کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن ٢٠١٨

لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە یەک سەد و حەوتەمین ساڵیادی ٨ ی مارس داین. بێگومان بە تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک سەدەدا ژنان توانیویانە بەگژ هه‌ندێک لە دیاردەکانی ژێردەستەیی خۆیاندا بچنەوە و هه‌ندێک لە زنجیرەکانی ئەم ژێردەستەییە بپسێنن. لەگەڵ ئەوەدا گەلێک لە ئاڵقەکانی ئەم زنجیرە وەک خۆی ماونەتەوە و پێویستیان بە هەوڵدانێکی بەهێز تر هەیە تا نە تەنیا لە بواری مافە سیاسیی و مەدەنییەکاندا کۆتایی بەم ژێردەستەییە بێنێ، بەڵکوو واوەتر لەویش بچنە شەڕی نیزامێکی چینایەتی کە هەڵاواردن و ستەم کێشی ژنان یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانییەتی. ئێستاش لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە ٨ ی مارس کۆمەڵێک ئامار بڵاو بوونەتەوە کە دەرخەری روونی بە بەند کێشرانی بە ملیۆن ژن لە ئاستی دنیادایە. کاتێک کە ساڵانە نزیک بە ٣ ملیۆن ژن وەک کالا دەبنە قوربانی کڕین و فرۆشتن. کاتێک کە ژنان زیاتر لەوەی بە نخۆشی سەرەتان، ڕووداوی هاتووچۆ لە دەرەوەی ماڵ، شەڕ و نەخۆشی مالاریا سەدەمە ببینن. دەبنە قوربانی دەست درێژی جنسی و توندوتیژی لە چوارچێوەی ماڵدا. کاتێک کە ساڵانە زیاتر لە هەزار ژن دەبنە قوربانی قەتڵی ناموسی، ئیتر ناکرێت ستەمی ڕەچاو کراو بەرانبەر بە ژنان تەنیا بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و نایەکسانی ئابووری بزانی. ئەم وەحشیەگەریە سەرجەم ئاستەکانی ژیانی ژنان ئەداتەبەر هێرش.

گومانی تێدانییە کە ستەم، هەڵاواردنی ڕەگەزی و ژێردەستەیی ژنان لە پرۆسەیەکی مێژوویدا شکڵی گرتووە. لە هەمان حاڵدا دەزانین کە کۆمەڵگای سەرمایەداری گەلێک لە سوننەتە دواکەوتوەکان کە سەدی سەر ڕێگای گەشە و گشتگیر بوونی سەرمایە بوون لەسەر ڕێگای لاداوە، بەڵام هەر لەم نیزامەدا، ستەم، هەڵاواردن و ژێردەستەیی ژنان هەروا بەردەوام بووە. لەو ڕووەوە کە ئەم بارودۆخە نابەرابەرە و ستەمی چەند لایەنە لەسەر ژنان لەگەڵ نیازی کەڵەکە بوونی سەرمایە لەگەڵ یەکدا ئاوێتە کردوە، لەوێدا کە ژنان لە کاری کۆیلەتی هێنەر و بێ حەق و ‌حقوقی ماڵەوە ڕزگاریان دەبێت و پێیان دەکرێتەوە نێو بازاڕی کار لانیکەم ٣٠ لەسەد کەمتر لە پیاوان حقوق وەردەگرن. زیاتر لە نیوەی ژنانی شاغڵ لە دەرەوەی قانونی مەوجودی کار لە وانە بیمەی بێکاری، نەخۆشی و خانەنشینیدان. ئەوەندە بەسە چاوێک بەسەر ناوچەی ئابووری تایبەت لە بەشەکانی ڕستن و چنین، ئێلکترۆنیک، كه‌ره‌سته‌ی یاری لە هێند، لە بنگلادێش و لە چین دا بگێڕین تا قوڵایی بەهرە کێشی نیزامی سەرمایەداری لە ژنان ببینین. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووریدا ژنان یەکەم قوربانیانی بێکار سازیەکانن. لە خۆڕا نییە کە ئێمە لە ماوەی ئەم یەکساڵی ڕابردوودا شایه‌تی ناڕەزایەتیی سەدان هەزار کەسی ژنان لە ئاڕژانتین، بریزیل، مێکزیک، ئەمریکا، هێند و بنگلادێش بووین.

