کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ووتەیەك بە بۆنەی لە سیهه‌مین ساڵیادی بۆمبارانی شیمیایی مه‌قەڕەكانی ناوەندی كۆمەلە

30 ساڵ لەوە پێش لە سەعاتی شەش و نیوی دوانیوەڕۆی رۆژی 25ی مانگی گوڵانی سالی 1367ی هەتاویدا، مەقەرەكانی ناوەندی كۆمەڵە لە دۆلی بۆتێ، هەڵكەوتوو لە ناوچەی رانیە لە كوردستانی عێراق، كەوتنە بەر هێرشی بۆمبارانی شیمیایی فڕۆكە جەنگیەكانی حكومەتی جنایەتكاری عێراق. لە جەریانی ئەو بۆمبارانە دا بیست و سێ هاورێی شۆرشگیر و كۆمۆنیست گیانیان بەخت كرد. هەر ئەو رۆژە لەو بومبارانە دا، 150 هاورێی دیكەشمان بریندار و مەسموم بوون كە بە هاوكاری كەم وینەی خەڵكی ئەو ناوچەیە دواجار لە مەرگ رزگاریان بوو. ئەم خۆشەویستانە پۆلێك لە پێشڕەوانی بزوتنەوەی كۆمۆنیستی كوردستان و ئێران و سیمای هەڵكەوتوی ئەو كۆمەڵگایە بوون. ئەوان ئینسان گەلێكی خۆنەویست و گیانفیدا بوون كە لە دژی نیزامی زاڵمانە ‌و چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، لە دژی شەڕ و كوشتار و بی مافی ئینسان راپەڕیبوون و گیانیان لە پێناوی ئامانجی بەرزیان دا بەخت كرد.

دیارە كە كۆمەڵە لە پێناوی رزگاری كۆمەڵانی كرێكار و زەحمەتكێش لە چەوسانەوە و ستەم لە مەیدانەكانی خەباتی پێشمەرگانە و لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا، قوربانی گەلێكی زۆری داوە و هەمویان جێگای خۆیان لە ناو دڵی كرێكاران و خەلكی زەحمەتكیشی ئەو وڵاتەدا كردۆەتەوە. یاد و بیرەوەریەكانی هەمویان، دەرس و ئەزمونی ژیان و خەباتیان، رۆشن كەرەوەی رێگای بەرەو پێش چونمانن. ئەو پۆلە خۆشەویستە، لە ناو زیاتر لە دوو هەزار گیانبەختكردووی ریزەكانی كۆمەڵە و حیزبی كومونیستی ئێراندا خاوەنی تایبەتمەندیه‌كی میژویین. پێویستە بزانین ئەوەی كە ئەمرۆ كۆمەڵە لە ناو دڵی خەڵكی هەژار و زەحمەكێش نەك هەر لە كوردستانی ئێران، بەڵكوو لە هەموو بەشەكانی كوردستان، جێگای خۆی كردۆەتەوە، بەرهەمی چ رادەیەك لە خۆراگری و لە پێداگری لە سەر رێباز و پرەنسیپەكانی بووە. پێویستە بزانین كە كۆمەڵە لە پێناوی پاراستنی ئەو بایخانەدا چ باجگەلێكی قورسیشی داوە.

ئەو ئازیزانە لە شەری راستەوخۆ لە گەڵ كۆماری ئیسلامیدا گیانیان بەخت نەكرد، ئەوان كەوتنە بەر پەلاماری رژیمی بەعسی عێراق كە سەركوتگەر و داپڵۆسێنەری خەڵكی ستمدیدەی كوردستان لەو دیوی سنور بوو. ئەوانە گیانیان لە پێناوی هەڵوێستێكی شۆرشگیرانە و ئەنترناسیونالیستی دا بەخت كرد كە پێناسەی كۆمەڵە بۆە لە نزیك بە نیو سەدە، خەباتی بەردەوام و بێ‌ پسانەوەیدا.

