کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپه‌مه‌نی

unnamed

unnamed

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٣ی مانگی مه‌ی، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٤ی گوڵان، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپه‌مه‌نیه‌. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ ٤٨مین كۆبوونه‌وه‌كانی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی ١٩٩٣دا، ناودێر كرا. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێك كه‌ له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌، هاتووه‌ كه‌: “بوونی چاپه‌مه‌نیی ئازاد و گشتگیر و سه‌ربه‌خۆ، یه‌كێك له‌ به‌شه‌ هه‌ره‌ پێویسته‌كانی كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیكه‌”. كه‌متر وڵاتێك له‌ جیهاندا هه‌ن كه‌ ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌یان واژۆ نه‌كردبێ به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌، له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و خاوه‌نانی هێز و سه‌روه‌ته‌وه‌، هه‌موو ڕۆژێ و به‌رده‌وام پێشێل كراوه‌.

به‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێسنوور، ته‌نیا له ساڵی ٢٠٢٠دا، ٣٤٦ هه‌واڵنێر و ڕۆژنامه‌وان به‌خاتری پیشه‌كه‌یان كه‌وتوونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ و هه‌ر له‌و ماوه‌ كۆرته‌شدا ١٠ ڕۆژنامه‌وان كوژراون. زانیاریه‌ بڵاوكراوه‌كانی هه‌ر ئه‌م ڕێكخراوه‌ نیشانی داوه‌ كه‌ له‌ ئێران ته‌نیا له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵدا، ده‌یان ڕۆژنامه‌وان و چالاكی بواری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر و به‌ زیندان مه‌حكووم كراون. ئه‌ویش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ له‌ سیاسه‌تی ڕژیم بۆ‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنادا، ڕه‌خنه‌یان گرتووه‌. لیستێكی دوور و درێژ له‌ هه‌واڵنێران، نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌وانانێك كه‌ له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا، تیرۆر یان ئێعدام كراون، بوونی هه‌یه‌. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا، بێجگه‌له‌ داخستنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕۆژنامه‌كان، هه‌زاران نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان به‌ تۆمه‌تی پڕ و پووچ و به‌ تاوانی ملكه‌چ نه‌كردن، به‌ زیندانی درێژماوه‌ مه‌حكووم كراون و شه‌لاقیان لێدراوه‌ و دوور خراونه‌ته‌وه‌ و له‌ كار بێكاریان كردوون و ته‌نانه‌ت هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نیان له‌ نووسین و هه‌موو چالاكیه‌كی ڕۆژنامه‌وانی و كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌نع كراون.

پێشینه‌ی سانسۆری چاپه‌مه‌نی و ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و زیندانی كردنی ڕۆژنامه‌وانان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مین مانگه‌كانی پاش شۆڕشی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧ی هه‌تاوی و ڕووخانی ڕژیمی شا. له‌و كاته‌دا، خومه‌ینی  به‌ ڕاشكاوی فه‌رمانی شكاندنی قه‌ڵه‌مه‌كان و سووتاندنی ڕۆژنامه‌ و كتێب و بڵاوكراوه غه‌یره‌ ئایینییه‌كانی ده‌ركرد و به‌مجۆره‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و زیندانی كردنی نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌وانان ده‌ستیپێكرد. ڕژیم به‌ هێرش بردنی بۆسه‌ر ئازادیی ڕاگه‌یاندن، په‌لامار دان بۆسه‌ر زانكۆكان و به‌ هێرشه‌كانی بۆسه‌ر كوردستانی شۆڕشگێڕ، هه‌وڵه‌كانی بۆ سه‌ركوتی شۆڕشی ئێران، كه‌ له‌ ڕاستیدا ڕژیمی شا نه‌یتوانیبوو به‌سه‌ره‌نجامی بگه‌یه‌نێ، ده‌ستپێكرد. له‌و كاته‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا، پێ به‌ پێی سه‌ركوتی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵك، ئێران بوو به‌ زیندانێكی گه‌وره‌ بۆ ڕۆژنامه‌وانانی كۆمۆنیست و ئازادیخواز و سه‌ربه‌خۆ و پێشكه‌وتوو خواز و به‌ره‌به‌ره‌ و له‌گه‌ڵ سه‌قامگیربوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیم، گوشار و به‌ربه‌سته‌‌كانیش به‌ یاسا ده‌رهاتن.

له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژنامه‌وان بێجگه‌له‌ ئه‌وه‌یكه‌، به‌كرده‌وه‌، دخرێته‌ باروودۆخێكه‌وه كه‌ خۆی سانسۆر بكات، به‌ ڕه‌سمی له‌ كاناڵه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ری داده‌سه‌پێندرێ كه‌ چ بڵێت و چ نه‌ڵێت، چ بنووسێت و چ نه‌نووسێت. كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی ڕژیمی ئیسلامی دان به‌ڵام به‌ ستراتێژیه‌كی جیاوازه‌وه‌‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، ته‌حه‌مول ناكات. ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌وانانی بیانیشدا تاقه‌ت ناهێنێ و به‌ پیلانگێڕی، ڕێگریان لێده‌كات و وه‌ریان ناگرێ و یان هه‌وڵ ده‌دات ناچاریان كات كه‌ خۆیان سانسۆڕ بكه‌ن. كه‌م نین ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ بیانیانه‌ی كه‌ ساڵانێك له‌ ته‌مه‌نی خۆیان، به‌ بێ هیچ هۆكارێك، له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی دا به‌ سه‌ر بردووه‌.

