کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی دووهەمین پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

بەمجۆرە بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە دووهەمین پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، لە ڕێکەوتی ١٢ و ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ ١ و ٣ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زاینی بەڕێوەچوو. پلنۆم بە بەشداری سەرجەم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها هاوڕێیانی ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە وەک چاوەدێر و لە ڕێگای تۆڕێ ئینترنێتەوە بەشداری پلنۆمەکە بوون، بە سرودی ئەنترناسیۆناڵ سرودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و دواتریش راگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ڕێبازی ئازادی و سۆسیالیزم، بەتایبەت یادی هاوڕێ ئیبراهیمی ڕەمەزانی ( مام برایم چیانە) کرێکاری وشیار و کۆمۆنیست و کادر و پێشمەرگەی دێرینی ناو ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە، کە بەداخەوە ڕێکەوتی ٢٨ی مارس  لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی لەژیانکرد، کارەکانی خۆی دەستپێکرد.

دەستوور جەلەسەکانی پلنۆم کە لەلایەن کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە کە لە مەودای دوو پلنۆمدا بەرپرسیارییەتی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و سەرجەم ئۆرگانەکانی تەشکیلاتی لەئەستۆیە و خستبوویە بەردەم دانیشتنەکان، بریتی بوون لە:

  • ڕاپۆرتی سیاسی و تەشكیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە و قسەوباس لەسەر ڕاپۆرتەکە.
  • ئامادەکاری کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چۆنیەتی هیدایەت و ڕێبەریکردنی حیزب تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٣ی حیزب.
  • تاوتوێ کردنی بڕیارە پێشنیارکراوەکان بە پلنۆم.
  • دابەشکاری ئەرکە ناوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە.

ڕاپۆتە سیاسییەکە وێڕای چاوخشاندنێک بەسەر گرینگترین بار و دۆخ و رووداوە جیهانییەکان، تەرکیزی زیاتری کردبووە سەر لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:

یەکەم، تەوەرە گشتییەکان: لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا شەڕەکان چ بەشێوەی ناوچەیی بووبیتن یان جیهانی، سەرەڕای ئەوەی کە هەرکامەو  مۆرک و تایبەتمەندی و هۆکارگەلی تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و لە بنەڕەتدا ناکۆکی و دژبەیەکی ئابووریی بنەڕەتی سەرمایەداری هۆکار و  سەرچاوەی سەرکییان بووە. شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی و شەڕەکانی ئاسیای باکووری ڕۆژهەڵات و هەروەها ئەو شەڕانەی کە لە ماوەی ٤٥ ساڵ و لە گۆشە و کەناری جیهان و لە سەردەمی شەڕی سارددا روویاندا، بەگشتی بەهۆی ململانێ لەسەر سەرلەنوێ دابەشکردن و دیاریکیردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی زلهێزەکانەوە بووە.

  شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاخێزە جەماوەرییەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی سەرچاوەیان لە قەیرانی ئابووری ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ی زاینیدا  بوو. هێرشی ئامریکا بۆسەر عێراق لە ساڵی ١٩٩١ لە سەردەمی “بوشی باوک” هەوڵێک بوو بەمەبەستی پێکهێنانی نەزمێکی جیهانی نوێی تەکجەمسەری کە پاش هەرەس هێنانی یەکێتی سۆڤییەت، ئیمپریالیزمی ئامریکا کەڵکەڵەی شکڵ پێدانی لەسەردا بوو. شەڕی ئوکراینیش هەر دەچێتە خانەی ئەم شەڕانەوە. ئەم شەڕە لە هەلومەرجێکدا دێتەئاراوە کە ” دێوی” نیزامی و ئابووری ڕووسییە لەژێر باری ئەو  سەرشۆڕییەی بەهۆی هەرس هێنانی ئیمراتۆری ڕوسیە تووشی هاتبوو، جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

