کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پلاتفۆرمی به‌لاڕێدابه‌ری بوژوازی له‌ دیفاع له‌ مافی ژنان

Untitled 6

له‌م ڕۆژانه‌دا كه‌ له‌ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن نزیك ده‌بینه‌وه‌، كۆماریخوازانی دیمۆكراتیك و غه‌یره‌لائیك، یه‌كیه‌تیی كۆماریخوازان، پاشماوه‌كانی جیبهه‌ی میللیی ئێران، هێزه‌كانی لایه‌نگری سۆسیال دیمۆكراسی بۆ ئێران، هێزه‌كانی ڕێكخراو له‌ناو شۆرای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تێپه‌ڕین و له‌ یه‌ك كه‌لامدا، ئه‌م لایه‌نه‌ جۆراوجۆرانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران، هه‌مووان ئاڵای دیفاع له‌ مافی ژن ده‌شه‌كێننه‌وه‌. ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆن له‌ زمانی وته‌بێژه‌كانیان و ئه‌و میدیایانه‌ی كه‌ له‌ ئیختیاریان دایه‌ له‌سه‌ر به‌رابه‌ریی مافی ژن و پیاو له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا پێداگری ده‌كه‌ن و پلاتفۆرمه‌كانی خۆیان له‌م بواره‌دا به‌ڕووی كۆمه‌ڵگا داده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ته‌ئكید له‌سه‌ر به‌رابه‌ریی یاسایی ژن و پیاو به‌تیابه‌ت له‌ ئێران كه‌ پانتایی بێ مافی و سته‌می داسه‌پاو به‌سه‌ر ژنان هیچ سنوورێك ناناسێ، یه‌كجار سه‌ره‌نج ڕاكێشه‌ و هه‌ر جۆره‌ پێشڕه‌وییه‌ك له‌م بواره‌دا ده‌ستكه‌وتێكی گرینگه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی ژنان.  به‌له‌به‌رچاوگرتنی گرینگییه‌ك كه‌ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ به‌رابه‌ریی یاسایی ژنان له‌ ڕه‌وتی خه‌بات بۆ دابین كردنی به‌رابه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌تی، داخوازیی ژنان له‌ بواری به‌رابه‌ریی یاسایی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجار كۆنكرێت له‌ به‌رنامه‌ی كۆمۆنیسته‌كاندا هاتووه‌. كه‌وابوو ته‌وه‌ری داخوازیی ژنان له‌ بواری به‌رابه‌ریی یاسایی یان به‌ واتایه‌كی دیكه‌، به‌رابه‌ریی ژنان له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا جێگه‌ و پێگه‌یه‌كی گرینگی له‌ پێناو ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ به‌رابه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌.

به‌ڵام پێداگریی له‌سه‌ر به‌رابه‌ریی یاسایی ژنان و پیاوان و گونجاندنی له‌ پلاتفۆرم و به‌رنامه‌ی ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران، ناته‌باییه‌كی ئاشكرای له‌گه‌ڵ ئامانجه ستراتێژییه‌‌كانی ئه‌وان هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌م ناته‌باییه‌ ئاشكرایه‌، ته‌بیلغ بۆ به‌رابه‌ریی یاسایی و به‌رنامه‌ داڕشتنی ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی كردووه‌ته‌ بابه‌تێكی فریوكارانه‌ و ته‌بلیغاتی بێ بنه‌ما. ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی به‌ پێی ئامانجی ستراتێژیك و ئالتێرناتیڤێك كه‌ بۆ ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئابووریی ئێران له‌ قه‌یران هه‌یه‌تی، هه‌مان نوسخه‌ی درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سه‌رمایه‌داری و گه‌ڵاڵه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری به‌ پێی مۆدێلی نێئۆلیبرالیسمی باو له‌ ئاستی جیهاندا، ده‌پێچێت. ئه‌وانه‌‌ نه‌ ته‌نیا نایانهه‌وێ خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌ت بڕووشێ، به‌ڵكوو له‌ ڕێگه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان و پیاوانی كرێكار، به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی كاری هه‌رزانی كرێكارانی ئێران، به‌نیازن به‌ستێنه‌كانی وه‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتر و گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌ بخوڵقێنن. ئه‌م مۆدێله‌ له‌ گه‌شه‌ی ئابووری له‌ وڵاتانی له‌ حاڵی گه‌شه‌دا، ئه‌ساسه‌ن به‌ پشت به‌ستن به‌ توند كردنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر ژیانی كرێكاران و توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگا، به‌ره‌رپێش چووه‌. مۆدێلی گه‌شه‌ی ئابووریی دڵخوازی ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی، له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتووه‌، هیچ دواهاتێكی بێجگه‌له‌ به‌فیرۆچوونی ژیانی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگا و توندبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێ مافیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی نه‌بووه‌. به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر ئه‌م گه‌ڵاڵانه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری بوو كه‌ له‌ میسر و توونێس، ژنانی به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین برد.

ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ هه‌مووان ده‌زانن كه‌ به‌رابه‌ریی یاسایی ژن و پیاو، به‌ بێ به‌رابه‌ریی ئابووری دابین نابێت. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ به‌ هه‌ر ڕاده‌یه‌ك باس له‌ به‌رابه‌ریی یاسایی ژن و پیاو له‌ بواری ته‌ڵاق و به‌رابه‌ریی له‌ مافی سه‌رپه‌رستی منداڵان بكه‌ین، به‌ڵام تا كاتێك كه‌ ژنان نه‌توانن سه‌ربه‌خۆ له‌ پیاوان له‌ بواری ئابوورییه‌وه‌ له‌سه‌ر پێی خۆیان ڕاوه‌ستن، له‌م به‌ناو “مافی به‌رابه‌ر“ه‌ كه‌ڵك وه‌رناگرن. ژنێك كه‌ له‌ بواری ئابوورییه‌وه‌ نیازی به‌ پیاوه‌ و سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی نییه‌ به‌ناچار له‌ مافی “به‌رابه‌ری ته‌ڵاق” و مافی سه‌رپه‌رستیی منداڵه‌كانی له‌ كاتی جیابوونه‌وه‌دا، ده‌گوزه‌رێ. كه‌وابوو به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پێویسته‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی ژنان دابین بكرێت. گشت ژنانی ئاماده‌ به‌ كار، پێوسیته‌ له‌ مافی بیمه‌ی بێكاریی گونجاو له‌گه‌ڵ ژیانێكی ئینسانی به‌هره‌مه‌ند بن. بۆ ئه‌وه‌یكه‌ ژنان له‌ بواری دامه‌زراندن له‌گه‌ڵ پیاوان یه‌كسان بن، پێویسته‌ ژنان له‌ په‌راوێزی ماڵه‌كان بێننه‌ ده‌ر. پێویسته‌ به‌ستێنه‌ مادییه‌كانی هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژنان له‌ گۆشه‌ی ماڵه‌كان و ئیمكانی گه‌شه‌ و په‌روه‌رده‌ كردنی تواناكانیان دابین بكرێ. بۆ هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژنان له‌ گۆشه‌ی ماڵه‌كان و دابین كردنی به‌رابه‌ریی ئه‌وان له‌گه‌ڵ پیاوان له‌ بواری دامه‌زراندنه‌وه‌، كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆڵی دایك بوونی ژنان به‌رپرس و به‌ڵێندار بێت و به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی ژنانی نه‌زانێت و به‌ پێكهێنانی ئیمكاناتی به‌رین و بێبه‌رامبه‌ری ته‌ندرووستی، ده‌رمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م به‌ربه‌ست و سته‌مانه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ر ژناندا ده‌سه‌پێندرێ، له‌ ناو به‌رێت. ئه‌م هه‌وڵانه‌ و باقیی داخوازییه‌ ڕێفاهییه‌كانی ژنان به‌ بێ هێرش بۆسه‌ر نیزامی سه‌رمایه‌داری و قازانجی سه‌رمایه‌داران و دامه‌زراندنی سیستمێكی خۆشبژێویی كۆمه‌ڵایه‌تی و داڕشتنی یاسایه‌كی كاری دیمۆكراتیك مسۆگه‌ر نابن. سه‌رچاوه‌ ماڵییه‌كان و هه‌زینه‌ی دابین كردنی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی ژنان، وه‌دی هاتنی خواستی ڕێفاهی و دابین كردنی بواره‌ مادییه‌كانی به‌رابه‌ریی یاسایی ژنان و پیاوان پێویسته‌ له‌ قازانجی سه‌رمایه‌دارانه‌وه‌‌ دابین بكرێت. هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن كه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌داری ده‌زانن  و خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌ت به‌لایانه‌وه‌ پیرۆزه‌ و خوازیاری گه‌شه‌ی مۆدێلی نێئۆلیبرالین، به‌ پێی ماهییه‌تی ئامانجه‌كانیان ناتوانن ته‌نانه‌ت داخوازیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ بواری به‌رابه‌ریی یاساییشه‌وه‌ دابین بكه‌ن. ئاگادار بوون له‌م ناته‌باییانه‌یه‌ كه‌ ئیدێئۆلۆگ و بانگه‌شه‌كارانی بورژوازیی به‌ره‌و ئه‌و ڕێگایه‌ بردووه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناچینایه‌تی پێناسه‌ بكه‌ن.