له‌ناو كۆماری ئیسلامیدا، هه‌موو جۆر ئاشكرا كردن و له‌قاودانی دزیی كاربه‌ده‌ستانی پله‌ به‌رزی ده‌سه‌ڵات، به‌ تایبه‌ت ئاخونده‌كان و به‌رپرسه‌ ئه‌منی و نیزامیه‌كان، به‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. نیشاندانی وێنه‌ی جه‌نایه‌ته‌كانی هێزه‌ نیزامی و پاسدار و به‌سیجیه‌كان، تاوانه‌. له‌قاودانی گه‌نده‌ڵیی ئه‌خلاقیی ئاخونده‌كان، شكاندنی حه‌ریمی ئیسلامی پێناسه‌ ده‌كرێت، ئاماده‌ كردنی هه‌واڵ له‌ ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری به‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. نووسین سه‌باره‌ت به‌ بێكاری و هه‌ژاری، به‌ مانای تێكدانی ئاسایشی گشتییه‌. نیشاندانی بێ حیجابی و وێنه‌ی وه‌رزشیی ژنان، ده‌ستدرێژیه‌ بۆسه‌ر عیفه‌تی گشتی و هه‌موو ئه‌م به‌ناو “تاوان“انه‌، حوكمی زیندان و شه‌للاق و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدامیان هه‌یه‌.

كۆماری ئیسلامی به‌نیازه‌ هه‌موو ڕسته‌ و وێنه‌ی ڕۆژنامه‌كان له‌ خزمه‌ت مانه‌وه‌ی ڕژیم و ستایشی ویلایه‌تی فه‌قیه و به‌هێزكردنی كۆنه‌په‌رستیی ئیسلامی دابن، ئه‌گینا، “سووكایه‌تی به‌ ڕێبه‌ریه‌” ، “دژبه‌ ئیسلامه‌”، “هه‌وڵدان دژبه‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌”، “جیایی خوازیه‌”. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر كام له‌وانه‌ش خۆیان به‌ پێی یاساكانی كۆماری ئیسلامی سزایان به‌دواوه‌یه‌ و كه‌سانی به‌ناو خه‌تاكار پێویسته‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێن و یان له‌ بوار كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ بێبه‌ش بكرێن، پێویسته‌ بێكار بكرێن و چیتر مافی ڕۆژنامه‌وان بوونیان نه‌بێت و ئیمتیازی ڕۆژنامه‌كه‌شیان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌. كۆماری ئیسلامی نه‌ ته‌نیا ڕۆژنامه‌وانانی ناوخۆیی، به‌ڵكوو ڕۆژنامه‌وانانی بیانیشی به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر خستووه‌ته‌ ژێر گوشاره‌وه‌. بۆ ئه‌وانیش پیلان داده‌ڕێژێ، به‌ سیخۆڕی و به‌ ده‌خاڵه‌ت له‌ كاروباری ناوخۆیی و هاندانی خه‌ڵك دژبه‌ ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی تۆمه‌تبار ده‌كرێن. هێندێك جاریش بۆ وه‌رگرتنی پوانی دڵخوازیان له‌ ده‌وڵه‌ته‌كان، ئه‌وان به‌ بارمته‌ ده‌گرن.

له‌ ڕاستیدا، سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌م گوشارانه‌ بۆسه‌ر چاپه‌مه‌نی و میدیاكان، ئه‌مڕۆكه‌ بابه‌تی ئاگاداركردنه‌وه‌ و ڕسوا كردنی كۆماری ئیسلامی و سیاسه‌ته‌كانی، به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌ كۆمه‌ڵگادا له‌ جه‌ره‌یان دایه‌ و ڕژیم نه‌یتوانیوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان، به‌ربه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی جه‌نایه‌ت و تاڵانكا‌ری و قیزه‌ونكاریه‌كانی كاربه‌ده‌ستیانی ڕژیم بگرێت و ئه‌م ڕژیمه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك ڕسوا بووه‌.

ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی سیاسی، ئازادیی پێكهێنانی حیزب و چالاكیی سیاسی، ئازادیی بیروبۆچوون و ته‌بلیغ كردن، ئازادیی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی، ئازادیی كۆبوونه‌وه‌، خۆپیشاندان، مانگرتن، پێكهێنانی سه‌ندیكا و هه‌موو جۆر ڕێكخراوێكی سینفی و سیاسی، دابین كردنی ئیمكانی ده‌ستڕاگه‌یشتنی گشتی به‌ میدیاكان، بڵاوكراوه‌كان، ڕادیۆ و تێلێویزیۆن و ئینتێرنێت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو جۆر سانسۆرێك، له‌ زومره‌ی ئه‌و خواسته‌ لانیكه‌مانه‌ن كه‌ دابین كرانیان، مافی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای هه‌موو تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگایه‌.

بێ گومان، ئه‌م ئازادیانه‌، داخوازیی گشت كۆمه‌ڵگان‌‌، به‌ڵام دابین كردنی ئه‌م خواسته‌ گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌، به‌ بێ خه‌باتی په‌یگیر و ڕێكخراو ده‌سته‌به‌ر نابن.