کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وڵامی ڕژیم بە ناڕەزایەتیی کرێکاری چییە؟

لە رۆژی دووی مانگی ڕێبەندانەوە تا ئێستا ٤ هەزار کەس لە کرێکارانی گروپی سەنعەتی فولادی ئێران، بریتی لە کارخانەکانی فولادسازی، نەوەردی کەوسەر، نەوەردی تیرئاهەن، کارخانەی لولە سازی و ماشێن سازی، لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی خراپی بەڕێچوون، نەدرانی حەقدەستەکانیان و نەبوونی بیمە و داخوازی دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی سەرویسی هاتوچۆ، لە بەردەم ناوەندەکانی ڕژیم دەستیانداوته‌ خۆپیشاندان، ڕێپێوان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی. کرێکارانی فولادی ئەهواز ڕایانگەیاندووه‌ تا گەیشتن بە سەرجەم داخوازیەکانیان درێژە بە مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانیان ئەدەن. گوروپی سەنعەتی فولاد کە پێشتر دەوڵەتی بوو، لە ساڵی ١٣٨٨ دا لە دان و ستانە ڕانتیەکاندا درا بە کەسێکی سەرمایەدار و بە ئاشکرا بوونی ئیختیلاسی بە ناوبانگی ٣ هەزار میلیاردی ” مەه ئافەرید خوسرەوی” مودیر عامل، ئەو گوروپە سەنعەتیە سەرلەنوێ خرایەوە ئیختیار حکومەت.

هەڵبەت بۆ کرێکاران دەست بە دەست بوونی هەر کارخانە و دامەزراوەیەک لە سەرمایەدارێکەوە بۆ سەرمایەردارێکی تر چ تایبەت و چ دەوڵەتی، جیاوازیەکی نییە. بەشی کرێکارانی گوروپی فولادی ئەهواز چ ئەو کاتەی کە خاوەنی ئەم كارخانه‌یه‌ دەوڵەت بووە و چ کاتێک کە سەرمایەدارێکی خوسوسی بووە، تەنیا چەواساندنەوە و بێ مافی بووە. هەرکاتێک کرێکاران داوای مافی خۆیان کردوە، بەرەو رووی هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعاتی و ئەمنیەتی بوونەتەوە. ئەمجارەش کرێکارانی فولادی ئەهواز شاهیدی ئەم ئەزمونە بوون. شەوی ٩ ی مانگی ڕەشەمە هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعات بە هێرشی وەحشیانە کردنەسەر مەنزڵی کرێکارانی فولادی ئەهواز ٩ کەسیان تەنیا بە تاوانی داوا کردنی مافەکانیان گرت و بردنیانن بۆ شوێنێکی نادیار. بازپورسی شوعبەی ١٢ی ” دادسەرای ئینقلاب” بە وەکیلی کرێکارانی دەست بەسەر کراوی وتوە کە پەروەندەکانیان ئەمنیەتیە. بەم هۆکارە درۆینە سەرەڕای دەرکرانی قەراری کەفالەتی ٥٠ ملیۆن تمەنی بۆ کرێکارانی دەست بەسەر کراو نە وەکیل و نەبنەماڵەی کرێکارەکان ناتوانن چاویان پێیان بکەوێ. بەم دەلیلە وەکیلی کرێکارەکان نەیتوانیوە تەنانەت لە چوارچێوەی یاساکانی ئەم ڕژیمە دژی کرێکاریەشدا، وەکالەتنامەیان بۆ تەنزیم بکات. کاربەدەستانی قەزایی پێیان وتوە گیراوەکان مافی هەڵبژاردنی وەکیلیشیان نییە. سەرۆکی دادگوستەری خوزستان ناڕەزایەتی کرێکارانی بۆ داواکردنی حەقدەست و ئەو کارەی کردویانە بە نایاسایی دەزانێت و بە تەئید و دیفاع لە دەست بەسەرکرانی کرێکارەکان دەڵێ ” ئەگەر کۆبونەوەکە درێژەی هەبێت هەمان هەڵسوکەوت لەگەڵ باقی کرێکارەکانیش دەکەین.”

وەها کردار و هەڵسوکەوتێکی ڕژیم لەگەڵ کرێکاران بەهیچ شێوەیەک جێگای سەرسوڕمان و دوور لە چاوەڕوانی نییە. لەبەر ئەوەی سەران و کاربەدەستانی ڕژیم باش دەزانن کە کرێکارانی ئێران گەورە ترین دوژمنی حاکمیەتی سەرمایەدارنەیانن. لە خۆڕا نییە کە خامنەیی بە هەست کردن بە مەترسیەکی جیدی چاودێری بابەتی ناڕەزایەتی کرێکارانی گوروپی سەنعەتی فولاد دەکات. ئەو رۆژی سێ شەممەی حەوتوی ڕابردو بە خۆگیل کردن لەبەرانبەر هۆکار و ڕیشەی سەرەکی موشکلات و گرفتەکانی کرێکاران کە هەمان خودی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامییە، ناڕەزایەتی کرێکاران بە ئاکامی تەحریکی دوژمنان دەناسێنێ و دەڵێ:” یەکێک لە کارە بنەڕەتیەکانی دوژمنان ئەوەیە کە ره‌نگه بتوانن لە کارخانە و ناوەندە گەورەکانی بەرهەم هێنانی ئێمەدا نفوز بکەن و بە هەڵخڕاندنی کرێکاران کەسادیەک لە بەرهەمهێناندا بەدی بێنن.” خامنەیی کە حکومەتەکەی بەرەو رووی قەیرانێکی هەمەلایەنەی سیاسی، ئابووری، نێونەتەوەیی و نێوخۆیی بۆتەوە و هیچ یەک لە باڵەکانی نێو حاکمیەت ڕێگا چارە و بەرنامەیەکیان بۆ دەرچون لێی نییە، وڵامێکیان بێجگە لەوە نییە کە ناڕەزایەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە تەحریک و دەستێوەردانی دوژمنانی دەرەکی تەوزیح بدەن.

