کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێرشی نیزامیی توركییه‌ بۆسه‌ر كوردستان، درێژه‌ی جه‌نایه‌ت دژبه‌ خه‌ڵكی سته‌ملێكراو

photo 2020 07 11 10 27 28

photo 2020 07 11 10 27 28

نزیك به‌ مانگێك له‌ له‌شكركێشی و هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆسه‌ر كوردستان تێپه‌ڕ بووه‌. ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٧ی جۆزه‌ردان، ئه‌رته‌شی توركییه‌، پاش پێكهێنانی هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی عێراق و به‌ ڕه‌زامه‌ندی و گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكا و ڕووسیه‌، هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كانی خۆی، له‌ ١٥٠ خاڵه‌وه‌، واته‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی قه‌ندیل، گونده‌كانی ده‌روبه‌ری زاخۆ، دهۆك و شه‌نگال و مه‌خمووره‌وه‌، ده‌ستپێكرد. هه‌تا ئێستا له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی نێوان توركییه‌ و عێراقه‌وه‌، ‌تا قووڵایی پتر له‌ ٢٠ كیلۆمیتر پێشڕه‌وی كردووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری پێگه‌ی نیزامی، بێجگه‌له‌ ئه‌وانه‌ی وا پێشتر هه‌یبوو، دامه‌زراندووه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌، كۆماری ئیسلامیش كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان موعامله‌ی كردبوو و ڕێككه‌وتبوو كه‌ له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا به‌شداری بكات، به‌ بیانووی بوونی پێگه‌ی نیزامیی ڕه‌وته‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان له‌ نزیك سنوور، ناوچه‌كانی حاجی عو‌مه‌ران، چۆمان و گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ری تۆپباران كرد و خه‌ساری گیانی و ماددیی زۆری به‌ خه‌ڵكی دانیشووی ناوچه‌كه‌ گه‌یاند. كۆماری ئیسلامی هه‌روه‌ها له‌ژێرناوی ئه‌نجامدانی مانۆڕی نیزامی، چه‌ندین واحیدی له‌ سپای پاسداران، بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌ سه‌ر سنووری نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان، جێگیر كرد.

له‌ ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا، ده‌وڵه‌تی توركییه‌ به‌ بیانووی بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌، به‌ ده‌یان جار هێرشی نیزامیی كردووه‌ته‌ سه‌ر كوردستانی عێراق. ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می ڕژیمی سه‌دامیشدا ڕێكه‌وتنێك ئه‌نجام درا كه‌ به‌ پێی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌، توركییه‌ بۆ شوێنگرتنی هێزه‌كانی گه‌ریلا، ڕێگه‌ی‌ پێدرابوو بێته‌ ناو خاكی كوردستانی عێراقه‌وه‌. به‌ڵام پانتایی هێرشه‌ نیزامیه‌كانی ئه‌م دوایانه‌، چ له‌ بوار ژماره‌ی كه‌سانی نیزامی و به‌كرێگیراوانی چه‌كداری گرووپه‌ ئیسلامیه‌كان و چ له‌بوار به‌كارهێنانی چه‌ندین جۆر چه‌كی پێشكه‌وتوو له‌وانه‌ فڕۆكه‌ و هێلیكۆپتێر و تانگ و تۆپ و چ ته‌نانه‌ت له‌بواری ماوه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌، له‌چاو ڕابردوو جیاوازی هه‌یه‌.

ده‌وڵه‌تی توركییه‌ پێش ده‌ستپێكی ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌، پێداویستیه‌كانی، به‌ هاوئاهه‌نگی و هاوكاریی له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئیسلامی، ده‌وڵه‌تی عێراق و به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریكا و ڕووسیه‌، دابین كردبوو. ڕۆژی ٢٢ی جۆزه‌ردان “هاكان فیدان” سه‌رۆكی ده‌زگای ئه‌منیی “میت“ی توركییه‌، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقی دیدار و وتووێژی كردبوو. كه‌وابوو ده‌توانین بڵێین كه‌ هێرش بۆسه‌ر كوردستانی عێراق، له‌ وه‌ها پانتاییه‌كدا نیشانه‌ی ئامانجی درێژماوه‌تر و به‌ به‌رنامه‌تره‌. ئامانجی ئه‌م هێرشه‌ ته‌نیا زه‌ربه‌ لێدان له‌ هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكوو له‌وانه‌ واوه‌تره‌. ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ ڕێگه‌ی درووست كردنی پێگه‌ی جۆراوجۆر، به‌نیازه‌ په‌یوه‌ندی نێوان كوردستانی عێراق و كوردستانی سووریه‌ بپسێنێت و یان له‌گه‌ڵ كێشه‌ به‌ره‌وڕووی بكاته‌وه‌. واته‌ ڕێك ئه‌و كاره‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی داگیركردنی چه‌ندین ناوچه‌ له‌ ڕۆژئاوا ئه‌نجامی داوه‌. تا له‌ لایه‌كه‌وه‌ جموجۆڵی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ سنووردار بكات و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، له‌ پێكهاتنی  هه‌موو جۆر ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان ڕێگری بكات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سیاسه‌ته‌ شۆوێنیستیه‌ی ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركییه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی، سووریه‌ و عێراقیش ته‌ئید كراوه‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئاواته‌كانی ناسیۆنالیزمی توركیش هاوئاراسته‌یه‌ كه‌ خه‌ونی زیندوو كردنه‌وه‌ی ئیمپراتووریه‌تی عوسمانی له‌سه‌ر دایه‌ و به‌رده‌وام چاوی ته‌ماعی له‌ مووسڵ و ته‌نانه‌ت كه‌ركووكیش بڕیوه‌. هه‌ربۆیه‌ ڕه‌وته‌ ناسیۆنالیسته‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی توركییه‌ش، له‌م هێرشه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌ پشتیوانییان كردووه‌.

