کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی هەژدەهەمی کۆمەڵه‌

کۆنگرەی هەژدەهەمی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە ڕۆژی ١٦ی مانگی ژانویەی ٢٠٢٢ی زاینی، رپكه‌وتی ٢٦ بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، دوای سێ ڕۆژ کاری پڕ به‌ پڕ، کۆتایی پێ هات.

کۆنگرە هاوکات لە مه‌قه‌ری ناوەندی کۆمەڵە و  بە بەشداری نوێنەران، چاودێران و میوانان لە چەندین وڵاتی ئوروپا ووڵاتانی کانادا و ئوسترالیا، کە لە ڕێگای تۆڕی ئینترنێتەوە  لە پەیوەندی دا بوون، بەڕێوە چوو.

سەرەتا کۆنگرە بە سرودی ئینترناسیوناڵ، سرودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم، بە تایبەت ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری ئەو هاورێیانەی کە لە نێوان کۆنگرەی ١٧ تا ١٨ی کۆمەڵە گیانیان بەخت کرد، دەستی پێ کرد. پاش پێشکەش کردنی وتاری دەستپێکی کۆنگرە و پەیامی میوانان، ڕاپۆرتی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لە لایەن چاودێری گشتی هەڵبژاردنەکانەوە پێشکەش کراو لەو بارەیەوە وڵامی پرسیار و تێبێنییەکانی بەشداربوان درایەوە. دواتر کۆنگرە بە پەسەند کردنی باوەڕنامەی نوێنەران، پەیڕەوی ناوخۆیی کۆنگرە و هەلبژاردنی دەسته‌ی بەڕێوەبەر، بە فەرمی دەستی بە کار کرد.

ئەو بابەتانەی کە کۆنگرە خستینە بەر باس و توێژینەوە بریتی بوون لە: ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرە، ڕاپۆرتی کارکردی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵە، تاووتوێکردنی بڕیارنامە پێشنیارکراوەکان و لە کۆتایش دا هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە.

کۆنگرە دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی سیاسی و گفت و گۆ لەو بارەیەوە، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیشی خستە بەر باس و تێڕوانیین کە بابەتەکانی وەک کارکردی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە ماوەی کۆنگرەی ١٧ تا کۆنگرەی ١٨ و کارکری ئۆرگانەکانی تری کۆمەڵەی لە خۆ دەگرت. تێڕوانینی هاوبەش لە سەر ڕوانگە سەرەکییە سیاسییەکان، کە لە ئه‌نجامی گۆڕینەوەی بیروڕا و هەڵسەنگدانی جیاوار و لە پرۆسەی پەسەندکردنی بڕیارنامەکان دا بەدەست هات، لە تایبەتمەندییەکانی کۆنگرە بوو.

لە کۆنگرە دا، وێڕای پەسەندکردنی گشتییەتی ڕاپۆرتی سیاسی، بڕیارنامە سەبارەت بەم پرسانەی پەسەند کرا:

هه‌ڵوێست به‌رانبه‌ر به‌ کێشەی کورد وەک کێشەیەکی ناوچەیی،

سیاسەتی کۆمەڵە سەبارەت بە بزووتنەوەی ژنان،

سیاسەتی کۆمەڵە سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان، لەوانە گرفتی کۆڵبەران، گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و  هەروەها ژینگە،

سیاسەتی کۆمەڵە لە مەڕ بزووتنەوەی مامۆستایان.

یەکێکی تر لە بابەتەکانی کۆنگرەی هەژدەهەمی کۆمەڵە، تێڕوانین بوو لە ناکۆکییەکانی ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کە لەم بارەشەوە پێشنیارو ڕێگاچارە بۆ پێشگرتن لە دابڕان پەسەند کرا. هەروەها کۆنگرە پەیامی ڕووبە کرێکارانی ئێران، بنەماڵەی گیانبەختکردوان و زیندانیانی سیاسی و هەڵسوڕاوانی بەندکراوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پەسەند کرد.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە دەرەوەی کۆنگرە کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران جیابوونەوەی خۆیان لە حیزب و کۆمەڵە ڕاگەیاند، کۆنگرە لە بەڵگەنامەیەکدا ڕوانگەی خۆی سەبارەت بەم جیابوونەوە نەخوازراوە ڕاگەیاند. ئەم بەڵگەنامەیە و بابەتە پەسەندکراوەکانی تری کۆنگرە لە داهاتویێکی نزیکدا، لە رێگای ڕاگەیاندنەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە بڵاو دەبنەوە.

