کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چه‌ند ده‌رسێك له‌ ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م دوایانه‌ له‌ ئێران به‌شی یه‌كه‌م

photo 2020 07 19 10 25 53

پاش تێپه‌ڕینی كه‌متر له‌ ٨ مانگ له‌ ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ی هه‌تاوی، شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ ٢٥ی پووشپه‌ڕ، شایه‌دی وه‌ڕێكه‌وتنی ناڕه‌زایه‌تی به‌رین له‌ چه‌ند شاری ئێران دژبه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و دژبه‌ هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تێك كه‌ ئه‌م ڕژیمه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای هێناوه‌، بووین. ئه‌وه‌یكه‌ شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ له‌ بێهبه‌هان و چه‌ند شارێكی دیكه‌ی ئێران شایه‌دی بووین، ڕووداوێكی له‌ناكاو نه‌بوو، به‌ڵكوو له‌ڕاستیدا، درێژه‌ی خۆڕسكی ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دواتری بوو. ئه‌گه‌رچی نه‌خۆشیی كۆرۆنا و گرفتار بوونی خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌، خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ ئاست ئه‌وه‌یكه‌ له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا ڕوویدا، له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگی چاره‌هه‌ڵنه‌گر به‌ره‌وڕوو كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌مووی ئه‌م باروودۆخه‌ كه‌ ئه‌وكات بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ جه‌ماوری خه‌ڵك له‌ ١٥٠ شاری ئێران بێنه‌ سه‌ر شه‌قام، نه‌ ته‌نیا وه‌ك خۆی به‌هێز ماوه‌‌، به‌ڵكوو له‌ئێستادا به‌ستێنه‌ بابه‌تیه‌كانی توندتریش بوونه‌ته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ هیچ شكێك له‌وه‌ دا نییه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تی، مانگرتن و ئاخێزگه‌لی شۆڕگێڕانه‌، له‌ داهاتوودا، به‌ مه‌ودایه‌كی زه‌مانیی كه‌متره‌وه‌ درێژه‌یان ده‌بێت. له‌و جه‌ره‌یانه‌دا، هه‌ر دوو به‌ره‌ی شۆڕش و دژه‌ شۆڕش كۆبه‌ندیی ئه‌زموونه‌كانیان ده‌كه‌ن و خۆیان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانی داهاتوو ئاماده‌ ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به‌وه‌یكه‌ دوژمن خه‌ریكه‌ خۆی بۆ ئاماده‌ ده‌كات، ده‌توانین له‌ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا بیده‌ینه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا،  هێشتا به‌ره‌ی شۆڕش نه‌یتوانیوه‌، ئه‌م ئه‌زموونانه‌ كۆبه‌ندی كات و بیكات به‌ تێگه‌یشتن و كلتوورێكی گشتی، ، هێز و توانای خۆی، نه‌خستووه‌ته‌ كار. وه‌ڕێخستنی ئه‌م هێزه‌ پێویستی به‌ ئامانجی دیاریكراوی ڕوون، ستراتێژیی واقع بینانه‌، تاكتیكی درووست، كاری وشیارانه‌ و ده‌رس وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو هه‌یه‌. دیاره‌ كات و شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی ئاخێز و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك قابیلی پێشبینی نییه‌ و ئاخێزه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان چاوه‌ڕوانی ئاماده‌بوونی حیزب یان هێزی پێشڕه‌ویش نابن. به‌ڵام هێزێك كه‌ له‌خۆیدا توانای كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی، له‌ وه‌ها قۆناغێكدا خۆڵقاندبێ، ده‌توانێ له‌سه‌ر چاره‌نووسی كاریگه‌ری دابنێ. له‌م په‌یوه‌نده‌دا با چه‌ند خاڵێك له‌ ئه‌زموونه‌كانی ئاخێزی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ وه‌بیر بێنینه‌وه‌.

یه‌كه‌م، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی به‌رهه‌می یه‌ك نه‌به‌رد نییه‌، به‌ڵكوو له‌ سه‌ركه‌وتنێكه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ ڕۆیشتن، پته‌و كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ر نه‌به‌ردێك و سه‌ره‌نجام گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتنی نیهاییه‌. كۆماری ئیسلامی پێویسته‌ له‌ مه‌یدانه‌ جۆراوجۆره‌كانی موقاومه‌ت و خه‌باتدا ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ بكرێت و به‌ نه‌به‌ردی په‌یتا په‌یتا، له‌ به‌ره‌ جۆراوجۆره‌كاندا، به‌ تاكتیكی جۆراوجۆره‌وه‌، هێزه‌كانی ماندوو و سواو بكرێت و سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕژیمه‌ به‌چۆك دابێت. كه‌وابوو نابێ جه‌ماوه‌رێك كه‌ تووڕه‌ییه‌كی قابیلی ده‌رك له‌ ناخیاندا پنگی خواردووه‌، به‌ره‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ی پێش وه‌خت، كه‌ هێستا به‌ته‌واوی بۆی ئاماده‌ نین، هان بده‌ین.

