کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چوارشەممە سوری شۆڕش!

  ئێوارە و شەوی سێشەممە بەرابەر بە ٢٣ ی مانگی ڕەشەمە چوارشەممە سوری ئاخەری ساڵی ١٤٠١ ی هەتاوی بوو. لەگەڵ تاریک بوونی هەوا، گەلێک ڕێوڕەسمی گەورە و شکۆدار لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران، بەتایبەت لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی تاران، زەنجان، مەشهەد،کوردستان و ئازەربایجان بە کردنەوەی ئاگر و تەرەقە بازی و هەڵپەڕین و دەربڕینی شادی دەستی  پێکرد.  لە شارە جۆراوجۆرەکان لەوانە لە شارەکانی سنە، سەقز و مهاباد خەڵکی ناڕازی لە کاتی دەربڕینی شادیدا لەلایەن سەرکوتگەرانی ئیسلامیەوە هێرشیان کرایەسەر. خەڵکی ناڕازی بەرەنگاریان بوونەوە و بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون لانیکەم ١٥ کەس بریندار و چەند کەسیش دەستبەسەر کراون.

  چوارشەممە سوری ئەمساڵ بەراورد بە گشت مەڕاسمەکانی هاوشێوەی ساڵەکانی تەمەنی حکومەتی ئیسلامی جیاواز، سیاسی تر و پڕشورتر بوو. لە ڕۆژی ٢٥ ی مانگی خرماناندا بوو کەژینا ئەمینیکچێکی لاوی خەڵکی سەقز لە تاران بە حوکمی حکومەتی و پشت بەستن بە یاسای بنەڕەتی مەزهەبی، پیاوسالار و دژی ژن، لەلایەن بەڕێوەبەرانیەوە واتەگەشتی ئیڕشادکوژرا. کۆمەڵگای ئێران بە ڕاپەڕینی خەڵکی ناڕازی لە گۆڕستانی ئاواییئایچیشاری سەقز، ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا بە دروشمی سەرەکی و گشتگیریژن، ژیان، ئازادییان دەستپێکرد. شۆڕشێک کە بە هۆی ناوەرۆکی دیموکڕاتیک و جەماوەری بوونی بە خێرایی نە تەنیا کوردستان و ئێران، بەڵکو ناوچەیی و جیهانیش بوویەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەموو شتێک لە ئێران گۆڕاوە. گرنگ ترین بابەت پەیوەندی حکومەت و خەڵکە کە ئاڵوگۆری گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە خۆیەوە بینیوە. شۆڕش سیمای کۆمەڵگای گۆڕیوە. ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە تایبەتمەندیەکانی هەموو شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتیە. گشت دیاردە و فاکتە عەینیەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەرخەری ئەم ڕاستیەن کە ئێرانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێرانی بەر لە شۆڕشی ئەم دواییە شیاوی بەراورد کردن نییە. ژنان کە لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردودا دژی ئینسانی ترین یاسا مەزهەبی و پیاوسالاریەکانیان تەحەمول کردوە و لە بەرانبەریدا تەسلیم نەبوون، ئێستا و بە شێوەی کرداری( نەک یاسایی) لە داوی ئەو یاسایانە ڕزگار بوون و بە بەرەکەتی ئەم ڕادەیە لە ئازادی ژن، کۆمەڵگاش هەست بە ئازادی و ڕزگاری دەکات. ئەو لاوانەی کە بەشێکی گەورەی هێزی کاری کۆمەڵن، بە لەسەرکار و بێکارەوە، بە شور و شەوقی لاوی و وزەیەکی بەرینەوە هاتونەتە سەر شەقامەکان و خەریکن تۆڵەی نەوەکانی پێشو لە ئیستبداد و حکومەتی فاشیستی دەکەنەوە. بۆنی ئازادی و ڕزگاربوون لە ستەم و سەرکوت، لە خەون و ئاواتی دورەدەست، بۆتە متالباتی هەنووکەیی و بەردەست. ژنان، لاوا، کرێکاران، مامۆستایان، چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵ، نەک ترسیان لە حکومەت هەبێت، بەڵکو ئەوان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر ترس و وەحشەت لە دڵی حاکماندا دەچێنن و پەرە پێئەدن. کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران تاو و یاوی ڕوودانی شۆڕشێکی بناغە هەڵتەکێنی کۆمەڵایەتی دایگرتوە.

