کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ئیمه‌نیی شوێنی كار

روز ایمنی محیط کار 600x330 1

روز ایمنی محیط کار 600x330 1

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٨ی ئاوریل، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٩ی مانگی گوڵان، ڕۆژی جیهانیی “دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كار“ه‌. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٤ی زایینی له‌ لایه‌ن “یه‌كیه‌تیی كانادایی كرێكارانی به‌شی گشتی” و له‌ ژێر ناوی “ڕۆژی یاد كردنه‌وه‌ له‌ كرێكاران” دیاری كرا و دواتر له‌ لایه‌ن یه‌كیه‌تی و كۆنفێدراسیۆن و فێدراسیۆنه‌ كرێكاریه‌كانه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كان به‌ ڕه‌سمی ناسرا. ئامانجی ڕێكخراوه‌ كرێكاریه‌كان له‌ ناساندنی ئه‌م ڕۆژه‌، یادكردنه‌وه‌ له‌ قوربانیانی نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار، قوربانیانی نه‌خۆشیه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ كار، وه‌رگرتنی خه‌ساره‌ت بۆ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان و كه‌م ئه‌ندامان و باشتر كردنی ستانداردی ئیمه‌نی شوێنی كار بوو. ئه‌م ئامانجه‌ به‌ درووشمی “گیان به‌ختكردووان وه‌بیر خۆت بێنه‌وه‌ و به‌خاتری زیندووه‌كان خه‌بات بكه‌”، كه‌وته‌ ده‌ستووری كاری ڕێكخراوه‌ كرێكاریه‌كانه‌وه‌. “ڕێكخراوی جیهانیی كار” له‌ ساڵی ٢٠٠١ دا ئه‌م ڕۆژه‌ی هه‌ر به‌و نێوه‌ و به‌و ئامانجانه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی ناسی و له‌ ساڵی ٢٠٠٢دا “ڕۆژی جیهانیی دابین كردنی ئیمه‌نیی شوێنی كار“ی له‌ ڕۆژژمێری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دا گونجاند.

