دۆناڵد ترەمپ بە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران هوشداری توندی دایە تاران کە ڕێگە نادەن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و باجێکی زۆر قورس دەدەن.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئاگربەستیان پێشێل کردووە و ڕایگەیاند یادداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران هەڵوەشاوەتەوە و کاتێکی زۆریان لەگەڵیان بەفیڕۆ داوە. ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی درۆ دەکەن و خەڵک دەکوژن، هوشداری دا ئەگەر ڕژیم هێرش بکاتە سەر هەر کەشتییەکی بازەرگانی، ئەوا ئەمریکا بیست ئەوەندە لێیان دەداتەوە. ترەمپ هەروەها سەبارەت بە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران وتی کە ئەگەرچی لە قووڵایی شاخەکاندان، بەڵام تەنیا ئەمریکا ئامێری زەبەلاحی هەیە کە دەستی پێیان بگات و ئەمە پرۆسەی چەکداماڵینی ئەتۆمییە نەک شەڕ. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی توندی لە ناتۆ و ئیسپانیا گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرباری خەرجکردنی زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلار، ئەوان یارمەتی واشنگتنیان نەداوە و ڕەنگە پەیوەندییە بازەرگانییەکانیان لەگەڵ مەدرید بپچڕێنن.