لە كاتێك دا كە هێشتا 2 مانگ بە سەر كارەساتی دڵتەزێنی گوردانی شوان دا تێنەپەڕی بوو، لە كاتێكدا كە هیشتا برینی قورسی بۆمبارانی شێمیایی ڕژیمی بەعس بۆ سەر ناوچەی شارەزوور كە تێدا 69 پێشمەرگەی كۆمەڵە وێرای هەزاران ئینسانی بێدیفاعی شاری هەڵەبجە‌ و ناوچەكە ‌گیانیانبەختكرد، ژانی نەشكابوو،‌ لە كاتێك دا كە خەڵكی كوردستانی عێراق كەوتبونە بەر شاڵاوی ئەنفالچیە بەد ناوەكان و 180 هەزار كەس لە خەڵكی بێدیفاع لە بیابانەكانی مەركەزی عیراق زیندە بە چال دەكران، لە كاتێكدا كە رژیمی بەعس شاری قەڵادزێی تەخت كرد و دەستی كردبوو بە وێران كردنی شاری رانیە، لە كاتێك دا كە پێنج هەزار ئاوایی كوردستان كاول كرابوون و خەڵكەكەی راپێچی ئوردوگای زۆرەملی كرابوون، لە وەها سەردەمێكی ژاناویدا بوو كە مەقەڕی ناوەندی كۆمەڵە ‌و ئورگانەكانی دەوروبەری، ئەمجار لە دۆڵی بۆتێ كەوتنەبەر پەلاماری بۆمبی شیمیایی رژیمی دژی ئینسانی بەعسی عێراق.

ئەوە ‌دووهەمین جار بوو كە تەیارەكانی ڕژیمی بەعسی عێراق هێرشیان دەكردەسەر مەقەڕەكانی كۆمەڵە لە دوڵی بۆتێ. پێش ئەو روداوەش چەند جاری دیكە مەقەرەكانی ناوەندی كۆمەڵە ‌لە نزیك ئاوایی مالومە لە دۆڵی جافایەتی كەوتبونە بەر هێرشی هەوایی و توپخانەی ئەرتەشی عێراق. لە ئاكامی ئەم هیرشانەش دا چەندین هاورێی ترمان گیانیان بەختكرد بوو. بەڵام هێرشی ئەمجارە ‌بۆسەر كۆمەڵە لە دۆڵی بۆتێ بە چەكی شیمیایی و گازی ژەهراوی بوو.

پرسیار لێرەدایە كە ئایا ئەم دوژمنكاریەی كە گەیشت بە ئاستێك دەوڵەتی عێراق، سیلاحی شیمیایی لە دژی كۆمەڵە بە كار بێنیت چی بو؟ ئەرتەشی عێراق بەو هیرش و پەڵاماردانانەی بەشوێن چ مەبەستێكەوە بوو؟ وەڵامەكە بە رۆشنی ئەوەیە:

رژیمی عیراق وای دەزانی كە بەو گوشارانەی دەتوانێ كۆمەڵە بە چۆك دابێنێ و دەستی پێ لە هاوكاری كردنی خەباتی عادڵانەی خەڵكی كوردستانی عێراق هەڵبگرێ. كۆمەڵە خۆی بە پشتیوان و دڵسۆزی ئەو خەباتە ڕەوایە دەزانی. هەر لە ‌ناو ئەو 23 هاوڕێ گیانبەختكردووانەماندا، تێكۆشەری كوردستانی عێراق هەیە كە لە ژێر ئاڵای سووری كۆمەڵەدا خەباتی ئەنترناسیۆنالیستی خۆیان درێژە پێدەدا.

