بەمجۆرە بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە، پڵۆنۆمی دەیەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ٧ و ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٧ و ٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٦، بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و هەروەها هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و ژمارەیەک لە کارەکانی حیزب کە وەک چاودێر بانگهێشت کرابوون، بەڕێوە چوو.
پڵۆنۆمەکە بە سروودی ئینتەرناسیۆنال و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی پێکرد. بەرنامەی کاری پڵۆنۆمەکە بریتی بوو لە:
١– ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پڵۆنۆم.
٢– دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە.
٣– تاوتوێکردنی بڕیارنامە پێشنیارکراوەکان.
٤– دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە.
ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی لە پڵۆنۆمدا دوای باس و لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی گشتی پەسند کرا. بڕیار درا کە لە ماوەیەکی نزیکدا وەک بەڵگەنامەیەکی حیزبی کە دەبێتە بنەمای کار و چالاکییەکانمان تا پڵۆنۆمی داهاتوو، بڵاو بکرێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥
٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٦
