ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ١٢ی خاكه‌لێوه، ساڵڕۆژی داسه‌پانی ڕژیمی “كۆماری ئسیلامی“یه به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران. ٤٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له وه‌ها ڕۆژێكدا داگیركه‌رانی شۆڕشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به ڕێبه‌ریی “خومه‌ینی“، له نومایشێكدا له‌ژێرناوی “گشت پرسی له خه‌ڵكی ئێران” ده‌سه‌ڵاتی جه‌هل و خورافه و سه‌ركوتی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا ڕه‌سمی كرده‌وه.
ڕۆژی ١٢ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی، له حاڵێكدا كه هێشتا دوو مانگ له سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك تێپه‌ڕ نه‌ببوو و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به ته‌واوی ماهییه‌تی بیری كۆنه‌په‌رستانه و ئامانجی بورژوایی داگیركه‌رانی شۆڕ‌شیان بۆ ده‌رنه‌كه‌وتبوو، داروده‌سته‌ی خومه‌ینی به درووشمی “كۆماری ئیسلامی نه یه‌ك ووشه زیاتر و نه یه‌ك ووشه كه‌متر” هاتنه مه‌یدان تا خه‌ڵك ناچار بكه‌ن كه له نێوان دوو ده‌نگی “ئه‌رێ یان نا” یه‌كیان هه‌ڵبژێرن و له ڕێگه‌ی به‌شداری كردن له‌م به‌ناو “گشت پرسیه”دا، به نیزامی كۆماری ئیسلامی ئه‌رێ یان نا بڵێن. خومه‌ینی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م نومایشه یه‌كجار به‌په‌له بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ده‌یزانی ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ده‌رفه‌تیان بۆ هه‌ڵكه‌وێ به چاوی كراوه‌وه قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر ماهییه‌تی كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ن و ئاكامی ڕێفراندۆم ئه‌وجۆره نابێت كه چاوه‌ڕوانی ده‌كرد.
پرسیارێكی فریوكارانه و وڵامی “ئه‌ری و نا” كه بۆ ئه‌م ڕێفراندۆمه دیاری‌یان كردبوو به شێوه‌یه‌ك بوو كه گۆیا ئه‌گه‌ر كه‌سێك ده‌نگی “ئه‌رێ” له سندووقه‌كان نه‌خات، به مانای ئه‌وه‌یه كه لایه‌نگری گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕژیمی شایه. بێگومان له باروودۆخێكدا كه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك گیانفیدایانه و به‌شێوه‌ی به‌رین له ڕاپه‌ڕینی ڕووخاندنی ڕژیمی په‌هله‌وه‌یدا به‌شداریان كردبوو، نیسبه‌ت دانی ئه‌و بابه‌ته بۆیان مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بوو و زۆرێك له خه‌ڵك ته‌نیا به‌خاتری نه‌فره‌تیان له ڕژیمی شا و نیزامی پێشوو و به پێچه‌وانه‌ی خواستی ده‌روونیان، به ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و حكوومه‌تی مشتێك ئاخوند و كۆنه‌په‌رست، له ڕووی ناچارییه‌وه و هێندێكیشیان له ڕووی خۆشباوه‌ڕییه‌وه، ده‌نگی “ئه‌رێ“یان هه‌ڵبژارد و خستیانه ناو سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاتیش ئه‌و ده‌سته‌یه له خه‌ڵك كه ماهییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی كۆنهپهرستانیان هاوسان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی نیزامی پاشایه‌تی ده‌زانی، نه ته‌نیا ئه‌م ڕێفراندۆمه‌یان بایكۆت كرد، به‌ڵكوو تا ئه‌و جێگایه‌ی كه له توانایان دابوو، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیان له به‌شداری كردن له‌و به‌ناو هه‌ڵبژاردنه دوور ده‌خسته‌وه. كارگێڕانی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له ڕێگه‌ی ئه‌و ئیمكاناته‌ی كه وه‌چنگیان كه‌وتبوو و به كه‌ڵگ وه‌رگرتن له‌و تریبوونانهی كه له ئیختیاریان دابوو و به به‌كار هێنانی سوننه‌تی ئایینی باو له ناو خه‌ڵكدا، ئاكامی به‌ناو گشت پرسیهكهیان به قازانجی خۆیان و به‌ناوی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگه‌یاند. پێشینه‌ی گشت هه‌ڵبژاردنه فهرمایشیهكانی ٤٢ ساڵی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌ها ڕۆژێك و له‌گه‌ڵ سه‌قامگیر كردنی وه‌ها ڕۆژێك بوو كه سوننه‌تی هه‌ڵبژاردنی نومایشی و فه‌رمایشی له‌م ڕژیمه‌دا دووپات بۆوه.
