به پێی ڕاپۆرته‌كان، كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێكی به‌رین له خه‌ڵكی شاره‌ستانی سه‌راوان له به‌رامبه‌ر بینای فه‌رمانداری له ڕۆژی سێشه‌ممه ٥ی مانگی ڕه‌شه‌ممه، له ناڕه‌زایه‌تی به كوژران و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك له سووختبه‌ران له ناوچه‌ی سنووریی ئه‌م شارستانه، له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی به‌ره‌وڕوو بۆوه. كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی تووڕه‌ی سه‌راوان پاش ئه‌وه به‌ڕێوه‌چوو كه ڕۆژی دووشه‌ممه ٤ی مانگی ڕه‌شه‌ممه، هێزه سنوورییه‌كانی سپای پاسداران ڕێگای هاتووچۆی ژماره‌یه‌ك له شۆفیران و سووختبهرانیان له ناوچه‌ی سنووریی سه‌راوان به‌ست و به‌ره‌وڕووی ئه‌و جهمعییهتهی كه به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر پایگای سپای سه‌راوان كۆببوونه‌وه ته‌قه‌یان كرد و به وته‌ی شایه‌تحاڵان لانیكه‌م ١٠ هاووڵاتی كوژران و ٥ی دیكه‌ش بریندار بوون. به پێی ڕاپۆرته‌كان و ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی سه‌راوان له ڕۆژی سێشه‌ممه ٥ی ڕه‌شه‌ممه، له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به توندوتیژی كێشرا. هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم به هاویشتی گولـله‌ی ساچمه‌یی و گازی فرمێسك‌ڕێژ، هێرشیان كرده سه‌ر ناڕازیان و چه‌ندین كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر و بریندار كرد. خه‌ڵكی ناڕازی و تووڕه‌ی سه‌راوان له كاردانه‌وه به ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم چه‌ندین ئۆتۆمبێلی به‌كرێگیراوانی كهڵانتهرییان ئاگر تێبه‌ردا و بینای فه‌رماندارییان داگیر كرد. پاش ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی سه‌راوان له ڕۆژی سێشه‌ممه هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به حزووری به‌رین و جێگیربوونیان له ناوچه جۆراوجۆه‌كانی شار، حكوومه‌ت نیزامییهكی ڕانه‌گه‌یه‌ندراویان به‌ڕێوه‌برد. له هه‌مان حاڵ‌دا شایه‌تحاڵان باس له تێكچوونی هێڵی ته‌له‌فون و ئینتێرنێت ده‌كه‌ن. به پێی ڕاپۆرته‌كان ڕۆژی چوارشه‌ممه ٦ی مانگی ڕهشهممهش له شاره‌كانی زاهێدان، قهلعهبید، شورو، سه‌رجه‌نگه‌ڵ و میرجاوه كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی درێژه‌ی بووه. هه‌روه‌ها له‌م ڕۆژه‌دا بازاڕه‌كانی شاری زاهێدان، ئیرانشار و سه‌راوان له ناڕه‌زایه‌تی به كوشتنی سووختبه‌ران و به نیشانه‌ی پشتیوانی له ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك به حاڵه‌تی نیوه ته‌عتیل ده‌رهاتن.
هاوكات “محه‌ممه‌د هادی مه‌رعه‌شی” جێگری ئه‌منی ئینتزامیی ئۆستانداری سیستان و به‌لووچستان له كاردانه‌وه به‌م ڕووداوانه، وێڕای ته‌ئیدی هه‌واڵی كوژرانی ژماره‌یه‌ك له سووختبه‌ران ئیدیعای كرد كه: “ئه‌م ڕووداوه له سنووری شمسهری شارستانی سه‌راوان له لایه‌ن سووختبهرانهوه له‌وبه‌ری سنووره‌كان ڕووی داوه و به‌هۆی ته‌قه‌ی كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه یه‌كێك له‌م سووختبهرانه كوژراوه و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون“. ئه‌م به‌كرێگیراوه ئه‌منییه‌ی ڕژیم له درێژه‌دا ئیدیعا ده‌كات كه ئه‌م تێكهه‌ڵچوونه له‌گه‌ڵ هاندان و فه‌زاسازیی ئه‌ندامانی جیشولعهدل و هێندێك كه‌سی “قازانجبه‌ر” له شارستانی سه‌راوان ڕووی داوه.