ناسیۆنالیسمی پاوانخوازی ڕوسیە کە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی هەرەس هێنامی یەکێتی سۆڤیەتەوە بێدەسەڵات و سەرکز ببوو، ئێستا ئیتر خۆی لە ئاستێکدا دەدیت کە دەتوانێت سنوور و بەربەستێک لەبەردەم زێدەڕۆییەکانی پەیمانی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئوروپا پێک بهێنێت. ئەم ” دێوە” نوێیە بە بەدەستهێنانی سەرکەوەتن لە بەرەی سورییە و هەروەها هەستکردن بە پاشەکشەکانی ئامریکا لە ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، وێڕای بەدەست هێنانی متمانە بەخۆبوون، دەرفەتەکەی بۆ لێدانی گورزی نیزامی لە ڕەقیبەکەی بە گونجاو دەزانی. نزیک بە دوو دەیەیە ئەو جیهانە تەک جەمسەرییەی کە ئامریکا کەڵکەڵەی  شکڵ پێبدانی لەسەردایە بۆتە بڵقی سەر ئاو. زلهێزە نیزامی و ئابورییەکانی وەک ڕوسیە و چین و هێند شان بە شانی ئامریکا سەریان هەڵداوە و بە مەبەستی قایم کردنی جێگە و پێگەی خۆیان لە هەل و مەرجی نوێی جیهانیدا، ستڕاتێژگەلێکی تایبەت بەخۆیان گرتۆتەبەر. لەم ناوەدا بەتایبەت دەوڵەتەکانی چین و ڕوسیە خوازیاری بەدەستهێنانی بەشیکی زیاتری پانتایی ژێر دەسەڵاتی خۆیانن لە ئاستی جیهاندا. ئەگەر ستڕاتیژی چین پشت بەستووە بە بەرەوپێش چوونی هەنگاو بە هەنگاوی ئابووری، ڕوسیە دەیهەوێت توانایی نیزامی خۆی لەم  بوارەدا بەکار بهێنیت. لەم ڕووەوە پێویستە هێرشی روسیە بۆسەر ئوکڕاین لەم چوارچێوەیەدا ببیندرێت. بەڵام سەرەڕای ئەو هەلومەرجە مەترسیدارەی کە جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەپێی هۆکارگەلێکی سەرەکی کە لە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵەشدا هاتووە، ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی جیهانی لە ئارادا نییە و جیهانی سەرمایەداری هیچ ڕێگاچارەیەکی تری لەبەردەمدا نییە جگە لەوەیکە دەبێت هاوسەنگییەکی نوێ لە جیهانی چەند جەمسەریدا قەبووڵ بکات.

دووهەم، لێکەوتەکانی هێرشی روسیە بۆسەر ئوکڕاین:

ئاشکرایە کە ئوکڕاین لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ببێت بە ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئوروپا و  ئەوە لەکاتێکدا بوو کە لەناوخۆی وڵاتی ئوکڕاینیشدا زەرفییەت و توانایی تەکنیکی و زانستیی بۆ بەرهەمهێانی چەکی ناوەکی بوونی هەبوو. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەمانە، لەڕاستیدا دەڵەتی روسیە دەیتوانی بە پشت بەستن بە ڕاکێشانی پشتیوانی ڕایگشتی و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە بوونی ناکۆکی نێوان وڵاتە ئوروپاییەکان، شەڕخوازانی ناو ڕێکخراوەی ناتۆ لەڕێگای دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە ناچار بە پاشەکشە بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی روسیە، پێویستییان بەوە هەبوو کە لە ئوکڕاین گورزێکی لێبڕاوانە و کاریگەر لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بوەشینن بۆ ئەوەیکە پێشڕەوییەکانی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی ڕابگرێت و  لەم  ڕێگایەوە هاوسەنگییەکی هێزی نێونەتەوەیی باشتر بە قازانجی خۆی  جێگیر بکات. ڕوسیە سەرەتا سەربەخۆیی دوو ویلایەتی ” دۆنتسک” و “لۆهانسک” لە ڕۆژهەڵاتی ئوکڕاینی بەڕەسمی ناسی و بەو بیانووەوە هێزی نیزامی بەناو پارێزەری ئاشتی ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کرد و سەرئەنجام هێرشی نیزامی بۆسەر تەواوی ئوکڕاین دەستپێکرد. بەپێی نیشانەکان وادەردەکەوێت کە ڕەوتی ڕووداوەکان بەگوێرەی پێشبینییەکانی پۆتین و کاربەدەستانی روسیە بەرەوپێش ناچیت. درێژەکێشانی شەڕ هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە هیچ گۆڕانکاریه‌ك لە پاڵنەر وبەرژەوەندییە شاراوەکانی ئەم شەڕەدا پێک نەهێناوە، دەریدەخات کە دەوڵەتی روسیە و خودی پۆتین لە دیاریکردنی کاتی دەستپێکی ‌هێرشکەدا هەڵسەنگاندنی هەڵەیان بووە و هەروەها کاریگەری گەمارۆ ئابووریەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایان بەکەم گرتبوو. گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر روسیە کاریگەرتر بوون لە ئاستی پێشبینییە سەرەتاییەکانی ڕوسیە و خۆڕاگری لە ئوکڕاینیش بە پاڵپشتی چەک و چۆڵی ڕۆژئاوا درێژەی کێشاوە. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە باڵادەستی نیزامی ڕوسیە حاشاهەڵنەگرە و گەمارۆکانیش بەلەبەرچاوگرتنی تواناییە ئابوورییکانی ڕوسیە سنووردارن. ئەم گەمارۆیانە جگە لە ڕوسیە، کاریگەری نیگەتیڤ لەسەر ئابووری جیهانیش دادەنێت. نرخی جیهانی نەوت بەرز بۆتەوە و یەکێتی ئوروپا نیگەرانی وەستاندنی هەناردە کردنی نەوت و گازی روسیەن.