ئه‌و ناته‌باییانه‌ی كه‌ له‌ نێوان پلاتفۆرمی داخوازیی لیبراله‌كان و ئامانجی ستراتێژیك و به‌رنامه‌ی ئابوورییان  له‌ پێناو داخوازیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان باسیان لێكرا، له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ حیزب و ڕه‌وته‌ ناسیۆنالیسته‌كانیش له‌ كوردستان‌ به‌مجۆره‌یه‌. ئه‌وانیش هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ی سه‌رمایه‌داریدا به‌ شوێن سه‌همی خۆیانه‌وه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا. ئه‌وان به‌ پێی ماهییه‌تی چینایه‌تی و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی كه‌ هه‌یانه‌ خوازیاری شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی نین. ئه‌وانیش خوازیاری ئه‌وه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌درای و خاوه‌ندارییه‌تیی تایبه‌ت وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام كێشه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی لایه‌نگری ڕۆژئاوا و ڕه‌وته‌ ناسیۆنالیسته‌كان ته‌نیا ناته‌بایی پلاتفۆرمی داخوازییان له‌گه‌ڵ ئالتێرناتیڤ و به‌رنامه‌ی ئابوورییان نییه‌، به‌ڵكوو ستراتێژه‌ سیاسییه‌كه‌شیان به‌لاڕێدابردنی بزووتنه‌وه‌ی ژنانه‌ و هیچیتر. ئه‌م به‌شه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران كه‌ له‌ ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا شۆڕشیان پێ هێڵی سووره‌، چاوی هیوایان له‌ پشتیوانیی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر ڕژیمی ئیسلامی و تێپه‌ڕینی هێمنانه‌ له‌ ڕژیم بڕیوه‌. ئه‌وان به‌نیازن بزووتنه‌وه‌ی ژنان بكه‌نه‌ هێزی پاشكه‌وی ستراتێژی ده‌ست به‌ ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه‌.

حیزب و هێزه‌ ناسیۆنالیسته‌كان له‌ كوردستانیش له‌ حاڵێكدا كه‌ بۆ “ته‌عدیل” و یان گۆڕینی ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژێك ده‌ستی هاوپه‌یمانی به‌ره‌و ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی درێژ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕۆژێكیتر ده‌ست له‌ناو ده‌ستی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران كه‌ پێبه‌ندبوون به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێران به‌شێك له‌ ناسنامه‌یان پێكدێنێت‌ و یان چاوی هومێدیان له‌ زلهێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بڕیوه‌‌، به‌نیازن خه‌باتی ژنانی كوردستان له‌ هێزی هاوپشتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ژنان و باقیی بزووتنه‌وه‌ پێشڕه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ له‌ ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا بێبه‌ری بكه‌ن.