ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری دژبه بێ ئاوی و سیاسه‌تی دژه‌مرۆیی ڕژیم له پتر له ١٧ شاری ئۆستانی خووزستان بۆ ١٠مین ڕۆژی به‌رده‌وام هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵك گیانیان له‌ده‌ست داوه، بریندار بوون و ژماره‌یه‌كی زیاتریش ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی كراون. هاوكات پشتیوانی له خواسته‌كانی خه‌ڵكی خووزستان له باقیی شاره‌كانی ئێران له حاڵی په‌ره‌سه‌ندن دایه.
سه‌ره‌ڕای كه‌ش و هه‌وای یه‌كجار ئه‌منییه‌تی و حزووری به‌رینی هێزه ئینتزامی و لیباس شه‌خسییه‌كان، هاوڵاتییانی شاری ئه‌لیگوده‌رز بوێرانه هاتنه مه‌یدان. لاوانی ئه‌لیگوده‌رز له ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌وه به به‌ستنی ڕێگاكان و ئاگرتێبه‌ردانی لاستیك، ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خۆیان ده‌ستپێكرد. خه‌ڵك به ڕێپێوان و وتنه‌وه‌ی درووشم له خووزستان پشتیوانی ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كان له ئه‌لیگوده‌رز، هێزه ئه‌منییه‌كان هاتنه مه‌یدان و به ته‌قه‌ی گولـله و گازی فرمێسك‌ڕێژ هه‌وڵیان دا بڵاوه به خه‌ڵك بكه‌ن. به‌ڵام لاوانی ئه‌لیگوده‌رز بوێرانه له مه‌یداندا مانه‌وه و به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون. به پێی ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبوونه‌وه له جه‌ریانی ئه‌م تێكهه‌ڵچوونانه‌دا سێ كه‌س گیانیان له‌دست دا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون. هه‌روه‌ها به پێی ڕاپۆرته‌كان خه‌ڵكی شارستانه‌كانی خوره‌م ئاباد، حه‌وزه‌ی عیلمیه‌ی ئه‌مشاره‌یان خستووه‌ته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه. هاوڵاتییانی شاره‌كانی كرماشان و ئیسفه‌هانیش بۆ پشتیوانی له ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی خووزستان ده‌ستیان داوه‌ته خۆپیشاندان. شۆرای ڕێكخه‌ری مانگرتنی كرێكارانی نه‌وت، پێشرۆشیمی و گازیش له به‌یانییه‌یه‌كدا پشتیوانیی كرێكارانی مانگرتووی له ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی خووزستان ڕاگه‌یاند.
هه‌ژاری، بێكاریی به‌رین، سه‌ركوتی توند، دژه‌عه‌ره‌ب بوونی سیستماتیكی ڕژیم، نه‌بوونی ئاو و به‌رق له یه‌كێك له گه‌رمترین ناوچه‌كانی ئێران، جامی سه‌بری خه‌ڵكی لێوڕێژ كردووه. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا خووزستان نییه كه تێیدا ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵك بڵێسه‌ی سه‌ندووه. سه‌رتاسه‌ری ئێران له‌به‌رده‌م هه‌ڵچووندایه و زه‌وی له‌ژێر پێی كۆماری ئیسلامی‌دا یه‌كجار دا‌غ بووه.
له به‌لووچستان كه نه‌خۆشیی كۆرۆنا بێداد ده‌كات و هیچ جۆره پێداویستییه‌كی ده‌رمانی گونجاو و پێویستی لێ نییه، وه‌زیری ته‌ندرووستیی ڕژیم به بێشه‌رمییه‌وه باس له بوونی ٤٥٠ ته‌ختی به‌تاڵ و ئیزافه ده‌كات، ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه نه‌خۆشه‌كان له‌ناو ساڵۆنی نه‌خۆشخانه‌كاندا له‌سه‌ر عه‌رز ڕاكشاون. له كوردستان هه‌موو ڕۆژێ و هه‌موو حه‌فته‌یه‌ك شایه‌دی مه‌رگ و برینداربوونی كۆڵبهرانین و كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم به بێ ئاماژه به بێكاریی به‌رین و ناچار كردنی به‌شێكی زۆر له خه‌ڵك، باس له تێپه‌ڕینی نایاسایی له سنووره‌كان ده‌كه‌ن. كرێكاران، ژنان، خانه‌نشینكراوان، خوێندكاران، هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانیش كاتێك ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌مان سیاسه‌تی حاشالێكردن و سه‌ره‌نجام سه‌ركوت به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه. ئه‌م ڕژیمه پتر له یه‌ك مانگه به سه‌رسه‌ختیی ته‌واوه‌وه له به‌رامبه‌ر خواست و داخوازیی سه‌ره‌تایی پتر له سه‌د هه‌زار كرێكاری په‌یمانیی شیركه‌ته‌كانی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی، موقاومه‌ت ده‌كات. ڕژیمی ئیسلامی ڕه‌نگبێ له ده‌گمه‌ن ڕژیمهكانی جیهان بێت كه له زه‌وی و ئاسمان و ده‌ریا خه‌ریكی جه‌نایه‌ت و تیرۆره و به‌رپرسایه‌تیی هیچكام له‌م جهنایهتانهش وه‌ئه‌ستۆ ناگرێ. حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ئانقه‌ست فڕۆكه‌ی موسافیربه‌ری له‌سه‌ر تاران به دوو مووشه‌ك به‌رده‌داته‌وه و ده‌بێته هۆی مه‌رگی سه‌رنشینانی، ئه‌گه‌ر كۆڵبه‌ری كوردستان و ناڕازیی خووزستان خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات، دیسان هه‌مان سیاسه‌تی حاشالێكردن، درۆنانه‌وه، چه‌واشه‌كاری و پاساو كردنی هه‌میشه‌یی درێژه‌ی هه‌یه.
