پەرلەمانی ئورووپا بە پەسندکردنی بڕیارنامەیەک، وێڕای ڕەخنەگرتن لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە یەکێتیی ئورووپا کرد کە گەمارۆی ئامانجدار دژی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان لە سەرکوتکردندا هەیە بەربڵاوتر بکات.
لەو بڕیارنامەیەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی گوڵان پەسند کرا، نوێنەرانی پەرلەمانی ئورووپا بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە لەسێدارەدانەکان و هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپێشاندەران، داوای زیادکردنی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانیان کرد بۆ سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی. بەپێی دەقی بڕیارەکە، یەکێتیی ئورووپا دەبێ گەمارۆکانی ئێستا دژی ئەو کەس و لایەنانەی کە پێوەندییان بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانەوە هەیە قورستر بکات.