١٢ی خاكه‌لێوه بۆ جه‌ماوه‌رێك كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ڕۆژانی پێشێلكردنی مافی هه‌ڵبژاردن و دیاری كردنی چاره‌نووس و یه‌كه‌مین ڕۆژی سه‌قامگیر كردنی ڕه‌سمیی ده‌سه‌ڵاتی جه‌هل و خورافه و یه‌كه‌مین ڕۆژی شكڵ گرتنی ده‌سه‌ڵاتێكه كه هه‌م كۆنه‌په‌رسته و هه‌م سه‌رمایه‌داری.
ڕۆژی ١٢ی خاكه‌لێوه، ئه‌گه‌ر بۆ كۆماری ئیسلامی ڕۆژی ده‌ستپێكی ٤٣مین ساڵه له ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سه‌رمایه‌داریی ئیسلامی، بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ساڵڕۆژی ڕاگه‌یاندنی كۆتایی ڕۆڵی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له شۆڕشێكی شكۆدار و ساڵڕۆژی ده‌ستپێكی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمێكی كۆنه‌په‌رست و ساڵڕۆژی درێژه‌ی ته‌مه‌نی سه‌ركوت، سووكایه‌تی، داسه‌پاندنی هه‌ژاری و برسیه‌تییه و ده‌سپێكی ٤٣مین ساڵی زه‌وت كردنی سه‌ره‌تایی ترین ئازادییه تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌وكاتیش به‌شێكی یه‌كجار به‌رینی خه‌ڵك له‌و نومایشهی هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شدارییان نه‌كرد، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی یه‌كه‌مین ئاماری ساخته‌ی خۆی له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ناو “ڕێفراندۆم“ه ڕاگه‌یاند و ئیدیعای كرد كه گۆیا پتر له ٩٨ له‌سه‌دی خه‌ڵك له نومایشی “كۆماری ئیسلامی ئه‌رێ یان نا” به‌شدارییان كردووه. ئه‌م ئیدیعایه‌ی كۆماری ئیسلامی له حاڵێكدا ڕاده‌گه‌یه‌ندرا كه خه‌ڵكی كوردستان به جه‌معییه‌تی چه‌ند ملیۆن كه‌سییه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌م فریوكارییه ئاشكرایه، به وشیاریی ته‌واوه‌وه له‌م ڕێفراندۆمهدا به‌شدارییان نه‌كرد و مه‌شرووعییه‌تی ئه‌م ڕژیمه‌یان قه‌بووڵ نه‌كرد. ڕژیم ته‌نانه‌ت شانسی ئه‌وه‌شی نه‌بوو كه ده‌كه‌كانی هه‌ڵبژاردن له كوردستان دابنێت. بۆ زۆرێك له شوێنه دووركه‌وتووه‌كانی ئێران ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌ی هه‌ڵبژاردنیش نه‌نێردرا. له چه‌ندین شوێن له‌وانه ناوچه‌ی توركهمهن سه‌حرا سندووقی ده‌نگدان دانه‌ندرا.
ئه‌مڕۆ ملیۆنان كه‌س له خه‌ڵكی ئێران ستایشی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه ده‌كه‌ن كه وشیارانه له نومایشی مه‌شرووعییه‌ت دان به ڕژیمی ئیسلامی‌دا به‌شداریان نه‌كرد و هه‌ر ئه‌وكات هاواری “نا بۆ كۆماری ئیسلامی“یان به‌رز كرده‌وه و پتر له ٤٠ ساڵه له‌سه‌ری پێداگری ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی ئێران خوازیاری ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه‌یه. به‌ڵام بێگومان وه‌ها خواستێك ته‌نیا به دووپات بوونه‌وه‌ی دیمه‌نه شكۆدارهكانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی ساڵی ١٣٥٧ و ئه‌مجاره‌یان به ده‌ورونه‌خش نواندنی وشیارانه و ڕێكخراوی چینی كرێكار و به‌شداریی ملیۆنیی لاوان، ژنان و هه‌موو ستهملێكراوانی كۆمه‌ڵگا، دێته دی. با ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌ك به‌ستێنه‌كانی وه‌ها شۆڕشێك به ئیراده‌ی ملیۆنیمان بخوڵقێنین. له ڕۆژی سه‌قامگیر بوونی ده‌سه‌ڵاتی جه‌نایه‌تكار و كۆنه‌په‌رست و ماڵوێرانكه‌ری كۆماری ئیسلامی‌دا جێگای خۆیه‌تی یادی هه‌موو ئه‌و كۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ و پێشڕه‌وانه به‌رز ڕابگرین كه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دێوه‌زمه دژه مرۆییه و له‌پێناو وه‌دی هاتنی ئارمانه ڕاسته‌قینه‌كانی شۆڕشی ئێران، له مه‌یدانی نه‌به‌رد و یان له زیندانه‌كاندا گیانیان به‌خت كرد. یادی ئیلهامبه‌خشیان ئه‌مڕۆ زیاتر له ڕابردوو، له ڕه‌زمی بێ ئه‌مان، نه‌خشه‌مه‌ند، ڕێكخراو و به‌رده‌وام دژبه ڕژیمی ئیسلامی و نه‌زمی سه‌رمایه‌داری، یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێت.