کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وڕینه‌ی ئیمام جومعه‌كان دژبه‌ ژنان، ڕسواییه‌كی دیكه‌ بۆ گشت ڕژیم

53464

به‌ پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریه‌كان، ڕۆژی ڕابردوو، ته‌باته‌بایی نه‌ژاد ئیمام جومعه‌ و نوێنه‌ری عه‌لی خامنه‌یی له‌ ئۆستانی ئیسفه‌هان له‌ دیدار له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی نیزامی و ئه‌منییه‌تی، كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی له‌ میدیاكانی ڕژیمه‌وه‌ بڵاوكراوه‌، خوازیاری “نائه‌من كردنی” فه‌زا بۆ ژنانێك بوو كه‌ پۆششی خۆیان به‌ پێی سه‌لیقه‌ی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی هه‌ڵنابژێرن. هاوكات له‌گه‌ڵ وته‌كانی ئیمام جومعه‌ی ئیسفه‌هان، ئه‌بۆلقاسم یه‌عقووبی نوێنه‌ری خامنه‌یی له‌ خۆراسانی شۆمالی، هاوشێوه‌ی ئه‌و وتی: “هێزه‌ ئینتزامیه‌كان ده‌بێ ژیانی به‌دحیجابه‌كان نائه‌من بكه‌ن“. ئه‌و له‌م په‌یوه‌نده‌دا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ “سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی پۆلیس و ده‌زگای قه‌زایی به‌ بابه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بێ حیجابی، خه‌ڵكیش پێویسته‌ په‌یگیری ئه‌م بابه‌ته‌ بن و فه‌رمان دان به‌ چاكه‌ و گێڕانه‌وه‌ له‌ خراپه،‌ به‌جێ بێنن“.

ئیمام جومعه‌ی ئیسفه‌هان له‌ ساڵی ١٣٩٣ش دا وتبووی: “مه‌سه‌له‌ی حیجاب ئیتر له‌ ئاستی ئاگاداركردنه‌وه‌ تێپه‌ڕیوه‌ و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌دحیجابی پێویسته‌ داری ته‌ڕ به‌رز بكرێته‌وه‌ و له‌ هێزی قه‌هریه‌ كه‌ڵك وه‌ربگیرێ“. له‌م پێوه‌نده‌دا، عه‌بدولحه‌مید مۆحته‌شه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گرووپی “ئه‌نساری حیزبوڵڵا“، كه‌ له‌ ژێر لقه‌كانی سپای پاسدارانه‌، وتبووی كه‌: “٤ هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژنانی “به‌دحیجاب“، ده‌نێرێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان“. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كردبوو كه‌:”هه‌موو حه‌ره‌كه‌تێك له‌وانه‌یه‌ زیانی لێبكه‌وێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه‌ زه‌ره‌ر و زیانی بێت“. پاش ئه‌م وتانه‌ بوو كه‌ له‌ پاییزی ساڵی ١٣٩٣دا، لانیكه‌م چوار ژنی لاو له‌ ئیسفه‌هان به‌ ئه‌سید هێرشیان كرایه‌ سه‌ر. كاردانه‌وه‌ی به‌رین له‌ ناوخۆی ئێران و له‌ ئاست نێونه‌ته‌وه‌یی دا دژبه‌م جه‌نایه‌ته‌، ڕژیمی ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ كرد. تا جێگایه‌ك كه‌ ئه‌سید پژاندن به‌ ڕوخساری ژنانیان به‌ ده‌زگای سیخوڕیی ئینگلیس نیسبه‌ت دا. گوشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گه‌یشتنه‌ ئاستێك كه‌ ده‌وڵه‌تی ڕووحانی ناچار بوو، له‌و بواره‌دا گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بۆ سزادانانی كه‌سانێك كه‌ هۆكار و بریارده‌ری ئه‌سیدپژاندنن، بۆ مه‌جلیس به‌رێ. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌نیسبه‌ت ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ بێده‌نگیان گرته‌ به‌ر و ته‌نانه‌ت چه‌ند هه‌واڵنێریشیان بۆ داپۆشینی میدیایی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و سێناریۆیه‌ كه‌ بۆ جارێكی دیكه‌  دووپات ده‌بێته‌وه‌.

له‌ڕاستیدا، نائه‌من كردنی كۆمه‌ڵگا بۆ ژنانێك كه‌ حیجابی ئیسلامی ڕه‌چاو ناكه‌ن، وه‌ك هه‌میشه‌ ئامرازێكه‌ بۆ زاڵ كردنی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن به‌سه‌ر گشت كۆمه‌ڵگادا. ته‌وه‌ری پۆششی ژنان و لاوان، مه‌یدانی نه‌به‌ردێكه‌ كه‌ پانتایی و هانده‌ره‌كه‌ی، هه‌م له‌ لایه‌ن ڕژیمه‌وه‌ و هه‌م له‌ لایه‌ن ژنان و لاوانه‌وه‌، له‌ خودی ته‌وه‌ری پۆشش، بانتره‌. پێداگری له‌سه‌ر داسه‌پاندنی پۆششی ئیسلامی له‌ لایه‌ن ڕژیمه‌وه‌ له‌ هه‌مان حاڵدا بیانوویه‌كه‌ بۆ هێز نواندن، توند كردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای زه‌بروزه‌نگ و سه‌ركوت و چاوترسێن كردنی گشت كۆمه‌ڵگا‌. له‌ لایه‌ن ژنان و لاوانه‌ویشه‌وه‌، نه‌به‌ردی ئیراده‌یه‌، هه‌وڵێكه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌و پێگه‌ سووك و خوارده‌سته‌ی كه‌ ڕژیم به‌سه‌ریانی دا سه‌پاندووه‌. ئه‌م نه‌به‌رده‌ به‌شێكه‌ له‌ خۆڕاگریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی.

