ئه‌مڕۆ شه‌ممه ١٢ی ژۆئه‌ن به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٣ی جۆزه‌ردان، ڕۆژی جهانیی خه‌بات له‌دژی كاری منداڵانه. ئه‌م ڕۆژه له ساڵی ٢٠٠٢دا له لایه‌ن “ڕێكخراوی جیهانیی كار”ه‌وه دیاری كرا. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا ئه‌مساڵ “یونیسێف”، سندووقی منداڵانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی جیهانیی كار ڕاپۆرتێكی ئاماده كردووه كه نیشانی ده‌دات كه پاش ٢٠ ساڵ بۆ یه‌كه‌م جار ژماره‌ی منداڵانی كار له جیهاندا زیادی كردووه. ئه‌م ئاماره ئاماژه به بوونی ١٦٠ ملیۆن منداڵی كار ده‌كات. له هه‌مان حاڵ‌دا ڕێكخراوی جیهانیی كار باس له ٢٥٠ ملیۆن منداڵ ده‌كات كه له خوێندن بێبه‌رین.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته سه‌دان ملیۆن منداڵ له جیهاندا له باروودۆخێكی یه‌كجار نائینسانانه و مه‌ترسیداردا، شان به شانی گه‌وره‌كان، خه‌ریكی كاری پیشه‌یین. منداڵان له‌به‌رچاوی گه‌وره‌ساڵان له باروودۆخێكی كۆیله‌ئاسادا له كارخانه، مه‌زرا، مه‌عده‌ن، سه‌رشه‌قام، چوارڕا و مه‌یدانه‌كان و باقیی ناوه‌نده‌كانی كار و ته‌نانه‌ت له‌و بۆنگا و ناوه‌ندانه‌ی كه ئینسانه‌كان ناچار به له‌شفرۆشی و فرۆشتنی ئه‌ندامانی له‌ش و كاری قاچاخ ده‌كرێن، خه‌ریكی كارن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه یونیسێف و ڕێكخراوی جیهانیی كار ئاماره‌كانی پێوه‌ندیدار به ژماره‌ی منداڵانی كار له جیهاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام بێگومان ئه‌م ئامارانه ناتوانن ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌یكه له‌م بواره‌دا له ئارادایه، نیشان بده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه زانیارییه‌كانی ڕێكخراوی جیهانیی كار، سه‌رچاوه‌گرتوو له‌و ئامارانه‌یه كه ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌م ڕێكخراوه ده‌یخه‌نه به‌رده‌ستیان. زۆرێك له ده‌وڵه‌ته‌كان، ئاماری جێگای متمانه سه‌باره‌ت به منداڵانی كارێك كه خه‌ریكی كاری پیشه‌یین و به‌شێوه‌ی ته‌واو وه‌خت سه‌رقاڵی كارن، بڵاوناكه‌نه‌وه. له‌و جێگه‌وه كه ئاماری ده‌یان ملیۆن منداڵی كار له ناوه‌نده كرێكاریه‌كاندا تۆمار ناكرێت و به‌شێوه‌ی نایاسایی و ڕه‌ش كاریان پێده‌كرێ، ژماره‌ی منداڵانی كار یه‌كجار زۆرتره له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه له ئاماره‌كاندا ده‌یبینین.
ڕژیمی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران، یه‌كێك ناحه‌زترین سیماكانی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه له هه‌ڵسووكه‌وت كردنی له‌گه‌ڵ منداڵان و كاری منداڵان. له ئێران هیچ جۆره ئامارێكی باوه‌ڕپێكراو و واقعی سه‌باره‌ت به ژماره‌ی منداڵانی كار له‌به‌ر ده‌ست دا نییه. ئاماره ڕه‌سمیه‌كان له ئێران باس له بوونی ٢ ملیۆن منداڵی كار ده‌كه‌ن. به‌ڵام، به پێی ئاماره ناڕه‌سمیه‌كان، ژماره‌ی منداڵانی كار ٧ ملیۆن منداڵی ژێر ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ به‌رئاورد كراوه. شه‌پۆلی منداڵانی كار له ئێران له‌سه‌ر سیمای شاره‌كان به‌تایبه‌ت شاره گه‌وره‌كانی ئێران به ڕوونی ده‌بیندرێ.
