کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ بۆنه‌ی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

Screen Shot 2020 02 27 at 11.56.56 AM

Screen Shot 2020 02 27 at 11.56.56 AM

ئه‌وساڵ له‌ باروودۆخێكدا له‌ ٨ی مارس ڕۆژی هاوپشتیی نێو‌نه‌ته‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌ی ژنان نزیك ده‌بینه‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئه‌وه‌ سێهه‌مین چه‌رخه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ڕێ. له‌ مانگ و حه‌فته‌كانی ڕابردوودا جیهان شایه‌تی ڕاپه‌ڕین و ئاخێزی جه‌ماوه‌ریی به‌رین له‌ شیلی، ئێكوادۆر، كۆلۆمبیا، پۆرتۆریكۆ، هائیتی، گینه‌، قه‌زاقستان، ئه‌لجه‌زایه‌ر، سوودان، كاتالۆنیا، عێراق و ئێران بوو. خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی و درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جلیقه‌زه‌رده‌كان بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ واقعیه‌تی سیاسیی فه‌ڕانسه و ڕێگای په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و جۆره‌ ڕاپه‌ڕینانه‌ی به‌ره‌و وڵاتانی ئۆرووپایی خۆش كردووه‌‌.  لە هێند ، پتر لە ٢٥٠ ملیۆن کرێکار و کارمەند، لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتە ئابووریەکانی دەوڵەت و سپراردنی کۆمپانی و ناوەندە دەوڵەتیەکان بە بەشی خسووسی، گەورەترین مانگرتنی جیهانیان بەڕێوەبرد. لە لایەکی دیکەشەوە شایەتی بزووتنەوەیەکی بەرینین بۆ دیفاع لە ژینگە، بزووتنەوەیەک کە عەزمی جەزم کردووە، ژینگە بپارێزێت و بیسپێرێتە نەسەلەکانی دوای خۆی. ‌له‌ هه‌مووی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسیانه‌دا، ژنان له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانن له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ركوتگه‌ری ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داریه‌كان.

به‌شداریی شكۆداری ژنان له‌و خه‌باته‌دا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنان ته‌نیا قوربانیانی نابه‌رابه‌ریی و ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی نین، به‌ڵكوو ئه‌وان له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و په‌یوه‌نده‌ چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ده‌به‌نه‌ ژێر پرسیار‌، كه‌ سته‌م له‌ ژنی له‌ ناخی كۆمه‌ڵگا خستووه‌. ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ عێراق و لۆبنان، له‌ ئه‌لجه‌زایه‌ر و سوودان و حزووری پڕجۆش و خرۆشی ژنان له‌و ئاخێزانه‌دا و تێپه‌ڕین له‌ تاقم گه‌رایی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی، شنه‌ی ڕزگاریی ژن و مه‌یل به‌ره‌و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی وه‌ڕێ خستووه‌. ژنان له‌و بزووتنه‌وانه‌دا به‌ بوێریه‌كی كه‌م وێنه‌وه‌ كه‌ له‌ خۆیان نیشانیان داوه‌، ده‌ورونه‌خشێكی سه‌مبۆلیكیان په‌یدا كردووه‌‌. له‌ بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی سووریه‌دا‌، ژنان به‌ به‌شداریی چالاكانه‌یان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی خه‌باتدا و به‌ بوێرییه‌كی شایه‌نی ستایشه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی خۆڕاگرانه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنانی وه‌ك داعش و فاشیزمی ئه‌ردۆغان، گۆشه‌یه‌كی دیكه‌یان له‌ پۆتانسیه‌لی مه‌زنی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌پێناو ڕزگاربوون له‌ په‌یوه‌نده‌ زاڵه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نیشان دا. 