ئه‌وه‌یكه‌ سه‌رانی ڕژیم و ئیمام جومعه‌ مفته‌خۆره‌كانی تۆقاندووه‌ و به‌مجۆره‌ وه‌هه‌ڵیت و پڵیتی خستوون، مه‌ترسیی داكشانی ڕووسه‌ریی ژنان نییه‌، مه‌ترسیی جیدی و كابووسی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان، په‌یوه‌ست بوونی جۆگه‌له‌كانی مۆقاومه‌تی خه‌ڵك و وه‌ڕێكه‌وتنی سێڵاوی ئاڵوگۆڕخوڵقێنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. ئه‌وان له‌و مه‌ترسییه‌ تۆقاون و بۆ هێزنواندن و چاوترسێن كردنی كۆمه‌ڵگا ده‌ست ده‌ده‌نه‌ هه‌موو تاكتیكێك. ئامانجی ئه‌وان نه‌ك ژنان، به‌ڵكوو، له‌وه‌ بانتر، جه‌ماوه‌رێكه‌ كه‌ نان و كار و ئازادی و ژیانی باشتریان ده‌وێ. ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ له‌ وڵاتێكدا ده‌ژین كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ سه‌روه‌تی سرووشتی ڕۆنیشتووه‌. به‌رهه‌می كاری تاقه‌ت پڕووكێن و سه‌عات كاری دوور و درێژ، به‌ حه‌قده‌ستی یه‌كجار كه‌می چینی كرێكار له‌م وڵاته‌، ده‌ڕواته‌ گیرفانی كۆمپانی و شیركه‌ته‌كانی سه‌ربه‌ سه‌رانی ڕژیم و یان ده‌كرێته‌ هه‌زینه‌ی پڕۆژه‌ی نیزامی و ئه‌منییه‌تی بۆ سه‌ركوت كردنی هه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌.

٤١ ساڵه‌ كۆماری ئیسلامی به‌ به‌كارهێنانی هه‌موو ئامرازه‌كانی سه‌ركوت و فریو ، هه‌وڵ ده‌دات تا پۆششی ئیجباری به‌سه‌ر ژنان و لاواندا بسه‌پێنێت و ئه‌مڕۆ خۆی دان به‌وه‌ داده‌نێ كه‌ تێیدا شكستی خواردووه‌. به‌كارهێنانی زمانی زۆر و هه‌ڕه‌شه‌، له‌ په‌نا كه‌مپه‌ینه‌كانی په‌ره‌پێده‌ری كلتووری دژه‌ ژن و خستنه‌ گه‌ڕی هه‌زینه‌ی كه‌ڵان، نیشانه‌ی شكستی ستراتێژی كلتووری كۆماری ئیسلامییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ژنان و لاوان دا‌. بێ گومان، خۆڕاگریی ژنان و لاوان له‌م په‌یوه‌نده‌دا، هه‌تا شكست دانی به‌ ته‌واو مانای ئه‌م سیاسه‌ته،‌ به‌تایبه‌ت له‌بواری داسه‌پاندنی پۆششی زۆره‌ملی به‌سه‌ر ژناندا، درێژه‌ی ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ ڕژیم له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی نه‌فره‌ت و بێزاریی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ژێر هێڵی هه‌ژاری، لاوانێك كه‌ ئاسۆی ژیانیان لێڵه‌، ژنانی خوازیاری ئازادی و ڕزگاری له‌ سته‌م و سه‌ركوتی یاساكانی شه‌رع، خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستان و ناوچه‌كانیتر كه‌ له‌ سه‌ره‌تاییترین مافی ئینسانیی خۆیان بێبه‌رین، به‌ره‌وڕوویه‌. ئامۆژیارانی حه‌وزه‌كانی عیلمیه‌ و ئیمامانی جه‌ماعه‌تی به‌كرێگیراو، به‌باشی ئه‌م ڕاستیه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ دابه‌شكارییه‌كدا، مزگه‌وت و مه‌نبه‌ر، سپا و به‌سیج و ناوه‌ندی ئه‌منییه‌تی و پۆلیس به‌كار دێنن تا له‌ هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی پنگ خواردووی خه‌ڵك ڕێگری بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ چیتر كاریگه‌ر نین، بۆ جه‌ماوه‌رێك كه‌ شتێكیان بۆ له‌ده‌ست دان نییه‌ به‌ڵام، به‌ وه‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌م حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی خۆیان به‌ده‌ست دێننه‌وه‌ و هه‌م به‌رهه‌می به‌تاڵان ڕۆیشتوویان دێننه‌وه‌ خزمه‌ت باشتر كردنی ژیانیان، سه‌ره‌نجام ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ڕاپه‌ڕینی ڕزگاری به‌خشی خۆیان.