به‌ڵام ئابووریی توركییه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی قووڵی سه‌رمایه‌داری به‌ره‌وڕووه‌. ئه‌رزشی لێری توركییه‌ له‌چاو چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پترله‌ ٧٠ له‌سه‌د هاتووه‌ته‌ خوار. به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌منییه‌ت و هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا، سه‌نعه‌تی تووریسم كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی داهاتی ده‌وڵه‌تی توركییه‌یه‌، دامركاوه‌ و بێكاری و هه‌ژاریی به‌رین زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و هه‌مووی ئه‌وانه‌، ده‌وڵه‌تی توركییه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌یرانی به‌رینی ناوخۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌م قه‌یرانانه‌ و دوو جیابوونه‌وه‌ له‌ ڕێبه‌ریی حیزبی “عه‌داڵه‌ت و گه‌شه‌” له‌ ساڵی ڕابردوودا و هه‌روه‌ها كردووه‌ی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ئه‌ردۆغان، بووه‌ته‌ هۆی لێكبڵاوبوونی ڕیزه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ و لاوازبوونی پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی. به‌جۆرێك كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی شاره‌داریه‌كانی حیزبی “ئاك پارتی” له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی توركییه‌، له‌گه‌ڵ شكستێكی سه‌رشۆڕانه‌ به‌ره‌وڕوو بۆوه‌. كه‌وابوو، ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌ردۆغان له‌ داگیرساندنی شه‌ڕ و داگیركاری له‌ كوردستان و باقیی ده‌ستێوه‌ردانه‌ نیزامیه‌كانی دیكه‌ له‌ ناوچه‌كانی وه‌ك لیبی، ڕاگواستنی قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كانه‌ بۆ ده‌روه‌ی توركییه‌ و فریوی بیروڕای گشتییه‌.

هێرش و ئۆپراسیۆنه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ كشت و كاڵییه‌كان، بووه‌ته‌ هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌، و زه‌ره‌ر و زیانی گیانی و ماددیی زۆری به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌. سه‌دان گوندی سه‌ر سنوور كه به‌رده‌وام‌ تۆپباران و بۆمب باران ده‌كرێن، چۆڵ كراون و دانیشتوانیان ئاواره‌ بوون. میدیاكانی ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داریش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌ به‌رده‌وام له‌ئارادا بووه‌، بێده‌نگیان گرتووه‌ته‌ به‌ر. حكوومه‌ت و هه‌رێمی كوردستان كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌رینی ئابووریان له‌گه‌ڵ توركییه‌ هه‌یه‌ و ساڵانه‌ ده‌گاته‌ ده‌یان ملیارد دۆڵار و له‌ونێوه‌شدا قازانجێكی زۆر به‌نه‌سیبی توركییه‌ ده‌بێ، له‌ جیات ناڕه‌زایه‌تی و پچڕاندنی په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ توركییه‌ به‌خاتری ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر گیان و ماڵی خه‌ڵكی كوردستان و له‌ جیات قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ له‌ خه‌ڵك دراوه‌، هه‌ڵوێستێكی فۆڕماڵیان گرتووه‌ته‌ به‌ر  و گۆیا هێرشی و له‌شكركێشی توركییه‌ پێشێل كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌ و نێردراوه‌كانی توركییه‌ و كۆماری ئیسلامییان بانگ كردووه‌. حیزب و ڕوته‌ ناسیۆنالیسته‌كانی ناچه‌كه‌ش، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ یان بێده‌نگیان گرتووه‌ته‌ به‌ر یان حزووری په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان كردووه‌ته‌ پاساوێك بۆ هێرشی جه‌نایه‌تكارانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركییه‌.

ئاشكرایه‌، ئه‌وه‌یكه‌ ده‌توانێ له‌ جه‌نایه‌تی ده‌وڵه‌تانی توركییه‌ و كۆماری ئیسلامی له‌ ناوچه‌كه‌ ڕێگری بكات، ته‌نیا هێزی موقاومه‌ت و خه‌باتی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كوردستانه‌ له‌ هاوپشتی له‌گه‌ڵ هاوچاره‌نووسانیان له‌ ناوچه‌كه‌. خه‌باتێك كه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ پشتیوانیی خه‌ڵكی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و ڕه‌وت و كه‌سانی چه‌پ و كۆمۆنیست، له‌پێناو ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تیی به‌رنیی جه‌ماوه‌ری دژبه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كۆنه‌په‌رست و دژه‌ مرۆییانه،‌ به‌ره‌وپێش بڕوات و بارگه‌ و بنه‌ی ڕژیمه‌ دیكتاتۆر و دژه‌ مرۆییه‌كان تێكه‌وه‌پێچێت.