هەروەک چاوەڕوان دەکرا دووکەڵی ئاگری ئەم شەڕە چۆتە چاوی هەڵسووڕاوانی سیاسی دژبەری رژیمەکانی ئوکڕاین و ڕوسیەوە. هەتا ئێستا بە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئوکڕاین ئاوارە بوون و بە ملیۆنان کەسیش لە پەناگاکاندا لەگەڵ ترس لە برسێتی و مردن بەرەوڕوون. دەیان هەزار کەس کوژراون. زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەم شەڕە تەنیا لە خەڵکی ئوکڕاین و ڕوسیەدا سنووردار نابیت و هەر لە ئێستاوە گرانبوونی سووتەمەنی و پێداویستییە خۆراکییەکان و تەنانەت سەرجەم کەرەستە خاوەکانی تر، گوشارێکی زیاتری خستۆتە سەرشانی خەڵکی هەموو جیهان. ڕوسیە هێرشی کردووەتو سەر ئوکڕاین، نان لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان گران بووە و دەبێت، لەبەر ئەوەی ئوکڕاین یەکێک لە کانگاکانی پاشەکەوتی دانەوێڵەیە لە جیهاندا.

دوابەدوای پەلامار و دەستدرێژی ئەرتەشی ڕوسیە بۆسەر ئوکڕاین شەپۆلێک لە درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەی ناڕاست لە ڕاگەیاندنەکانی هەردوولایەنی شەڕەکە کەوتەڕێ. ئەم ڕاگەیاندنانە هەوڵیاندا لە کردەوەی دەستدرێژیکارانەی پۆتین و ئۆلیگارشی گەندەڵی ڕوسی بەمەبەستی شاردنەوەی رواڵەتی دزێوی سیاسەتەکانی ئامریکا کەڵک وەربگرن. ئەوان هەوڵدەدەن کە دەوڵەتی ئامریکا، واتە ئیمپریالیستی مەزنی جیهان، سەرلەنوێ وەک پارێزەری بەناو بایەخە مرۆڤیەکان، دێموکراسی و ئاشتیپارێز و دژی شەڕ جێ بخەن. لە بەرامبەر دەوڵەتەکانی ئەندامی ناتۆدا، دەسەڵاتدارانی ڕوسیە هەن کە هێرش بۆسەر ئوکڕاین وەک دیفاع لە گیان و سامانی خەڵکی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئوکڕاین نیشاندا و ڕاگەیاندنەکانی لایەنگریان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم درۆ و پڕوپاگەندە چەواشەکارانە لەناو بیر و ڕای گشتیدا جێ بخەن. لەحاڵیکدا ئەوان پێشووتر ئامادەکارییان بۆ وەڕێخستنی شانۆی ” مستی ئاسنین”، لەڕێگەی هێرشکردنەسەر ئوکڕاین کردبوو. لە ناڕەزایەتی بە ئاوا هەلومەرجێکدایە کە بزووتنەوەی دژی شەڕ بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئوکڕاین، سەربەخۆ لە پڕوپاگەندی فریوکارانەی دەوڵەتی ڕوسیە و دەوڵەتەکانی ئەندامی ناتۆ لە زۆر شوینی جیهان و لەوانە لە وڵاتی ڕوسیە، جێگای خۆی لە دەرەوەی پڕوپاگەندەی فریکارانە و ئاشتیخوازی درۆینەی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵاتەکان دەکاتەوە و دێت تا ببێتە حەرەکەتێکی بەربڵاوی جیهانی.

