کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە هەڕەشەکانی فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای پاسداران

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای پاسداران، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی مانگی خەرمانان لە کاتی چاوپێکەوتنی  لەگەڵ واحیدە سنوورییەکانی سپا لە کوردستان، هەڕەشە هەمیشەییەکانی خۆی دژبەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی كورستانی رۆژهه‌ڵات کە لە هه‌رێمی كوردستان نیشتەجێن، دووپات کردەوە. لە وڵام بەم هەڕەشانە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە وەبیرهێنانەوەی خاڵەکانی خوارەوە بە پێویست دەزانێ:

  • ئەوە یەکەمین جار نییە کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە خەڵکی هه‌رێمی كوردستان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا نە تەنیا به‌رده‌وام هەڕەشەی کردووە بەڵکوو به‌ كرده‌وه‌ش لە هیچ هەوڵێک بۆ زەوت کردنی ئەمنییەت لە خەڵکی هه‌رێمی کوردستان، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، مووشەکبارانی مەقەڕەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دژبە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کۆتایی نەکردووە. سەدان کەس لە کادر و ئەندامانی حیزبە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە هه‌رێمی كوردستان بوونەتە ئامانجی هێرشی تیرۆریستیی ڕژیمی ئێران و بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و یان بریندار بوون. لەو نێوەدا گه‌لێك  زەوی و زار و باغی خەڵکی زەحمەتکێش له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاگریان تێبەر بووە و لەناوچوون. ئەوەیکە هەرگیز بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ نەبووە، پەیڕەو کردنی پرۆتۆکۆلە نێونەتەوەییەکان بووە. تا جێگەیەک کە کۆماری ئیسلامی له‌ هه‌رێمی كوردستانیش واوەتر چووە و لە گشت ناوچەکەدا کردەوەی داگیرکەرانە و تیرۆریستیی ئەنجام داوە.
  • بە پێچەوانەی ئەوەیکە فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای پاسداران ئیدیعای دەکات، کۆماری ئیسلامی نەك لە لایەن هێزەکانی ئەوبەری سنوورەکان، بەڵکوو لە لایەن جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوو له‌ ناوخۆی وڵات کە خوازیاری نان و کار و ئازادی و مافی سەرەتایی خۆیانن، کەوتووەتە بەر هەڕەشەی جیددی. مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتی و ئاخێزی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی جەماوەری، ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەن کە بەرۆکی ڕژیمیان گرتووە و هیچ ڕێگاچارەیەکیشی بۆیان نییە، ئه‌مانه‌ن كه‌ دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەیان خستووەتە مەترسییەوە. ئەم ڕاستییانە ناتوانن بە ئیدیعای ئەوەیکە گۆیا هەڕەشەگەلێک لەوبەری سنوورەکانەوە لە کۆماری ئیسلامی دەکرێت، بشارنەوە.
  • کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، به‌ نیسبه‌ت پێگەی خۆی لە هه‌رێمی كوردستان، سیاسەتێکی ڕوون و ڕاگەیەندراوی هەیە و هەتا ئێستا ڕێک بە پێی ئەم سیاسەتە هەنگاوی هەڵگرتووە. ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای ستراتێژی ئیمه‌ و له‌ سه‌ر هەڵسەنگاندنمان بۆ باروودۆخی سیاسی کوردستان و ئێران دارێژراوه‌. ئەولەوییەتەکانی ئێمە و تاکتیکی سیاسی و خەباتکارانەی ئێمە بەم بنەمایانەن پشت ئه‌ستورن. بە باوەڕی ئێمە کوردستانی عێراق، لەو کاتەوە کە تێیدا حکوومەتێک دامەزراوە، ئیتر پشتی جەبهەیەک بۆ خەباتی چەکدارانەی ئێمە لە کوردستانی ئێران بە حیساب نایەت. ئێمە لە سنوورەکانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی حەرەکەتی چەکدارانە دژبە کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرناگرین. ئێمە نامانهەوێ خەڵکی ستەملێکراو و شەریف لە کوردستانی عێراق بەم بیانووەوە بکرێنە ئامانجی هێرشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەم سیاسەتە نە لەژێر گوشار و یا به‌رژه‌وندی هیچ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نێك ، بەڵکوو لە هەستی بەرپرسایەتی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ ئەولەوییەتی سیاسیی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت.
  • ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەمجۆرە دەستدرێژیانە بۆسەر هه‌رێمی كوردستان هاوشێوەی دەوڵەتی تورکییە، لە پلەی یەکەمدا نەک هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەڵکوو خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەوان دەیانهەوێ نیشانی بدەن کە لەم ناوچەیەدا خاوه‌نی دەسەڵات ئوتۆریته‌ن. ئەوان لەگەڵ هەر نیشانەیەک لە وەدیهاتنی “مافی دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی کورد”، لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دوژمنایەتییان هەیە و دژ به‌ ئاسایشی خۆیانی ده‌زانن و له‌ گه‌لی ناسازێن. بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر ئه‌و راستیه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرن، دەکەونە داوی پیلانه‌كانی ده‌وله‌تانی عێراق و ئێران و تورکییە و سووریەوە. ئەم پیلانانه‌ بێگومان تا سەرکوتی کامڵی هەمووجۆرە حەرەکەتێکی ئازادیخوازانە و ڕزگاری بەخش درێژەی دەبێت. کەوابوو پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت ئەگەر بۆ دیفاع لە بەرژەوەندی و له‌ پاراستنی كه‌رامه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆشی بووبێت، لەمبارەوە هەڵوێستێکی راشكاوانه‌ی ڕوون بگرێتەبەر.
  • فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سپای پاسداران هۆشداری بە خەڵکی ناوچەکە داوە کە خۆ لە شوێنی نیشتەجێ بوونی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەدوور بگرن. پێویستە وەبیر ئەم کەسە بهێندرێتەوە کە پەیوەندی مەعنەوی و سیاسیی جه‌ماوه‌ری خەڵکی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ هێزێکی بۆ نموونە وەک کۆمەڵە  گه‌لێك لەوە قووڵترە کە ئەمجۆرە هەڕەشانە بتوانن كاریگه‌ری له‌ سه‌ر دابنێن. ڕژیمی بەعس بە هەموو دڕندەیی خۆیەوە و تەنانەت بە بەکارهێنانی چەکی شیمیاییش له‌ دژی باره‌گاكانی ئیمه‌ نەیتوانی ئەم پەیوەندە لێک هەڵوەشێنێت. کۆمەڵە له‌ ژێر ئه‌و گۆشارانه‌شدا هه‌رگیز ده‌ستی له‌ پشتیوانیی له‌ خه‌باتی ره‌وای خەڵکی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنه‌گرت. ساتە مێژووییەکانی ئەم هاوپشتییە لە بیرەوەری و زەینی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا ماونەتەوە. کۆمەڵە نەك هه‌ر به‌ پێی ڕێکەوتنێیكی دیاریكراو لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوه‌نده‌كانی خۆی له‌و هه‌رێمه‌ دامه‌زراندۆه‌، گرینگتر له‌وه‌ به‌رده‌وام لە پشتیوانیی بێدەریغی خەڵکی هاوچارەنووس له‌ هه‌ر دوو به‌شی كوردستان بەهرەمەند بووە. بێگومان ئەوە ڕێک ئەو هێزەیە کە هەرکات کۆنەپەرستان و دیکتاتۆران حیسابیان بۆ نەکروودە، سەریان وەبەرد کەوتووە.
  • مەقەڕە ناوەندییەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەمان حاڵدا شوێنی ژیانی منداڵان و بنەماڵەی زۆرێک لە پەنابەرانی سیاسین کە ڕێک لەدەست جەهەنەمێک کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێرانی خوڵقاندووە ڕایانکردووە. هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم ئێمە وەک هێزێکی دیاریکراو لە ئاست پاراستنی ئەمنییەتی ئەواندا بەرپرسین. کۆمەڵگە و ناوەندە مرۆڤدۆستە نێونەتەوەییەکانیش پێویستە بەرپرسایەتی خۆیان لەم بوارەدا بناسن و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی، تەنانەت بە هەڕەشەیه‌كی زاره‌كیش بووه‌، ئەمنییەت و ئاسایشیان لێ زەوت بکات.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

‏2021‏/09‏/06

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی گیان لە دەستدانی هاورێ «یەدێ بیگلەری» سیمای ناسراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان

-

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-