  لە بەرانبەر بەرەی شۆڕشدا، دژی شۆڕشی ترس لێنیشتو لە شۆڕش لە حاڵی پاشەکشەی بەکردەوە دایە بە پاراستنی ڕواڵەتیبەهێزیەوە. نوێژی هەینیەکان بێ ڕەونەقن، هاوار و دەنگی ناڕەزایەتی خودیەکانی نیزامیش بۆتە مسابەقەی نێوانیان. هەڕەشە و نمایشە نیزامیەکان نە تەنیا هەستی غوروری میللی دروست ناکات، بەڵکو نەفرەتی زیاتری لە ڕژیم بە شوێنەوەیە. شۆڕش نەتەنیا لە گۆڕەپانی نێوخۆدا، بەڵکو لە کێشمەکێشە ناوچەیی و نێونەتەوەیه‌کانیش دا کۆماری ئیسلامی وادار بە پاشەکشەی ناچاری و دەست هەڵگرتن لە دروشمە ئیستراتیژیکەیهەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامیکردوە. پێکهاتن لەگەڵ عەرەبستانی سعودی، پاشەکشە لەبەرانبەر ڕۆژئاوادا و ئامادەیی بۆ سازان لەسەر بەرنامەی هەستەیی، لە ترس و وەحشەت لە پەرەسەندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و لێک هەڵوەشانی نیزامەوەیە.

  لە ناخی وەها بوردۆخێکدا، چوارشەممە سوری ئەمساڵ، ئاست و پەرەسەندنەکەی، سەرتاسەری و هاوئاهەنگیەکەی، دروشمە سیاسی و نیزام هەڵتەکێنەکەی، لەگەڵ هیچکام لە مەڕاسمەکانی چوارشەممە سوری بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و نیزامی پێشوش شیاوی بەراورد کردن نییە. لەم مەڕاسمانەدا، سەرەڕای ئامادەیی پێشوتری حکومەت، هۆشداری و هەڕەشە بەردەوام، بەرگرتن لە ئامادەبوونی خەڵک لە سەر شەقام و مەیدانی شارەکان، هەوڵی چەند مانگە بۆ ژاراوی کردنی قوتابخانەی کچان و دروست کردنی ترس و وەحشەت لەنێو بنەماڵەکان و کۆمەڵدا، کەم کردنەوە یان بڕینی ئینتێرنێت و لە گشتیان گرنگتر ئامادەباشی سەرجەم هێزە سەرکوتگەر و قاتڵەکانی، بە تایبەت هاتوچۆ پێکردنیان لەنێو شارەکاندا بە مەبەستی دروست کردنی ترس و وەحشەت و هەڕەشە و سەرکوت و کوشتار، خەڵک و بە تایبەت ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ و پڕ شوری نەتەنیا نەترساند و نەیناردنەوە بۆ ماڵ، بەڵکو ئەوانی زیاتر لەهەر کاتێکی تر هاندا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی شەقامەکان و نیشاندانی هێز و قودرەتی شۆڕش لە بەرانبەر دژی شۆڕشدا. بەم جۆرە شیدەتی توندوتیژی سەرکوتگەران وڕوداوەکانی چوارشەممە سوری شەوی ڕابردو نیشانیدا کە خەڵکی لە حاڵی شۆڕشدا، نیەتی پاشەکشەیان نییە و شۆڕش نە تەنیا کۆتایی نەهاتوە، بەڵکو خەریکی خۆ ڕیکخستنەوەی دەروونی و دەروەی خۆیەتی بۆ نەبەردێکی گەورە تر، ئاگاهانە تر و ڕێکخراوتر.

پێوستە کە شور و شەوقی چوارشەممە سوری ئەمساڵ بکەینە هەڵێنانەوەی هەنگاوێکی وشیارانە و ڕێکخراو بۆ بەڕێوەبردنی ڕێڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆز و درێژەی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیو ڕێزگرتن لە یاد وبیرەوەری سەرجەم گیانبەخت کردوانی ئەم شۆڕشە. چوارشەممە سوری شەوی ڕابردو، چوارشەممە سوری شۆڕش بوو. سەرکەوتو بێت شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی.”

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-