کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

بەهاوکاری ناوەندە مەدەنییەکان، بەهانای قوربانیانی کارەساتی لافاوی سیستان و بلوچستانەوە بچین

لافاو هەزار و ٩٤٧ گوندی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی گەمارۆداوە و زیانێکی زۆری بە ماڵەکان، ڕێگاوبان، ڕێگای گوندەکان، سیستەمی پەیوەندییەکان و دابینکردنی کارەبا، ئاژەڵداران و زەوییە کشتوکاڵییەکان، ڕەز و باخەکان، ڕووبارەکان، بیرەکانی ئاو و سیستەمی دابینکردنی ئاو گەیاندووە. لە زۆرێک لە ناوچە لافاو لێدراوەکان، کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە ژیانی خەڵکی زیانلێکەوتووی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووەتەوە. “خاش،سیب و سۆران،فەنووج،ئێرانشار،میرجاوە،نیکشەهر،دلگان،چابەهار،سەراوان،زاهیدان،نیمروز،سەرباز، ” “کەنارەک،مێهرستانودەشتیاری، لە زومرەی ئەو ناوچانەن کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.  چابەهار بە ٤٨٠ گوند و نیکشار بە ٣٣٠ گوندی زیانلێکەوتوو، کەوتوونەتە چەقی ئەم کارەساتە ترسناکەوە. دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک لە لافاوەکە، هێشتا ڕێگاکانی گەیشتن بە ١٧٨ گوندی باشووری سیستان و بەلوچستان گیراون و بۆ هاتوچۆ ناشێن. لە هەڕەتی لافاوەکەدا، ئەو بەلەمانەی کە ڕوویان کردە ناوچە لێقەوماوەکان، لەبری فریاگوزاری و گەیاندنی یارمەتی خێرای وەک خۆراک و ئاوی خواردنەوە و دەرمان، بەرپرسانی نمایشی هەڵبژاردنەکان سندوقی دەنگدانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. ئەم نمایشە نابەرپرسانە و قێزەونەی ڕژیم، شەپۆلێکی ڕق و بێزاری گشتی لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا هەڵخڕاندووە. بارودۆخی کەشوهەوای پارێزگای سیستان و بەلوچستان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی وەرزی، ئەم پارێزگایەی کە خۆی لەخۆیدا بەدەست کەمی سەرچاوەی ئاوییەوە دەناڵێنێت، خستووەتە بە مەترسی لافاوە وەرزییەکان. لافاوێک کە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئەم هەژارترین پارێزگایە دەگەیەنێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بری کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە قەیرانە سروشتییەکان، کە ناوە ناوە دیمەنی وێرانکەری خۆی نیشان دەدات، سیاسەتی میلیتاریزه کردن و ئەمنییەتی کردنی هەرچی زیاتری ئەو پارێزگایە و پەرەپێدان بە سەرکوتی گرتووەتەبەر، تا ئەو جێگایەی کە ئاکامەکەی دەبێتە کارەساتی دڵتەزێنی وەک هەینی خوێناوی زاهیدان، لەسێدارەدانی بەردەوام و بێشومار و کوشتنی گەنجانی سوختبەری بەلووچ لە سنوورەکان.

ئەم سیاسەتی هەڵاواردن و وێرانکارەی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگایەکدا بەڕێوە دەچێت کە لە ڕووی ژیۆپۆلەتیکییەوە گرنگترین و ستراتیژیترین ناوچەی وڵاتە. ناوچەیەک کە لە ئەگەری داخرانی بەندەری چابەهار، تاکە ڕێگەی دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە ئاوە ئازادەکانی جیهان دەبەسترێت. بەڵام لە ڕوانگەی حکوومەتی ئیسلامییەوە سیستان و بەلوچستان، بە هۆکاری نەتەوەیی و سوننی بوونی خەڵکی ئەو ناوچەیە، دەبێ لە ژێر توندترین کۆنترۆڵدا بێت. پارێزگایەک کە ژنەکانی لە شۆڕای شار و گوندەکاندا حزوور و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە و ئاستی هاوکاریی و هەرەوەزی جەماوەریی تێیدا گەڵێک بەرزە، بەردەوام کەوتووەتە بەر ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و سیاسەتە لەرادەبەدەر ئەمنییەتییەکانی حکوومەت، لە چنگی خۆیدا گرفتاری کردووە. لەم ناوچەیەدا جیاوازی و هەڵاواردنێکی فرە چەشن بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بەرچاو دەکەوێت.

