کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویسته‌ هێرشی شۆرای باڵای كار بۆسه‌ر لانیكه‌می حه‌قده‌ست تێكبشكێت!

sfcg

له‌ حاڵێكدا كه‌ پتر له‌ حه‌فته‌یه‌كی بۆ كۆتایی ساڵ نه‌مابوو، سه‌ره‌نجام شه‌وی شه‌ممه‌ ٢٣ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ شۆرای باڵای كاری ڕژیم، ئاستی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كانی بۆ ساڵی ١٤٠٠، دوو ملیۆن و ٦٥٥ هه‌زار تمه‌ن ڕاگه‌یاند. هه‌موو ئامار و داتا و ڕاپۆرته‌ ڕه‌سمییه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا نیشانی داوه‌ كه‌ ئه‌وه‌یكه‌ شۆرای باڵای كاری ڕژیم له‌ژێرناوی لانیكه‌می حه‌قده‌ست و له‌ جه‌ره‌یانی چه‌نه‌لێدانی سێ لایه‌نه‌ی نێوان، ده‌وڵه‌ت، خاوه‌نكار و به‌ناو نوێنه‌رانی كرێكاری په‌سندی ده‌كات، چه‌ندین به‌رابه‌ر له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا بووه‌ و شۆرای باڵای كار بێشه‌رمانه‌ هه‌موو ساڵێ ئه‌م حه‌قده‌سته‌ چه‌ند قات ژێر هێڵی هه‌ژارییه، به‌سه‌ر كرێكاراندا ده‌سه‌پێنێت.

لێره‌دا ئیتر به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌رته‌شی مه‌زنی بێكاران، شۆرای باڵای كار ته‌نانه‌ت نیگه‌رانیی ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ ئه‌م لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌ ته‌نانه‌ت به‌شی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هێزی كاریش نه‌كات. لێره‌دا ئیتر ئاستی حه‌قده‌سته‌كان ئه‌وه‌نده‌ له‌ خوارێیه‌ كه‌ كرێكار ناتوانێ هه‌زینه‌ی بژێو یان به‌ واتایه‌كیتر لانیكه‌می ئیمكاناتی ژیانی پێ دابین بكات. ئه‌رته‌شی به‌رینی بێكاران ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ملیۆنان كرێكار له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ به‌ قیمه‌تێكی یه‌كجار كه‌متر له‌ لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان بێگاری قه‌بووڵ بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ده‌شزانین كه‌ هه‌ر ئه‌م حه‌قده‌سته‌ش به‌ بیانووی جۆراوجۆره‌وه‌ چه‌ندین مانگ وه‌دواده‌خرێت و كرێكار ناچار ده‌بێت‌ بۆ وه‌رگرتنی ده‌ست بداته‌ ناڕه‌زایه‌تی و تازه‌ ئه‌گه‌ر پێداگر بێت ئه‌وكات خاوه‌نكار به‌ناچار حه‌قده‌سته‌كه‌ی نمه‌نمه‌ پێبدات. هێندێك جار ته‌نانه‌ت شایه‌دی ئه‌وه‌ش بووین كه‌ خاوه‌نكار به‌ داخستنی كارخانه‌ یان كارگاكه‌ی، خۆی له‌ دانی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كان دزیوه‌ته‌وه‌.

شۆرای باڵای كار حه‌فته‌ی ڕابردوودا باسی له‌ هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێوی ٦ ملیۆن و ٨٠٠ و ٩٥ هه‌زار تمه‌نی كرد كه‌ نزیك به‌ ٦٠ له‌سه‌د زیاتر له‌ لانیكه‌می حه‌قده‌ست په‌سند كراوه‌. هه‌ڵبه‌ت ده‌زانین كه‌ به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌ ڕه‌سمییه‌كان هێڵی هه‌ژاری له‌ تاران  و زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ ١٠ ملیۆن تمه‌ن و هه‌روه‌ها ئاگادارین كه‌ ڕێكخراوه سه‌ربه‌خۆ كرێكارییه‌كان، خانه‌نشینكراوان و موعه‌لیمان له‌ ڕاگه‌یاندن و به‌یانییه‌كانیاندا خوازیاری ئه‌وه‌ بوون كه‌ لانیكه‌می حه‌قده‌ستی كرێكاران بۆ ساڵی نوێ نابێ كه‌متر له‌ ١٢ ملیۆن تمه‌ن بێت.