له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا باروودۆخه‌كه له‌وه‌ش خراپتر بووه. كۆرۆنا ژماره‌یه‌كی زیاتری له منداڵان ڕه‌وانه‌ی بازاڕی كار كردووه. بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و داخرانی زۆرێك له كارگاكان بوو به هۆی ئه‌وه‌یكه زۆرێك له‌و منداڵانه‌ی كه هه‌تا دۆینێ له‌و كارگایانه‌دا خه‌ریكی كار بوون، ناچار به گۆڕینی كار بن و له شه‌قامه‌كانی شاردا كارێكی دیكه بۆخۆیان ببیننه‌وه تا بتوانن بژێوی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یانی پێ دابین بكه‌ن. ئه‌نجومه‌نی دیفاع له مافی منداڵان ڕایگه‌یاندووه كه له شاری تاران ١٤ هه‌زار منداڵی زبڵگه‌ڕ بوونی هه‌یه.
كاری منداڵان كاریگه‌ریی درێژماوه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی له‌سه‌ر منداڵان داده‌نێت و ده‌توانێ زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراویان لێبدات. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌باره‌ت به دواهاته جه‌سته‌ییه‌كانی كاری منداڵان له ئێران ده‌ڵێ كه:
“٨٠ له‌سه‌دی ئه‌م منداڵانه تۆشی كورته باڵایی، ٨٦ له‌سه‌د دابه‌زینی كێش، ٧٧ له‌سه‌د نه‌خۆشییه‌كانی پێوه‌ندیدار به دم و ددان، ٧٣ له‌سه‌د نه‌خۆشی چاو، ٦١ له‌سه‌د نه‌خۆشیی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌كێشان، ٦٤ له‌سه‌د نه‌خۆشیی دڵ، ٦٠ له‌سه‌د نه‌خۆشیی گوێ و گه‌روو و لووت، ٨٢ له‌سه‌د نه‌خۆشی پێستی و ٦٠ له‌سه‌د تووشی نه‌خۆشیی كۆئه‌ندامی هه‌رس كردن بوون. ٣٢ له‌سه‌د تووشی كه‌م هۆشی، ٣٠ له‌سه‌د كێشه‌ی فێربوون، ٦١ له‌سه‌د كه‌م زه‌ینی، ٢١ له‌سه‌د كه‌مبوونی كونجكاوی، ٦٤ له‌سه‌د كه‌مبوونی توانای ناسینی ده‌ورووبه‌ر و ٦١ له‌سه‌د تۆشی كێشه‌ی قسه كردن هاتوون”.
منداڵانی كار و منداڵانی سه‌رشه‌قام به‌رهه‌م و قوربانیی هه‌ژاری و بێكاری و ئاسه‌واره‌كانی واته ئێعتیادی دایكان و باوكان و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كانن. ئه‌وان به‌ناچار بوونه‌ته نان ده‌رهێنه‌ره بچووكه‌كانی بنه‌ماڵه. ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ریكی ده‌ستفرۆشی و پیشه‌ی هاوشێوه‌ن و یان له‌ناو كووره‌كاندا، له ده‌خمه و ژێرخانه‌كانی فه‌ڕش كردن، كارگاكان و ناوه‌نده سه‌نعه‌تیه نائه‌منه‌كان و له گه‌لێك شوێنی دیكه‌ی له‌مجۆره، له‌به‌رده‌م له‌ناوچوون دان. ئه‌م منداڵانه كه ڕۆڵه‌ی كرێكارانن، خۆشیان كرێكارێكی چكۆله‌ن كه به‌ژانی بێبه‌شیه‌كانیانه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌وان به‌ته‌نیا له خوێندن بێبه‌ش نین. ئه‌وان به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م تووش بوون به ئێعتیاد و نه‌خۆیشی جه‌سته‌یی و ده‌روونی دان و گه‌لێك گرووپی جه‌نایه‌تكار، له‌وانه فرۆشیارانی مه‌وادی موخه‌دیر داویان بۆ ناونه‌ته‌وه.
