به پێی هه‌واڵه‌كان، له درێژه‌ی ٣٧ ڕۆژ مانگرتنی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت و پێترۆشیمی، چه‌ند شیركه‌تی په‌یمانكاری به‌شێك له داخوازیی كرێكارانیان قه‌بووڵ كردووه و كرێكارانی ئه‌م شیركه‌تانه سه‌ركه‌وتووانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر كار. كرێكارانی ئه‌م شیركه‌تانه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا توانیویانه دوو به‌رابه‌ر بوونی حه‌قده‌ست و ٢٠ ڕۆژ كار و ١٠ ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی به‌سه‌ر پهیمانكاراندا بسه‌پێنن. له هه‌مان حاڵیش‌دا ته‌ئكیدیان كردووه كه خه‌بات بۆ گه‌یشتن به گشت خواسته‌كانیان هه‌روا درێژه پێده‌ده‌ن. له ڕاستیدا ئه‌وه گوشاری خه‌باتی سه‌رتاسه‌ری و هاوپشتیی گشتیی كرێكاران بوو كه ئه‌م خاوه‌نكارانه‌ی ناچار به قه‌بووڵ كردنی به‌شێك له خواستی كرێكاران كرد. كرێكارانی مانگرتوو هیوادارن له ماوه‌ی ڕۆژانی داهاتوودا شیركه‌ته‌كانی دیكه‌ش له به‌رامبه‌ر گوشاری خه‌باتی كرێكاراندا ته‌سلیم بن و داخوازیی میحوه‌ریی دوو به‌رابه‌ر بوونی حه‌قده‌ست و ٢٠ ڕۆژ كار و ١٠ ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی قه‌بووڵ بكه‌ن. ئه‌و كرێكارانه‌ی كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر كار ڕایانگه‌یاندووه كه خه‌بات بۆ باشتر كردنی وه‌زعییه‌تی كه‌مپه‌كان درێژه پێده‌ده‌ن و باردووۆخی تێكه‌ڵ به سووكایه‌تیی هه‌تا ئێستا له خاوهنكاران له شوێنی ژیانیاندا قه‌بووڵ ناكه‌ن.
له ڕاستیدا ئه‌گه‌رچی هه‌تا ئێستا هه‌موو داخوازییه‌كانی كرێكاران وه‌دی نه‌هاتوون، به‌ڵام تا ئێره‌شی ده‌كرێ سه‌ركه‌وتنی كرێكاران له‌م نهبهردهدا ڕاگه‌یه‌نین. له په‌نا ده‌ستكه‌وتی ماددیی پێوه‌ندیدار به بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست و مه‌رخه‌سیی مانگانه، كرێكاران به گه‌لێك ده‌ستكه‌وتی چینایه‌تیی گرینگ گه‌یشتوون كه بێگومان ده‌بنه خاڵی هیوابه‌خش بۆ پێشڕه‌وییه‌كانی داهاتوو. شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت له به‌یانییه‌ی ژماره ١١ی خۆیدا ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌مجۆره كۆبه‌ندی كردووه:
“ئێمه به مانگرتنی خۆمان له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا توانیومانه كه‌ش و هه‌وای ئه‌منییه‌تی ناوه‌نده‌كانی نه‌وت تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بشكێنین و زمانی په‌یمانكاران كورت بكه‌ینه‌وه. ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه ڕێگای بۆ به‌دواداچوونی خواسته ڕه‌واكانمان خۆش كردووه. له هه‌مووی گرینگتر، ئێمه كرێكاران له‌م مانگرتنه‌دا هێزی مه‌زنی خۆمان هه‌ست پێكرد و ئه‌و بابه‌ته ئێمه‌ی بۆ به‌دواداچوونی خواسته‌كانمان خسته پێگه‌یه‌كی یه‌كجار به‌هێزتره‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌یكه ئێمه توانیومانه شۆرای ڕێكخستنی خۆمان پێكبێنین كه تێیدا كرێكاران وته‌بێژی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانیان بێت و سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌یكه له جه‌ره‌یانی ئه‌م كێشمه‌كێشه سه‌خته‌دا توانیومانه ده‌وری سازشكاران بۆ كرێكاران زیاتر له‌قاو بده‌ین. به پشت به‌ستن به‌م پێشڕه‌وییانه، مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان به شێوازی جۆراوجۆر درێژه پێده‌ده‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خواسته‌كانمان وه‌دی بێنین“.
