کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ( بەشی دووهەم و کۆتایی)

ئاخێزی بەهێزتر لە ڕێدان

ئاڵوکۆڕەکانی ئەم مانگانەی دوایی لە کوردستان و خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵک لە بوارە جۆراو جۆرەکانی خەباتدا دەرخەری ئەوەیە کە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان هەروا پوتانسیەل و زەرفیەتی خۆی بۆ بەهێز کردنی بزوتنەوەی سەرتاسەری پاراستوە. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار و هاوسەنگیەکی نوێ کە بە قازانجی بەرەی خەباتی خەڵک بەدی هاتووە بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیشی خستۆتە موقعیەتێکی گونجاو ترەوە بۆ بەرەو پێشەوە چوون. لە کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی نفوز و ئیعتیباری کومونیزم و بە سەرنجدان بەوەی کە کۆمەڵە بە پشت بەستن بە تەیفیکی بەرین لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و خەباتکارانی سیاسی کە لە جەریانی چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا لەگەڵ یەکتر ئاشنا بوون و پەیوەندییان بەیەکەوە گرتوە، دەورێکی یەلاکەرەوەی لە ڕێبەریی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا هەیە و كۆمه‌ڵه‌ هه‌روه‌ها دەتوانێ نه‌ ته‌نیا بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی سەرتاسەریدا زەمانەت بکات، بەڵکو دەتوانێ ڕۆڵی ئۆلگویەکی پێشڕەو و ڕادیکاڵیش لە ڕاستای ئاڕاستە کردنی بزوتنەوەی سەرتاسەریدا بنوێنێ. ئەنجامدانی ئەم ڕیسالەتە لەم دەورەیەدا لە گرەوی پەرەگرتن و ڕێکخستنی تۆڕ و شەبەکە و تەشکیلاتە حیزبیەکان لە شوێنەکانی کار و لە نیوخۆی شارەکانی کوردستان دایە.

یەکێکی تر لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی کوردستان، پێکهاتنی ناوەندی هاوکاری حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی ئێرانە. پێکهاتنی ئەم ناوەندە و تەوافوقیان لەسەر ئاڕاستەی بەرنامەیی و ئیستراتیژیکی و هاوکاری بۆ دروست کردنی بەرەی کوردستانی لە کۆمەڵگایەکی تەحەزوبیافەتەی وەک کوردستاندا لەم ڕوەوە کە ڕیزبەندی خەباتی سیاسی لە کوردستان رۆشن تر دەکاتەوە، دەتوانێ لەباری مێژووییەوە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بێت. هەروەک ئەوەی کە گەلێک جار ڕاگەیەندراوە کۆمەڵە بە هۆکاری ناکۆکی ئیستراتیژیک لەم جۆرە یەکێتیە پایەدارانە و لە پرۆسەی پێکهێنانی بەرەی کوردستانیدا بەشداری ناکات. لە هەمانحاڵدا کۆمەڵە لە چوارچێوەی سیاسەتە پەسندکراوەکانیدا مناسبات و هاوکاری خۆی لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان درێژە پی ئەدات. هەروەها پێویستە کۆمەڵە ئیبتکاری عەمەلی کۆکردنەوەی سەرجەم هێزە چەپە چالاکەکان لە کوردستان بۆ شکڵدان بە جەمسەرێکی چەپی کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرێت.

ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر نیشانی دا کە بزوتنەوەی کومونیستی و حیزبی کومونیستی ئێران وەک بەشێک لەم بزوتنەوەیە لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ روداوە سیاسیە گرنگەکانی وەک ئاخێزەکانی ئەم دواییە و بۆ نواندنی نەخش و ئاڕاستە کردنی ئەم بزوتنەوانە تا چ ڕادەیەک نا ئامادەیە. ئەم ئەزمونە جارێکی دیکە نیشانیدا کە رۆشن بینی سیاسی لە لێکدانەوە و بەیانی بارودۆخەکە و ئاڕاستەی ئیستراتیژیکی درووست بە تەنیا بۆ کاریگەری دانان لەسەر رووداوە سیاسیەکان بەس نییە، بەڵکو بوونی تەشکیلاتێکی بەرین و ڕێکوپێکی حیزبی یەکێک لە پێش مەرجەکانی نواندنی دەورێکی کاریگەرە لەم قۆناغەدا. دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە بوونی چەند حەوزەی حیزبی لەم شار یان لەو شار کارێکی ئەوتۆیان لەدەست نایەت و دەبێ ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی بەریندا بەرەو چالاکی حیزبی و سازمانی ڕابکێشرێن. لە بارودۆخی ئیستادا کە فەزای گشتی کۆمەڵگا و ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکاریەکان بوارێکی گونجاوتری بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کرێکاران بۆلای ئاڵوگۆڕی سیاسی فەراهەم کردوە دەبێ پەرەگرتنی تەشکیلاتی حیزبی لەنێو کرێکاراندا لە گرنگ ترین ئەولەویەتەکانی هەڵسوڕانی ئێمە بێت. لەم دەورەیەدا دەبێ هەوڵبدرێت بەسەر ئەم خاڵە لاوازانەدا زاڵ بین. لە لایەکی دیکەوە هێزە چەپ و کومونیستەکان دەبێ بتوانن لە ئێستاوە بوارەکانی پەرەدان بە کاوکاریەکانیان فەراهەم بکەن و بتوانن لەدەوری مەنشورێکی سیاسی و متالباتی کە روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە مێحوەریدا قەراری گرتبێت لەیەکتر نزیک ببنەوە. پەرگرتنی هاوکاریەکان لە دەوری وەها مونشورێک دەتوانێ بواری سیاسی و ڕەوانی گونجاو تر بۆ ئیتیحاد عەمەلی گرایشاتی جۆراو جۆری چپ لەنێو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا لە ئێران فەراهەم بکات. تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران ده‌بێ سەرجەم زەرفیەتەکانی لە ڕاستای بەرەو پێش بردنی ئەم هاوکاریانەدا بخاته‌ کار.

