کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران( ڕاهی کارگەر) و حیزبی کومونیستی ئێران

  دەستپێکی مانگرتنی بەرینی کرێکاران، وەرزێکی تازەی لە خەباتی جەماوەری سەرتاسەری لە وڵاتدا کردۆتەوە.

لە رۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی ڕەزبەری سالێ ١٤٠١ دا بە سەدان هەزار کەس لە کرێکارانی پڕۆژەیی دەستبەکار لە سایتی یەکی پیتروشیمی بوشەهر، پێتڕوشیمی هەنگام، پیتڕۆپاڵاوگەی کنگان و کرێکارانی فازی ١٤ ی پارسی جنوبی و پاڵاوگەی ئابادان و چەند ناوەندی دیکە لە شارەکانی بوشەهر، عەسەلویە، بەندەر عەباس و ئابادان دەستیان لەکار کێشایەوە و لە بەردەم درگای چوونە ژورەوەی پرۆژەکاندا دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و سێ ڕێیانی عەسەلویەیان داخست و دەوترێ کە جادەی” عەسەلویە” بۆ” جەم”یش گیراوە. هاتنی شکۆدارانەی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت بۆ پشتیوانی کردن لە بزوتنەوەی سەرتاسەری خەڵکی ئێران، وەرزێکی نوێی لەم خەبات و تێکۆشانەدا کردۆتەوە. لە پاڵ ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریانەدا، شۆفیرانی کامیۆن و خاوەن کامیۆنەکانی جنوب و کرێکارانی فولادی کاوە ش بەم مانگرتەوە پەیوەست بوون. ئەوان لە پاڵ مانگرتنی یەک حەفتەیی مامۆستایان و قوتابیانی سەرتاسەری وڵات، ناڕەزایەتی رۆژانەی خوێندکارانی زانکۆکانی وڵات، خۆڕاگریی درەوشاوەی خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان و خۆپیشاندانی رۆژانەی کچان و کوڕانی لاو لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئێران، گیانێکی نوێیان وەبەر بزوتنەوەی بەهێزی ئێستای خەڵکی ئێران دەژبە دیکتاتۆڕی دین و سەرمایە، هێناوە. ئێستا ئیتر کرێکاران و مامۆستایان شانبەشانی ژنان و لاوان و نەتەوە زۆرلێکراوەکان، بوونەتە کۆڵەکە سەرەکیەکانی خەبات و تێکۆشان لەپێناو بەرابەری و یەکسانی مافی ژنان و پیاوان، و ژیانێکی شیاوی ئینسانی لە کەشوهەوای ئازادی و دێموکراسیدا پێکدێنن. ئەم هێزانە، زۆرینەیەکی هەرەزۆری ئەو کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژار و ستەملێکراوە پێکدێنن کە ئیتر نایانەوێ لەژێر باری قورسی چەوساندنەوەی سەرمایەدارانە و ئیستبدادی تاریک ئەندێشی مەزهەبیدا بژین و هیواو ئاواتی خۆیان و بەرەی لاو و لاوانی خوێندەوار و وشیاری خۆیان بەرەو لەنێوچوون بەرەن.

  کاردانەوەی ڕژیمی سەرکوتگەر بەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتیە شۆڕشگێڕانەکانی خەڵک، بەسیج کردنی هێزی دژی شۆڕش و ئامادەباشی هێزەکانی سپا و هێزە ئەمنیەتیەکانە. گرتن و زیندانی کردنی بەرین و بەربڵاوی چالاکانی کرێکاری لە پاڵاوگەکانی نەوت و پێتروشیمی، هێرشی قورسی تۆپخانەیی و تەقە کردنی ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووی ماڵی خەڵک لە سنە و باقی شارەکانی دیکەی کوردستان کە لە ئێستادا بۆتە شەڕێکی بە تەواو مانا دژبە خەڵکی کورد، حکومەتێکی نیزامی ڕانەگەیندراو لە بەلوچستان، بە تایبەت لە شارەکانی زاهیدان و ئێرانشەهر و باقی شارە گرینگەکانی وڵات و دەستبەسەر کردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان، وڵامی حکومەت بووە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە ئاشتی خوازانەکانی خەڵک. بۆ تێکشکاندنی ئەم کردارە سەرکوتگەرانەیە، هیچ ڕێگایەکی تر بێجگە لە بەسیج و یەکخستنی هەرچی زیاتری هێز و هێنانە مەیدانی خەبات و تێکۆشان، لە پێناو دەستەبەر بوونی ئازادی و ڕزگاری و یەکسانی، بوونی نییە. پەیوەست بوونی بەشێکی دیکە لە بزوتنەوەی کرێکاری و بە تایبەت کرێکارانی ڕەسمی پیشەسازی نەوت، پێتڕوشیمی و بە تایبەتر گواستنەوە و گەیاندنی شاری، نێوان شاری و کیشوەریدا دەتوانێ هێزی خۆڕاگریی جەماوەر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە و ماشێنی سەرکوتگەری ڕژیم زەمینگیر بکات.

  ئێمە وێڕای پێشوازی کردنی گەرم لە ئامادە بوونی شکۆداری کرێکارانی پڕۆژەیی بەشە جۆراوجۆرەکانی نەوت و گاز و پێتڕوشیمی بۆ نێو گۆڕپانی خەباتی جەماوەری و سەرتاسەری وڵات و پشتیوانی لە مانگرتن و خۆپیشاندانی گشتی، کرداری سەرکوتگەرانەی ڕژیم لەدژی ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکاران و بەتایبەت هێرشی دڕندانە لەدژی خەڵکی سنە، سەقز، مەریوان و زاهیدان بە توندی موحکوم دەکەین. ڕوون و ئاشکرایە کە لەم بارودۆخە زۆر هەستیارەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا، وێڕای بوونی بە هەزاران چالاک و هەڵسوڕاوی تێکۆشەری دەستبەسەر کراو، کە لە ئێستادا لەژێر توندترین و وەحشیانە ترین گوشارە دژی ئینسانیەکانی ئەشکەنجەگەرانی ڕژیمدان، جەخت کردنەوە لەسەر دروشمی” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، خاوەنی گرنگیەکی تایبەتە. بۆ تێکشکاندنی ماشێنی جەنگی ڕژیم، دەبێ و پێویستە سەرتاسەری وڵات بکرێتە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی جەماوەری.

  سەرکەوێ شۆڕشی شکۆداری خەڵکی ئێران بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەگشتی.

  

حیزبی کومونیستی ئێران

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران( ڕاهی کارگەر)

سێ شەممە ١٩ ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ ی هەتاوی، بەرابەر لەگەڵ ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ ی زاینی.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوی ژمارە پازدەیەم ڕۆژی دڵنیایی مشتومڕە کۆتا جەنگی ئێمە ئینتەرناسیۆناڵە ڕزگاری مرۆڤەکان کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-