كۆماری ئیسلامی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هاوكات بوونی ئه‌م ڕۆژه جیهانیه‌، وێڕای نومایشی ئه‌و گاڵته‌جاڕیه‌ی كه‌ له‌ ژێر ناوی حه‌فته‌ی كار و كرێكار به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، یه‌كێك له‌م ڕۆژانه‌شی‌ وه‌ك ڕۆژی “ماته‌مین بۆ قوربانیانی شوێنی كار” دیاری كردووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مساڵ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ش قه‌راره‌ له‌ ڕێگه‌ی ئینتێرنێته‌وه‌ به‌ڕێوه‌چێت. ئامانجی ڕژیم، له‌ ڕاستی دا، له‌ هه‌مووی ئه‌م هه‌وڵانه‌ی هیچ شتێك نییه‌ بێجگه‌له‌ بێ ناوه‌رۆك كردنی ئه‌م ڕۆژه جیهانیه‌‌ و به‌كار گرتنی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ خزمه‌ت داپۆشینی ئه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی وا له‌ شوێنه‌كانی كار له‌ جه‌ره‌یان دان. داستانی تاڵی ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌ له‌ شوێنه‌كانی كار له‌ ئێران، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی واقعیی نییه‌. خاوه‌نكاره‌كان، نه‌ ته‌نیا ڕووداوه‌كان ڕاناگه‌یه‌نن به‌ڵكوو داشیانده‌پۆشن. ئیداره‌ی كاری ڕژیمیش، ته‌نیا مه‌رگ و برینداربوونی كرێكارانی بیمه‌ كراو بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ڕێگایه‌كی نییه‌ بۆ شاردنه‌وه‌كه‌ی. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌مووی ئه‌م ڕاستیانه‌، ئاماره‌ واقعییه‌كان‌ له‌م بواره‌دا، زۆر زیاترن له‌وه‌یكه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ باسی لێده‌كرێ. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له‌و ئاسته‌شدا كه‌ به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ، پانتایی ئه‌م كاره‌ساته‌ یه‌كجار دڵته‌زێنه‌. له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا، سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، كرێكاران ناچار بوون كه‌ به‌ بێ وه‌ستان، بڕۆنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، ئه‌ویش له‌ حاڵێكدا كه‌ له‌ كه‌مترین پێداویستیه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ویرووسه‌ بێبه‌رین. له‌ ڕاستیدا ئه‌وان له‌ سه‌ر دوو ڕێیانی “مردن به‌م ویرووسه‌ و له‌ هه‌ژاری و برسیه‌تی دا مردن“، ڕێگای یه‌كه‌میان هه‌ڵبژاردووه‌. به‌ڵام پانتایی ئه‌م كاره‌ساته‌ ته‌نیا به‌ باروودۆخی ئێستا و بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆناوه‌ گرێ نه‌دراوه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی “سازمانی پزیشكی قانوونی“، له‌ ٦ مانگی ئه‌وه‌ڵی ساڵی ڕابردوودا، ٨٩٨ كرێكار به‌هۆی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. هه‌ر له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌ كه‌ ڕێژه‌ی مه‌رگی كرێكاران له‌ ٩ مانگی ئه‌وه‌ڵی ساڵی ٩٨دا له‌ به‌رئاورد له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ ساڵی ٩٧دا، ١٠ له‌سه‌د به‌رز بووه‌ته‌وه‌. هه‌مووی ئه‌م ئامارانه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌ستكاریانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریان ئه‌نجام ده‌درێ، ته‌نیا ئاماری كرێكارانی بیمه‌ كراون. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ زۆربه‌ی كرێكارانی ئێران له‌ هه‌موو جۆر مافی بیمه‌ كرانێك سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی شوێنی كار، بێبه‌رین. له‌م ئامارانه‌دا نیشانه‌یه‌ك له‌و كرێكارانه‌ نابیندرێ كه‌ گرفتاری نه‌خۆشییه‌‌كانی شوێنی‌ نائه‌من و ناسالمی كارن. هه‌روه‌ها هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌و كرێكارانه‌ی تێدا نابیندرێ كه‌ به‌هۆی ئه‌م هۆكاره‌وه‌ تووشی مه‌رگی نابه‌وه‌خت دێن. عه‌لی موزه‌فه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشیتیی لێپرسینه‌وه‌ی كاری وه‌زاره‌تی ته‌عاون، كار‌ و ره‌فاهی ئیجتماعی، دانی به‌وه‌ دانا كه‌ ٩٨ له‌سه‌دی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار كه‌ مه‌رگی كه‌سه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌كرێ پێشیان پێبگیرێ.

