کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ ئیرەج فەرجاد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە هاوڕێ ئیرەج فەرجاد، سیمای ناسراوی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان و ئێران، بە هۆی نەخۆشی کرۆنا لە وڵاتی ئاڵمان مالئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ ئیرەج لە سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی حکومەتی پادشایەتی دەستی بە خەباتی سیاسی کرد و وەک کەسایەتیێکی خۆشناوی شاری سنە ناوبانگی دەرکرد. بە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٩ لە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی بە شێوەیەکی بەرچاوتر پێی نایە گۆڕەپانی خەباتەوە و وێڕای بەشداری چالاکانەی لەم ڕاپەڕینە، هەوڵی بێوچانی خۆی خستە گەڕ بۆ پاراستنی هەر دەستکەوتێک کە لە سەرەنجامی خەباتی جەماوەری دەستەبەر دەکرا. لەم ڕووەوە هاوڕێ ئیرەج بوو بە سیمایەکی ناسراوی خەڵکی شاری سنە و کەسایەتیێکی خۆشەویستی ئەو شارە.
هاوڕێ ئیرەج سەرەنجام خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆی بە کۆمەڵەوە گرێ دا و لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٧ تا ١٣٦٢ی هەتاوی لە ڕێکخراوی نهێنی کۆمەڵەدا چالاک بوو. لەم ماوەیەدا هاورێ ئیرەج دەورێکی بەرچاوی لە چالاکی ڕێکخراوی نهێنی کۆمەڵەدا گێڕاو پەیوەنی هاوڕێهانی ئەم ڕێکخراوەی لە شاری تارانەوە تا سنە پێکەوە گرێ دا. دوای ئاشکرابوونی بەشێکی بەرچاو لە رێکخراوی نهێنی کۆمەڵە لە شاری تاران و دەستگیر کردنی کۆمەڵێک لە هاورێیان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە، هاوڕێ ئیرەج ناچاربوو ڕێکخراوی نهێنی بە جێ بهێڵێت و لە ساڵی ١٣٦٢بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە پەیوەست بێت. وێڕای ئەوەی کە هاوڕی ئیرەج لەم ماوەیەدا شاهدی گیان لە دەستدانی کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی، لەوانە براکەی هاوڕی فەرهاد فەرجاد بوو، بەڵام بە هەمان ورەی بەرز و شۆرشگێڕانەوە ڕێگای خەبات و تێکۆشانی درێژە پێ دا. هاوڕێ ئیرەج بە درێژایی ساڵەکانی دەهەی شەستی هەتاویی لە ڕیزەکانی کۆمەڵە دا لێبڕاوانە و دڵسۆزانە هەڵسووڕاو بوو. لەم ماوەیەدا چەندین ئەرک و بەرپرسایەتی لە ئەستۆ گرت، لەوانە بەرپرسی گشتی حەمڵ و نەقڵی کۆمەڵە، کە بە باشترین شێوە بە ئەنجامی گەیاندن. هاوڕێ ئیرەج لە نێو هاوڕێیان و کۆمەڵانی خەڵكدا خۆشەویست بوو و وەک دڵسۆز و لایەنگرێکی پەیگیری مافی کرێکاران و هەژاران، لایەنگر و چالاکوانی مافی ژنان و خەباتکارێکی بێ ڕاڕایی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم ناوبانگی دەرکرد.
دواتر هاوڕێ ئیرەج خەباتی خۆی لە نێو ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران دا درێژە پێ دا و لەوێش وەک سیمایەکی دڵسۆز و هاوڕێیێکی جێگا موتمانە و کەسایەتیێکی خۆشناو مایەوە. هاوڕێ ئیرەج، دوای نیشتەجێ بوونیشی لە دەرەوەی وڵات، بە هەمان ورەی هەمیشەیی و دڵسۆزی کەم وێنەوە درێژەی بە خەبات دا و لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵ و چالاکییێک کە لە دژی ڕژیمی ئیسلامی، بۆ لایەنگری لە مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان، مافی پەنابەران و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بەڕێوە دەچوو بەشداری دەکرد و ببوو بە یەکێک لە سیماکانی ئەم چالاکییانە.
بەداخە سەرلە بەیانی ئەمڕۆ، ٢٨ مانگی دسامبری ٢٠٢١، دڵی گەورەی هاوڕێ ئیرەج لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ئێمە لە لایەن سەرجەمی ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە غەم و پەژارەی خۆمان بۆ ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێی خۆشەویست ئیرەج فەرجاد دەردەبڕیین و پێزانینی خۆمان بۆ تەمەنێک لە خەبات و چالاکی دڵسۆزانەی بۆ گەیشتن بە ئازادی و سۆسیالیسم ڕادەگەیەنین.
هەروەها خۆمان لە غەم و پەژارەی بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێ ئیرەج و هاوڕێیانی لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران شەریک دەزانین. بە تایبەت خۆمان لە غەم و پەژارەی خۆشەویستان مونیر، سەحەر، کاوە، سۆما و وریا بە شەریک دەزانین.

بەڕێز بێت یادی ئازیزی هاوڕێ ئیرەج فەرجاد!

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٢٨ دسامبری ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

-

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی گیان لە دەستدانی هاورێ «یەدێ بیگلەری» سیمای ناسراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-