لەڕاستیدا ئامریکا و ناتۆ دەیانتوانی بەر بەم شەڕە بگرن، بەڵام بە پەلکێش کردنی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی ڕوسیە، بە هێنانی وڵاتەکانی ئوروپای ڕۆژهەڵات بۆ ناو یەکێتی ئوروپا و پەیمانی نیزامی ناتۆ، بە پەرەپێدان و سەرمایەگوزاری کردن لەسەر ئەو شۆڕشانەی بەدوور لە توندوتیژین و هەروەها بەهێزکردنی دەسەڵاتدارە گەندەڵ و تەنانەت ڕەگەزپەرستەکانی زۆرێک لەم وڵاتانە و بە پڕوپاگەندەی درۆینی ململانێی دێموکراسی و سەرەڕۆیی، بەستێنەکانی ئەم شەڕە وێرانکارەیان بۆ پۆتین و دەسەڵاتدارییەتی گەندەڵ، سەرەڕۆ و سەرکوتگەری ڕوسیە ڕەخساند. پاڵنەر و بڕوبیانووەکانی هەردووک لایەنی ئەم ململانێ ئیمپڕیالیستییە هەرچییەک بێت، ئەو شەڕە وێرانکارەی کە ئیستا لە ئوکڕاین لە ئارادایە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی وڵاتەکانی ڕوسیە و ئوکڕاین شەڕێکی نامرۆڤانە و مەحکوومە.

سێهەم، چارەنووسی دانوستانی بەرجام:

هێرشی ڕوسیە بۆسەر ئوکڕاین و ڕووبەڕوو بوونەوە ئابوری- سیاسییەکانی ڕوسیە و بەرەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لەوانە دانوستانەکانی بەرجامیش لەحاڵێکدا کە قسە لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو دەکرا، داناوە. لەلایەکەوە دەوڵەتی ئامریکا بەمەبەستی هەرچی زیاتر گوشار خستنەسەر ڕوسیە پێویستییەکی هەنووکەیی بە ڕێککەوتن لەسەر بەرجام هەیە و لەلایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامیش بەکەڵک وەرگرتن لەم هەل و مورجە نوێیە لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتگەلێکی زیاتر و لەوانە دەرهێنانی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆری دەوڵەتی ئامریکادایە. بەم حاڵەشەوە وا پێدەچیت کە سەرئەنجام وتووێژەکانی بەرجام توانیویەتی تا ڕادەیەک خۆی لەژێر کاریگەرییەکانی شەڕی ئوکڕاین دەرباز بکات و کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئامریکا لە ڕێککەوتنێکی ڕەسمی و یان ناڕاستەوخۆ نزیک بکاتەوە. هەرئێستا نیشانەگەلێک لە نزیک بوونەوەیەکی بەکردەوە دەرکەوتووە، کە ئاگربەست لە یەمەن یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی. کۆماری ئیسلامی کە پشتیوانی سەرەکی حوسییەکان لە یەمەنە لە زمان وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوە وتویەتی کە داوا لە حوسییەکان دەکات کە ئاگربەست قەبووڵ بکەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتییەکەی هەمیشەیی لە یەمەندا بن. کۆماری ئیسلامی نایشارێتەوە کە مەبەست لە گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە نوێیە ئەوەیە کە دەرفەتێک بەدەست بێنێت تا بتوانێت لەبابەت دۆسییەی ناوەکی خۆی لەگەڵ ئامریکا بگاتە ڕێککەوتن.