به‌ڵام به پێچه‌وانه ئیدیعاكانی كارگێڕانی ڕژیم، تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی سیستان و به‌لووچستان ڕیشه‌ی له هه‌ڵاواردن و بێ مافیی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی قووڵتر دایه. نوێترین نموونه‌یه‌ك كه تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی چه‌ند بواری دوایین گه‌ڵاڵه‌ی ئابووریی ڕژیمه له‌ژێرناوی “ڕه‌زاق” له ناوچه‌ی سیستان و به‌لووچستان. كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم له‌م ئۆستانه ئامانجی گه‌ڵاڵه‌ی ئابووریی “ڕه‌زاق“یان، دامه‌زراندنی پێگه‌ی ڕه‌سمی بۆ فرۆشتنی سووته‌مه‌نی، ڕێگری له “قاچاخی سه‌روه‌تی میللی” و وه‌ده‌ستهێنانی قازانج بۆ سنوورنشینان ڕاگه‌یاندووه. ئه‌م ئیدیعایانه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم له حاڵێك دایه كه به وته‌ی كه‌مپه‌ینی چالاكانی به‌لووچ، ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه ته‌نیا ئه‌و دانیشتووانه ده‌گرێته‌وه كه له مه‌ودای ٢٠ كیلۆمیتریی سنووره‌كاندا ده‌ژین. له ڕاستیدا گه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌زاق “پیشه”ی سووختبه‌ری بۆ زۆربه‌ی سووختبه‌ران نایاسایی ده‌كات، ئه‌ویش له باروودۆخێكدا كه له ئۆستانی سیستان و به‌لووچستان ژیانی سه‌دان هه‌زار كه‌س به پیشه‌ی سووختبه‌رییه‌وه گرێ دراوه. ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه فرۆشتن و هه‌نارده كردنی سووته‌مه‌نی به‌شێوه‌ی نایاسیی به پاكستان له ڕێگه‌ی ده‌ور لێدانه‌وه‌ی گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به ئینحساری مافیای سپای پاسداران ده‌ردێنێ. به پێی “گه‌ڵاڵه‌ی ئابووریی كارناسیكراوی ڕه‌زاق“، ڕۆژانه قازانجی یه‌كجار به‌رین ده‌ڕژێته گیرفانی فه‌رمانده‌كانی سپاوه و سه‌دان هه‌زار بنه‌ماڵه‌ش ته‌نیا ڕێگای دابین كردنی بژێویان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. به‌ر له كوشتاری سووختبه‌ران له لایه‌ن هێزه سنوورییه‌كانی سپای پاسداران بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌ی “ڕه‌زاق“، ئێعدامی پتر له ٢٠ كه‌س له به‌ندكراوانی به‌لووچ له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا، تووڕه‌یی پنگ خواردووی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی گه‌یاندبووه سه‌ر لێواری هه‌ڵچوون.
به‌ڵام هه‌ڵاواردنی سیستماتیكی سه‌رچاوه‌گرتوو له سیاسه‌تی شۆونیستی دژبه خه‌ڵكی سیستان و به‌لووچستان، مێژوویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه. له سیستان و به‌لووچستان به‌خاتری هه‌ڵاواردن، نه ته‌نیا خه‌به‌رێك له گه‌شه‌ی مرۆیی و ئابووری نییه، به‌ڵكوو دیارده‌كانی وه‌ك هه‌ژاری و بێكاری، به‌دخۆراكی و بێبه‌ری بوونی منداڵان له خوێندن و ئازاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رده‌وام په‌ره‌ده‌ستێنن. زۆرترین ڕێژه‌ی بێكاری له ئێران، له سیستان و به‌لووچستان تۆمار ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت به پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریی ته‌سنیمی سه‌ربه سپای پاسداران، نزیك به ٥٠ له‌سه‌دی گشت منداڵانی به‌جێماو له خوێندن له ئاستی ئێران‌دا، له ناوچه‌كانی سه‌ربه سیستان و به‌لووچستان و زیاتر له به‌لووچستاندا ده‌ژین. سه‌ره‌ڕای په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و بێكاری و بێبه‌ری بوون له خوێندن، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ژێرناوی “گه‌ڵاڵه‌ی گه‌شه‌ی لێوارئاوی مه‌كران” و كه‌ڵك وه‌رگرتن له “پۆتانسیه‌لی ژێئۆپۆلیتیكی” ئه‌م جۆگرافیایه، هاووڵاتییانی به‌لووچی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ناچار كردووه كه زه‌وییه‌كانیان ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن و ناوچه‌كه جێبهێڵن. ڕۆیشتنی ئه‌م جه‌معییه‌ته به‌رده‌وام یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی جێگای ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه بووه. له له‌لایه‌كی دیكه‌وه قه‌یرانی ژینگه‌یی له‌وانه ویشكهساڵی و كه‌مبوونی ئاو، زۆرێك له گونده‌كانی ئه‌م ئۆستانه‌ی چۆڵ كردووه. سووختبه‌ری له جه‌رگه‌ی ئه‌م باروودۆخه ناله‌باره‌دا بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی دابین كردنی ژیانی سه‌دان هه‌زار بنه‌ماڵه له‌م ناوچه‌یه. بێگومان كوشتنی سووختبه‌ران له لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه له درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی سیستماتیك و ئه‌منییه‌تی كردنی هه‌رچی زیاتری ئه‌م ناوچه‌یه دایه. له وه‌ها باروودۆخێكدا مه‌حكووم كردنی جه‌نایه‌تی سپای پاسداران، هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی جه‌رگ سووتاوی سووختبه‌رانی زه‌حمه‌تكێش و پشتیوانی له ناڕه‌زایه‌تیی مافخوازانه‌ی خه‌ڵك و پێداگری له‌سه‌ر خواستی ناساندن و موحاكمه كردنی هاوده‌ست و بڕیارده‌رانی ئه‌م جه‌نایه‌ته، ئه‌ركی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و باقی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌موو هێزێكی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازه.