درەنگانی شەوی دووشەممە، هێزەکانی گەریلا چالاکییەکی گەورەیان دژ بە سەربازگەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیە لە باشووری کوردستان ئەنجامدا و لە گوندەکانی چیادێل و گەروخاڵەت، لە دەشتی هێرت لە دەڤەری برادۆست شەڕ و پێکدادان هەتا کاژێر ٥ی بەیانی هەمان ڕۆژ بەردەوام بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەو شەڕەدا ١٥ سەربازی دەوڵەتی تورکیە کوژراون و چەند سەربازێکی دیکەش برینداربوون و دوو جار هێلیکۆپتەری ئەو سوپایە لە ناوچەکە نیشتووەتەوە و بریندار و کوژراوهكانی شەڕەکەی گواستۆتەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەپێی وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە تەرمی چوار گەڕیلاش لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەجێ ماوە کە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا گیانیان بەختکردووە.