ئەوەیکە ئایا سەرئەنجام ڕێککەوتننامەی ڕەسمی واژۆ دەکرێت یان نا، بابەتی یەمەن دەریخست کە کۆماری ئیسلامی لەحاڵی پاشەکشە کردن لە دەست تێوەردانەکانی لە کاروباری ناوچەکەکەدایە و ئەوەش هاوتەریب لەگەڵ سنووردارکردنی چالاکییە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێک بووە لە دواکارییەکانی دەوڵەتی ئامریکا لە وتووێژەکانی بەرجامدا. ئەگەرچی ڕەوتی پاشەکشە کردنی کۆماری ئیتسلامی لە ئامانجەکانی لە یەمەن و سورییە دەستی پێکردووە، بەڵام هەتا ئێستاش لەهەوڵی ئەوەدایە کە لە هەندێک شوێنی وەک عێراق جێگە و پێگەی خۆی بپارێزێ و ئەو باڵادەستییەی ئێستای خۆی لەچاو دەوڵەتەکانی تر لە عێراقدا لەدەست نەدات.

چوارەم، نەبوونی بەرچاو ڕوونی لە داهاتووی سیاسی عێراق:

هەڵبژاردنی پێشوەخت و گەلێک سارد و سڕی عێراق نە تەنیا نەیتوانی یەکگرتوویی حاکمییەتی ئەم وڵاتە مسۆگەر بگات، بەڵکوو دژبەیەکی و ناکۆکی نێوان گروپە سیاسی و چەکدارەکانی قوولتر کردەوە. لەو ڕووەوە کە هەرکام لەو گروپانە خاوەنی میلیشیای ڕەسمی و ناڕەسمی و هەروەها پشتیوانی و پێگەی ماڵی و نیزامی تاییبەت بەخۆیانن، مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕە ناوخۆییەکان بەمەبەستی دابەشکردنی دەسەڵات لەم وڵاتەدا یەکێکە لە ئەگەرەکان. ئەم گروپە جیاوازانە تەنیا لە ڕێگای ساختەکاری و پاشقولگرتنی یەکترییەوە توانییان لانیکەمێک لە دەنگی دەنگدەران بەناوی خۆیان تۆمار بکەن. ئەم بایکۆتە وشیارانە و بەربڵاوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە دەرخەری جێگە و پێگەی لاوازی گروپە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانە، خەبەر لە بوونی تواناییگەلێکی ناڕەزایەتی بەرین لە مانگەکانی داهاتوو لە عێراق لەدژی هەژاری، بەش مەینەتی، نەبوونی ئاسایش و گەندەڵی دەسەڵاتداران دەدات. کۆمەڵانی خەڵکی عێراق لە دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە بێزارن و ئەو بێزارییەی خۆیان چەندین جار بە ئاگرتێبەردانی کۆنسولخانە و ناوەندەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران نیشانداوە.

ئاشکرایە کە جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق لاوازتر بووە و یەکێک لە دۆڕاوە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنە پارلمانییەکەی ئەم دواییانە لەم وڵاتە کۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیاکانی سەربەم ڕژیمە بوو. لەم ناوەدا ڕیزی شیعەکانی عێراق پتر لە جاران تووشی ناکۆکی و لێکترازان بووە و  بەرەی سەدر کە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پارلمانی ئەم دواییەدا بەدەست هێنا، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوورتر کەوتۆتەوە  و بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتە سەننییەکان و حیزبی دێموکراتی کوردستان کە زۆرترین کورسییەکانی کوردستانی لە هەڵبژاردنی پارلمانیدا بۆخۆی مسۆگەر کردووە، هەوڵیدا دەوڵەتی نوێی عێراق پێک بێنێت، ئەم هاوپەیمانییەش لەگەڵ بایکۆتی کەمینەیەک لە شیعەکان کە لەگەڵ یەکیتی نیشتمانی کوردستان هاوپەیمانییان پێک هێنابوو بەرەوڕوو بۆوە بەمجۆرە هەتا ئێستاش داهاتووی پێکهاتنی دەوڵەتی عێراق لێڵ و نادیارە. ڕژیمی ئێران ئەوەی نەشاردۆتەوە کە لێکترازان و پرش و بڵاو کردنی بەرەی شیعە لە عێراق بۆ ئەوان هێڵی سوورە و نزیکایەتی و بەهێزکردنی سەدرییەکان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەزانێت. بزوتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ و جەماوەری ناڕازی و وەگیان هاتوو لە ئاست گەندەڵی و هەڵاواردن کە خاڵێکی هیوابەخش بوو بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لەو وڵاتە و ئیستاکەش هەیە، نەیتوانییوە لەباری سیاسییەوە خۆی ڕێکبخات. ئەمە تەنیا خاڵێکی هیوابەخشە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لەو وڵاتەدا.

