کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی و پێویستی پشتیوانی ماڵیی لە چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ

  لە هەواڵەکاندا هاتبوو کە لە شاری مهاباد ژمارەیەک لە خاوەنی ئەو ماڵانەی دراون بە کرێ، بە کرێ نشینەکانیان وتوە ئیجارەی دوو مانگی ڕابردویان لێوەرناگرن. ژمارەیەک لە بازاڕیەکانی کوردستان کە لە مانگرتنی بەردەوامی دوومانگی ڕابردودا بەشدار بوون توانایی پەرداختی چەکی بانکی تاجرەکانی بازاڕی تاران و تەورێزیان نییە و داواکاری وەدوا خستنی ماوەی پەرداختی قەرزەکانیان بوون.

  کرێکارانی بێکار کە بەرەورووی گرانی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری گران بوونی کرێ ماڵ، دەرمان و خۆراک بوونەتەوە و قەرزداری بازاڕ، خاوەن ماڵەکانیان و تەنانەت دەرمانخانەکانی گەڕەکیشن، ناتوانن قەرزەکانیان لە کاتی دیاریکراودا بدەنەوە. کرێکارانی مانگرتو کە سندوقی پاشەکەوتیان بۆ کاتی مانگرتن نییە و خۆشیان هیچ سەرچاوەیەکی دارایی شک نابەن، بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان توشی کێشە و گرفتی جیدین.

  نەخۆشەکان و بە تایبەت ئەو نەخۆش و بە ساڵاچوانەی کە پێداویستیان بە دەرمانی تایبەت  و ئاگادری پزیشکی بەردەوام هەیە، ناتوانن هەزینەی قورسی دەرمان و چوونە دوکتور بدەن. بە هەزاران کەس دەستبەسەر و لە زینداندان و زۆرێک لە بنەماڵەی زیندانیە سیاسیەکان توانایی هەزینەی سەفەر، گرتنی وەکیل و بردنی کەلوپەلی پێویست بۆ کەسوکارە زیندانی کراوەکەیان نییە.

  لە دومانگی ڕابردودا و لە بزوتنەوەکانی پێشتردا ژمارەیەکی زۆر بریندار، و یان کەم ئەندام کراون. دابین کردنی هەزینەی دەرمان و چارەسەر لە بارودۆخی بێکاری و گرانی ئێستادا بۆتە گرفتێکی جیدی بۆ هەزران بنەماڵە.

  هەموو ئەم چین و توێژە و بەشی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵ بزوێنەری سەرەکی ناڕەزایەتیەکان و مانگرتنی ئەم دوو مانگەی دواین لە کوردستان و ئێران. بەبێ دابین بوونی پێداویستیە سەرەتاییەکانیان و بیرکردنەوەی جیدی بۆ چارەسەری خێرا و کورتمەودا، ئینڕژی  وتوانایی بەشێکی بەرچاو لە ناڕازیان و نەیارانی حکومەت، ئەو جۆرەی پێویستە شیاوی کەڵک لێوەرگرتن نییە.

  ڕێبەرانی عەمەلی، ناوەندە مەدەنیەکان، ئەو کەسایەتیانەی جێی متمانە و ڕێزن لای خەڵک، ڕێکخراوە سینفیەکان لە هەموو شار و گەڕەکێک دەتوانن ڕێگاچارەی کورتماوە و خێرا بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە.

  چارەسەر بوونی ئەم کێشە و گرفتەی رۆژانەی خەڵک نە تەنیا هێز و توانانییەکی زیاتر لە بەرانبەر ڕژیمدا دێنێتە مەیدا، بەڵکو دەتوانێ ببێتە هۆی هاودەردی، یەکگرتویی و بەهێز بوونی ورە و گەشە کردنی فەرهەنگێکی ئینسانی لەنێو خەڵکدا.

  لەگەڵ بەرەو پێشەوە چوونی بزوتنەوەکە دەکرێت سەرچاوەی ماڵی و تەداروکاتی پێویست لە سەرمایەی هاوکاران و ناوەوندە حکومەتیەکان بۆ پێداویستیە سەرەتاییەکانی هەڵسوڕاوانی سیاسی و ناڕازیان دابین بکرێت. بەڵام لە کورت ماوەدا و لە حاڵەتی نەبوونی سندوقی مانگرتن و نەبوونی ئیمکاناتی ماڵی بۆ دابین کردنی ئەو پێداویستیانە باشترین ڕێگای مومکین هەمان هەوڵدانی بە کۆمەڵ و گشتیە بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتە گشتیەکان.

  خەڵکی کوردستان و باقی بەشەکانی ئێران ئەزمونێکی بەرینیان لە هەمیاری و هاوکاری گشتی لە کاتی قەیرانی سروشتی وەک بومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، لافاو و هیتردا هەیە، هەروەها لە کاتێکدا کە شەڕ، ئاوارە بوون، سەرکوت و جەنایەتی حکومەتی ڕویداوە ئەوە خەڵک بوون کە بە باشترین شێوەی مومکین ئینساندۆستی، هاوچارەنووسی و هاودەردی خۆیان پیشانداوە.

  هەوڵدان بۆ دابین کردنی سندوقی مانگرتن، دروست کردنی سەرچاوەی دارایی بۆ رۆژ و مانگەکانی داهاتو لە کاتی پێویستدا، باشترین ڕێگای مومکینە لە بارودۆخی دژواری خەباتکارانە و تێکۆشاندا.

  لە بارودۆخی ئینقلابی و بارودۆخی سیاسی ئێستادا پێویستیمان بە ڕێگا چارەی شۆڕشگێڕانە، نوێ، جەماوەری و داهێنەرانەیە. بۆ بەهێز و پتەو کردنی ڕیزی جەماوەر و بەکارهێنانی ئەو تواناییانەی لە ئارادان پێویست و زەروریە کە وڵامێکی گونجاو بە نیازمەندیەکانی واقعی و هەنوکەیی چین و توێژ و کەسانی دەستکورت لە باری دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانیان، بدەینەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-