ڕۆژی دووشه‌ممه ٣١ی خه‌رمانان، عه‌لی خامنه‌یی به بیانووی ٤٠مین ساڵڕۆژی ده‌ستپێكی شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق، ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده و به‌رپرسانی باڵای ئه‌رته‌ش و سپای پاسداران و هێزه ئینتزامیه‌كان و ژماره‌یه‌كی دیكه له به‌رپرسانی ڕژیمی كۆكرده‌وه و له‌وێدا، به وته‌ی ناته‌با و بێشه‌رمانه، ده‌ستی كرد به پێههڵكوتن به‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه جهنایهتكارانهیهدا. واته شه‌ڕێك كه یه‌ك ملیۆن مرۆڤی كرد به قوربانی و یه‌ك چواره‌می ئێرانی وێران كرد. شه‌ڕێك كه ئاسه‌واره زیانباره ده‌روونیه‌كانی، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ملیۆنان بنه‌ماڵه دانا و برینه‌كانی هێستاش به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگاوه دیاره. شه‌ڕێك كه ژیان و ساڵانێكی زۆر له ته‌مه‌نی سه‌دان هه‌زار دیلی له زیندانه‌كانی ڕژیمی به‌عس و كۆماری ئیسلامی، بۆ هه‌میشه، به‌فیڕۆ دا.
خامنه‌یی له وته‌كانی خۆی له‌و كۆبوونه‌یه‌دا، هه‌ر وه‌ك هاوتاكه‌ی خۆی خومه‌ینی، ئه‌م شه‌ڕه جهنایهتكارانهیهی به به‌ره‌كه‌تێك بۆ كۆماری ئیسلامی پێناسه كرد و به سه‌فسه‌ته و ڕیاكاری، هه‌موو قۆناغه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه وێرانكه‌ره و هه‌وڵه‌كانی خومه‌ینیی، “ژیرانه” وه‌سف كرد و به سهرمایهساز و پڕ ده‌ستكه‌وت بۆ وڵات پێناسه‌ی كرد و گۆیا “پێشكه‌وتن و ئه‌منییه‌ت و سه‌رزیندوویی” بۆ ئه‌وان به‌دیاری هێناوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شه‌ڕه دژه مرۆییه بۆ ئه‌م خوێنڕێژانه و بۆ پته‌و كردنی پایه‌كانی دسه‌ڵاتی دیكتاتۆری ئیسلامی “به‌ره‌كه‌ت” بوو. به‌ڵام سه‌دان هه‌زار منداڵ و مێرمنداڵیان، كه بۆ پاك كردنه‌وه‌ی مه‌یدانه‌كانی مین كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرتن، به‌كوشت دا و بنه‌ماڵه‌كانیان بۆ هه‌میشه جه‌رگ سووتاو كرد. خامنه‌یی له وته‌كانیدا، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیه‌وه، شكستی سه‌رشۆڕانه‌ی له‌و شه‌ڕه دا، به سه‌كه‌وتنی “اظهر من الشمس“ی كۆماری ئیسلامی پێناسه كرد و ته‌بلیغاتی نه‌یارانی به ئاژاوه‌گێڕانه وسف كرد و وتی ” ئاژاوه ده‌نێنه‌وه و ده‌ڵێن كه ئایا ئێران له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ركه‌وت یان نا. ئه‌و هه‌مووه وڵاته به‌شوێن پارچه پارچه كردنی ئێرانه‌وه بوون و نه‌یانتوانی هیچ غهڵهتێك بكه‌ن، ئه‌وه بۆخۆی سه‌ركه‌وتنێكه بۆ ئێمه”. ئه‌و هه‌روه‌ها قه‌بووڵ كردنی بڕیارنامه‌ی ٥٩٨ی شۆرای ئه‌منییه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی له‌ساڵی ١٣٦٧ له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئاگربه‌ستی، عاقڵانه‌ترین و ژێرانهترین كاری مێژوویی كۆماری ئیسلامی به ئه‌ژمار هێنا. ته‌نیا ده‌لیلی خامنه‌ییش ئه‌وه‌یه كه “ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره ژیرانه نه‌بووایه، ئیمام ئه‌نجامی نه‌ده‌دا“. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه خومه‌ینی خوی، قه‌بووڵ كردنی ئاگربه‌ستی، به مانای قه‌بووڵ كردنی شكست له‌و شه‌ڕه و نۆشینی جامی ژه‌هر پێناسه كردبوو. شه‌ڕێك كه ڕژیم ساڵیانێكی زۆر به درووشمی “شه‌ڕ شه‌ڕ تا سه‌ركه‌وتن و فه‌تحی قۆدس له ڕێگای كهربهڵاوه” خه‌ڵكی به‌كوشت ده‌دا.
