شەوی ڕابردوو، هێزەکانی “سپای پاسداران” چەندین مووشەکی بالستیکیان لە شارەکانی “خومەین“، “خورەمئاوا” و “قوم“ەوە ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی “موفەق ئەلسەڵتی“ی ئامریکا لە ئۆردۆن کرد.
بەپێی زانیاری و وێنە بڵاوکراوەکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ڕاستەوخۆی مووشەکەکان لەسەر بنکەی “موفەق ئەلسەڵتی“، دووکەڵێکی چڕ لەم ناوەندە سەربازییە بەرز بووەتەوە و ئیدیعای بەرپرسانی “ئامریکایی” و “ئۆردۆنی” سەبارەت بە تێکشکاندنی تەواوی مووشەکەکان پووچەڵ دەکاتەوە. شایانی باسە کە پاش ئەم هێرشە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی “پاتریۆت” لە ئاسمانی “ئۆردۆن” چالاک کراوەتەوە و هەروەها فەرماندەیی ناوەندی ئامریکا “سێنتکام” و پێگەی هەواڵیی “ئەکسیۆس” ئەنجامدانی ئەم هێرشە مووشەکییە لە لایەن “سپای پاسداران“ەوە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئامریکا لە ناوچەکە پشتڕاست کردووەتەوە.