پێنجەم، سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی ئێران:

پلنۆم گرینگی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵەی کە کەمتر لە سێ مانگ لەمەوبەر بەڕێوەچوووو جارێکی تر وەبیر هێنایەوە و لەسەر پێویستی ڕەچاو کردن و بەدواداچونی سیاسەت و تاکتیکەکانی کۆنگرە جەختی کردەوە.

شەشەم، چاوخشاندنێکی کورت بەسەر هەلومەرجی کوردستان:

لە کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بە تێر و تەسەلی لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و خەبات و ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان قسەوباسمان کرد و چەند بڕیارنامەیەکیش لە پێوەند بە مەسایلی ڕۆژ تیایدا پەسەند کرا. لەو کاتەوە تا ئێستا ئاستی هەژاری و ڕؤژڕەشی و مەینەتییەکانی خەڵک لەم ناوچانە زۆرتر پەرەی سەندووە. توێژی مامناوەند هەرچی زیاتر بەرەو ئاستی هەژاری و چینی کرێکار و کەم داهاتی کۆمەڵگا دابەزیوە. کوشتاری کۆڵبەران هەروا بەردوامە و ‌هێزە چەکدارەکانی ڕژیم ئیزنی تەقەی ڕاستەوخۆیان پێدراوە. لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دەستبەسەرکردنی هەڵسووڕاوانی بزووتەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان زۆرتر بووە و بە دیان کەسیان زیندانی کراون، کۆمەڵێکیان بە دانانی ” بارمتە”ی قورس ئازاد کراون و ژومارەیەکیش هەروا لە زینداندا دەستبەسەرن. لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی مامۆستایان کە سەدان شاری ئێرانی گرتەوە و بۆ ماوەی چەند حەوتوو بەردەوام بوو، بزوتنەوەی خەباتکارانەی مامۆستایان لە کوردستانیش کە خاوەن پێشینەیەکی دوور و درێژن لە خەبات لەدژی سەرەڕۆیی، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکووری کورستان چالاکانە لەو خەبات و ناڕەزایەتییانەدا بەشداری کرد.

حەوتەم، نەورۆز لە کوردستان و داهێنانە نوێیە کۆمەڵایەتییەکان:

