کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چینی كرێكاری جیهان، دژوارترین “ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی” ته‌مه‌نی خۆی تێپه‌ڕاند

download

download

چینی كرێكار له‌ ئاست جیهاندا، ڕۆژی ڕابردوو له‌ باروودۆخێكدا به‌ره‌وپیری ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، هێمای یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی جیهانیی كرێكاران، ڕۆیشت كه‌ بێجگه‌له‌ كاره‌ساتی قه‌یرانی ئابووریی نیزامی سه‌رمایه‌داری، له‌گه‌ڵ دواهاته‌كانی وێرانكه‌ری ویرووسی كۆرۆناش به‌ره‌وڕوو بوو. ئه‌مساڵ، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه‌ و خۆپاراستن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌دا، كرێكاران له‌ وڵاتانی جیهان نه‌هاتنه‌ سه‌ر شه‌‌قامه‌كان و مارشه‌ شكۆداره‌كانی ئه‌وڵی مانگی مه‌ی، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی و ناڕه‌زایه‌تی جیهانی  چینی كرێكاریان دژبه‌ نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌ڕێوه‌نه‌برد، به‌ڵام پتر له‌ ساڵانی ڕابردوو‌ مانا و ناوه‌رۆكی دژه‌ مرۆیی و ناڕه‌وابوون و بێ تواناییی ئه‌م نیزامه‌یان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا بۆ وه‌ده‌ركه‌وت و مه‌شخه‌ڵی تووڕه‌یی و نه‌فره‌تیانی زیاتر گه‌شانده‌وه‌. ئه‌وان نابه‌رپرس بوونی نیزامی سه‌رمایه‌دارییان له‌ ئاست پاراستنی سڵامه‌ت و گیانی ئینسانه‌كان بینی. كرێكاران بۆ جارێكی دیكه‌ دیتیان كه‌ له‌ پیوه‌نده‌‌كانی زاڵمانه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داریدا، دواهاته‌كانی كۆرۆنا و هه‌موو به‌ڵایه‌كی سرووشتیی دیكه‌، به‌ر له‌ هه‌مووان و پتر له‌ هه‌ر هه‌مووان یه‌خه‌ی ئه‌وان ده‌گرێت و ژیان و گوزه‌رانیان ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٠ی گوڵان و دوو ڕۆژ به‌ر‌ له‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار، ڕێكخراوی جیهانیی كار له‌ ڕاپۆرتێكیدا ڕایگه‌یاند: “ژیان و گوزه‌رانی یه‌ك ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن ژن و پیاوی كرێكار له‌ ئاست جیهاندا به‌هۆی بێكاری‌، كه‌وتووه‌ته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌. كرێكاران كه‌ یه‌كه‌مین قوربانیانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنان و كاری خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، له‌ هه‌موو جۆر سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی دیكه‌ و بێمه‌ی بێكاری و ته‌ندرووستی بێبه‌رین و له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی برسیه‌تیی به‌ره‌وڕوون“. ئه‌م ڕاپۆرته‌ هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌كانی ڕابردوودا باروودۆخه‌كه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ خراپتر بووه‌ و له‌گه‌ڵ داخران و نابووت بوونی پتر له‌ ٤٠٠ ملیۆن بۆنگا و ناوه‌ندی چكۆله و مامناوه‌ند، پتر له‌ یه‌ك ملیارد مرۆڤیش كاره‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌ و وێڕای بنه‌ماڵه‌كانیان به‌ره‌وڕووی هه‌ژاری و ده‌ست كورتی بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ڕاپۆرتی ڕێكخراوی جیهانیی كاردا هاتووه‌ به‌شێك له‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و بێبه‌ش له‌ ئاست جیهاندا له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووه‌. پانتایی هه‌ژاری و برسیه‌تی جیهانیی ئه‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ كاتێك زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌م یه‌ك ملیارد و ٦٠٠  ملیۆن ژن و پیاوه‌، ته‌نیا نان ده‌رهێنه‌ری بنه‌ماڵه‌كانیان بوون. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌مانه‌، ئاماره‌كانی ڕێكخراوی جیهانیی كار به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌ته‌كان ئاماده‌ ده‌كرێن‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ ڕاستیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا زۆر لێك دوورن.  به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانێك وه‌كوو ئێران كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگ، هه‌موو ئامار و ڕاپۆرته‌كان نه‌ك به‌ پێی ڕاستیه‌كان، به‌ڵكوو به‌ پێی تێبینییه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌تیه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نێ.

به‌ڵام كێشه‌ و گرفتی كرێكاران له‌ ئێران، ته‌نیا دواهاته‌كانی قه‌یرانی ویرووسی كۆرۆنا نین‌. به‌ڵكوو باقیی قه‌یرانه‌ پێكهاته‌ییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سه‌رمایه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا له‌ په‌نا گه‌مارۆ و دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات‌، ژیان و گوزه‌رانی كرێكارنیان كردووه‌ته‌ ئامانج، ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ خوڵقاندنی كێشه‌ و بێ مافیه‌كاندا بووه‌. ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیسی كۆنه‌په‌رستی ڕژیم، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر دانی به‌وه‌ دانا كه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ به‌هۆی دواهاته‌ ئابووریه‌كانی ویرووسی كۆرۆنا له‌ ئێران، پتر له‌ ٦ ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار كه‌سی دامه‌زراو، پیشه‌كانی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. كه‌وابوو ملیۆنان كه‌س له‌ كۆمه‌ڵگای ٤٠ ملیۆن كه‌سیی بنه‌ماڵه‌ كرێكاریه‌كان كه‌ له‌ ڕاستیدا خاوه‌نی ده‌ریایه‌كن له‌ سه‌ر‌چاوه‌ی سرووشتی، له‌ هه‌ژاری و برسیه‌تیدا گرفتار ده‌بن.

وڵامی ڕژیمی ئیسلامی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ و خواستی كرێكاران، سه‌پاندنی باروودۆخی فه‌لاكه‌تبارتر بووه‌‌ به‌سه‌ر كرێكاران و باقی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركوت و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌وه‌. بێ گومان، به‌له‌به‌رچاوگرتنی داڕماوییه‌ ئابوورییه‌كه‌ی، ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر دواهاته‌كانی قه‌یرانی كۆرۆناشدا، ڕێگایه‌ك بێجگه‌له‌ سه‌ركوت ناگرێته‌ به‌ر. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێرانیش ده‌ست له‌سه‌ر‌ ده‌ست دانانێن و ڕێگه‌ ناده‌ن ئه‌م ڕژیمه‌ جه‌نایه‌تكاره‌ ژیان و چاره‌نووسی ئه‌وان فیدای به‌رژه‌وه‌ند و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دژه‌ مرۆییه‌كه‌ی كات.

ڕێكخراو و هه‌ڵسووڕاوانی سه‌ربه‌خۆی كرێكاری و باقی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌ وه‌ك نوێنه‌رانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كۆمه‌ڵگا، له‌ به‌یانییه‌ هاوبه‌ش و تاكه‌كه‌سیه‌كاندا، كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌وڵی مانگی مه‌ی ئه‌مساڵدا بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، جیدیتر له‌ ساڵانی ڕابردوو له‌سه‌ر درێژه‌ی خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌ ئابووری و چینایه‌تیه‌كانی خۆیان پێداگریان كردووه‌. ئه‌وان نیشانیان داوه‌ كه‌ سه‌ركوت و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌وان له‌ په‌یگیر كردنی خواسته‌ سه‌ره‌كیه‌كان پازگه‌ز كات. ڕێكخراو و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌وڵی مانگی مه‌یدا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراو و به‌یانییه‌كانی خۆیاندا خوازیاری زیاد كردنی حه‌قده‌ست به‌ پێی هه‌زینه‌ سه‌به‌دی بژێو و ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم، دابین كردنی بیمه‌ بێكاری و مافی به‌ڕێوه‌بردنی ناڕه‌زایه‌تی و كۆبوونه‌وه‌ و مانگرتن بوون. ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی خواستی پیشه‌یی خۆیان و باقی زه‌حمه‌تكێشانی ناو كۆمه‌ڵ، داخوازیه‌ سیاسی و چینایه‌تیه‌كانی خۆشیان ده‌ربڕیوه‌ و خوازیاری ئازادیی ڕێكخراو و چالاكیی سیاسی و هه‌ڵوه‌شانده‌نه‌وه‌ی داسه‌پاندنی حیجابی زۆ‌ره‌ملی و كۆتایی هێنان به‌ دیارده‌ی كۆڵبه‌ری و كارتۆن خه‌وی و گۆڕ خه‌وی بوون. ئه‌وان هه‌روه‌ها خوازیاری به‌ ڕه‌سمی ناسینی ڕۆژی جیهانیی كرێكار، ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن و ڕۆژی خوێندكار و موعه‌لیم بوون و له‌سه‌ر ئازادیی هه‌موو كرێكاران و موعه‌لیمان و چالاكانی مه‌ده‌نی و سیاسیی به‌ندكراو و هه‌روه‌ها له‌وه‌ش گرینگتر، لێبراوانه‌ له‌سه‌ر پێویستیی ڕێكخراو بوونی كرێكاران وه‌ك ئامرازی پێویست بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ گشت خواسته‌كانیان، پێداگریان كرد.

بێ گومان، له‌ ده‌ورانی پاش كرۆنادا، جیهان به‌گشتی و وڵانێك وه‌كوو ئێران به‌تایبه‌تی، كه‌ هه‌تا ئێستا ڕژیمی ئیسلامی بۆ درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌ستی داوه‌ته‌ كوشتار و سه‌ركوت و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌،  شایه‌دی گۆڕانكاریه‌كی ڕیشه‌یی و لێكهه‌ڵوه‌شانی ئابووری ده‌بێت. ئه‌م باروودۆخه‌، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ترسی خستووه‌ته‌ ناو دڵی حاكمانی سه‌رمایه‌وه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا ته‌نیا بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و سۆسیالیستیی یه‌كگرتوو و ڕێكخراو، به‌ ستراتێژ و ئاراسته‌ی چینایه‌تیه‌وه‌، ده‌توانێ له‌م گۆڕانكاریه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا، ده‌ور و نه‌خشی مێژوویی و چاره‌نووس سازی خۆی بنوێنێ و كۆمه‌ڵی مرۆڤ له‌ هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت و دیلیه‌تی نیزامی سه‌رمایه‌داری ڕزگار كات.