خه‌ڵكی شه‌ریف و ئازادیخوازی خووزستان له‌گه‌ڵ سته‌م و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، زمانی و له‌گه‌ڵ هه‌ژاری و بێكاری و نائه‌منیی فراوان به‌ره‌وڕوون. ئه‌م خه‌ڵكه كه له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له نه‌وت و گاز دانیشتوون، مافی خۆیانه له خۆیان و كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم بپرسن كه بۆچی نه‌ته‌نیا هه‌ژار و بێكارن، ته‌نانه‌ت ئاو و به‌رق واته سه‌ره‌تاییترین پێداویستیی ژیانیانیشیان نییه؟ له خووزستان سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین ڕووباری گه‌وره، خه‌ڵك ئاوی خواردنه‌وه‌ی پێویستیان نییه و ڕژیم له‌جیات دابین كردنی ئاو به‌ره‌و ناڕازیان ته‌قه ده‌كات.
ده‌سه‌ڵاتێك كه نوقمی گه‌نده‌ڵی و ڕانتخۆرییه، ده‌سه‌ڵاتێك كه له‌ژێر سێبه‌ری قووڵ كردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێبه‌شیی خه‌ڵكدا پاڵی داوه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتێك كه زه‌وت كردنی سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی خه‌ڵكی كردووه‌ته بنه‌مای درێژه‌ی مانه‌وه‌ی نگریسی خۆی، ئاشكرایه كه ناتوانێ به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی خه‌ڵك، ژیان و گوزه‌رانیان، مافه‌كانیان، پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانیان، چكۆله‌ترین به‌رپرسایه‌تی وه‌ئه‌ستۆ بگرێت. زۆربه‌ی خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو، به گوشت و پێستیان به‌وه گه‌یشتوون كه بۆ كۆتایی هێنان به كێشه‌كانی ژیانیان، بۆ كۆتایی هێنان به هه‌ژاری و بێبه‌شیی داسه‌پاو و بۆ ڕێگری له به‌فیڕۆچوونی ئاواته ئینسانییهكانیان، هیچ ڕێگایه‌كیان بێجگه‌له ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه جه‌نایه‌تكار و دژه‌مرۆییه له‌پێش نییه.
ئه‌م ڕژیمه وه‌ك سیستمێكی سه‌رمایه‌داریی گه‌نده‌ڵ و ناكارامه گیانی زۆربه‌ی هاووڵاتییان به‌لایه‌وه هیچ گرینگ نییه. وه‌ها ڕژیمێك شیاوی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵ نییه. بێ كهفایهتیی نیزامی سه‌رمایه‌داری ئیسلامی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویشكهساڵی و بێ ئاوی، له په‌نا هه‌موو بێتواناییه‌كانی دیكه‌یه‌وه، نیشانی داوه كه وه‌ها ڕژیمێك شیاوی مرۆڤی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك نییه. نیزامی سۆسیالیستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شۆرایی ژیانی خه‌ڵك، ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایه‌تییه له گشت ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه نیزامی سه‌رمایه‌داری خوڵقاندوویه‌تی و هۆكاری مانه‌وه‌یه‌تی. بێگومان ته‌نیا له‌م ڕێگه‌وه مرۆڤ ده‌توانێ به‌شێوه‌ی كاریگه‌ر به‌ره‌نگاری قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی، و به‌ڵای سرووشتی بێته‌وه.