کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چاوخشاندنێک بەسەر کێشەکانی نابینایان و کەم بینایان لە ئێران

پەیوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران ڕایگەیاندووە کە نزیک بە یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ئێراندا هەن کە لەژێر پۆششی خزمەتگوزارییەکانی ئەم ڕێکخراوە دان. لەو نێوەدا ١١٥ تا ١٢٠ هەزار کەسیان نابینان. هەروەها ٥٥٠ هەزار کەسیش زۆر کەم بینن کە لەم ئامارەدا نین. هەروەک هەمیشە ئەمجۆرە ئامارانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی پانتایی واقعیی ئەم ئازارە کۆمەڵایەتیە نییە. بەڵام بە لێکدانەوەی هەر ئەم ئامارەش ئاستی ڕەنج و بێبەشیی ئەم تۆژە کۆمەڵایەتییە ڕوون دەبێتەوە.

ئێران لەو وڵاتانەیە کە بە نیسبەت جەمعییەتەکەی ژمارەیەکی زۆرتری نابینا و کەم بینا هەیە و یەکێک لە ١٦ وڵاتی یەکەمی جیهان لەم بوارە دایە. بەرئاورد کراوە کە زۆر زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە جەمعییەتی ئێران لەگەڵ کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و کاریی و بژێویی نابینایی و کەم بینایی بەرەوڕوون. نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانیی پێویست، هەژاری و بەدخۆراکی، نەبوونی کۆنتڕۆڵی ساڵانەی پزیشکی چاو، شەڕ  و ڕووداوی هاتووچۆ، تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکان، نەخۆشییەکانی چاو و سڵامەتی گشتی و ئەشکەنجە لەناو زیندانەکان، تەقەکردن لە کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، بەکارهێنانی تفەنگی ساچمەیی دژبە خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئێران، دەکرێ وەک هۆکارەکانی نابینایی ئاماژەیان پێبکرێت.

نابینایان و کەم بینایان سەرەڕای کێشەی جەستەیی، لەگەڵ گەلێک گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرەوڕوون کە هێندێک جار دەبێتە هۆی بێبەشی و هەڵاواردنی زیاتر و نەبوونی فەزای گونجاو بۆ گەشە و بەکارهێنانی تواناکانی ئەم بەشە لە خەڵک لەئاستی کۆمەڵدا.

کێشەی کلتووری، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی بەشێکی بەرچاو لە مەشغەڵە و بەربەستەکانی ژیانی نابینایان پێکدێنێت. بنەماڵەکان بەتایبەت لە گوند و ناوچە دووردەستەکان کە ئیمکانی دامەزران و خوێندنیان کەمترە، سەرەڕای خۆشەویستی و هەستی بەرپرسایەتی جێگەی ستایشیان سەبارەت بە ئەندامانی نابینای بنەماڵە، توانای دابین کردنی باروودۆخی پێویست بۆ خوێندن و درێژەدان تا ئاستی باڵای زانکۆ و یارمەتی گەیاندن بە بابەتی دامەزراندنی ئازیزانیان نییە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرپرسی دابین کردنی ئیمکاناتی خوێندن و کار بۆ خەڵکی نابینایە. ڕژیم ئەرکی سەرشانیەتی کە ئەم بەشە زیانهەڵگرە گەشە پێبدات و بەهێزیان بکات. بەڵام نەتەنیا لەم بوارەدا هیچ بەرپرسایەتییەکی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵکوو تەنانەت لە پێکهێنان و گونجاو کردنی شوێنە گشتییەکان بۆ نابینایانیش غافڵە. پیادەڕەوی باریک و هێندێک جار پلیکانی، سایەبانی کورتی پیادەڕەوەکان، چاڵ  و قوڵکەی سەرئاواڵە و بێ حیفاز، پەروەردە نەکرانی سەگی ڕێنما بۆ نابینایان، دابین نەکرانی شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو، پەڕینەوە لە ڕێگای نالەبار و هێندێک جار مەترسیدار، بەشێک لە کێشەکانی نابینایان و کەم بینایان پێکدێنێت.

خەڵک، هاوساکان، هاوگەڕەکەکان و هاوشاریەکان دەتوان و دەبێ تا ئەو جێگایەی کە مومکینە و دەتوانن لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی خۆیاندا، بە پێداویستیە تایبەتەکانی کەم ئەندامان و بەتایبەت نابینایان بایەخ بدەن. هەر کەس و هەر بنەماڵەیەک لە شوێنی کار و ژیانی خۆی بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا گونجاو کردنی پێویستی شوێنەکان بۆ هاتووچۆی نابینایان ئەنجام دراوە و ئایا بەڕاستی کێشەی زیاتریان بۆ نەخوڵقاندوون. شۆفیران و خاوەنی ئۆتۆمبیلەکان پێویستە بەدرووستی فێر بکرێن کە چۆن ئەمنیەت و ڕاحەتیی کەم ئەندامان و نابینایان دابین بکەن.

حکوومەت بەرپرسی یەکەم و سەرەکیی دابین کردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی، فێرکردن و دامەزراندن، گەشەپێدان بە توانای کاری، خوێندن، هونەری، زانستی و وەرزشیی نابینایانە. ئەمڕۆ لە ئاستی جیهاندا زۆرێک لە نابینایان خاوەن باڵاترین پلەی زانستی، هونەری، وەرزشی، سیاسی و ئابوورین و پێویستە ناوەندی جەماوەری و دیمۆکراتیک بۆ بەکارهێنان و گەشەی تواناکانی کەسانی نابینا و کەم بینا، بەرنامە و نەخشەی کردەوەیی ڕوون و زانستیی هەبێت.

ڕژیمی ئیسلامیی ئێران نەتەنیا هۆکاری بردنەسەرەوەی ژمارەی نابینایانە، بەڵکوو وڵامی بە پێداویستی پزیشکی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی نابینایان و کەم بینایانیش نەداوەتەوە.

دابینکردنی پیشە و پەرەپێدان بە پەروەردە و بارهێنان بەتایبەت لەبواری تەندروستی، دابینکردنی پشکنینی پزیشکی بۆ ژنانی دووگیان، دروستکردنی شوێنی گشتیی گونجاو، ڕاهێنانی سەگی تایبەت و ڕێنوێنی نابینایان، فراوانکردن و بەکارهێنانی تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو و گونجاو بۆ نابینایان، ئەرکی سەرەکی هەموو دەسەڵاتەکانە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حازر بە قەبووڵ کردنی هەزینە و بەرپرسایەتیەکەی نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-