بەپێی هەواڵی گەییشتوو، کاژێر ٢ی شەوی پێنجشەممە چوار کەسی نەناسراو لە کاتی کار کردنی کرێکارێکی بەشی پاکوخاوێنی شاری ئیلام بە چەقۆ هێرشی بۆ دەبەن و بەسەختی برینداری دەکەن.
بەپێی زانیاریەکان، لەماوەی یەک مانگی ڕابردوو ئەمە دووهەمین حاڵەتی ئەو شێوەیە کە لەو شارەدا ڕوویداوە و شایەتحاڵانی ڕووداوەکەش هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ ڕێگری کردنی ئەو کرێکارانە لە دزی کردنی چەند کەسێکی نەناسراو لەکاتی تاڵان کردنی دووکانەکانی ناو بازاڕی ئەو شارە دەگەڕێننەوە. هەر بۆیە لە کاتی بینینی تاڵان کردنی دووکانی هاووڵاتیانی ئەو شارە کرێکارەکان ڕووبەڕووی دزەکان بوونەتەوە و بەچەقۆ هێرشیان کراوەتەسەر. شایانی باسە بەپێی ئامارەکان، بەهۆی هەڵاوسان و گرانیەکی بێ وێنە و نەبوونی هەلی کار لەو شارەدا حاڵەتی دزی کردن لە دووکان و شوێنەگشتیەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەرپرسانی ڕژیمیش هیچ پلانێکیان بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆخە نەگرتووەتە بەر.