ئه‌مساڵیش هه‌روه‌ك ساڵانی پێشوو، له‌ چه‌ندین مانگ و حه‌فته پێشتره‌وه‌ چه‌نه‌لێدان و كێشمه‌كێش له‌ نێوان ئه‌ندامانی ئه‌وه‌یكه‌ پێی ده‌وترێ شۆرای باڵای كار، ده‌ستیپێكرد. به‌ ڕواڵه‌ت له‌و شۆڕایه‌دا ده‌ستی درێژی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاره‌ خسووسیه‌كان كه ناوی بێناوه‌رۆكی نوێنه‌ری كرێكارانیان له‌سه‌ر خۆیان داناوه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ چه‌نه‌لێدان. به‌كرێگیراوانی وه‌ك مه‌حجووب، به‌رپرسانی خانه‌ی كاریگه‌ر و باقی ڕێكخراوه‌كانی سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ ئۆستانه‌ جۆراوجۆره‌كان و سه‌ره‌نجام سه‌رۆكی كۆمیته‌ی حه‌قده‌ستی شۆڕای باڵای كار، ئاستی داخوازییه‌كانی خۆیان كه‌ شۆڕای باڵای كار قه‌راره‌ بڕیاری له‌سه‌ر بدات، ڕاده‌گه‌یه‌نن، تا به‌مجۆره بۆ ماوه‌یه‌ك كرێكارانیش چاوه‌ڕوانی به‌ڵێنییه‌كانی خۆیان بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ده‌زانین كه‌ ئاستی ئه‌و داخوازیانه‌ی كه‌ ئه‌وان باسی لێده‌كه‌ن یه‌كجار كه‌متره‌ له ئاستی‌ موتالبات و لانیكه‌می هه‌زینه‌ی بژێوی كرێكاران و بنه‌ماڵه‌كانیان. دیسانیش هه‌ر وه‌ك ساڵانی پێشوو، ئامارێكی ساخته‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نكاران و ناوه‌نده‌كانی سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ت له‌وانه‌ بانكی مه‌ركه‌زی یان ناوندی ئاماری ئێران بڵاوده‌بێته‌وه‌ تا هه‌ر ئه‌و ئاماره‌ دڵخواز و ساخته‌یه‌ی ئه‌وان ببێته‌ بنه‌مای چه‌نه‌لێدان له‌ نێوان شه‌ریكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناو شۆرای باڵای كار. ئه‌مساڵ ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌یكه‌ دانیشتنی ڕه‌سمی شۆرای باڵای كار پێكبێت، مه‌علووم بوو كه‌ جێگری یاسایی سه‌رۆك كۆمار به‌خشنامه‌یه‌كی له‌ ڕێكه‌وتی ١١ی ڕێبه‌نداندا بۆ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی نابردووه‌. ناوه‌رۆكیی سه‌ره‌كیی ئه‌م به‌خشنامه‌یه‌ “حه‌قده‌ستی ته‌وافۆقی” بوو. ئه‌مه‌ش بێگومان هیچ شتێك نه‌بوو بێجگه‌له‌ هه‌وڵێكی تازه‌ بۆ ژێرپێ خستنی زیاتری یاسا و ئاواڵه‌ هێشتنه‌وه‌ی ده‌ستی خاوه‌نكاران بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر حه‌قده‌ستی كرێكاران. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ڕووحانی نه‌یتوانی له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی نیوه‌چڵی ئیسلاحی كاری ڕژیم ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ره‌وپێش به‌رێ و ئه‌گه‌ر خاوه‌نكاران له‌ داسه‌پاندنی “حه‌قده‌ستی ناوچه‌یی“دا له‌گه‌ڵ موقاومه‌تی كرێكاران به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ و شكستیان خوارد، له‌ ئێستادا ئه‌م به‌خشنامه‌یه‌ هه‌موو جۆر باروودۆخ و ئاسانكارییه‌ك بۆ سه‌رمایه‌داران له‌ پێناو بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی قازانجی پێوه‌ندیدار به‌ حه‌قده‌ست و سه‌نه‌واتی ساڵانه‌، دابین ده‌كات.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، پتر له‌ ٩٠ له‌سه‌دی كرێكاران به‌ قه‌راردادی كاتییه‌وه‌ خه‌ریكی كارن و له‌ حاڵێكدا كه‌ ٧٠ له‌سه‌دییان لانیكه‌می حه‌قده‌ست وه‌رده‌گرن، ئه‌م بڕه‌ ته‌نانه‌ت نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ٣ ملیۆن تمه‌ن و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌ پێی به‌رئاورده‌كانی گرووپی كاریی كۆمیته‌ی حه‌قده‌ستی شۆرای باڵای كار، سه‌به‌دی بژێو له‌ ٩ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار تمه‌ن تێپه‌ڕ بووه‌. ئه‌م هێرشه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ركوتی حه‌قدستی كرێكاران ئه‌وه‌نده‌ وه‌حشیانه‌یه‌ كه‌ هات و هاواری محه‌ممه‌د ڕه‌زا تاجیك، نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای نوێنه‌رانی به‌ناو كرێكاریی ناو شۆرای باڵای كاریشی به‌رز كرده‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێ: “ناكرێ به‌خاتری نامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌ت، پایه‌ی سه‌نه‌وات و باقیی ئاسته‌كانی حه‌قده‌ست له‌ناوبچێت” و ئیدیعا ده‌كات كه‌ گۆیا “ده‌وڵه‌ت هیچ پێگه‌یه‌كی بۆ دیاری كردنی حه‌قده‌ست نییه‌” و ئه‌م ئیدیعایه‌ی ناوبراو، له حاڵێكدایه‌ كه‌  نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت له‌ شۆرای باڵای كاردا دانیشتووه‌. وه‌ها به‌خشنامه‌یه‌ك ئه‌وكات بۆیه‌ بڵاوبۆوه‌ كه‌ به‌ستێنی په‌سندكردنی بێشه‌رمانه‌ی لانیكه‌می حه‌قده‌ستی شه‌وی شه‌ممه‌ ئاماده‌ بكات. 