دوایین بابەتی کۆنگرە، هەلبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بوو. کۆنگرە لە نێوان کۆمەڵێکی زۆر لەو هاورێیانەی کە خۆیان بۆ ئەندامییەتی لە کۆمیتەی ناوەندی دا پاڵاوتبوو، ٣١ کەسی هەڵبژارد کە به‌ پێی پیتی ئه‌لف با بریتین لە: ئیبراهیم عەلیزادە، ئەحمەد ساڵحی، ئەدیب وەتەندووست، ئەسعەد ڕۆستەمی، ئەسرین قادری، ئیسماعیل قەهره‌مانی، ئاکۆ ئەنوەری، بهروز ناسری، ڕێزان حەمیدی، ژیان زولفەقاری، سروه ناسری، سەلام قادری، سەعید ئەمانی، شۆرش کەریمی، جەمال بزرگپوور، جەمال پیشکاری (ئەوێهەنگ)، حەسن رەحمانپەنا، حسەین حەمیدی، فەرەیدون نازری، فەراسەت ساڵحی، فەرشید غەفارنژاد، عیسا پایبەندی (هەڵمەت سنە)، کەریم ئەحمەدی، کەریم ئەمانی، گەلاوێژ رۆستەمی،عادل ئەلیاسی، محەمەد قادری، موحسن شێخی، مەحیه ئیرەجی، وریا ئەحمەدی، ناسر تاهیری.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٦بەفرانباری ١٤٠٠

١٦ ژانویه٢٠٢٢

هەڵوێستی کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە سەبارەت بە

جیابوونەوەی کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

لە سەروبەندی بەرێوەچوونی کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵەدا، و لە کاتێکدا کە کۆنگرە بڕیارنامەیەکی بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕێگاچارە بۆ تێپەڕاندنی هەلومەرجی ئێستای ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پێشگرتن لە جیابوونەوە پەسەند کردبوو، ئاگادار بووین کە کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جیابوونەوەی فەرمی خۆیان لە

حیزب و لە کۆمەڵە ڕاگەیاندووە. کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە، وێڕای ناساندنی ئەم جیابوونەوە وەک کردەوەیەکی نابەجێ، ئاوا کردارێک ناتەبا لەگەڵ خواست و پێویستییەکانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵک هەڵدەسەنگێنێت. سەرەڕای ئەم ڕاستییە، کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە بڕیاری سیاسی ئەم هاورێیانە، واتە جیابوونەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کۆمەڵە، بە ڕەسمی دەناسێت و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.

هاوکات، کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە ڕادەگەیەنێت کە، خۆکشاندنەوەی ئەم هاورێیانە لە کار و چالاکی حیزبی، بۆشایێکی ئەوتۆ لە پێشبردنی ئەرکەکانمان پێک ناهێنێت.

لەگەڵ ئەم نووسراوەیەدا بەڵگەنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو حیزبی کۆمۆنیست ئێران، کە پێش لە راگەیاندنی جیابوونەوەی ئەم هاورێیانە پەسەند کرابوو، بڵاو دەکەینەوە.

کۆنگرەی هەژدەی کومەلە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ بەفرانباری ١٤٠٠

١٦ ژانویە ٢٠٢٢

بڕیارنامە سەبارەت بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە، دوای تاووتوێکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەو ئه‌نجامه‌ گەیشت کە:

١) بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خەباتی ئێستای کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران و کوردستان، و بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ئەرکانەی کە کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە لە پەیوەند لە گەڵ ئەم هەلومەرجەدا دیاری کردوون، لەوانە پێویستی یەکخستنی بزووتنەوەی چەپ، جیابوونەوە و دابران لە نێو هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە زەرەری خەباتی ئێستای کۆمەڵانی خەڵک دەزانێت. هەربۆیە، کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە لە کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی خۆی داوا دەکات کە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پێشگرتن لە جیابوونەوەی پێشوەخت لە نێو ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا.

٢) کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کە زیاتر لە چوارساڵ بەسەر کاتی یاسایی بەڕەوەچوونی دا تێپەڕ بووە، دەتوانێت هەلێک بێت بۆ  پێشگرتن لە جیابوونەوە و مەودایێک بڕەخسێنێت بۆ پێش بردنی گفتوگۆ سەبارەت بە خاڵە جێگا ناکۆکییەکان و بڕیاردانی هاوبەش لەسەریان. لەگەڵ ئەوەی کە هەڵوێستی کۆمەڵێک لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ جیابوونەوە ڕاستیێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بەو حاڵەشەوە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وەک سەرەوەترین مەرجەعی حیزبی، دەتوانێت پێش بگرێت بە فەرمی کردنی جیابوونەوە و دابڕان. هەر بۆیە، کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە لە کۆمیتەی هەڵبژێردراوی خۆی داوا دەکات کە، بە مەبەستی ڕازی کردنی هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ١٣ی حیزب، بکەوێتە گفتوگۆ و ڕاوێژ لە گەڵیان و بە نۆبەی خۆی یارمەتی بکات بە بەرێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە.

کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ بەفرانباری ١٤٠٠

١٦ ژانویەی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە دوازدەی کومیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-