کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێشوازی کردن لە ڕۆژی کرێکار، بە هەنگاوی پتەو و دڵی پڕ لە هیواوە بە ڕزگار بوون

ئه‌وه‌ڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار، گرنگ ترین بۆنەی جیهانی لە سەردەمی سەرمایەداریدایە. ئەم ڕۆژە مەزنە هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری دنیادا لە لایەن بەملیۆن کەس لە کرێکاران و بێبەشان و خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەوە، ڕێزی لێدەگیرێ. لە ئێرانیش سوننەتی ڕێز گرتن لەم ڕۆژە پێشینەیەکی دەیانساڵەی هەیە. نزیکەی سێ دەیە دوای دیاری کرانی یەکی مەی وەک ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئاستی دنیادا، واتە ٩٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، لە ساڵی ١٣٠١ ی هەتاوی کرێکاران بۆ یەکەم جار چوون بەره‌و پێری ڕۆژی یەکی مەیەوە و بە خۆپیشاندان، ڕێپیوان و سوخەنڕانی، ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت.

بە درێژایی هەموو ساڵەکانی دواتر کریکاران چ لە دەورەکانی دیکتاتۆڕی پەهلەوی و چ لە دەورانی ده‌سه‌ڵاتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامیی و بەپێی فەزای سیاسی کۆمەڵگا، لە هەر جێگایەک دەرفەتێک ڕەخسابێت ئەو ڕۆژەیان زیندو ڕاگرتووە و مەڕاسمەکانی ڕۆژی هاوپشتی چینایەتی خۆیان لەگەڵ کرێکارانی دنیا، بە شێوەی جۆراوجۆر، بەڕیوەبردووە.

لە یەکەم مەڕاسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، ١١ ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ لە تاران بە سەدان هەزار کەس لە ڕێزگرتنی ئەم ڕۆژەدا هاتنە سەر شەقامەکان و هاوکات لە گشت شارەکانی ئێران شکۆدار ترین مەڕاسمەکانیان بەڕێوەبرد. لە ئاکامی هەوڵی چەندین ساڵەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریدا، ئێستا جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران، له‌گه‌ڵ سوننەت و گرینگی پێگەی ئەم ڕۆژە ئاشنا بوون. کرێکارانی وشیار و پێشرۆ کە دڵیان لە گەرەوی ڕزگاری خۆیان و هاوچینەکانیاندایە، لە سه‌روبه‌ندی ئەم ڕۆژەدا شێلگیرانە هەوڵ ئەدەن بە ڕێکخستن و کاری وشیاری دەرانەیان ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کریکاران و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا هانبدەن بۆ بەشداری کردن لە مەڕاسمەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا.

کرێکارانی پێشرۆ و سۆسیالیست، هەموو ساڵێک گەلێک بەر لە هاتنی ئەم ڕۆژە، لە پێوەندی لەگەڵ کرێکارانی شوێنی کار و ژیانیاندا، بەرنامە دادەنێن، پێوەندی دادەمەزرێنن، کاری وشیاری دەرانە دەکەن، قسەوباس دەکەن، بۆچوون دەردەبڕن، بڕیار ئەدەن، ڕەشنووسی بڕیارنامه‌ ئامادە دەکەن و بەکورتی ئامادەکاری دەکەن تا بە هەر شێوەیەک بتوانن مەڕاسمەکانی ئەم ڕۆژە بەڕێوەبەرن. ئەوان بە ئەزمون و زاناییەک کە هەیانە جیاوازی ئەم ڕۆژە و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕۆژە لەگەڵ باقی ئاکسیۆنە ناڕەزایەتییەکانی خیابانی دەزانن. ئەوان دەزانن کە ئاکسیۆنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەبێ بە چ شێوەیەک ئامادەکاری بۆ بکەن، ئەوان دەزانن کە پاراستنی سوننەتەکانی ڕێز گرتن لەم ڕۆژە تا چ ئاستێک گرنگە و بۆ پاراستنی ئەم سوننەتە دەبێ کەڵک لە چ داهێنانێك وەربگرن.

ئەوان دەزانن کە چۆن ئیمکاناتی ئارخەیانی موشتاقانی بەشداری لە مەڕاسمەکانی یەکی مەیدا فەراهەم بکەن، دەزانن کە قەرار نییە لەم ڕۆژەدا تێهەڵچوونێکی نەخوازراو ڕوو بەدات، شەڕ و تێکهەڵچوونی خیابانی بکەوێتە ڕێ، ئەوان دەزانن کە ئاکسیۆنی ئەوەڵی مەی لەگەڵ خەباتی جەماوەری ئێستا کە لە خیابانەکاندا درێژەی هەیە، جیاوازە و ئەوم جیاوازیەش دەبێ بەڕەسمیەت بناسرێت. ئەم ڕۆژە، رۆژی وەبیر هێنانەوەی سوننەتێکی چینایەتی، و ڕۆژی ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی دنیایە.

کرێکارانی پێشرۆ و سۆسیالیست، ئاگاهانە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا داوا لە جەماوەری کرێکاران دەکەن کە هەواڵی بەڕیوەچوونی ئەم ڕۆژە ئامانجی بەڕێوەچوونی و شوێنی مەڕاسمەکە بە هەموان بڵێن تا شاهیدی حوزوری ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران و بنەماڵەکانیان و سەرجەم ئەوانەی کە بەرژەوەندیەکیان جیا لە بەرژەوەندی کرێکاران نییە، بین.

لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ هەر ڕادەیەک لە جوڵەی کرێکاران و هەوڵدانیان بۆ یەکگرتویی و یەکدەست جۆڵانەوەیان هەستیارە و هێندێک هەڕەشە و بەرگریش دەکات، یان بە بەڕێوەبردنی مەڕاسمی فەرمایشی دەوڵەتی هەوڵ ئەدات، ئەم ڕۆژه‌ جیهانییە لە ناوەرۆکی خۆی بەتاڵ بکات، بەم حاڵەشەوە کرێکاران لە ئاکامی کێشمەکێش و دەست و پەنجە نەرم کردنی ساڵەکانی ڕابردوودا بونەتە خاوەنی کۆمەڵێک ئەزمون و ئەگەر بەکاری بێنن و گەشەی پێ بده‌ن، دەکرێ هیوادار بین کە ئەمساڵێش جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران لە کۆبوونەوە جۆراو جۆرەکان لەم ڕۆژەدا لەدەوری یەکتر کۆببنەوە.

ئەگەرچی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان، تەحمول کردنی هەر ڕادەیەک لە یەکێتیی و وشیاری کرێکاری بەلایانەوە دژوارە، بەڵام ئەزمونی ساڵانی دوایی بە کرێکارانی نیشان داوە کە بەکارهێنانی ئیرادەی یەکگرتوانەی کرێکاران مومکینە و دەکرێت و هەڕەشەکانی ڕژیمیش لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوو و ڕێکخراوی کرێکاراندا زۆر کارساز نییە. سەرجەم ئەزمونەکانی تا ئێستا سەلماندویەتی کە سەرەڕای ئەویکە کۆماری ئیسلامیی مافی تەشەکول و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی زەوت کردووە، بەو حاڵەشەوە لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوانە و ڕیزی ڕیکخراوی کرێکاراندا هیچ کارێکی لەدەست نایەت و ناچارە بووه‌ حوزوری کرێکارانی یەکگرتوو لە مەڕاسمەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا قەبوڵ بکات.

ئێستا کە لە ئاکامی خەباتی چەندین ساڵەی کریکاران، ڕاگیرانی کار لە ڕۆژی ١١ی گوڵان، بەسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا سەپاوە و کرێکاران دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە لەدەوری یەکتر کۆببنەوە، چ باشتر کە تەجەموع و کۆبوونەوەکانیان، وشیارانە و بە بەرنامە بێت. نەک لە دەشت و سەحرا، بەڵکوو لە نێوجەرگەی شارەکان و لە شوێنەکانی کار و ژیانی کرێکاران بەڕێوەبچێت. ئەم ڕۆژە، نەتەنیا ڕۆژی شادییە؛ بەڵکوو لە هەمانحاڵدا ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی ئازارە هاوبەشەکان و ڕۆژی دۆزینەوەی چارەسەری ئازارەکانێشە. ئەم ڕۆژه‌ نەتەنیا ڕۆژی ڕێزگرتن لە سوننەتێکی مێژوویی کرێکارانە، ڕۆژی بڕیار دان و پەیمان بەستن و عەهد کردنیشە. ڕۆژی دەستپێکی هەوڵی نوێیە بۆ یەکێتیی زیاتر، هاوپشتی زیاتر، خەباتی هەمەلایەنە تر و دەستەبەر کردنی دەستکەوتی زیاتریشە.

لە دنیای ئەمرۆدا کە بەرەی سەرمایە هەموو تەرح و کردارێکی لە دەستوری کاردا داناوە تا بە ئیجرا کردنیان، نان و کار و ئازادی ئینسانەکان بە گرەوگان بگرێت، هیچ ڕێگایەک بێجگە لە خەبات بۆ پێكهێنانی بەرەیەکی کرێکاری لە بەرانبەر بەرەی سەرمایەدا بوونی نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەیەوێ بە توند کردنەوەی چەوساندنەوە، داسەپاندنی حەقدەستی چەند قات لە ژێر هەژاریدا، بێکار سازی و لەبەین بەردنی ئەمنییەتی پیشەیی، کەم کردنەوە و لابردنی خزمەتگوزاریە گشتییەکان، بیبەش کردنی کرێکاران لە سەرەتایی ترین مافە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانیان، لە کۆتاییدا تەنانەت بە زیندان و شه‌لاق و ئەشکەنجەش، باری قەیرانی ئابووری خۆی بخاتە سەر شانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا. پاشکەشە کردن بە دەوڵەتی سەرمایەداران، عەزم و ئیرادەی پتەو و قایمی ده‌وێت، ڕێکخراو بوون و تەشەکولی دەوێ، ڕێبەر و چالاکی پێشڕەوی دەوێت. بەڕیوەچوونی سەرکەوتانەی مەراسمەکانی ئەم ڕۆژه‌ ئەزمونێکە بۆ نیشاندانی ڕادەیەک لە بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری لەم بوارانەشدا. لە ئاوا ڕۆژێکدا، کرێکارانی ئێرانیش لەگەڵ کرێکارانی سەرتاسەری دنیا، دەبێ سەرچاوەیەک لە هێزی لەبن نەهاتوی خۆیان بە سەرمایەداران و دەوڵەتی ئیسلامییان پێشان بدەن.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-