بەڵام ئەوە تەنیا ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی کرێکارانی فولاد نییە کە ڕژیمی خستۆتە وەحشەتەوە. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی کرێکارانی فولادی ئەهواز، کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئیسفەهان، سمنان، شاهرود، دامغان، سەڵماس، و کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، کرێکارانی گواستنەوە و گەیاندنی نێونەتەوەیی خەلیج، کرێکارانی پیتروشیمی گەچساران، کرێکاران و خانەنشینانی تەئمینی کۆمەڵایەتی و دەیان ناوەندی کرێکاری تریش دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی. داخوازی ئازادی خوازانە و بەرابەری تەڵەبانەی ژنانیش کە خامنەیی ئەویش بە ئاکامی فریو خواردن و کاریگەری وەرگرتن لە فەرهەنگی دوژمنان دەزانێت، ڕژیمی نیگەران کردوە. هەموومان بینیمان کە رۆژی پێنجشەممە ٨ ی مارس خامنەیی چلۆن بە دزێو ترین وشەکان کەسایەتی و کەرامەتی ژنانی دایەبەر هێرش و جنێودان. ماوەیەک لەوەپێش هەموان بیستمان کە ئەو بە چ ڕادەیەک لە قین و نەفرەت هێرشی کردە سەر دەرسە ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکانی زانستی لە زانکۆکاندا و نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی بزوتنەوە و متالباتی خوێندکاران دەبڕی و ئەوانیشی بە چوونە ژێر کاریگەری فەرهەنگی رۆژئاوا زانی.

هەڵبەت نیگەرانی خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیم لە گەشە و پەرەگرتنی ناڕەزایەتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە خۆڕا نییە. ڕژیم دەبینێت کە سەرەڕای وەڕێخستنی فەزای ترس و وەحشەت و گرتن و زیندانی کردن و کوشتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی لە زیندانەکاندا و بڵاو کرانەوەی ئاگاهانەی هەواڵەکانی ئەم کوشتارانە، رۆژ لەگەڵ رۆژ چەندایەتی و چۆنایەتی، ناڕەزایەتیەکان، مانگرتن و کۆبونەوەکانی کرێکاران، ژنان، لاوان و خوێندکاران، موعەلیمان و خانەنشینان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەدژی کۆماری ئیسلامی بەرز تر دەبێتەوە. ئێستا ئیتر کاردانەوەکان و دروشمەکانی کرێکاراران و ژنان لە ناڕەزایەتیەکاندا، تەنیا سینفی و یان لە چوارچێوەی نیزامدا نییە بەڵکو سیاسی، ساختارشکێنانە و لەدژی کوللیەتی نیزامە. خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیم دەزانن دروشمی کرێکارانی گوروپی فولاد کە دەڵێن:” خۆڕادەگرین، دەمرین، مافەکانمان دەستێنین. یان ” سفرەکەمان خاڵیە، زوڵم و ستەم کافیە” و یان دروشمی ” ئیسلاح تەڵەب ئەسولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا چ واتایەکی هەیە.

ئەم ڕاستیانە نیشانەی ئەوەن کە بوارە عەینی و کۆمەڵایەتیەکانی ئاخێز و بزوتنەوەیەکی گشتی لەدژی هەژاری و بێکاری و ستەم و سوکایەتی فەراهەمە. هێزی بیلقوەی وەها بزوتنەوەیەکیش جەماوەری ملیۆنی کرێکارانی بێکار و ژنانی بێبەش و باقی چین و توێژە زەحمەتکێش و زۆر لێکراوەکانی کۆمەڵگایە کە لە حاکمیەتی ڕژیمی دیکتاتۆڕ و گەندەڵی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی وەگیان هاتوون و ژیانیان کەوتۆتە مەترسیەوە. وەها بزوتنەوەیەک دەتوانێ بەخێرایی جەماوەری و بەهێز بێت. لەم نێوانەدا ئەوەی کە کەمایەسی ئەساسی و ڕەمزی درێژەی حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە، نەبوونی تەشەکول و سازمان یابی ئەو هێزە گەورە کۆمەڵاتیەیە. سازماندانی ئەم هێزە و بەرپا کردنی بزوتنەوەیەک کە پشتی بە هێز و ئیرادەی بە کۆمەڵی کرێکاران بستبێت، ئەرکی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە. وەها بزوتنەوەیەکی جەماوەری دەتوانێ نە تەنیا کاری ڕژیم یەکلایی بکاتەوە بەڵکو ئاسۆیەکی روون لە حاکمیەتی کرێکاری داهاتوش پیشانی کۆمەڵگادا بدات.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-