ئێمە وەک هێزێکی چەپ و کۆمۆنیست لەسەر ئەو واقیعییەتە ترسناکە جەخت دەکەینەوە کە لە هەژارترین پارێزگای وڵاتەکەماندا، جەماوەرێکی بێبەش و دەستکورت و بێ پەنا کە بەبێ بوونی بچووکترین نیزامی لانیکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەحاڵی خۆیان ڕەها کراون، قوربانیانی بێدەسەڵات و ستەمدیتووی تووڕەیی سروشتن. لافاوی وێرانکەر، کەپر و ڕەشماڵ و خانووە قوڕینەکان و تەنانەت قوتابخانە و کلینیکە داڕماو و بێ سەرەتاییترین ئیمکانەتەکانیش لەگەڵ خۆیدا دەبات. لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریای گاز هەڵکەوتووە، ئەم خەڵکە بێ دەرەتانە، لە سیستەمی دابینکردنی گاز بەهرەمەند نین. ڕێگاوبانەکانی ئەم پارێزگایە و بەتایبەت ڕێگای گوندەکان تەنانەت لە نزمترین ئاستی ستانداردی سڵامەتی بێ بەهرەن و بە ڕێگای مەرگ ناسراون. هێشتا زۆرێک لە خوێندکارانی سەر بە چینە هەژار و زەحمەتکێشەکانی پارێزگاکە لەناو کەپر و خێوەتەکاندا دەرس دەخوێنن و هێشتاش بچووکترین نەخۆشی، دەبێتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان. لە غیابی فریاگوزارییەکی کاریگەر لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێکخراوە خۆڕسکە جەماوەرییەکانی ئەو پارێزگایە، بە هیمەمەتی خۆیان ئەرکی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی ئەو کارەساتەیان گرتووەتە ئەستۆ. ئێستا سوختەبەرەکان ڕۆڵی ئامبولانس و ئامێری دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە و کردنەوەی ڕێگا گیراوەکان و گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوانی لافاوەکە دەبینن. ئەمانە هەر ئەو کەسانەن کە سنگیان بە گوللەی ئاگرینی سپای پاسداران دەکرێتە ئامانج و لە زیندانەکاندا ملیان بە پەتی سێدارەوە دەکرێت.

نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە تەنانەت ئەم هاوکارییە لەخۆبووردووانەش هێشتا وەڵامدەرەوەی پێداویستییە دەستبەجێ و هەنووکەییەکانی ئەو خەڵکە لێقەوماوە نییە. لەم هەلومەرجە دژوار و کارەساتبارەی پارێزگاکەدا، هاوکاریی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی سەرانسەری ئێران بەمەبەستی ڕزگارکردنی لێقەوماوانی لافاوەکە و دابینکردن و نوێژنکردنەوەی لانیکەمەکانی ژیانیان، گرنگییەکی بەپەلە و هەنووکەییە و نابێت دوابکەوێت. پێویستە لە هەر ڕێگایەکەوە کە ئیمکانی هەیە، بە هەموو تواناوە هەوڵ بدرێت هەرچی زووتر یارمەتییەکان بگەیەننە ئەو ناوچە زیانلێکەوتووانە. ئێمە داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و بە دەروەستی ئێران دەکەین کە لە ڕێگەی ناوەند و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانەوە، هاوسۆزی و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ لێقەوماوانی لافاوەکەی سیستان و بەلوچستان، ئەو پارێزگایەی کە بەردەوام یەکێک بووە و یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی خەبات و ناڕەزایەتی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، دەرببڕن.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکڕاسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٢/ ٤ی مارسی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-