لە سەرەتاکانی ساڵی نوێدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا کە نەهێڵیت نەورۆز ببێتە ڕەمزێک بۆ شادی و  هاودڵی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە لە ڕاگەیاندنێکدا مەرجی بەڕێوەچوونی ئەم  ڕێوڕەسمانەی بەستەوە بە وەرگرتنی ئیجازەی ڕەسمی لە حکومەت و ڕەچاو کردنی حیجابی ئیسلامی. بەڵام ئەوەیکە دیتمان کاردانەوەی بەرینی خەڵک بوو لەدژی ئەو بڕیار و هەڕەشانە. خەڵک هیچ بایەخێکیان بە فەرمانەکانی ڕژیم نەدا و ڕەنج و زەحمەتی کەوتنەژێر چاوەدێری و زیندان چوونیان بەگیان کڕی و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیان بەربڵاوتر و شکۆدارتر لە ساڵانی پێشوو بەڕیوە برد. هاتنی بەهار و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان و کورت کردنەوەی دەستی حکومەتی ئیسلامی لە زۆربەی جێژن و شادی و خۆشییەکان، نیشانەی ئاڵۆزتر بووون و ڕێکخراوتر بوونی حەرەکەت و داهێنانە کۆماڵایەتییەکانە. لە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی سەرکوت و بە حکومەتی کردنی نەورۆز و ساڵی نوێ لەلایەن ڕژیمەوە لە کوردستان، ڕێوڕەسمی شادی و خۆشی لە ڕۆژێکەوە بوو بە سێزدە ڕۆژ و لەو ماوەیەدا خەڵکی کوردستان لەشار و ناوچە جۆراوجۆرەکان بەردەوام شادی و خۆشییان دەربڕی و بەمجۆرە هەرچی ڕژیم بەزەبەری زۆر و فەرمانی حکومەتی سەپاندبووی، بەهێزی جەماوەری و یەکگرتووانەی خۆیان پووچوڵیان کردەوە. حکومەتی ئیسلامی و دام دەزگای سەرکوت و ڕاگەیاندنەکانی، بەردەوام هوڵیانداوە تا بەر بە ڕێکخراوبوون و چالاکی هوڵسووڕاوانی بوارە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان بگرن، بەڵام هەڵسووڕاوە فرەچەشن و جۆراوجۆرەکان، سەرەڕای بوونی سەرکوت و سەرەڕۆیی و فەزای میلیتاریستی و نیزامی- ئەمنییەتی ڕژیم، ڕێکاری مومکین و کاریگەری خۆیان دۆزیوەتەوە و هەر ساڵیک کە تێپەڕ دەبێت ئێمە شایەتی چالاکی بەربڵاوتر و گشتگیر تری ئەوانین. چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پارێزگاری لە ژینگە و مافی ئاژەڵان، بەرگری لە مناڵانی بێ سەرپەرست و بەساڵاچووان، هەوڵ و کۆششی بەربڵاو لەپێناو فێرکردنی زمانی دایکی و هەروەها چالاکی بواری ڕاگەیاندن و بەتایبەت لە ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکی فرەچەشنی و  هونەریی ئەو مناڵ و تازە لاوانەی کە گەلێک بەرهەمی جوان و سەرنجڕاکێشیان لە ئاستێکی بەرچاودا بڵاو بۆتەوە و هەموومان دەیبینین و دەیبیستین، بەشیکن لەو کار و چالاکییانە.

دوای بیستنی ڕاپۆرتی سیاسی و قسەوباس و دیالۆگێکی چڕوپڕ و هەمەلایەنە لەم بابەتەوە و هەروەها بیستنی ڕا و بۆچوونەکان و وردکرنەوەی ڕاپۆرتەکە، بڕیاردرا قسەوباسەکانی پلنۆم لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانی تەشکیلات و لەوانە لە تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەوە لەلایەن هاوڕێیانی بەشدار لە پلنۆمەکە بە ئاگاداری هەموولایەک بگات.

بەشی دووهەمی دەستوور جەلەسەی پلنۆم، بریتی بوو لە پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵە بە پلنۆم. ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکانی هەڵبژێردراوی پلنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە پێشکەش کران، ڕاپۆرتی بەشی تەشکیلاتی عەلەنی جێگیر لە هەرێمی کوردستان، تەشکیلاتی شوێنی کار و ژیان ( تەکش)، نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و کوردستانی عێراق، تەلەویزیۆن و ڕاگەیاندن و هەروەها بەشی ماڵیی لەخۆ گرتبوو کە تیایاندا بەشێوەکی ورد باس لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم دەورەیەی کار و چالاکییەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە کرابوو.

پلنۆم پاش بیستنی ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، لەسەر هەموو تەوەرەکان بە تێروتەسەلی قسەوباسی کرد. لە قسەوباسەکاندا بەشێوەیەکی گشتی جەخت کرایەوە لەسەر نەهێشتن و چارەسەرکردنی کەم و کوڕییەکانی کار، باشترکردنی شێوەکار و چالاکییەکانی ڕۆژانە، بوونی بوار و بەستێنی گونجاو لە کۆمەڵگا بەمەبەستی پەرەسەندن و بەربڵاوتر بوونی چالاکییە حیزبی و جەماوەرییەکان و نەهێشتنی بەربەستەکان لەم  بوارەدا، پەرەپێدان و بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و  خۆ ئامادە کردن بۆ بەرەوەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەرێک لە بارودۆخی سیاسی ئێران و بەتایبەت بارودۆخی ئاڵۆز و ناڕوونی عێراق و  هەروەها بوونی هێزی عەلەنی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی ماڵیی کۆمەڵە.