کۆمیتەی ئیجرایی حیزب لە ڕاپۆرتی سیاسی خۆیدا جەختی کردەوە کە هێرشی سەربازی بەرینی دەوڵەتی ئیسلامی تورکیە بۆسەر عەفرین و بۆمباران کردنی شار و دێهاتەکانی ئەو ناوچەیە بۆتە بەشێکی جیا نەکراوە لە سیاسەتە میلیتاریستیەکەی بۆ تێکشکاندنی بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی تورکیە. دەوڵەتی تورکیە ئەزمونی خۆبەڕیوەبەریی دیموکراتیک لە هەرسێ کانتۆنەکە، بە یاسایی کردنی یەکسانی ژنان و پیاوان و فەراهەم کردنی زەمینە بۆ بەشداری بەرینی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا، دابین بوونی بە یەکەوە ژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیکی نەتەوە و مەزهەبە جۆراو جۆرەکان لەسەر بنەمای هۆویەت و ناسنامەی ئینسانی، بوونی رۆژئاوا بە پەناگایەکی ئەمن بۆ هەزاران سورییه‌ی ئاوارە و ئاموزشدان و چەکدار کردنی جەماوەر بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانەی بەردەوام وەک دڕکێک لە چاوی خۆیدا بینیوە و بۆ شکست پێهێنانی ئەم ئەزمونە لە هیچ جەنایەتێک سڵی نەکردۆتەوە. جەریانی ئێمە بەردەوام پشتیوانی لە بزوتنەوەی مافخوازنەی رۆژئاوا و دەستکەوتەکانی لەبەرانبەر دەوڵەتی تورکیە و باقی دەژمنانی ڕەنگاوڕەنگیدا کردوە و ئێستاش پشتیوانی لە بزوتنەوەی خۆڕاگری و مافخوازانەی عەفرین لەبەرانبەر هێرشی نیزامی دەوڵەتی ئیسلامی تورکیە و لە بەرانبەر سیاسەتە ڕیاکارانەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا و روسیە و هاوپەیمانەکانیان دەکات. هێرشی نیزامی تورکیە بۆسەر عەفرین و هەڵوێستی ڕیاکارانەی دەوڵەتانی روسیە، ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەریدا، ئەو دەرس و ئەزمونەی بۆ خەڵکی رۆژئاوا و خەڵکی ناوچەکە تێدایە کە ئەوان نابێ لەسەر پشتیوانی زل هێزە سەرمایەداریە جیهانیەکان و ڕژیمە کۆنەپەرستە ناوچەییەکان حیساب بکەن. لە بەرانبەر ئەم هێرشە نیزامیە و سیاسەتی ڕیاكارانه‌ی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا، خاڵی بەهێز و ڕەمزی سەرکەوتنی بزوتنەوەی خۆڕاگریی عەفرین لە جەماوەری بوونی دایە. خەڵکی ئەم ناوچەیە سەربەخۆ لە نەتەوە و مەزهەب و جنسیەت لەم خۆڕاگریە جەماوەریەدا بەشدارن. ئەم بزوتنەوەیە بەهۆی ئەم جەماوەری بوونەی و بە هۆی ڕەوا بوونی ئەو دەستەکەوتانەی کە دیفاعیان لێدەکەن زەرفیەت و قابیلیەتی ئەوەی هەیە کە دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆش بەچۆکدا بێنێت.

کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشی ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، ڕاپۆرتی کارو چالاکی کۆمیتە تەشکیلاتیەکانی نێوخۆ، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب، شەبەکەی تەلەویزیۆن و ڕادیۆی حیزب، دەفتەری پێوەندی نێونەتەوەیی و بڵاو کراوەکانی حیزبی خستە بەرباس و هەڵسەنگاندن و وێڕای ڕەخنە لە کەموکوڕیەکان جەختی لەسەر ئاڕاستەی چالاکیەکانی داهاتوی ئەم ئۆرگانانە کردەوە. کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسی پێوەندیدار بە تەقسیم کار و ئاڕایشی نێوخۆیی کۆمیتەی ناوەندی، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی نۆژەن کردەوە و یان لەجێی خۆیان داینانەوە. پلینۆم هەروەها لە بەشی کۆتایی کارەکانیدا و دوای پێڕاگەیشتن بە قەرار و قەتعنامە پێشنیار کراوەکان، بە ئامانجی هیدایەت کردنی چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حیزب لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا، کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی لەجێی خۆی دانایەوە.

 

کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کومونیستی ئێران
مانگی ڕەشەی ١٣٩٦
مارسی ٢٠١٨

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-