له زۆرێك له كارگه و كارخانه‌كانی سه‌ربه سپای پاسداران و ده‌زگاكانی سه‌ربه كۆمیته‌كانی به‌ناو ئیمدادی خومه‌ینی، به‌سیجی مۆسته‌زعه‌فین و له پیشه‌كانی كاری ناوماڵ و گه‌ڵاڵه‌كانی وه‌ستا و شاگردیی سه‌ر به‌و ناوه‌ندانه، منداڵان به‌كار دێنن و بێبه‌زه‌یانه شیره‌ی گیانیان هه‌ڵده‌مژن. له‌و نێوه‌دا سه‌همی ناوچه په‌راوێزه‌كانی ئێران له‌وانه ئۆستانه‌كانی كوردستان، ئازه‌ربایجانی غه‌ربی، كرماشان، سیستان و به‌لوچستان و خوزستان، له بواری به‌كار هێنانی هێزی كاری منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ ته‌مه‌ن، له ڕێگه‌ی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی كه باسیان لێكرا، یه‌كجار زیاتره. په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی هه‌ژاریی له‌ناو بنه‌ماڵه كرێكاریه‌كان و په‌نابه‌رانی دانیشتووی ئێران، ملیۆنان منداڵی ئه‌م بنه‌ماڵانه ڕه‌وانه‌ی بازاڕی كار و سه‌ر شه‌قام ده‌كات و ئه‌وان له دونیای منداڵانه‌یان بێبه‌ری و له گه‌شه‌ی سرووشتی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی و جه‌سته‌ییان ڕێگری ده‌كات.
ڕژیمی ئێران به دیاری كردنی حه‌قده‌ستی ٥ قات ژێر هێڵی هه‌ژاری، به‌كرده‌وه دایك و باوكانی ناچار كردووه تا بۆ دابین كردنی لانیكه‌می پێداویستییه‌كانی ژیانیان، منداڵانی خۆیان ڕه‌وانه‌ی بازاڕی كار بكه‌ن. ڕژیم به‌كرده‌وه ئه‌و ئیمكانه‌شی به خاوه‌نكاران داوه تا هه‌رچه‌ند منداڵێك كه ویستیان به‌كاری بێنن و به هه‌ر ڕاده‌یه‌ك كه مه‌یلیان لێ‌بوو بیانچه‌وسێننه‌وه.
كۆماری ئیسلامی به‌ڕواڵه‌ت كۆنوانسۆنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕێگری له كاری منداڵان قه‌بووڵ كردووه. به‌ڵام قه‌بووڵ كردنی ئه‌م یاسایانه بۆ ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران بابه‌تێكی فۆرماڵه و به‌كرده‌وه به‌ڕێوه‌ی نابات. ڕیاكاری و په‌یمان شكێنی خه‌سڵه‌تی زاتی ئه‌م ڕژیمه‌یه. كه‌وابوو بۆ دابین كردنی مافی منداڵانی كار، واته قوربانییانی بێده‌نگی نیزامی سه‌رمایه‌داری، پێویسته ڕێگایه‌كی دیكه بگرترێته‌به‌ر. ئه‌و ڕێگایه‌ش بێگومان هیچ شتێك نییه بێجگه‌له ده‌ست خستنه ناو ده‌ستی یه‌كتر و تێكۆشان دژبه ڕژیم و مناسباتێك كه منداڵانی بێدفاعی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی خستووه‌ته وه‌ها باروودۆخێكه‌وه و ئه‌وانی له مافه سه‌ره‌تایی و ئینسانییه‌كانیان بێبه‌ری كردووه.