بەشێکی تری دەستوور جەلەسەی پلنۆم، ئامادەکاری کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چۆنیەتی ڕێبەریی و هیدایەت کردنی حیزب تا کاتی بەڕیوەچوونی کۆنگرەی ١٣ی حیزب بوو. لەم بوارەدا پلنۆم:

یەکەم، لە درێژەی پەسەندکراوەکانی کۆنفڕانسی ١٣ی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵەدا، جارێکی تر پێویستی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی وەبیر هێنایەوە و جەختی لەسەر کردەوە.

دووهەم، پلنۆم کۆمیتەیەکی ١٣ کەسی پێکهاتوو لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب کە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران جیا نەبوونەتەوە و لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و هەروەها لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات دیاری کرد و ئەرکی ڕێبەرایەتی کردنی حیزبی تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٣ پێ سپاردن. ئەم کۆمیتەیە هاوکات ڕاسپێردراوە کە لە زووترین کاتی مومکیندا ئامادەکاری بەڕێوەبردنی کۆنگرە ئەنجام بدات و پێداویستییە سیاسی، تەشکیلاتییەکانی دابین بکات.

پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە جەختی کردەوە کە ئەم کۆنگرەیە مەشروعییەتی خۆی لە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ڕەسمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەر دەگرێت.

لەبەشیکی تری دەستوور جەلەسەکانی پلنۆمدا بڕیارێک سەبارەت بە شێوازە ڕەسمییەکانی بەکارهێنانی ناوی کۆمەڵە بەم ناوەرۆکەی خوارەوە پەسەند کرا:

لەو ڕووەوە کە بەپێی بەندی ١٠ی ئەساسنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەهۆی ڕابردووی خەباتکارانە و خۆشەویستی و خۆشناویی و جێگە و پێگەی کۆمەڵە لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا، ناوی “کۆمەڵە” ناوێکی ڕەسمی و ئەساسنامەیی تەشکیلاتی کۆردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە و هەروەها لەو ڕووەوە کە لە پەیوەستی ئەساسنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا لەسەر بنەمای ماف و دەسەڵاتی تایبەتی کۆمەڵە پەسەندکراوی کۆنگرەی دامەزرێنەر لە خەرمانانی ١٣٦٢ی هەتاوی، کە تیایدا ناوی “کۆمەڵە” بە تەنیاییش بەکار بردراوە، پلنۆم جەخت دەکاتەوە کە ئەم ناوانەی خوارەوە:

کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

کۆمەڵە

کۆمەڵەی کۆمۆنیست

بەمەبەستی نوینەرایەتی و ناساندنی تەشکیلاتی کۆمەڵە لەکۆڕ و کۆمەڵ و ڕاگەیاندنەکاندا، ڕەسمی دەبێت.   

دوایین بەشی کاری پلنۆم بریتی بوو لە دابەشکاری ئەرکە ناوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە. بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە ماوەیەکی زۆر بەسەر بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵەدا تێپەڕ نەبووە ( کەمتر لە ٣ مانگ) و هەروەها بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە حەوتوویەک پاش کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە یەکەمین پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو، کە ئەرکی سەرکی بریتی بوو  دابەشکاری ئەرکە ناوخۆیییەکان و ڕێکخستنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و ئۆرگانە پێوەندیدارەکان، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە مەودایەکی کورت بەسەر کار و چالاکی ئۆرگانە ڕێکخراوەکاندا تێدەپەڕێت، پلنۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە،بەپیی ئەو دابەشکاری و ڕێکخستنانەی پێشوو، ماوەی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکانی تا پلنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە درێژ کردەوە و ئەرکی بەرەوپێش بردنی کار و چالاکییەکانی دەورەی داهاتووی تەشکیلاتی پێ سپاردن.

سەرئەنجام پلنۆمی دوهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە پاش دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ و بە ئاکام گەیاندنی دەستوور جەلەسە و ئەرکە دیاری کراوەکان، سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی

٤ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زاینی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی گیان لە دەستدانی هاورێ «یەدێ بیگلەری» سیمای ناسراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە دوازدەی کومیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-