کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە خەڵکی تێکۆشەر ئازیزانی بەندکراوی خۆیان لە زیندانەکانی ڕژیمدا بەتەنیا بەجێناهێڵن

داسی مەرگ بەسەر سەری زیندانیانی سیاسی دیلی دەستی کۆماری ئیسلامیەوە هەروا دەسوڕێتەوە. سینا قەنبەری، وەحید حەیدەری، موحسین عادلی، قاسم سەواری، سارۆ قارەمانی، لە زومڕەی گیراوەکانی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ڕابردون کە لە لایەن ئینسان کوژانی کۆماری ئیسلامیەوە لە زیندانە جۆراو جۆرەکاندا کوژران. ئەگەری هەیە کە ئەم لیستە درێژ تریش ببێتەوە. هێشتا سەدان کەس لە گیراوەکان بە تاوانی بەشداری کردن لەم ئاخێزانەدا لە زیندان دان و مەترسی مەرگ هەڕەشە لە ژیانیان دەکات.

لە درێژەی ئەم کردارە جەنایەتکارانەدا، ئێستا هەواڵ دێت کە حوکمی ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی کە مانگی خرمانانی ڕابردو بەدیل گیرابوو، لە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا یەکلایی بۆتەوە و ترسی ئەوە هەیە کە ڕژیم لە رۆژانی داهاتودا دەست بداتە جەنایەتێکی دیکە و ئەم حوکمە دژی ئینسانیەی بە کردەوە دەربێنێ. پێشتر بڕیار له‌ سه‌ر حوكمی ئێعدامی “هێدایت عه‌بدوڵڵا پوور”یش درابوو و پشتڕاست كرابووه‌وه‌. دەزگای قەزایی بێدادگەر و گەندەڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێشینەیەکی دور و درێژی لە پەروەندە سازی و خستنە پاڵ و نیسبەت دانی تاوانی درۆینە بە زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ویژدانێکی زیندوو نە تەنیا ئێعدامی زیندایانی سیاسی و عەقیدەتی، بەڵکو نەفسی گرتن و زیندانی کردنیانی، جا خاوەنی هەر بیروبۆچونێک بن و لە پێوەند لەگەڵ هەر گوروپ و سازمانێکدا گیرابێتن، مەحکوم دەکات و لێی بێزارە.

بەڵام بۆ بەرگرتن لە درێژەی ئینسان کوژیەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگایەک بێجگە لە توند بوونەوەی خەباتی سیاسی و چینایەتی بوونی نییە. داسەپاندنی داواکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بەسەر ڕژیمدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم خەباتەیە.

کوشتاری تێکۆشەران لە زیندانەکاندا، دەرکردنی ئەحکامی ئێعدام، دەست بەسەر کردنە بەربڵاوەکان، بەگشتی بە ئامانجی ترساندنی خەڵکی ناڕازی بەڕێوەدەچێت. لە ڕاستیدا ڕژیم بە کوشتاری زیندانیانی سیاسی، هەڕەشە لە خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکاندا دەکات. بەڵام ئەگەر خەڵک نیشانیاندا کە چاوپۆشی لە ژیان و گیانی ئازیزانی بەند کراویان ناکەن و دەست ئەدەنە داکۆکی کردن لێیان، ئەگەر نیشانیاندا کە چاوترسێنی کەشێکی کە ڕژیم بەم شێوەیە دەیەوێ دایسەپێنێ نابن، ئیتر ئەنجامدانی ئەم کردارە بۆ ڕژیم دژوارتر و پڕ هەزینە تر دەبێت و ئەوە تاقە ڕێگای کاریگەرە بۆ بەرگرتن لە درێژەی ئەشکەنجە و کوشتار لە زیندانەکاندا و بۆ ڕزگار کردنی گیانی زیندانیانی به‌ندكراو و ڕامین حسێن پەناهی ش. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بە لەبەرچاو گرتنی پێشینەی ڕژیم لە کردار و سیاسه‌تی دژی ئینسانی لە زیندانەکاندا، هەڕەشە سەبارەت بە گیانی زیندانیانی سیاسی و دەرکردنی ئەحکامی ئێعدام دەبێ بە جیدی وەربگیرێ. داکۆکی شێلگیرانە لەم ئینسانە بەند کراوانە، کە تاوانێکیان بێجگە لە دژایەتی کردنی ڕژیمی حاکم لە ئێراندا نییە، ئەرکێکی هەنوکەییە کە کەوتۆتە ئەستۆی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادی خواز لە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێراندا. ڕژیم دەبێ بزانێت کە بە هێرش کردنەسەر گیانی زیندانیانی سیاسی بێدیفاع، توشی هەزینەیەکی قورس دەبێت. دەبێ پیشانی ئەم ڕژیمە بدرێت کە خەڵکی ئازادی خواز و تێکۆشەر لە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێران لە خوێنی منداڵەکانیان خۆش نابن. بۆ پاشەکشە کردن بە ڕژیم لە ڕاستای درێژەدان بە ئێعدام و ئازادی زیندانیانی سیاسی، کارێکی واوەتر لە مەحکوم کردن و دەربڕینی قین و توڕەی پۆنگ خواردو، پێویستە.

کۆمەڵە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات دیفاعێکی بەرین و بەهێز لە ژیانی ڕامین حسێن پەناهی و لەسەرجەم زیندانیانی سیاسی بەند کراوی کۆماری ئیسلامی بکەن. ئەم زیندانیانە منداڵانی خەڵکێکن کە چوار دەیەیە لە بەرانبەر زۆر وێژی و ستەمگەری و پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانیاندا خۆڕاگری دەکەن و لە بەرانبەر سوڵتە و دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا سەری تەسلیم بوونیان نە چەماندوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێت کە بەم جۆرە کردارانە نە تەنیا خەڵکی کوردستان چاوترسێن ناکات، بەڵکو بورکانی قین و توڕەییان بڵێسەدار تر دەکات.

 

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧

بابەتی پەیوەندیدار

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-