ئه‌وه‌یكه‌ شۆرای باڵای كار، وێراوێتی وه‌ها هێرشێك ڕێكبخات، خۆی نیشانه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌ به‌ قازانجی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان. به‌ڵام هیچ هۆكارێك بوونی نییه‌ كه‌ جه‌معییه‌تی ملیۆنیی كرێكاران ملكه‌چی ئه‌م هێرشه‌ بن. ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم و درێژه‌ی قه‌یرانی ئابووری له‌ ساڵی تازه‌دا‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین، ئه‌وكات نابێ لانیكه‌می حه‌قده‌ست كه‌متر له‌ سه‌به‌دی بژێو بێت تا كرێكاران دیسان نه‌كه‌ونه‌وه‌‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری‌. زۆربه‌ی ڕێكخراو و هه‌ڵسووڕاوه‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكارییه‌كان له‌ به‌یانییه‌ هاوبه‌شه‌كانیاندا ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌نیاز نین ملكه‌چی حه‌قده‌ستی كه‌متر له‌ ١٢ ملیۆن تمه‌ن بن. ئه‌م پۆتانسیه‌له‌ نه‌ته‌نیا پێویسته‌ كرێكارانی كارخانه‌ و دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌ سه‌نعه‌تییه‌كان به‌ڵكوو ده‌بێ هه‌موو ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ له‌ناو كارگاكانی كه‌متر له‌ ١٠ كه‌سدا خه‌ریكی كارن، گشت خانه‌نشینكراوان و موعه‌لیمان، سه‌رجه‌م خوێندكاران كه‌ ده‌بنه‌ هێزی كاری دواڕۆژ، هه‌موو ژنانی سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه‌ كه‌ له‌ زۆر حاڵه‌تدا حه‌قده‌ستی كه‌متر له‌ پیاوانیان پێده‌درێ، كۆڵبه‌ران و منداڵانی كار، هه‌موو ئه‌وانه‌ی وا له‌ به‌شی ئابووریی غه‌یره‌ ڕه‌سمیدا هێزی كاری خۆیان هه‌ڕاج كردووه‌ و سه‌ره‌نجام ئه‌رته‌شی ملیۆنیی بێكاران، له‌خۆبگرێت. به‌تایبه‌ت له‌ باروودۆخێكدا كه‌ بزووتنه‌وی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك گه‌لێك هه‌نگاوی گرینگی هه‌ڵگرتووه‌ و هاوسه‌نگیی ئێستای هێزی له‌ناو‌ كۆمه‌ڵگادا به‌قازانجی خۆی گۆڕیوه‌ و له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ڕژیم، شكستێكی سه‌رشۆڕانه‌ی له‌ گاڵته‌جاڕیی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا خواردووه‌، ئه‌م جه‌معییه‌ته‌ به‌رینه‌ و بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌توانن ببنه‌ هێزێكی مه‌زن و لانیكه‌می حه‌قده‌ستێكی گونجاو به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یاندا بسه‌پێنن. بێگومان، نابێ چاوه‌ڕوانی بڕیاری شۆرای باڵای كار بین. پێویسته‌ ئه‌م خه‌باته‌ چ به‌رله‌ بڕیاردان و چ پاش بڕیاردانی ئه‌وان درێژه پێبده‌ین. نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی نێوان كرێكاران و خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ و ده‌وڵه‌تدا، سه‌ره‌نجام هاوسه‌نگیی هێزی چینایه‌تی ده‌یبڕێته‌وه‌.