ئەوە بۆ رژێمی بەعس تەحەمول نەدەكرا. بۆیە لە هیچ جەنایەتێك دەستی نەدەپاراست. رژیمی عیراق هەوڵی دەدا پردی پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە و خەباتی كۆمەڵانی خەڵكی عێراق بۆ ئازادی بڕوخێنێ، هەوڵی دەدا كۆمەڵە ناچار بكات مه‌قەڕەكانی خۆی لە شوێنە ئازادكراوەكانی كوردستانی عێراقەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەرتەشی عێراق. بەڵام كۆمەڵە وەكوو هەڵوێستێكی سیاسی بەرانبەر بەو هەوڵانەی دەوڵەتی عێراق بەردەوام خۆڕاگری دەكرد و نەیدەویست تا كاتێك كە شوێنێكی ئازاد لە كوردستانی عێراقدا مابێت مقەڕەكانی ناوەندی و هێزی پێشمەرگە لە مەنتەقەی ژێر دەسەڵاتی رژیمی بەعسدا بن. هەڵسەنگاندنی رەهبەری كۆمەڵە ئەوە بو كە وەها ئاڵوگۆرێك دەبێتە مایەی زەربە لێدان لە سەربەخۆ كار كردنی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە و لە رووی سیاسییەوە بە نەشیاوی دەزانی. بونی مەقەرەكانی كۆمەڵە لەو ناوچە ئازادانەدا نەك هەر لە بۆتێ و گوڵانی پشت بە چیای قەندیلەوه،‌ بەڵكو لە سەفرە و زەرون و شینكاوێ و گەڵاڵێی شینكایەتی و چوخماخ و مالومەی جافایەتی و كوڕاداوی و شانەخسێ و واژێو و سەراوا و میراوای شارباژێڕ و بەمۆ و چنارە ‌و باساك و بەرزنجەی بناری كوڕەكاژاو بەكردەوە ئێمەی لەگەڵ خەڵكی كوردستانی عێراق و ئەو هێزانەی كە بە دژی رژیمی دەسەلاتدار بەسەر ئەم وڵاتەدا لە شەر دا بوون، هاوچارەنوس كردبوو. هەر لەبەر ئەوە بوو كاتێك كارەساتی بۆتێ روویدا خەڵكی شاری رانیە و ئەو ناوچەیە هەر كە ئاگادای هێرشی بەعس بۆ سەر مقەڕەكانی ناوەندی كۆمەڵە بوون، سەرەڕای ترس و خۆفێك كە رژیمی عێراق نابوویەوە، بە هەموو هێز و توانا و ئیمكاناتیانەوە بە هانای كۆمەڵەوە هاتن؛ شانۆیەكی شكۆداریان لە دڵسۆزی و هاوپشتی خۆیان بۆ كۆمەڵە نیشان دا و سەلماندیان كە كۆمەڵە بە هی خۆیان دەزانن و لە هەمان كاتدا زۆرێك لە پزیشك و دەرمانخانەكانی شاری سلێمانیش سەرەڕای ئاگادار كردنەوەیان لە لایەن دەوڵەتی بەعسەوە كە یارمەتی بریندارەكانی بۆردمانە شیمیاییەكان نەدەن، بەڵام ئەو دووكتور و بیمارستانانە بە نهێنی كەوتنەخۆ بۆ دابین كردنی كەل و پەلی پێویست بۆ دەرمانكردنی بریندارەكانمان.

له سیهه‌مین ساڵیادی گیانبەختكردنی ئەو ئازیزانەدا جارێكی دیكە هەزاران درود و سڵاو لە شۆڕشگێڕییان، لە گیانبازییان، لە فیداكاری و لە ‌لەخۆبردووییان؛ ئەو پەڕی رێز و خۆشەویستیشمان هەیە بۆ دایك و باوك و هەموو ئەندامانی بنەماڵە سەربەرزەكانیان. بەلای ئێمەوە گەورەترین رێزگرتن لە ئازیزانی گیانبەخت كردوومان درێژە دانی رێگای پڕ لە شانازییانە و وەفادار مانەوەیە بە ئامانجی بەرز و پیرۆزی تا بەدێهێنانیان.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-