بەڵام لەم نێوانەدا ستەمی پەیڕەو کراو دژبە ژنان لەو وڵاتانەی کە ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتی دەوڵەتی لەدەست دایە و یان گرووپە تیرۆریستە ئیسلامیەیکان تییاندا دەسەڵات دارن، هەموو سنوورە باوەکانی ناوەتە پشت سەر. لەم وڵاتانەدا دەوڵەت و یاسای حاکم خۆشیان دەبنە ڕوکنێکی بنەڕەتی و گرنگ لە نیهادینە کردنی ژێردەستەیی و بێ مافی ژنان. کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیار ترینی ئەو جۆرە دەوڵەتانه‌یه‌. کۆماری ئیسلامیی نزیک بە چوار دەیە بێ وەچان هێرشی بۆسەر ژنانی ڕێکخستووە و نیهادینەی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا و لە ناخی ئەم هێرشە هەوسار پچڕاوەدا، ژنان سەرەڕای ئەو کۆسپ و بەربەستە زۆرانەی کە لەسەر ڕێگای چوونیان بۆ بازاڕی کار و دەست ڕاگەیشتن بە خوێندنی باڵا لە ڕشتە جۆراو جۆرەکاندا بوونی هەبووە لە هەموو بوارەکانی خۆ دەرخستنی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ قانون و سیاسەتی دژی ژنی حاکمدا خەباتیان کردووە. ژنان بە ئامادە بوون لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات و لە هەر ئاخێزێکدا کە ئیمکانی دەرکەوتنی مادییان لە کۆمەڵگادا هەیە و سەرئەنجام خەبات لە پێوەندی ستەمگەرانە و چەوسێنەرانەدا به‌دوور له‌ منداڵ بوون، بەڕێوەدەچێت، دەوری خۆیان وەک هێزێک کە بەبێ ئەوان شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئیمکان پەزیر نییە، نیشان داوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە نیهادینە کردنی زەوت کردنی هۆویەتی ئینسانی و کۆمەڵایەتی نیوەی جەمعیەتی ئێران نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ کردووە. نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی نەتەنیا بەشێک لە ئیدئۆلۆژی ئەم ڕژیمە، بەڵکوو یەکێک لە ئەرکانە گرنگەکانی سەقامگیری و چەسپاندنی بووە. ڕاست لەم ڕوانگەوەیە هەموو جۆرە خەبات و خۆراگریەکی ژنان لە بەرانبەر ئەم ئاپاڕتایدەدا بەشێک لە خەبات بۆ شۆڕش و بەشێک لە تێکۆشانی سیاسیی بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەم خەباتە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە مەوقعیەتی ژناندا ناتوانێ خۆی لە چوار چێوەی تەسکی ئاسۆی بۆرژوازی لیبڕاڵدا بەرتەسک بکاتەوە. ئەمە ڕاستە کە کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی ژنان بۆ هەر ڕادەیەک لە باشتر کردنی بارودۆخی نیوەی کۆمەڵگاش خەبات دەکەن، بەڵام لە گشت ئەم حاڵەتەدانەدا لەبیریان ناچیتەوە کە لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا دەژین و خەباتی ژنان بۆ ڕزگار بوون دەبێ ئاوێتە بە ئاسۆی تێکشکاندنی نیزامی چینایەتی بکرێت.

هەڵسوراوانی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی ژنان لە ئێران ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا دەچن بە پێشوازی ٨ ی مارسەوە کە ئاخیزی سەرتاسەری لە مانگی بەفرانباردا وه‌رزێكی نوێی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی کردووه‌تەوە. ژنانی ژێردەستەی کۆمەڵگە زیاتر لە هەر هێزێک دەربڕینی داخوازیەکانی لە ئاخیزێکدا کە بە ناوەرۆکی نان و ئازادی لە مانگی بەفرانباردا شەقامەکانی داگیر کرد، دەبینن. بەسەر جەستەی ژنانەوە هاوکات هەم شه‌لاقی بەهرە کێشی نیزامی سەرمایەداری و فەرهەنگی داڕزیوی کۆمەڵگای پیاوسالاری و هەم نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەوڵەتی ئیسلامی دیارە. لەم ڕووەوە ئەوان هیچ قازانجێکیان لە درێژەی بارودۆخی ئێستادا و یان گیرخواردن لە چوارچێوەی داخوازی فێمینیزمی ئیسلامی و ئاسۆی فێمینیزمی لیبڕاڵدا نییە. ژنانی خیابانی ئینقلاب بە چوونە سەر سەکۆکان و فڕێدانی حیجاب بە ئاشكرا چوونەتە شەڕی نیزامێكی ئیسلامیی کە یەکەم هەنگاوی بۆ هیڕش کردنەسەر شۆڕش و سەقامگیر کردنی خۆی بەم حیجابە ئیجباریە و هێرش بۆسەر ڕیزی ژنان دەست پێکرد.

ئاخیزی مانگی بەفرانبار نیشانیدا کە هەڵسوراوانی رادیکاڵ و سۆسیالیستی بزوتنەوەی ژنان ناتوانن و نابێ هیچ دەرفەتێک بۆ وێنا کردنی ئاسۆی ڕزگاری بەخشی سۆسیالیستی بە ڕووی جەماوەری ملیۆنی ژنان و بە تایبەت ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە دەست بدەن. بێگومان ئاخێزە بەهێزەکان لە ڕێدان، گرنگ ئەوەیە کە ژنان بتوانن لە ئاستێکی ملیۆنیدا و بە داخوازی خۆیانەوە کە خۆی لە تێکۆشان لە ڕاستای سڕێنەوەی نیزامی چینایەتیدا دەردەخات، شان بەشانی چینی کرێکار بێنە مەیدانی خەباتی چینایەتییەوە. بەو هیوایەوە بچین بە پیر ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنەوە.

پیرۆزبێت ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن
بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٦
یەکی مارسی ٢٠١٨

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-