به هه‌ڵكه‌وت نییه كه خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی ئه‌م دوایانه دژبه كه‌م ئاوی و قه‌تعیی به‌رق له ڕێكه‌وتی ٢٤ی مانگی پووشپه‌ڕ، له شوێنێكه‌وه ده‌ستیپێكرد كه مانگرتنی فیداكارانه‌ی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په، كرێكارانی فوولادی ئه‌هواز و مانگرتنی كرێكارانی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمییهكانی تێیدا به‌ڕێوه‌چووه. ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵكی خووزستان سه‌ره‌ڕای وه‌حشیگه‌ریی هێزه‌كانی ڕژیم له هێرش بۆسه‌ر ناڕازیان و كوشتنی ژماره‌یه‌ك له لاوانی خه‌باتكار و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی به‌رین، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌یسه‌ند. ژماره‌ی گیان به‌ختكردووانی خووزستان به پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕێكخراوی لێبۆردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ٨ كه‌س بووه.
خه‌باتی جه‌ماوه‌ری كه له ناڕه‌زایه‌تی به كه‌م ئاوی له شاره سه‌ره‌كییه‌كانی خووزستانه‌وه ده‌ستیپێكرد به‌ره‌و ئیسفه‌هان، ئه‌لیگوده‌رز له لۆرستان، كرماشان، ته‌ورێز، تاران و كه‌ره‌ج و سه‌قز و چه‌ند شاری دیكه په‌ره‌یسه‌ند. به سه‌ره‌نجدان به درووشمه‌كان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌م خه‌باته وێڕای هه‌بوونی داخوازیی واقعی و لانیكه‌م، له جه‌وهه‌ری خۆیدا خوازیاری ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامییه. درووشمه‌كان كه به‌رده‌وام به‌هێزتر ده‌بوون، له مه‌رگ بۆ دیكتاتۆره‌وه بوون به مه‌رگ بۆ خامنه‌یی و له‌درێژه‌دا به مه‌رگ بۆ كۆماری ئیسلامی، قووڵتر بوونه‌وه.
ئه‌م مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییانه له درێژه‌ی خه‌باتی كرێكاران و جه‌ماوه‌رییه‌كی ناڕازیدا ڕووی داوه كه ده‌یان ساڵه بۆ نان، كار و ئازادی ده‌ستیان داوه‌ته خه‌بات. هه‌مووی ئه‌م ڕووداوانه له جه‌رگه‌ی داماویی كۆماری ئیسلامی و ڕه‌وتی ڕوو له شكستی ئه‌م ڕژیمه‌دا ڕوویان داوه. ڕژیم له بواری ئیدێئۆلۆژیكهوه شكستی خواردووه، گه‌نده‌ڵیی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌وپه‌ڕی خۆی دایه و له بواری ئابوورییه‌وه داڕماوه. ٤٣ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌دا تێپه‌ڕیوه كه خومه‌ینی له به‌هه‌شتی زه‌هرا به‌ڵێنی دا كه ئیسلام بۆ هه‌ژاران، ئاو و به‌رق و هاتووچۆی گشتی و مه‌سكه‌ن ده‌كاته خۆڕایی و خه‌ڵك خاوه‌نی مه‌عنه‌وییه‌تی ئیسلامی ده‌كات. ئیسلام به ڕه‌وایه‌تی خومه‌ینی، له‌م سه‌رده‌مه‌دا مشتێك ئاخوندی مێشك وشك، ئیتلاعاتیی قاتڵ، به‌سیجی بێڕوحم، سپاهیی قاچاغچی، ئه‌رته‌شیی سه‌ركوتگه‌ر، سه‌رمایه‌داری ته‌ماعكار، حاكمانی شه‌رعی بێ ویژدان و بازجوی جه‌لادی ته‌حویلی كۆمه‌ڵ داوه. سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵ به‌ده‌ستی ئه‌وان به‌تاڵان چووه. له ئاكامی سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی ئه‌م خاوه‌نانه‌ی مه‌عنه‌وییه‌تی ئیسلامی، ٨ ملیۆن بێكار، ٤٠ ملیۆن هه‌ژاری بێ ده‌ره‌تان له ئاستی كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌یه و ئه‌م باروودۆخه ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بێت. ڕژیمی سه‌رمایه‌داری دز و فریوكار، هه‌موو شتێكی خستووه‌ته خزمه‌ت كاربه‌ده‌ستانی نیزامی و غهیرهنیزامییهوه به‌جۆرێك كه ئه‌مڕۆ كابینه‌ی داڕماوی ڕووحانی ته‌نانه‌ت توانای دابین كردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵك له‌وانه ئاو و بهرقیشی نییه. خه‌باتی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و سته‌ملێكراوی ئێران تا ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه ملهوڕ و جه‌نایه‌تكاره و به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری ڕێكخراوی ناو شۆراكان درێژه‌ی ده‌بێت. ئه‌م خه‌باته له درێژه‌ی خۆیدا ڕژیم ناچار ده‌كات تا ده‌ست بخاته كیسه‌وه و به‌شێك له سه‌روه‌تی بهتاڵانچوو بكاته هه‌زینه‌ی دابین كردنی ئاو و به‌رق و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵك و داخوازیی كرێكاران.