له‌ ئێرانیش ژنانی ئازاده،‌ ده‌مێكه‌ ڕێگای به‌شداریی سیاسیی خۆیان له‌  خه‌باتی لێبڕاوانه‌ له‌گه‌ڵ گشت ڕژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی، ده‌بینن. ئه‌مڕۆكه‌، ژنانی ئێران له‌ ڕیزی خه‌باتی كرێكاران، له‌ ڕیزی خه‌باتی سه‌رتاسه‌ریی موعه‌لیمان، خانه‌نشینان و خوێندكاران و له‌ ڕیزی خه‌بات دژبه‌ له‌ناوچوونی ژینگه‌ و له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و به‌تایبه‌ت ئاخێزی سه‌رتاسه‌ریی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و له‌ بواری خۆڕاگری له‌ ناو زیندانه‌كان و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌ و هێندێك جار له‌ كه‌مپه‌ینی شكت دانی نومایشی هه‌ڵبژاردنی ڕژیم، له‌ هه‌مووی ئه‌و بواره‌انه‌دا وه‌ك پێشڕه‌و ده‌ركه‌وتوون و نموونه‌ی به‌رچاوی بوێریی شۆڕشگێڕانه‌ و سه‌رسه‌ختی بوون له‌ به‌دواداچوونی خواسته‌ ڕه‌واكانیاندا. به‌شداریی به‌رینی ژنان له‌ مه‌یدانی نه‌به‌رد، كاریگه‌ری و ده‌ور و نه‌خشی ئه‌وانی له‌سه‌ر‌ هه‌موو گۆڕانكاریه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، خستووه‌ته‌ ڕوو.

له‌ ئێستادا  و پاش گۆڕانكاریه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئاراسته‌ی تێپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كۆماری ئسیلامی ڕۆیشتووه‌، بز‌ووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ ڕێگای پێشڕه‌ویی خۆیدا زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك كه‌وتووه‌ته‌ پێگه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان دوو ئاسۆی جیاوازدا، دوو بژارده‌ی سیاسی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ دوو چنیی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگای ئێران، واته‌ بورژوازی یان چنینی كرێكار، سه‌رمایه‌داری یان سۆسیالیسم. بزووتنه‌وه‌ی ژنان ئه‌گه‌ر نه‌یهه‌وێ هێزه‌ مه‌زنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی ببێته‌ هێزی پاشكه‌وتی “لیبڕالیسم“ی بورژوازیی لایه‌نگری ڕۆژئاوا له‌ ئێران بۆ تێپه‌ڕینی ئارام له‌ كۆماری ئیسلامی و ده‌ست به‌ ده‌ست كردنی دسه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه‌، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یهه‌وێ خواسته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ببنه‌ قوربانیی به‌ند و به‌ستنی ئه‌و ڕه‌وتانه‌ كه‌ له‌ سه‌رووی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌ ده‌خاڵه‌تی زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌داری پشتیان به‌ستووه‌، ڕێگایه‌كی بێجگه‌له‌ گرتنه‌به‌ری ستراتێژی یه‌كگرتوویی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكار و باقی بزووتنه‌وه‌ پێشڕه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نییه‌. بزووتنه‌وه‌ی ژنان ته‌نیا به‌ گرتنه‌به‌ری ستراتێژی سیاسی سۆسیالیستیه‌ كه‌ ده‌توانێ پاشه‌كشه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی و كرانه‌وه‌كان له‌ كه‌ش و هه‌وای سیاسی كۆمه‌ڵگادا له‌‌ خزمه‌ت پێشڕه‌وی له‌ پێناو وه‌دی هاتنی خواسته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانیدا به‌كار بێنێت.

یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ستراتێژی سۆسیالیستیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه‌ له‌ ڕاستیدا پێش مه‌رجی پێشڕه‌ویی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌شه‌، جه‌ماوه‌ری بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان ببێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنیدا بێنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌. به‌شێكی به‌رین له‌و كۆمه‌ڵه‌ ملیۆنیه‌ی ژنان دیلی بێ مزدی كاری ناو ماڵن یان له‌ مه‌زراكاندا خه‌ریكی كارن. ئه‌و به‌شه‌ له‌ ژنان، ئه‌گه‌رچی پایه‌ی سه‌ره‌كیی دابین كردنی بژێوی بنه‌ماڵه‌كانن، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی خۆیان بێبه‌رین و هیچ جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی ئابوورییان نییه‌. یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئایینی دژبه‌ ژن، هه‌ر به‌و نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مانه‌تی ئیجرایی په‌یدا كردووه‌. سووكایه‌تیی به‌رده‌وام به‌ ژنان و كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی پیاومه‌زنی و یاساكانی پارێزه‌ریان، به‌ پشت به‌ستن به‌و به‌ستێنه‌ مادییانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا كه‌وتوونه‌ته‌ كار. كه‌وابوو بۆ هێنانه‌ مه‌یدانی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنی و كاری ڕیشه‌یی كردن دژبه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی ئایینی و پیاومه‌زنانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، پێویسته‌ لێبڕاوانه‌ له‌سه‌ر پێداویستیه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی ژنان و خواست و داخوازیه‌ ڕه‌فاهیه‌كانیان پێداگری بكرێت. هه‌ڵسووڕاوانی سۆسیالیست له‌ ئێران پێویسته‌ كار و چالاكی له‌ناو جه‌ماوه‌ری ملیۆنیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بكه‌نه‌ میحوه‌ری چالاكیه‌كانی خۆیان. پێویسته‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رین و بێ مافه‌‌ بكرێته‌ ئامانجی چالاكیی وشیارانه‌ و ئه‌و ڕاستیه‌ بۆیان بكه‌وێته‌ ڕوو كه‌ سۆسیالیسم نه‌ته‌نیا خاوه‌ن هه‌ڵوێستی واقعیه‌ له‌و بواره‌دا به‌ڵكوو سه‌رڕاست ترین ڕێگای وه‌دی هاتنی خواسته‌كانیانیشیان پێ نیشان ده‌دا.