به‌ پێی مادده‌ی ٢٧ی یاسای كار، “هه‌ركات كرێكار له‌ ئه‌نجام دانی ئه‌ركه‌كانی دا كه‌مكاری بكات و یان ئایین نامه‌كانی دیسیپلینی كارگاكه‌، پاش ئاگاردار كردنه‌وه‌ی به‌نووسراو، پێشێل بكات، خاوه‌نكار مافی خۆیه‌تی كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ جه‌ریمه‌ یان ده‌ربكات“. به‌ڵام له‌ یاسای دژه‌ كرێكاریی ڕژیمدا باسێك له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نكار له‌سه‌ر به‌ڵێنیه‌كانی خۆی نه‌ما و ئه‌گه‌ر له‌ دابین كردنی ئه‌منیه‌ت و پاراستنی گیانی كرێكاران خۆی دزییه‌وه‌، ئه‌وكات یاسا له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سه‌، چۆن هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كات. ئامانجی ڕژیمی ئیسلامی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی نومایشه‌كانی به‌ناو حه‌فته‌ی كرێكار و له‌وانه‌ ڕێوڕه‌سمی ماته‌مین بۆ قوربانیان شوێنی كار، له‌ ڕاستیدا پاساو كردنی مرۆڤ كوژیه‌كانی خۆیه‌تی. هۆكاری سه‌ره‌كیی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار كه‌ خه‌ساری گیانییان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، جه‌نایه‌تێكی ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌ن كار و به‌ هاوكاری و پشتیوانیی ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و پێش ده‌چێت و ڕۆژانه‌ داده‌سه‌پێندرێ. خاوه‌نكاره‌كان، به‌رپرسی هه‌موو ئه‌و ڕووداو و كاره‌ساتانه‌ن‌، كه‌ له‌ شێوێنه‌كانی كاردا ڕوو ده‌ده‌ن. ئه‌وان یان له‌ فێركردن و ڕاهێنانی كرێكاران خۆیان ده‌دزنه‌وه‌ و یان كه‌ره‌سته‌ و پێداویستی ستاندارد دابین ناكه‌ن و یان به‌ ماندوو كردن و سووكایه‌تی پێكردنه‌كانیان، ڕێگه‌ ناده‌ن كرێكارانی ژن و پیاو به‌ وشیاری و به‌ وردبینیه‌وه‌ كار بكه‌ن. كرێكارێك كه‌ حه‌قده‌سته‌كه‌ی ته‌نیا به‌شی یه‌ك سێهه‌می لانیكه‌می پێداویستیه‌كانی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كات، ناچاره‌ زێده‌ كاری بكات و یان كاری دووهه‌م بدۆزێته‌وه‌. ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ وه‌ها كرێكارێكی ماندوو و هیلاك، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م تووش بوون به‌ پێشهات و ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كان دایه‌.

له‌ ڕاستیدا خاوه‌نكاران له‌به‌ر قازانج په‌ره‌ستی و ته‌ماعی خۆیان، نه‌ ده‌یانهه‌وێ ئیمه‌نی شوێنی كار باشتر بكه‌ن و نه‌ نیگه‌رانی له‌ده‌ستدان و قوربانی بوونی كرێكارانن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت نیگه‌رانی ئه‌وه‌ش نین كه‌ كرێكاران له‌ ترسی گیانیان، ده‌ست له‌ پیشه‌كانیان هه‌ڵبگرن. چون ده‌زانن له‌شكرێ بێكاران له‌ مه‌یدانه‌كانی كار و له‌ پشت كارخانه‌كان و كارگاكانیان به‌ڕیز بوون و هه‌ركات مه‌یلیان لێ بێت ده‌توانن كرێكارانێكی دیكه‌ به‌دیل بگرن و له‌ هه‌مان شوێنی ناستاندارد و نائه‌منی كاردا، هه‌موو جۆر كارێكی سه‌خت و تاقه‌ت پڕووكێنیان به‌سه‌ر دا بسه‌پێنن.

له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، ئه‌وه‌ كرێكاران خۆیانن كه‌ ده‌بێ بیر له‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ خه‌باتی ڕێكخراوی خۆیان، خاوه‌نكاران و ده‌وڵه‌ت ناچار بكه‌ن كه‌ ئه‌منیه‌تی شوێنی كاره‌كانیان بۆ دابین بكه‌ن. ئیمه‌نی شوێنی كاریش وه‌كوو هه‌موو داخوازیه‌كی دیكه ته‌نیا به‌ زه‌بری خه‌بات و هاوپشتیی چینایه‌تیی كرێكاران به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیاندا ده‌سه‌پێت. با له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ڕۆژی جیهانیی ئیمه‌نی شوێنی كاردا، یادی كرێكارانی گیان به‌ختكردوو، له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتی به‌رده‌وام له‌پێناو سه‌پاندنی ئیمه‌نی شوێنی كار به‌سه‌ر خاوه‌نكاران و ده‌وڵه‌ت و دابین كردنی بیمه‌ بۆ هه‌موو زیان دیتووانی شوێنه‌كانی كار، به‌رز ڕابگرین.