ڕەوانی گونجاو تر بۆ دیسان بەرهەم هاتنەوە و پەرەگرتنی توندوتیژی و جورمی فەراهەم کردوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش ئێستا سەدان کەسی لە خهلافکارانی کۆمەڵایەتی بە پاساوی فریوکارانەی بەردنە سەری ئاستی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای دادپەروەری لە سلولەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا ڕاگرتوە تا هەر کاتێک پێویستیەکی سیاسی لە گۆڕێدا بوو، ئەوان ئێعدام بکات. بەڵام چ ئێعدام کردنی ئەم زیندانیانە و چ کوشتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی لە سیا چاڵەکان لەژێر ئەشکەنجەدا و چ تیرۆر کردنیان لە دەرەوەی زیندان، سیاسەتێکی ئاگاهانەیە کە بۆ وەحشەت دروستکردن لە کۆمەڵگادا و چاوترسێن کردنی ئینسانە تێکۆشەرەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا و بە تایبەت دوای ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار ئامرازی سەرکوت و ئێعدام، کارایی خۆیان بۆ ڕژیم لەدەست داوە. دەرکرانی ئەحکام و ئیجرای سزای ئێعدام نە تەنیا خەڵک چاوترسێن ناکەن، بەڵکوو هەستی خەباتکارانەی زیاتر هەڵدەخڕێنێ. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە سیلاحی ئێعدام لە دەست ڕژیم دەربێت. ئەم ڕژیمە کە هەڵواسینی زیندانیەکانی بە بەرچاوی خەڵکەوەی کردۆتە بابەتێکی ئاسایی، ڕژیمێک کە تەنانەت تازە لاوان بە تەمەنی کەمەوە و لەژێر تەمەنی یاسایی لە کاتی ئەنجامدانی خەتادا، ئێعدام دەکات، ڕژیمێک کە سیستمی قەزاییەکەی لەسەر قەساس و تۆڵە کردنەوە دامەزراوە، ڕژیمێک کە زیندانیانی سیاسی لە دەیەی ٦٠دا، قەتڵە زنجیرەییەکان، کەهریزەک و بە هەزار و یەک جەنایەتی دیکەی لە کارنامەدا هەیە، ئەم ڕژیمە دەبێ بە خەباتی جەماوەری لە پەێڕەو کردنی ئەم جەنایەتە ڕێکخراوانە پەشیمان بکرێتەوە و بروخێندرێت. مانگرتنی گشتی و شکۆداری خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ی مانگی خەرمانان لە ناڕەزایەتی بە ئێعدام کرانی ڕامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی کە یەکێک لە داخوازیە محوەریەکانی هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام بوو، هەنگاوێکی بە نرخ بوو لە پەرەسەندنی خەبات لەدژی سزای نا مرۆڤانەی ئێعدام.
١٠ی مانگی ئۆکتۆبەر ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی سزای ئێعدام بۆنەیەکە بۆ پهیمان تازە کردنەوە لە ڕاستای پەرەدان بە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا دژی ئینسانی و ئەم کوشتنە بە ئانقەستە دەوڵەتیە. دەبێ لە مافی ژیانی ئینسانەکان لێبڕاوانە دیفاع بکەین. حیزبی كۆمۆنیستی ئێڕان نە تەنیا بێ هیچ شەرت و مەرج و بارودۆخێک دژی سزای ئێعدامە و بۆ هەڵوەشانەوەی خەبات دەکات، بەڵکوو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ڕاگەیاندنی بە ئاشکرای دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام و ئەشکەنجە یەکێک لە پێوانەکانە بۆ لە محەک درانی ڕەوتە سیاسی و چینایەتیە جۆراوجۆرەکان و بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای داهاتوو ئەدات بەدەستەوە. دەبێ بە ڕوونی ڕابگەیەندرێت کە کاتێک کرێکاران بە دەسەڵات گەیشتن، سزای ئێعدام و ئەشکەنجە بۆ هەتا هەتایە لە کۆمەڵگادا پاک دەبێتەوە.
بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کریکاری
بژی سوسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
١٦ی مانگی ڕهزبهری ١٣٩٧
٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