بۆ به‌ره‌وپێش بردنی وه‌ها كارێكی مه‌زن پێویسته‌ سوننه‌ته‌ كۆمۆنیستیه‌كان به‌هێزتر بكرێن. پێویسته‌ وشیاری و ئاگاداربوون له‌ ڕیشه‌ چینایه‌تیه‌كانی سته‌م له‌ ژنان په‌ره‌ی پێبدرێت، پێویسته‌ له‌ شوێنه‌كانی كار و له‌ په‌راوێزی شاره‌كان و له‌ شوێنی ژیانیاندا له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رینه‌ ئاوێته‌ بین و پێیان نیشان بدرێ كه‌ به‌ بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نیزامی چینایه‌تیی سه‌رمایه‌داری و به‌ بێ كردنه‌ ئاسۆی سۆسیالیسم، ناكرێ خه‌باتێكی كاریگه‌ر و به‌ته‌وژم دژبه‌ كلتووری پیاومه‌زنانه‌ و یاسا دژه‌ ژنه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌و پێش بڕوات. پێویسته‌ ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ئاگاداری ئه‌وه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كردنی به‌ستێنه‌ ئابووری و مادییه‌كانی یه‌كسانیی مافی ژن و پیاو، ڕاسته‌وخۆ له‌ گره‌وی هێرش بردن بۆ سه‌ر چوارچێوه‌كانی خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌تی سه‌رمایه‌داری  دایه‌. هه‌ربۆیه‌ لیبڕالیسمی بورژوایی ئێران و هه‌موو ئه‌و حیزب و هێزه‌ بورژوا ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی‌ كه‌ چوارچێوه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌ت به‌لایانه‌وه‌ پیرۆزه‌ و پارێزه‌ری‌ باروودۆخی زاڵن، ته‌نانه‌ت ناتوانن ئه‌و به‌رابه‌ریی مافی ژنه‌ی كه‌ له‌ به‌رنامه‌ و پلاتفۆرمه‌كانی خۆیاندا باسی لێده‌كه‌ن، بێهێننه‌ دی.

هه‌ر ئه‌و ڕاستیانه‌ی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ مه‌سیری خه‌بات بۆ وه‌دی هاتنی خواسته‌كانیان و ده‌ست بردن بۆ ڕیشه‌كانی بێ مافی و سته‌می سه‌ر خۆیان به‌ره‌و یه‌كگرتوویی ستراتێژیك له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ده‌بات. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ پێی ماهیه‌تی خواسته‌كانی، ڕێگایه‌كی بێجگه‌له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خه‌بات دژبه‌‌ سه‌رمایه‌داری و  سه‌رئه‌نجام تێكه‌وه‌ پێچانی بارگه‌ و بنه‌ی پرتووكاو و زاڵمانه‌ی ئه‌و نیزامه‌ نییه‌.

پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی خه‌باتی ژنان

بڕووخێ ڕژیمی كۆماری ئسلامی

بژی ئازادی، به‌رابه‌ری، حكوومه‌تی كرێكاری

كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

٧ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٨ی هه‌تاوی

٢٦ی فێوریه‌ی ٢٠٢٠ی زایینی