دووهه‌م، سه‌ركه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌، ناتوانێ له‌  پێكهاته‌ی سێ فاكته‌ری وشیاری و ڕێكخراو و ڕێبه‌ری به‌ده‌ر بێت. كه‌وابوو سیاسه‌ت و تاكتیكێك كارسازه‌ كه‌ ئیمكانی شكڵ گرتنی ئه‌م فاكته‌رانه،‌ له‌ جه‌رگه‌ی خه‌باتێك كه‌ له‌ ئارا دایه‌، دابین بكات و ئه‌وه‌ش جێبه‌جێ نابێت مه‌گه‌ر به‌ درێژه‌ و به‌رده‌وام بوونی ئاخێز و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئێستا. درێژه‌ی ئه‌م خه‌باته‌ بۆ‌ هێزه‌ پێشڕه‌وه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، ئه‌و هه‌له‌ ده‌ڕه‌خسێنێ تا به‌نه‌به‌رده‌وه‌، به‌سه‌ر لاوازیه‌ ده‌روونیه‌كاندا زاڵ بن. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر پێویستیی دابین كردنی داخوازیی ڕۆژانه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ته‌ئكیدمان كردووه‌، ڕێك له‌به‌ر ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌م پڕۆسه‌یه‌دا به‌ گه‌لێك سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌ست ده‌گه‌ن و باردووخی ژیانیان به‌ شێوه‌ی نیسبی باشتر ده‌بێت و له‌ هه‌مان حاڵیشدا، خۆیان بوو ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانی داهاتوو ئاماده‌ ده‌كه‌ن. په‌یگیری كردنی خواستی كرێكاران له‌ مه‌یدانه‌كانی وه‌ك نه‌به‌ردی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، كامیۆنداران و شۆفیركامیۆنه‌كان، موعه‌لیمان، په‌رستاران، ماڵبه‌تاڵانچووان، خانه‌نشینان و له‌م دوایانه‌شدا، هه‌وڵ بۆ هه‌ڵوه‌شانده‌نه‌وه‌ی حوكمی ئێعدامی به‌ندكراوانی سیاسی و هیتر، له‌م په‌یوه‌نده‌دا مانا په‌یدا ده‌كات.

سێهه‌م، تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاخێزی جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌ریی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یكه‌ له‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا شایه‌دی بووین و چه‌ند دیمه‌نێكی كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا دووباره‌ بوونه‌ه‌وه‌، هه‌یه‌، هه‌ڵبژاردنی درووشمی به‌جێ كه‌ خواستی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو نوێنه‌رایه‌تی بكات، یه‌كجار گرینگه‌. هێندێك جار، به‌هۆی بۆشاییه‌ك كه‌ له‌م بواره‌دا ده‌خۆڵقێت، درووشم گه‌لێك به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی كه‌ خه‌ڵك بۆی هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، هاوسه‌نگیی نییه‌. ئه‌گه‌رچی ئاشكرایه‌ كه‌ ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی كۆماری ئیسلامی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌ره‌سته‌ میدیاییه‌ به‌رینانه‌ی كه‌ له‌ ئیختیاری دایه‌، هه‌وڵ ده‌دات تا ئه‌م بۆشاییه‌ پڕ كاته‌وه و درووشمی دڵخوازی خۆی بخاته‌ سه‌ر زاری خه‌ڵك و به‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئاراسته‌ بدات، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی خودی ڕژیمیش بێكار دانه‌نیشتوون. ئه‌وانیش خۆیان ده‌خه‌نه‌ ناو ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ هێنانه‌ گۆڕی درووشمی چه‌واشه‌، له‌ شكڵ گرتنی درووشم گه‌لێك كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجی واقعیی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو بێت، ڕێگری بكه‌ن.

چواره‌م، ئه‌و ئاخێزه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا شایه‌دیان بووین،  گه‌لێك ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌یان له‌بوار گۆڕینی هاوسه‌نگیی هێز به‌ قازانجی به‌ره‌ی شۆڕش له‌پێناو ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی خۆڵقاندووه‌. ئه‌م ئاخێزانه‌ كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵگایان سیاسیتر كردووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییان بردووه‌ته‌ ژێر پرسیار. به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه‌، هێزێك كه‌ له‌م ئاخێزانه‌دا هاتووه‌ته‌ مه‌یدان، هێشتا به‌شێكی چكۆله‌ له‌و توانا مه‌زنه‌یه‌ كه‌ له‌ ناخی كۆمه‌ڵگادایه‌. كه‌وابوو پێویسته‌ ئه‌و تاكتیكانه‌ بگرینه‌ به‌ر كه‌ به‌ جه‌ماوه‌ری به‌رین، به‌ڵام خامۆش، بوێریی هاتنه‌ مه‌یدانیان پێبدات، نه‌ك ئه‌وان خۆپارێز و دووره‌په‌رێز كات. ئه‌م خه‌باته‌ پێویسته‌ به‌و ڕێگایانه‌دا بڕوات كه‌ بۆ زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ مه‌یسه‌ر و به‌رده‌ست بێت. ته‌نیا به‌مجۆره‌یه‌ كه‌ ده‌توانین بۆ نه‌به‌ردی نیهایی ئاماده‌ بین. پێویسته‌ له‌م حه‌قیقه‌ته‌ بگه‌ین كه‌ هێندێك زێده‌ڕۆیی قابیلی دركی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ تووڕه‌یی و ڕقی پنگ خواردوو، ڕێگا بۆ پیلانگێریه‌كانی دوژمن خۆش ده‌كات.

درێژه‌ی هه‌یه‌