ئه‌گه‌رچی به ڕواڵه‌ت، ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌معیه‌ته له به‌رپرسانی نیزامی و دانانی وێنه‌ی سه‌رداره كوژراوه‌كانیان له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵیه به‌تاڵه‌كان و درۆ و هه‌ڵیت و پڵیتهكانی خامنه‌یی، وڵامێكه به مۆستهنهده مێژووییه‌كان، له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ شكست و ئیفلاسی كۆماری ئیسلامی له درێژه‌دانی شه‌ڕ، له زمانی فه‌رمانده و به‌رپرسانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و شه‌ڕه ماڵوێرانهكهره، كه له ماوه‌ی حه‌فته‌كانی ڕابردوودا له میدیاكانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵاو كرایه‌وه، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و وتانه ڕێگا خۆش كردن و ئاماده كردنی بیروڕای گشتییه بۆ ته‌سلیم بوون و سازش و ملكه‌چ كردنێكی دیكه له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا، كه ڕژیم بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ته‌نیا ڕێگا چارهیهتی. خامنه‌یی به‌و وتانه‌ی به‌نیازه ڕێگا به‌ره‌و نۆشینی جامی ژه‌هرێكی دیكه خۆش بكات و له ئێستاوه به خه‌ڵكی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سازشی كرد، ئه‌وه هه‌ر ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته كه خومه‌ینی بوویه‌تی و ئه‌ویش پهیڕهویهتی. ئه‌و به خه‌یاڵی خۆی ده‌توانێ به سه‌فسه‌ته‌بازی و فریوكاری، خۆڵ بكاته ناو چاوی خه‌ڵكه‌وه و ٤٠ ساڵ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كه كردوویانه‌ته پێناسه‌ی كۆماری ئیسلامی، پاساو بكات.
له ئێستادا كه كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ باروودۆخی ئابووری و بنبه‌ستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوخۆی ئێران به‌ره‌وڕووه، كه‌سانێكی زۆر، ئه‌م باروودۆخه به به‌رهه‌می بێ ته‌گبیری و گرتنه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ته‌كانی خامنه‌یی، له‌وانه شه‌ڕئه‌نگێزی و زێده‌خوازیی ئه‌و ده‌زانن. هه‌ربۆیه خامنه‌یی باسی له به‌لاڕێدا بردنی ڕه‌وایه‌تی شه‌ڕی كرد و هه‌ڵی كوتایه سه‌ر ئه‌وانیش. ئه‌و بۆ پاساو كردنی ئه‌و شكسته وتی: “له‌و كاته‌دا كه‌ره‌سته‌ی نیزامیمان نه‌بوو، سپا‌ش ناوه‌ندێكی یه‌ك ساڵه و له بواری نیزامیه‌وه ناكامڵ بوو“. سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ورته ورت و دژایه‌تیانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی شه‌ڕی ٨ ساڵه، كه هه‌تا ئێستا ناوی “دیفاعی موقه‌ده‌س“یان له‌سه‌ر دانابوو و كه‌س نه‌یده‌وێرا بیخاته ژێر پرسیاره‌وه، نیشانه‌ی لاواز بوونی پێگه‌ی كۆماری ئیسلامی و نیگه‌رانیی خامنه‌یی له سه‌رهه‌ڵدانی ئاخێزی جه‌ماوه‌ری دژبه كۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی ئه‌م نیزامه‌یه.
كۆماری ئیسلامی زۆر جار هه‌وڵی داوه تا سیاسه‌ته كهڵانه شكست خواردووه‌كانی خۆی له‌ژێرناوی “سه‌ركه‌وتن” ده‌رخواردی خه‌ڵك بدات. هه‌موو جارێش هاوكات، له‌گه‌ڵ هه‌ر شكستێك، له ڕێگه‌ی كوشتنی به‌ندكراوانی سیاسی و زاڵ كردنی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، ویستوویه‌تی له سه‌رهه‌ڵدانی ئاخێزی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك ڕێگری بكات. كوشتاری وه‌حشیانه‌ی هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسی له ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی و له باروودۆخی قه‌بووڵ كردنی بڕیارنامه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و شكستی له شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراق، به‌رچاوترین نموونه‌یه‌تی. له باروودۆخی ئێستاشدا كه كۆماری ئیسلامی به ته‌مایه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سازش بكات و ته‌سلیم بێت، ده‌ستی داوه‌ته ئێعدام له‌ناو زیندانه‌كاندا و ماوه‌یه‌كه هه‌وڵی پێشگرانه‌ی ئه‌منییه‌تیی، له‌وانه گه‌ڵاڵه‌ی “ئه‌منییه‌تی مه‌حه‌له میحوه‌ر” و پێكهێنانی تیمه‌كانی زه‌ربه‌تی سپای پاسداران و به‌سیج له شوێنه جۆراوجۆره‌كانی تارانی خستووه‌ته گه‌ڕ و خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاخێزی جه‌ماوه‌ری و سه‌ركوت ئاماده ده‌كات.
به‌ڵام له باروودۆخی ئێستادا، نه كۆماری ئیسلامی له پێگه‌ی ئه‌وكات دایه و نه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیش نیسبه‌ت به‌م ڕژیمه خۆش باوه‌ڕن. ساڵانێكی زۆر هه‌ژاری و برسیه‌تی و كه‌ش و هه‌وای دیكتاتۆری و زه‌بروزه‌نگ، ماهیه‌تیی دژه مرۆیی و گه‌نده‌ڵی مافیایی سه‌رانی كۆماری ئیسلامیی بۆ كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش ئاشكرا كردووه. ئه‌مڕۆ كۆماری ئیسلامی كه‌وتووه‌ته به‌ر تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی به‌ته‌وژمی ئه‌وان و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ربڕینی تووڕه‌یی و نه‌فره‌ت و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له‌و ڕژیمه له‌ده‌ست ناده‌ن.